Draw Media

گرەنتی جێبەجێكردنی سیستمی نوێی موچە هەیە؟

گرەنتی جێبەجێكردنی سیستمی نوێی موچە هەیە؟

2018-03-29 10:08:24


ئامادەكردنی: محەمەد رەئوف
لەژێر فشاری خۆپیشاندەران و ناڕەزایی موچەخۆراندا، حكومەتی هەرێم بڕیاری دەستكاریكردنی پاشەكەوتی موچەی راگەیاندو بڕی پاشەكەوت لە نێوان 10% بۆ 30% و پلە باڵاكانیشی وەك خۆی هێشتەوە، بەڵام هەروەك وەزیری دارایی رایگەیاند: گرنتی پێدانی موچە لەماوەی 30 رۆژ جارێك و بەم شێوەیەی كە راگەیەنراوە،  وەستاوەتە سەر ناردنی ئەو بڕە پارەیە لەلایەن بەغداوە دێت و  كێشەدرووست نەبوون بۆ نەوت و ئەو سەرچاوە داراییانەی كە لەبەردەستدان، كە بریتین لە :.
یەكەم/ مانگانە 375 ملیار دینار لەداهاتی نەوتی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان
دووەم/ مانگانە 317 ملیار دیناری بەغداد
سێیەم/ مانگانە 25 ملیار دیناری ئەمریكیەكان بۆ پێشمەرگە 
چوارەم / مانگانە 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ كە ئەمەیان ( بۆ خەرجی وەزارەتەكان دانراوە) 

كە كۆی گشتی دەكاتە ( 837 ملیار دینار) ئەگەر داهاتی ناوخۆی لێدەربكەین  بەپێی وتەی وەزیری دارایی مانگانە داهاتەكەیان دەكاتە ( 720 ملیار دینار) و پێشتر پێویستیان بە 588 ملیار دینار بووە بۆ موچە بە پاشەكەوتووە، بەڵام ئێستا بەپێی ئەو داهاتانەی دێتە دەستیان سیستمی پاشەكەوتی موچەیان دەستكاریكردووە.
بەڵام هەموو ئەو سەرچاوەی داهاتانەی كە دەستیان دەكەوێت، جێگیر نیەو گرنتی بەردەوامی نیە، بەو پێیەی .
یەكەم/ ئەو بڕە پارەیەی لە بەغداوە بۆیان دێت كە ( 317 ملیار دینار)ە گرنتی بەردەوامی نیە، بەپێی وتەی عەلی حەمە ساڵح جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابوری پەرلەمانی كوردستان، ناردنی پارە لە بەغداوە كاتیە تاوەكو بڵاوكردنەوەی یاسای بودجەی عێراقە لە ڕۆژنامەی وەقائع و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان، چونكە بەپێی یاسای بودجەی عێراق، هەرێمی كوردستان دەبێت ڕۆژانە( ٢٥٠ هەزار )بەرمیل نەوت بداتە بەغدا، نەك هەرێم نەوتی خۆی بفرۆشێت و بەغداش پارە بدات، پێشی وایە ئەم كارەی حەیدەر عەبادی  لەپێناو ئەوەدایە پشتیوانی كورد بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی بكرێتەوە سەرۆك وەزیرانی عێراق، هەركاتیش كرایەوە سەرۆك وەزیران، یاسای بودجە جێبەجێدەكات.

 

        "ســەرچاوەكانی داهــاتی وەزارەتی دارایی بۆ پێدانی موچە جێگیر نین لە ( پارەی بەغداد ، داهاتی نەوت ، پارەی ئەمریكا،

          داهاتی ناوخۆ ) بۆیە هیچ گرەنتیەك نیە بــــۆ جێبەجێكردنی  سیستمی نــــوێی موچە"

 

دووەم/ مانگانە بڕی ( 375 ملیار ) دینار لە داهاتی نەوت دەست دەكەوێت، چونكە ئێستا حكومەتی هەرێم رۆژانە نزیكەی ( 370 هەزار بەرمیل ) نەوت بەرهەمدەهێت و نزیكەی ( 335 هەزار ) بەرمیل نەوت دەفرۆشێت و ئەوەی دیكەی بۆ ناوخۆیە، كە بەپێی راپۆرتی ( سۆمۆ) هەرێمی كوردستان لە مانگی سێدا ( مارس ) رۆژانە ( 344 هەزار ) بەرمیل نەوتی رەوانەكردووە.
بەڵام ئەم پارەیە گرنتی نیە لەبەر ئەوەی:.
ا- هەركات یاسای بودجە لە بەغداد جێبەجێبكرێت پێویستە هەرێم رۆژانە ( 250 هەزار ) بەرمیل نەوت بداتە بەغداد، ئینجا بەغداد پارە دەنێرێت.
ب- زۆرجار فرۆشتنی نەوت هەرێم كێشەی تێ دەكەوێت لە ( رەوانەكردن ، فرۆشتن، هێنانەوەی داهاتەكەی، كێشەی كۆمپانیاكانی نەوت ).
بۆیە پارەی نەوتەكەی هەرێمیش كە مانگانە ( 375 ملیار) دینارە گرەنتی نیە لە كاتی خۆیدا مانگانە بگاتە دوەستی وەزارەتی دارایی و ئەویش دابەشی بكات. 
سێیەم/ ئەو پارەیەی ئەمریكیەكان بۆ پێشمەرگە كە بڕەكەی ( 25 ملیار دینار)ە كۆمەڵێك مەرج و پێوەری توندیان دیاری كردووە لەبەرامبەر پێدانیان بە پێشمەرگە ئەویش پشتی پێنابەسترێت.
چوارەم/ داهاتی ناوخۆ كە بڕكەی مانگانە ( 120 ملیار  دینار)ە كەم و زیاد دەكات و ئەگەر یاسای بودجەی عێراق جێبەجێبكرێت ئەبێت ئەو داهاتانە بەتایبەتیش گومرگ و خاڵە سنوریەكان و فڕۆكەخانەكان بگەڕێنەوە بەغداد، كەواتا ئەو داهاتەش گرەنتی نیە.
بۆیە بە هەموو پێوەرێك ئەو هەنگاوەی حكومەتی هەرێم بۆ موچەی موچەخۆران هیچ گرەنتیەكی نیە بەردەوام بێت و مانگانە لە كاتی خۆیدا بدرێت.  

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand