Draw Media

ناهاوسەنگی زیندەوەران هۆکارن بۆ سەرهەڵدانی نەخۆشی چیکنەگۆنیا

ناهاوسەنگی زیندەوەران هۆکارن  بۆ سەرهەڵدانی نەخۆشی چیکنەگۆنیا

2025-09-05 11:36:31


راپۆرتی: سان ساراڤان


ئاشکرایە هەموو بوونەوەرە ئەندامی و نائەندامییەکان لەسەر هەسارەکەمان یەک بازنەی تەواوکەری یەکترین، هەمووی سوڕی ژیانی ئەم گەردوونەیان لە ئەستۆ گرتووە، لە ووردترین زیندەوەری ئەندامی و نائەندامییەوە تا دەگاتە مرۆڤەکانیش. واتا بوونی هەریەکێک لەم بوونەوەرانە بۆتە هۆکاری دروستکردنی  هاوسەنگی ژیان لەسەر هەساری زەوی. بە کەمکردن و لەناوبردنی هەریەکێکیان لەم زیندەوەر و توخمانە  بارو دۆخەکە زیاتر ناهاوسەنگ دەکات و دەبێتە هۆکاری دروست بوونی مەترسی و پەتا و نەخۆشیەکان بۆ ژینگە و زیندەواران لەسەر زەوی. 

ماوەی چەند مانگێکە زیاتر لە ٧ هەزار کەیسی  تووشبوی ڤایرۆسی چیکنەگۆنیا لە چین تۆمار کراوە و بڵاو بۆتەوە،  سەرەتا لە پارێزگای گوانگدۆنگی چین بڵاوبۆتەوە چەند شارێکی تری گرتۆتەوە کە بە پلەی یەکەم کاریگەری لەسەر شاری فۆشان هەیە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە. جگە لە فۆشان، لانیکەم ١٢ شاری دیکەی باشووری پارێزگای گوانگدۆنگ تووشی ڤایرۆسەکە بوون. لە ناوەراستی مانگی ئابدا هۆنگ کۆنگ چەند حالەتێکی دەستنیشانکرد لە وەڵاتەکەیدا رەنگە پەلکێسی زیاتری هەبێت بۆ هەندێک لەوڵاتانی ئەفریقا. 
لەڕابردوودا بڵاوبوونەوەی گەورە و حاڵەتی پچڕپچڕی تووشبوون بەو نەخۆشییە تۆمارکراوە، کە زۆربەیان لە ئەمریکا و ئاسیا و ئەفریقایە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ناوبەناو لە ئەوروپادا. ڤایرۆسەکە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٥٢ لە تانزانیا دەستنیشانکرا، دواتر بۆ وڵاتانی دیکەی ئەفریقای سەب سەحارا و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بڵاوبووەوە، تا ئێستا لە زیاتر لە ١١٠ وڵاتدا بوونی هەبووە، بۆ یەکەمجار لە تایلەند لە ساڵی ١٩٦٧ و لە هیندستان لە ماوەی ساڵانی ١٩٧٠ تۆمارکراوە،  لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی چیکنەگۆنیا زۆرتر و بەربڵاوتر بووە. چیکنەگۆنیا نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە کە لە مێشوولەوە دەگوازرێتەوە و بەهۆی ڤایرۆسی چیکنەگۆنیاوە دروست دەبێت، کە ڤایرۆسێکی RNAیە لە جۆری ئەلفاڤایرۆس لە خێزانی Togaviridae ناوی چیکنەگۆنیا لە وشەیەکەوە وەرگیراوە لە زمانی کیماکۆند لە باشووری تانزانیا، بە واتای "لوول بون یان پێچان" و ڕەنگدانەوەی دۆخی پێچاوپێچی کەسانی تووشبووە.  

چیکنەگۆنیا نەخۆشییەکە بەهۆی ڤایرۆسی چیکنەگۆنیا(CHIKV)  دروست دەبێت، کە لە ڕێگەی مێشوولەی مێینەی تووشبووەوە بە پلەی یەکەم مێشولەی(  Aedes albopictusوAedes aegypti  ) بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە لە بارودۆخی گەرم و شێداردا گەشە دەکات، کە دوای چەند هەفتەیەک لە بارانبارین سەری هەڵداوە.

 لە ماوەی سێ بۆ حەوت ڕۆژدا نیشانەکانی نەخۆشی چیکنەگۆنیایان لێ دەردەکەوێت، کە باوترین نیشانەی بریتین لە ئاوسانی جومگەکان، ئازاری ماسولکەکان، سەرئێشە، ڕشانەوە، ماندوێتی و پەڵە و ئازاری جومگەکان دەتوانێت بۆ چەند هەفتەیەک، چەند مانگێک، یان تەنانەت ساڵانێک بەردەوام بێت،  لەبەر ئەوەی ئەم نیشانانە هاوشێوەی نەخۆشی ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون و زیکان، دەکرێت حاڵەتەکان بە هەڵە دەستنیشان بکرێن.
نەخۆشی چیکنەگۆنیایان بە دەگمەن کوشندە دەبێت بەڵام  ئەوانەی مەترسی زیاتریان لەسەرە بریتین لە کۆرپەی تازە لەدایکبوو، کەسانی بەساڵاچوو و ئافرەتی دووگیان و  ئەو کەسانەی کە حاڵەتی درێخخایان و بنەڕەتییان هەیە، وەک نەخۆشییەکانی دڵ یان شەکرە کە پێویستیان بە خەواندنە لە نەخۆشخانە بەهۆی مەترسی تێکچوونی ئەندامەکانی جەستە و مردن. 

بەگوێرەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، باشترین ڕێگە بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی چیکنەگۆنیا  کەمکردنەوەی گۆم و چاڵی ئاوی وەستاو کە ڕێگە بە مێشوولەکان دەدات زاوزێ بکەن. 
ڕێوشوێنی کۆنترۆڵکردن لە چینبەم شێوەیەیە،  هەڵمەتەکانی تەندروستی گشتی: دەسەڵاتداران ئامۆژگاری دانیشتووان دەکەن کە ئاوی وەستاو لەو شوێنانە لاببەن کە مێشوولە زاوزێ دەکەن و تۆڕی مێشوولە بەکار بهێنن، دەسەڵاتداران ڕێنمایی دانیشتووانیان کردووە کە ئاوی وەستاو لە ماڵەکانیاندا لاببەن، وەکو لەناو ئینجانەی گوڵ، یان ئەو دەفرانەی کە ئاوی وەستاوی تێدایە لە ماڵەکانیاندا - و هۆشداریشیان داوە لە غەرامەکردن تا ١٠ هەزار یوان (١٤٠٠ دۆلار) ئەگەر ئەم کارە نەکەن.
لە ئێستادا حکومەتی چین ڕێوشوێنی کۆنترۆڵکردنی هاوشێوەی ئەو ڕێوشوێنانەی لە سەردەمی پەتای کۆڤید-19دا جێبەجێ دەکات، لەوانە هەڵمەتی تەندروستی گشتی، ڕژاندنی مێروکوژ، و کەرەنتینەکردنی کەسانی تووشبوو. 
وەک کۆنتڕۆڵی بایۆلۆژییش حکومەت "مێشوولەی فیل یان کانیباڵ " و ماسییە مێشوولەخۆرەکان ئازاد دەکات بۆ ئەوەی مێشوولە ڤایرۆسهەڵگرەکان لەناو بەرن. لە مانگی ڕابردوو بەرپرسانی شاری فۆشان پێنج هەزار لەو مێشوولەخۆرەکانی  کردۆتە ناو دەریاچەی شارەکە. لە بەشێکی شارەکەدا تەنانەت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەفڕێنن بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی ئاوی وەستاو. 

لە ئێستادا، دوو ڤاکسینی چیکنەگۆنیا ڕەزامەندی ڕێکخراوەیی وەرگرتووە و/یان پێشنیار کراوە بۆ بەکارهێنان لە چەند وڵاتێکدا، بەڵام هێشتا بەردەست نین یان بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکارنەهێنراون. 

چارەسەری دژە ڤایرۆسی تایبەت بۆ تووشبوون بە ڤایرۆسی چیکنەگۆنیا نییە، بەڵام دەتوانرێت دەرمانی دژە تا و ئازارشکێن (وەک پاراسیتامۆڵ) بەکاربهێنرێت بۆ کەمکردنەوەی تا و ئازار یان ئەسیتامینۆفین پێشنیار دەکرێت ، بەڵام بەهیچ شێوەیەک  دەرمانی دژە هەوکردنی ناستیرۆید (NSAIDs)  ناکرێت بەکار بهێنرێت کە دەکرێت مەترسی خوێنبەربوون زیاد بکات.

کەواتە لە ڕێگەی ئەم نەخۆشییەوە بۆمان دەردەکەوێت کە  ئەو ناهەوسەنگییەی لە سەرهەڵدانی ئەم ڤایرۆسەوە دەرکەوتووە کەمبوونەوە و قڕ کردنی ئەو زیندەوارانەیە کە ئێمەی مرۆڤ  قڕیان دەکەین و لەناویان دەبەین جابۆ خواردن بێت وەک ماسییە مێشوولەخۆرەکان یان بەکارهێنانی مادەی قڕکەری مێروو بێت دژ بە مێشوولەی فیل یان مێشوولەی کانیباڵەکان بێت ، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ پاوانخوازی و دەستەلات و چاوچنۆکی  مرۆڤ. 

 

 

 

 

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand