Draw Media

خەرجییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن بە (3 ملیار) دۆلار دەخەمڵێندرێت

خەرجییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن بە (3 ملیار) دۆلار دەخەمڵێندرێت

2025-11-08 07:30:37


درەو:

ڕاپۆرتی؛ تۆڕی  نيريج " NIRIJ"
ئامادەکردنی؛ سەڵاح حەسەن بابان
🔹 پارەی سیاسی ناپاک وەک سووتەمەنی بۆ هەڵبژاردنەکان بەکاردەهێنرێت، ئەمەش مسۆگەرکردنی هەڵبژاردنی ئەو کەسانەیە، کە پۆستە حکومییەکان بە دەرفەتێک دەبینن بۆ وەرگرتنەوەی تێچووی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیان لەڕێگەی گرێبەستی گوماناوی و گرێبەستی خەیاڵییەوە، ئەمەش سووڕێکی خراپ دروست دەکات: بە پارەی نایاسایی دەسەڵات دەکڕێت، دەسەڵاتیش پارەی نایاسایی زیاتر بەرهەمدەهێنێت.
🔹 ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بردنەوەی یەک کورسی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەشێک لە پارێزگاکاندا (5 ملیۆن) دۆلاری تێدەچێت. واتا لیست یان هاوپەیمانێتییەک کە ئامانجی (10) کورسی بێت، پێویستی بە (50 ملیار) دینار دەبێت، ئەمە لە کاتێکدایە “پێشتر تێچووی هەر کورسییەک لە نێوان (750 ملیۆن) بۆ (یەک ملیار و 500 ملیۆن) دینار بوو.
🔹 شارەزایانی دارایی باس لە خەرجکردنی نزیکەی (3 ملیار دۆلار) دەکەن، لە لایەن هێزو کوتلە سیاسییەکانەوە، ئەمەش بە گەورەترین هەڵمەتی ڕیکلام و بانگەشەی هەڵبژاردن وەسف دەکرێت، کە تا ئێستا عێراق بەخۆیەوە بینیبێتی.
🔹 چاودێرانی هەڵبژاردن لەناو تۆڕەکانی چاودێریکردندا هەڵمەت و بانگەشە بەردەوامەکان بە تایبەتی لە شارە گەورەکاندا بە ئیسرافترین (خەرجی ناپێویست) هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن وەسف دەکەن. ئەم خەرجییە ناپێویستانە لە دەیان هەزار وێنە و لافیتە و پۆستەردا دیارە، کە لە شەقام و گۆڕەپانەکاندا نمایشکراون.
🔹 سنووری خەرجی بۆ کاندیدێکی بەهێز لە (یەک ملیۆن) دۆلار تێدەپەڕێت، بۆ چەند سەد هەزارێک دادەبەزێت بۆ کاندیدێک کە چانسی مامناوەندی هەبێت، دەگاتە دەیان هەزار دۆلار بۆ کاندیدێکی لاواز کە هیچ ئاسۆیەکی ڕاستەقینەی نییە.
🔹 بودجەی زیادەڕۆیی و هەڵئاوساوی قەوارەو لیستە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان یان لە دەستکەوتی نایاسایی- پڕۆژە و داهاتی قاچاخی نەوت و گەندەڵی بازرگانییەوە سەرچاوە دەگرێت- یان لە بودجەی دەرەکیی زلهێزە ناوچەییەکان کە کاریگەریی سیاسی و ئابووری و ئەجێندایان هەیە لە عێراقدا.
🔹 بەهای ئەو هەڵبژاردنانە چییە، کە هیچ هیوایەک بۆ گۆڕانکاری پێشکەش ناکەن، هەڵبژاردنێک کە پێشتر براوەکان ناسراون- ئەو پارتە گەورە و کاریگەرانەی کە هەموو شتێک لە نێوان خۆیاندا دابەش دەکەن، بەپێی ئەوەی ئێستا بە سیستەمی پشکەکان ناسراوە؟
سەرچاوە داراییەکانی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن چین؟
شارەزایانی ئابووری مەزەندە دەکەن، کە کۆی خەرجی لایەنە سیاسییەکان و قەوارەو کوتلە و کاندیدەکان بە درێژایی قۆناغە جیاوازەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن، تا کۆتایی هاتنی لە (8)ی ئەم مانگە، چوار ترلیۆن دیناری عێراقی تێدەپەڕێت.
چاودێرانی هەڵبژاردن لەناو تۆڕەکانی چاودێریکردندا هەڵمەتە بەردەوامەکان بە تایبەتی لە شارە گەورەکاندا بە ئیسرافترین (خەرجی ناپێویست) هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن وەسف دەکەن. ئەم خەرجییە ناپێویستانە لە دەیان هەزار وێنە و لافیتە و پۆستەردا دیارە، کە لە شەقام و گۆڕەپانەکاندا نمایشکراون، هەروەها گردبوونەوە فراوانەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن، کە لەلایەن لیست و کاندیدەکانەوە ئەنجام دەدرێن، لەگەڵ ئاهەنگ و دابەشکردنی دیاری. جگە لەوەش داواکاری لایەنگران و ئەو خەرجییانەی پەیوەستن بە کۆبوونەوەی عەشیرەتییەکانەوە کە بەڕووی کاندیدەکاندا کراوەن.
ئەمەش ئەو خەرجییە ناپێویستە بێ سنوورە ڕووندەکاتەوە، توێژەران و سیاسەتمەداران و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن ئەو پرسیارە دەوروژێنن، سەبارەت بە ژمارەو داتای خەرجییەکان، ئەو تەرخانکردنانەی کە لایەنەکان بۆ ڕیکلامەکانی بانگەشەکانی هەڵبژاردن و پێداویستییەکانی پەیوەست بەوەوە دەیکەن و لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە: سەرچاوەی ئەم پارانە لەکوێیە؟ ئەو قەوارە سیاسیانەی بەشداربوون لە هەڵبژاردنەکاندا ئەم هەموو بڕە پارەیەیان لە کوێوە دەستکەوت؟
سەرەڕای نەبوونی وەڵامی فەرمی بۆ ئەم پرسیارانە، لێدوانی سیاسەتمەداران و ئەو زانیاریانەی لە کۆبوونەوەکانیاندا دزەپێدەکەن، سەرچاوەی بەشێک لەو پارانە ئاشکرا دەکەن. ئەم سەرچاوانە دەتوانرێت بەم شێوەیە کورت بکرێتەوە: 
لە ڕێگەی پۆستە وەزارییەکانەوە دێن کە لەلایەن لایەنە دیاریکراوەکانەوە کۆنترۆڵ دەکرێن، یان پۆستە کارگێڕییە پلە باڵاکان لە وەزارەتەکان، دامەزراوەکان، یان حکومەتە خۆجێییەکان، جگە لەو پشکانەی کە لایەنە کاریگەرەکان لە پارەی تەرخانکراو بۆ گرێبەستی پڕۆژەی گشتی یان یارمەتی دەرەکی وەریدەگرن.
لە ژێر ڕۆشنایی هەموو ئەمانەدا، عەلی موسلیم، ئابووریناس پێی وایە، عێراق هێشتا سیستەمێکی کاریگەری ئاشکراکردنی دارایی نییە، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە "زۆرترین خەرجکەرەکان و کەمترین وڵاتانی ڕێکخراو لە ناوچەکەدا". سەبارەت بە هەڵبژاردنیش جەخت لەوە دەکاتەوە کە نەبوونی لێپرسینەوەی دارایی “نەک هەر یەکپارچەیی هەڵبژاردن لاواز دەکات بەڵکو متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوە گشتییەکان تێکدەدات”.
هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەکێشێت، دەشڵێت؛ “هەمان سیناریۆ پێش هەموو هەڵبژاردنێک دووبارە دەبێتەوە: لێشاوی زۆری پارە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و پاڵپشتیکردن، دواتر دابەزینی چالاکییە ئابوورییەکان دوای هەڵبژاردنەکان”.
دەشڵێت، “لە نەبوونی یاسایەکی تونددا کە خەرجییەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان ڕێکبخات، وڵاتەکە هەروا بەرەوڕووی مەترسییە داراییە بەرچاوەکان دەبێتەوە، کە دواجار قەیرانی ئابووریی پێکهاتەیی عێراق بەبێ هیچ چارەسەرێکی بنەڕەتی بەردەوام دەکات”.
هەرچەندە کۆنترۆڵی یاسایی هەیە سەبارەت بە سنووردارکردنی خەرجییەکان کە لە یاسای هەڵبژاردنەکاندا دانراوە، و ئەوانی دیکە کە پەیوەندییان بە یاسای پارتە سیاسییەکانەوە هەیە، کە داوا لە لایەنەکان دەکات سەرچاوەی دارایی خۆیان ئاشکرا بکەن، بەڵام چاودێرییەکی کاریگەر نزیکەی بە تەواوی غیابی هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا لێپرسینەوە لە هەردوو سەرچاوە و خەرجییەکان لەدەست دەچێت.

لیستە سوننییەکان پێشەنگن لە قەبارەی خەرجکردنییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن
ئەو ئامارانەی لەلایەن کاندیدەکانەوە بڵاوکراونەتەوە و خەمڵاندنەکانی چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە لیستە سوننەکانی هەڵبژاردن لەڕووی تەرخانکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە لە پلەی یەکەمدان. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی ڕاکێشانی دەنگەکانیان لە زۆرێک لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای وڵات کە پشت بە کۆبوونەوەی خێڵەکی و سەرچاوە داراییەکانی پەیوەست بەوەوە دەبەستن. لیستە شیعەکان بە تایبەتی ئەوانەی لە بەغدا کێبڕکێ دەکەن، لە قەبارەدا بەدوایدا دێت.
لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا، یەزان میشعان ئەلجبوری، سەرۆکی هاوپەیمانی “صقورنا” ئاشکرایکرد، دەستەبەرکردنی کورسییەک لە خولی نوێی پەرلەماندا (5 ملیار) دیناری تێدەچێت. ئاماژەی بەوەشکرد، هاوپەیمانییەک کە ئامانجی (10) کورسی هەبێت پێویستی بە (50 ملیار) دینار دەبێت، ڕوونیشیکردەوە، “پێشتر تێچووی هەر کورسییەک لە نێوان (750 ملیۆن) بۆ (یەک ملیار و 500 ملیۆن) دینار بوو، ئەمەش بەندە بە ناوچەکەو و کەشوهەوای سیاسی و مێژووی هەڵبژاردنەکان و کاندیدەکان”.
هاوکات، میشعان الجبوری باوکی، ئەندامی پێشووی پەرلەمان و سیاسەتمەداری سوننەی پارێزگاری سەلاح الدین، بڕی پێویستی بۆ دەستەبەرکردنی کورسی پەرلەمانی بە نزیکەی (10 ملیار) دینار خەمڵاند و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی بە "پیستترین هەڵبژاردن لە مێژووی دەوڵەتی عێراق"دا وەسفکرد.
کاندیدێکی سوننەی خەڵکی ئەنبار، کە بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ساڵی (2023) ی کردووە و پێی باش بووە ناوی ئاشکرا نەکات، ڕایگەیاند کە سنووری خەرجی بۆ کاندیدێکی بەهێز لە (یەک ملیۆن) دۆلار تێدەپەڕێت، بۆ چەند سەد هەزارێک دادەبەزێت بۆ کاندیدێک کە چانسی مامناوەندی هەبێت، دەگاتە دەیان هەزار دۆلار بۆ کاندیدێکی لاواز کە هیچ ئاسۆیەکی ڕاستەقینەی نییە.
ڕوونیشیکردەوە، بەشێک لەو پارانە لەلایەن هێزە سیاسییەکانەوە بۆ کاندیدەکان خەرجدەکرێت، ئەمەش بەپێی باری دارایی قەوارەکە، لەکاتێکدا کاندیدەکە ئەو بڕە پارەیەی کە دەمێنێتەوە هەڵدەگرێت، بەو هیوایەی دواتر لەکاتی بردنەوەدا وەریبگرێتەوە.
بە گوتەی ئابووریناس مەنار ئەلعوبەیدی، خەمڵاندنە مەیدانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە خەرجییە ڕاستەقینەکان لانیکەم لە نێوان (3 بۆ 4 تریلیۆن) دیناردایە، "وە ڕەنگە زۆر زیاتر بێت بەهۆی نەبوونی داتای ورد یان ڕاپۆرتی دارایی فەرمی".
ئاماژەی بەوەشکرد، "دیمەنی دارایی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان لە ژێر کۆنتڕۆڵ دەرچووە. پارەکان بەبێ شەفافیەتێکی ڕوون یان چاودێرییەکی کاریگەر لەلایەن دەسەڵاتە بەرپرسیارەکانەوە خەرج دەکرێن".
ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، فەرمانگەی دارایی دژە سپیکردنەوەی پارە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە بانکی ناوەندی، دەستەی دەستپاکی، دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی پەیوەندییەکان و میدیا- "بەبێ هەماهەنگییەکی کاریگەر یان بنکەیەکی زانیاری یەکگرتوو کاردەکەن کە ببێتە هۆی بەدواداچوونی سەرچاوەی دارایی و خەرجییەکان."
بەگوێرەی یاسای ژمارە (9)ی ساڵی 2020، کۆمسیۆن پابەندە بە وردبینیکردنی سەرچاوە داراییەکانی کاندیدەکان، لەکاتێکدا فەرمانگەی دژە سپیکردنەوەی پارە بەرپرسیارە لە شیکردنەوەی گواستنەوەی گوماناوی لەسەر بنەمای یاسای ژمارە (39)ی ساڵی 2015. بەڵام تا ئێستا هیچ داتایەک بڵاونەکراوەتەوە کە بڕی ئەو پارەیەی، کە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا دەسوڕێتەوە یان ئەو لایەنانەی پارەیان بۆ دابیندەکەن ڕوون بکاتەوە، ئەمەش وایکردووە ئەم مەلەفە، بە گوتەی پسپۆڕانی پسپۆر، یەکێک بێت لەو مەلەفانەی زۆرترین ناڕوونی تێدایە.
مادەی (4/سێیەم) لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارەدا هاتووە، یەکێک لە ئەرکەکانی فەرمانگە بریتییە لە "وەرگرتن و شیکردنەوەی ڕاپۆرت و زانیارییەکانی پەیوەست بەو مامەڵانەی کە گومانیان لێدەکرێت پەیوەندییان بە سپیکردنەوەی پارە، پارەدارکردنی تیرۆر، یان هەر تاوانێکی پێشبینیکراوی پەیوەندیدارەوە هەبێت، و گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو سەبارەت بەوانە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی دادوەری و ئاسایش و ڕێککاریی پەیوەندیدار". دەسەڵاتداران."
جگە لەوەش دەستەی دەستپاکی و دیوانی چاودێری دارایی ڕۆڵی چاودێری دەگێڕن لە بەدواداچوونی ئەو سامانە گشتیانەی کە ڕەنگە بۆ مەبەستی سیاسی بقۆزرێتەوە، هاوکات دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان چاودێری هەڵمەتەکانی ڕاگەیاندن و ڕیکلام دەکات بۆ دڵنیابوون لە شەفافیەتی پارەدانەکانیان و بەکارنەهێنانی سامانی دەوڵەت تێیدا.

کەلێنی نێوان خەرجکردنی یاسایی و ئەرزی واقع
لە کاتێکدا سنووری خەرجکردنی یاسایی بۆ هەر دەنگدەرێک بە (250 دینار) دانراوە، بەڵام واقیع کەلێنێکی بەرچاو لە نێوان یاساکە و جێبەجێکردنیدا ئاشکرا دەکات. ڕاپۆرتە مەیدانییەکان تێکڕای خەرجییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ هەر کاندیدێک بە نزیکەی (ملیارێک و 400 ملیۆن) دینار لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکە دەخەمڵێنن، لەکاتێکدا هەندێک لە کاندیدەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکان دەگاتە (5 ملیار) دینار.
بە پشتبەست بەوەی (7 هەزار و 926) کاندید، کە لە هەڵبژاردنەکانی 2025دا خۆیان کاندید کردووە و تێکڕای خەرجییەکانی مەزەندەکراو بە بڕی (1.4 ملیار) دینار، کۆی خەرجییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن دەگاتە نزیکەی (11 تریلیۆن) دینار (8.4 ملیار) دۆلار بە نرخی ئاڵوگۆڕی ((هەزار و 320) دینار بەرامبەر بە یەک دۆلار).
بەڵام چاودێرانی بانگەشەی بانگەشەکانی ناو تۆڕەکانی چاودێری هەڵبژاردن پێیان وایە تێکڕای خەرجی زۆرینەی کاندیدەکان ناگاتە (ملیارێک و 400 ملیۆن) دینار، هەرچەندە هەندێک کاندیدی بەهێز چەند هێندە زیاتر لەم بڕە تێدەپەڕێنن. ئەوان ژمارەی ڕکابەرە گەورەکان بە نزیکەی هەزار کاندید دەخەمڵێنن کە لەلایەن هێزە سیاسییە بەهێزەکانەوە پشتگیری دەکرێن، لەکاتێکدا ئەوانی دیکە لە دەرەوەی ڕکابەرییەکانن.
لە هەر حاڵەتێکدا، هەڵبژاردن دەبێتە یەکێک لە گەورەترین چالاکییە ئابوورییەکانی وڵات، کە کەرتە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەک خانووبەرە، تەندروستی، و پەروەردە تێدەپەڕێنێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەڵاوسانی پارەی سیاسی و گۆڕینی بۆ ئابوورییەکی هاوتەریب لەگەڵ سامانی گشتیدا.
بە گوتەی توێژەر و شارەزای دارایی ضرغام عەبدوڵڵا، ڕێوشوێنە دواکەوتووەکانی چاودێریکردن، وەک وردبینیکردنی حیساباتی کۆتایی، بە ناتەواوی دەمێنێتەوە، دەشڵێت، لەژێر سیستمێکی پەرلەمانیدا کە بەرژەوەندیی حزبی بەسەریدا زاڵ بێت، "پارەی سیاسی ناپاک وەک سووتەمەنی بۆ هەڵبژاردنەکان بەکاردەهێنرێت، ئەمەش مسۆگەرکردنی هەڵبژاردنی ئەو کەسانەیە کە پۆستە حکومییەکان بە دەرفەتێک دەبینن بۆ وەرگرتنەوەی تێچووی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیان لەڕێگەی گرێبەستی گوماناوی و گرێبەستی خەیاڵییەوە، ئەمەش سووڕێکی خراپ دروست دەکات: بە پارەی نایاسایی دەسەڵات دەکڕێت، دەسەڵاتیش پارەی نایاسایی زیاتر بەرهەمدەهێنێت".
لە 5ی تشرینی یەکەمدا، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کۆمەڵێک ڕێنمایی سەبارەت بە خەرجکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن لەلایەن کاندیدەکان و هاوپەیمانییە سیاسییەکانەوە دەرکرد کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی 2025دا خۆیان کاندید دەکەن.
لە ڕێنماییەکاندا هاتووە کە زۆرترین خەرجی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ کاندیدێک بە 250 دینار دیاریکراوە، بە چەند هێندەی ژمارەی دەنگدەرانی ئەو قەزای هەڵبژاردنەی کە خۆی تیایدا کاندید دەکات. سنووری خەرجکردن بۆ لیستی حزبی بە بەکارهێنانی ئەم فۆرمولەیە حیسابی بۆ دەکرێت: (ژمارەی کورسییەکانی پارێزگا × 2 × 250 دینار × ژمارەی دەنگدەر).
تا وادەی ئەم ڕێنماییانە، ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی زانیارییەکانیان لە بەغدا نوێ کردبووەوە، (4 ملیۆن و 300 هەزار) کەسی تێپەڕاندبوو. ئەمەش بەو مانایەیە کە سنووری خەرجکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن بۆ هەر کاندیدێک لە پایتەخت دەتوانێت بگاتە (یەک ملیار و 70 ملیۆن) دینار. بە تەرخانکردنی (71) کورسی بۆ پارێزگاری بەغدا و هەر لیستێک کە ئەگەری هەیە تا (142) کاندید بخاتە ڕوو، کۆی سنووری خەرجییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ هەر لیستێک، بەتایبەتی گەورەترەکان، دەتوانێت بگاتە نزیکەی (153 ملیار) دینار. 
محەمەد یونس سەعید پسپۆڕی یاسایی ڕایدەگەیەنێت، یاسای پارتە سیاسییەکان ژمارە (36)ی ساڵی 2015، لایەنەکانی ڕاسپاردووە کە سەرچاوەی دارایی خۆیان ئاشکرا بکەن، هەروەها لە بودجەی گشتی سێ ساڵەدا بەخشینێکی دارایی پێنج ملیار دینار بۆ لایەنە سیاسییەکان تەرخانکراوە. بەڵام لایەنە سیاسییەکان هەرگیز سەرچاوەی دارایی خۆیان ئاشکرا ناکەن، "ئەمەش وایان لێدەکات گومانیان هەبێت و گومانیان لەسەر تێوەگلانیان لە گەندەڵی سیاسی یان وەرگرتنی پارەی دەرەکی دروست دەکات، ئەمەش شتێکە کە لە دەستووردا قەدەغەیە".
تەحەداکە لە خەرجییە ڕاستەقینەکانی لایەنە کاریگەرەکان و بلۆکە گەورەکاندایە، کە بە گوتەی محەمەد یونس، زۆر لە "سەقفی فەرمی، کە لە ئێستاوە بەرزە" زیاترە. ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم خەرجییە ڕانەگەیەندراوە ئەوەیە کە پێی دەوترێت "پارەی سیاسی شاراوە"، کە "زۆرجار لە پارە تاڵانکراوەکانی گەنجینەی گشتی- گەندەڵی، کۆمیسیۆن و خراپ بەڕێوەبردنی داراییەوە سەرچاوە دەگرێت".
بە پشتبەستن بە داتاکانی کۆمسیۆن، کە سنووری خەرجکردن بۆ هەر کاندیدێک بە بەکارهێنانی فۆرمولەی (ژمارەی دەنگدەران x 250 دینار) حیسابی بۆ دەکات، زۆرترین سنووری خەرجکردن لە قەزایەکدا کە بە مەزەندەکردنی (650 هەزار) دەنگدەر، وەک موسەننا، نزیکەی (162 ملیۆن) دینار دەبێت. بڕیارە سنووری خەرجکردنی کاندیدێک لە قەزایەکدا کە ملیۆنێک دەنگدەری هەبێت، وەک سەلاحەدین، نزیکەی (250 ملیۆن) دینار بێت. بەڵام چاودێران جەخت لەوە دەکەنەوە کە کاندیدە سەرەکییەکان چەندین هێندەی ئەم بڕە پارەیە خەرج دەکەن.
ئەو ئامارانەی لە بازنە سیاسییەکاندا دەسوڕێنەوە، کە لەلایەن (عصام شاکر) ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە پشتڕاستکراونەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە هەندێک لە کاندیدەکان "تا ئێستا لە نێوان 4 بۆ 5 ملیار دیناریان خەرجکردووە، لەگەڵ چاوەڕوانی زیادبوونی خەرجییەکان دواتر". ئەمەش بەو مانایەیە، کە ئەو پارەیەی خەرج دەکرێت بە دەیان هێندە لە سنوورەکە زیاترە، ئەمەش بەپێی قەبارەی قەزاکە.
ئاماژە بەوەش دەکات، لە قەزایەکی بچوک کە نزیکەی 100 هەزار دەنگدەری تێدایە، “سنوری خەرجکردنی یاسایی لە (25 ملیۆن) دیناری عێراقی تێناپەڕێت، هاوکات داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەندێک لە کاندیدەکان نزیکەی (پێنج ملیار) دیناریان خەرجکردووە، واتە نزیکەی (200) هێندەی سنووری دیاریکراو”.
سەبارەت بە قەزا مامناوەندەکان، کە نزیکەی (300 هەزار) دەنگدەریان هەیە، دەڵێت “سنوری ڕێگەپێدراو (75 ملیۆن) دینارە، بەمەش خەرجییە ڕاپۆرتکراوەکانی (پێنج ملیار) دینار زیاترە لە نزیکەی شەست و حەوت هێندەی سنوورەکە”.
سەبارەت بە بازنە گەورەکانی هەڵبژاردن کە ژمارەی دەنگدەران دەگاتە نیو ملیۆن کەس، "سەقفی یاسایی بە نزیکەی (125 ملیۆن) دینار خەمڵێندراوە، لەکاتێکدا خەرجییە ڕاستەقینەکەش لە ئاستی (پێنج ملیار)یشدا دەمێنێتەوە، کە نزیکەی چل هێندەی سەقفی یاساییە"

پارەی پێویست بۆ بنیاتنانی ژێرخان
بەراوردە ئابوورییەکان دەریدەخەن، کە کۆی ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکان لە عێراق خەرج دەکرێت، یەکسانە بە دابینکردنی بودجە بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییە گەورەکان کە دەتوانن ژێرخانی وڵاتەکە بگۆڕن. توێژەر (عادل کەمال) دەڵێت، بۆ نموونە (چوار تریلیۆن) دینار- بەلانی کەمەوە بۆ ئەو پارەیەی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن خەرج دەکرێت- دەتوانێت یەکێک یان زیاتر لەم پڕۆژانەی خوارەوە دابین بکات:
-    (110 هەزار) یەکەی نیشتەجێبوون بە نرخێکی گونجاو، بە گریمانەکردنی تێچووی هەر یەکەیەکی (100 ملیۆن) دینار.
-    (هەزار و 860) قوتابخانەی بنەڕەتی ستاندارد، بە تێکڕا (6 ملیار) دینار بۆ هەر قوتابخانەیەک.
-    (92) نەخۆشخانەی توانای مامناوەند (150 قەرەوێڵە)، بە تێکڕا (120 ملیار) دینار بۆ هەر نەخۆشخانەیەک.
-    (8 هەزار و 400) کیلۆمەتر ڕێگای شارەکان، بە تێکڕا (1.3 ملیار) دینار بۆ هەر کیلۆمەترێک.
کەمال ئاماژە بەوە دەکات کە بانگەشەکانی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی گشتی کەرتە جیاوازەکان هان دەدەن، لەوانە کۆمپانیاکانی ڕیکلام، چاپکردن، لۆجستی و میدیا، هەروەها فرۆشتنی تاکەکەسی و میوانداری. بەڵام ئەم پەرەسەندنە کاتییە و بەستراوەتەوە بە خودی بانگەشەکانی هەڵبژاردنەوە؛ بۆیە بەرهەمدار نییە بەڵکو بەکاربەرییە. خەرجییە داراییەکان لەم ڕووەوە دابەش دەکات بەسەر سێ ڕێڕەودا:
1.    "ڕیکلام و میدیا، کە بریتییە لە کەمپەینی تەلەفزیۆنی، ڕیکلامی تابلۆی بازرگانی، بەڕێوەبردنی کەمپەینی سۆشیال میدیا، و فێستیڤاڵ و بۆنە گشتیەکان."
2.    "یارمەتی و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، کە هەندێک لایەن پەنا بۆ دابینکردنی سەبەتەی خۆراک یان داپۆشینی پێداویستییەکانی کۆمەڵگا دەبەن بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی دەنگدەران."
3.    "کڕینی دەنگ و دڵسۆزی، کە هەستیارترین لایەنە. ئەمەش بە پێشکەشکردنی پارە، دیاری، یان بەڵێنی پۆست لە بەرامبەر دەستەبەرکردنی دەنگدا دەکرێت، بەتایبەتی لەو بازنانەی کە کێبڕکێیەکی زۆریان لەسەرە". هەروەها ئەمەش ئەو بڕە پارەیە دەگرێتەوە کە دەدرێت بە سەرکردەکانی هۆزەکان و میوانخانەکانیان بۆ دڵنیابوون لە پشتیوانی.
جگە لە خەرجییە زەبەلاحەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان کە بەرزترین خەرجییە لە مێژووی وڵاتدا، هەڵبژاردنەکان زیانی بەرفراوانیشی بە (١٥) پارێزگا گەیاندووە. بەگوێرەی ڕوانگەی سەوزی عێراق، لە ئەنجامی "بەکارهێنانی بزمار و چیمەنتۆ بۆ چاککردنی پۆستەری هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان" نزیکەی (250 هەزار) دار زیانیان بەرکەوتووە.
ڕوانگە لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە بڵاوکراوەتەوە، ڕوونیکردەوە کە "ئەو زیانانە درێژبوونەتەوە بۆ شەقامەکانی هاتوچۆ و سیستەمی ئاودێری و نافورەکان، کە لەژێر قورسایی وێنە و دروشمەکاندا دیارنەماون"، هەروەها "ئەوەی ڕوودەدات ڕەنگدانەوەی ڕێزنەگرتنە لە یاسا تەنانەت پێش ئەوەی سندوقەکانی دەنگدان بکرێنەوە".
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی دەنگدان، قەبارەی خەرجییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن و سەرچاوەی ئەو پارانە مشتومڕێکی زۆری دروست کردووە، بەغدا لە نێو شارەکانی عێراقدا وەک "گۆڕەپانێکی گەورە و پشێوی خەرجکردن" جیاوازە، بە گوتەی چالاکوان (سەلام موعتەز) دەڵێت؛ بووەتە ناوەندێک بۆ چالاکییە داراییە بەرفراوانەکان کە لەلایەن "لیست و لایەنە سیاسییەکانەوە سەرکردایەتی دەکرێت لەڕێگەی خەرجکردنی بێ وێنە بۆ ڕیکلام، دامەزراندنی هەزاران کارمەندی میدیا و ستافی پشتیوانی، و بەکارهێنانی کۆمەڵێکی بەرفراوانی کرێکار لە ڕێکخستنی بۆنە و خواردن و خواردنەوە و بوارەکانی دیکەدا."
ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم "شەپۆلە داراییە زەبەلاحە، کە دەگاتە سەدان ملیۆن دۆلار، کاریگەری کاتی لەسەر ئابووری بەغدا هەیە، بەڵام وەرگێڕانی بۆ گەشەسەندن نییە، بە کۆتایی هاتنی ڕۆژی هەڵبژاردن کۆتایی دێت."

بەغدا یەکەم، ئەنبار دووەم!
بەپێی ئەو خەمڵاندنانەی کە لەلایەن کاندیدەکان و چالاکوانانی چاودێری بانگەشەی هەڵبژاردنەکانەوە بڵاوکراونەتەوە، پارێزگاکانی (زۆرینەی سوننە) پێشەنگن لە خەرجییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا. (فەلاح ئەلعانی)، ئابووریناس و ئەکادیمیست هاوڕایە و ئاماژە بەوە دەکات کە لایەنە سوننەکان گەورەترین خەرجکەرن بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن، هەرچەندە ئەمە بەپێی پارێزگاکان جیاوازە و بەندە بە پلەی دابەشبوونی ناوخۆیی سوننە لەناو هەر پارێزگایەکدا.
بەگوتەی ئەلعانی، خەرجییەکان بە پلەی یەکەم لە بەغدا چڕبوونەتەوە بەهۆی “ژمارەی بەرچاوی کاندیدەکان لە پایتەخت و ژمارەیەکی زۆری دەنگدەران، هەروەها مەودای هەمەچەشنی خەرجییەکان، لە پارەی نەختینەیی و پۆستەرەوە تا دەگاتە قیرتاوکردنی ڕێگاوبان و پڕۆژەی خزمەتگوزاری، بەتایبەتی لە ناوچەی پشتێنەی بەغدا”.
پارێزگای ئەنبار لەڕووی خەرجییەکانەوە لە دوای بەغداوە لە پلەی دووەم دێت، بەتایبەتی دوای هاتنە ناوەوەی حزب و گروپەکانی دیکە، کە کێبڕکێیان لەگەڵ پارتی پێشکەوتن (تەقەدوم) هەیە، کە محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پێشووی پەرلەمان سەرۆکایەتی دەکات، کە پارێزگاکە و سەرجەم دامودەزگاکانی کۆنتڕۆڵ دەکات.
بەگشتی پارتە سوننەکان زیاتر لە (400 ملیۆن) دۆلاریان خەرج کردووە، "تەرکیزیان لەسەر کڕینی کارتی تۆماری دەنگدەران، بەرتیلدان، بازرگانیکردن بە کاریگەرییەکان، هەڵمەتی خزمەتگوزاری و دەستەبەرکردنی پشتیوانی بۆ کاندیدە بەهێزەکانە." بە گوتەی ئەلعانی.
ئەو ئەوەی ئاشکرای دەکات کە ناوی دەنێت “سەیرترین میکانیزمی خەرجکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن”، واتە “هەر کاندیدێکی بەهێز لە لایەنی بەرامبەر بکشێتەوە، نزیکەی (500 ملیۆن) دیناری عێراقی وەردەگرێت، هەندێکجار دەگاتە (یەک ملیار) دینار”. هەروەها ئاماژە بە بوونی کاندیدەکان دەکات کە تەنها بۆ “لەکەدارکردنی ناوبانگی کاندیدەکانی تر و دابەشکردنی دەنگەکان لە لیستەکاندا خراونەتە ناو لیستەکانەوە، و بەلایەنی کەمەوە (100 ملیۆن) دیناریان وەرگرتووە”.

کوردستان کەمتر خەرج دەکات
پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە بەغدا و پارێزگاکانی زۆرینەی سوننە و تەنانەت هەندێک لە پارێزگاکانی باشووریش کەمتر خەرجی بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەن. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، کە بە دابەشبوونی سیاسی هەرێم لە نێوان ناوچەکانی نفوزی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ناوچەکانی نفوزی پارتی دیموکراتی کوردستان وەسف دەکرێت، کە تەنها دوو لیستیان لێ دەردەکەون، کە هەریەکەیان کێبڕکێ لەگەڵ لیستە بچووکەکان دەکەن لە ناوچەکانی نفوزی خۆیاندا.
چاودێرانی چالاکییەکانی هەڵبژاردن لە کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن، کە بانگەشەکان بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دیکە بێدەنگترن. کاریگەری دارایی زیاتر لە ناوچە جێناکۆکەکانی وەک کەرکوک و نەینەوادا بەرچاوە، کە شەڕەکان بۆ کاریگەریی سیاسی تێکەڵ بە ململانێی شوناس و سەربەخۆیی بوون.
فەرمان حسێن، توێژەری ئابووری دەڵێ، "تا ئێستا بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێم کەمترینە، زۆرترین خەرجی لەلایەن لایەنە سەرەکییە کوردستانییەکانەوە لە ناوچە کێشەلەسەرەکان چڕبووەتەوە، بەتایبەتی کەرکوک و نەینەوا، کێبڕکێی توند لەم ناوچانەدا هەیە بەو پێیەی هەردوولا هەوڵدەدەن بۆ پاراستنی بوونی کورد، هەروەها لەبەرئەوەی ئەو ناوچانە نوێنەرایەتی کایەیەکی ڕاستەوخۆی نفوز یان دەسەڵات ناکەن بۆ هیچکام لەو دوو لایەنە سەرەکییە".
سەرەڕای ئەمەش، حوسێن پێشبینی دەکات خەرجی هەڵبژاردنەکان زیاد بکات، “لە کۆی خەرجییەکانی سەرجەم لایەنەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، بە خەرجییەکانی کاندید و کەرەستەی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە، کە زۆرینەی زۆرینە بۆ ناوچە جێناکۆکەکان تەرخان بکرێت، تێدەپەڕێت”.
لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان نزیکەی (300) کاندید هەن، ئەمە جگە لەوەی نزیکەی (150) کاندید لە پارێزگاکانی دیکەی دەرەوەی هەرێم کە کورد تێیدا ڕکابەری دەکەن، بەتایبەتی لە نەینەوا. ئەم ژمارە تاڕادەیەک کەمەی کاندیدەکان بە واتای خەرجکردنی بەرچاو کەمتر دێت بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی وڵات.
لای خۆیەوە هێڤیدار شەعبان شارەزای ئابوری کورد پێی وایە، کە بانگەشەی هەڵبژاردن لە کوردستان تەنها بۆ هەردوو پارتی دەسەڵاتدار (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان) سنوردارە و کەمترین خەرجی بۆ هەر کاندیدێک لە (20 هەزار) دۆلارەوە دەستپێدەکات و بەو پێیە زیاد دەکات.
سەبارەت بە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستان، بە حزبە ئیسلامییەکانەوە، زۆرترین خەرجی بۆ هەر کاندیدێک، بەتایبەتی دیارەکان دەگاتە (30 هەزار) دۆلار. بە گشتی خەرجی حزبی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لە کوردستان لە (13 ملیۆن) دۆلار تێنەپەڕیوە، بەڵام ئەم ژمارەیە دەتوانێت لە هەفتەی کۆتاییدا سێ هێندە زیاد بکات لەگەڵ چڕبوونەوەی کێبڕکێیەکان، ئەمە شەعبان دووپاتی دەکاتەوە.
بەڵام لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دوو پارتی دەسەڵاتدار بە شێوەیەکی بەرچاو زیاتر خەرج دەکەن، هەروەها ئەم خەرجییە سنووردار نییە بە وەرزی هەڵبژاردن، بەڵکو چەند مانگێک پێشوەختە لە ڕێگەی دەستەبەرکردنی دڵسۆزی سەرۆک خێڵ و عەشیرەت و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییە کاریگەرەکانەوە دەست پێدەکات.

سەرچاوەکانی پارەدان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن
نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی (عەبدولجەبار جبوری)، خەڵکی موسڵ، هاوڕایە لەسەر ئەوەی “بودجەی زیادەڕۆیی و هەڵئاوساوی قەوارەو لیستە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان یان لە دەستکەوتی نایاسایی- پڕۆژە و داهاتی قاچاخی نەوت و گەندەڵی بازرگانییەوە سەرچاوە دەگرێت- یان لە بودجەی دەرەکیی زلهێزە ناوچەییەکان کە کاریگەریی سیاسی و ئابووری و ئەجێندایان هەیە لە عێراقدا.”
لە درێژەدا دەڵێت، "قەوارە سیاسییەکان ملیارەها دۆلاریان لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی کاندیدەکانیان خەرج کردووە، لەوانە ئۆتۆمبێل، کرێی خانوو و ئۆفیس، ڕیکلامی گەورە و کڕینی کارتی دەنگدەر بە بڕە پارەیەکی خەیاڵی، ئەمەش جگە لە خراپ بەکارهێنانی سامانی دەوڵەت و کاریگەری و ئۆتۆمبێل و ترساندنی ئەندامانی هێزەکانی حەشدی شەعبی و پۆلیس و سوپا بۆ دەنگدان بە لیستە تایبەتەکان، کە هەر ئەندامێک پێویستە (15 کارت)ی دەنگدەر یان زیاتر دابین بکات”.
لە کۆتاییدا دەڵێت “هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن ئەو قەوارە سیاسیانەی ئاشکرا کرد کە لایەنە کاریگەرەکان پاڵپشتییان دەکرد و بڵاوبوونەوەی چەک و کەسایەتییە گەورە گەندەڵەکان، کە کۆنترۆڵی پرۆسەی سیاسی دەکەن”. دەشڵێت، “ئەو بودجەیەی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن تەرخانکراوە گەورەترینە لە مێژوودا، خراپترینە لە مێژوودا بەهۆی پەڵەی سەرچاوەکەیەوە”.
وەلاء مستەفا، دەرمانسازێکی تەمەن 37 ساڵە و خەڵکی پارێزگای نەینەوا، نائومێدی گشتی خۆی لە هەڵبژاردنەکان دەردەبڕێت و دەڵێت، “هەموو ئەم پارەیەی خەرج دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بێباکی دەنگدەران لەگەڵ هەر خولێکی هەڵبژاردندا زیاتر دەبێت”. هۆکارەکەی، ئەو ڕوونی دەکاتەوە، ئەوەیە کە هەمان قەوارە سیاسییەکان زیاتر لە دوو دەیەیە کێبڕکێ لەسەر پۆست و ئیمتیازات دەکەن.
ئەو دەپرسێت، "بەهای ئەو هەڵبژاردنانە چییە، کە هیچ هیوایەک بۆ گۆڕانکاری پێشکەش ناکەن، هەڵبژاردنێک کە پێشتر براوەکان ناسراون- ئەو پارتە گەورە و کاریگەرانەی کە هەموو شتێک لە نێوان خۆیاندا دابەش دەکەن بەپێی ئەوەی ئێستا بە سیستەمی پشکەکان ناسراوە؟"
ئەو دووپاتی دەکاتەوە کە بایکۆتی هەڵبژاردن دەکات، "نەک لەبەر ئەوەی باوەڕم بە پرۆسەی دیموکراسی نییە، کە پێویستمانە بۆ خۆمان و داهاتووی منداڵەکانمان، بەڵکو لەبەر ئەوەی نیشانەکانی گەندەڵیەکەی لە بانگەشەکاندا دیارە، کە بێ گومان تێچوونەکانی لە سامانی گشتی ئێمەوە دێت، کە دەبوو بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ژێرخانی خەڵک بەکاربهێنرێت، نەک بۆ ئەوەی کاندیدەکان بۆ پەرلەمان هەڵبژێردرێن!" 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand