Draw Media

٢٢ ی ئاب؛ لە نێوان کارەسات و ڕوداوێکی ڕاگوزەردا!

٢٢ ی ئاب؛ لە نێوان کارەسات و ڕوداوێکی ڕاگوزەردا!

2025-08-29 13:19:07


هۆشیار عەبدوڵا


«بەشی سێهەم»

«لە جەنگدا وشەکان ڕەنگە هێواشتر لە گوللە بکوژن، بەڵام هەر کوشندەن!»
ئەلبێر کامۆ
📌شەوی ١٧ ی شوبات کە پارتی هێزی هێنابوو تا هێرش بکاتە سەر گردی زەرگەتە، ئێمە بانگەوازێکمان نوسی، بڕیار بوو بڵاوی بکەینەوە، میدیامان تا ڕادەیەکی زۆر ئارامکردبۆوە، لە چوارچێوەی ئەوەی پێی دەڵێن دانبەخۆداگرتن، خەڵکێکی زۆر توڕەبوو، تەلەفونیان دەکرد قسەی نەشیاویان دەگوت، بە پەلەی سورمان دانابوو کە بانگەوازێکمان دەبێت « لە دەرفەتی تردا لەسەر چیرۆکی ئەو بانگەوازە کە بەدەست و خەتی بەندە نوسرا قسەی تایبەتم دەبێت»، بانگەوازەکە تایپ کرابوو، خرابوە سەر شاشەی بەردەم بێژەر، ئامادە بوو بۆ خوێندنەوە، کاک نەوشیروان و هاورێکانی لە گفتوگۆ و باس و خواس دابوون پەیوەست بەوەی هێرش دەکەن سەر گردی زەرگەتە یاخود نا، ئەو شەوە من هێشتا بەڕیوەبەر نەبووم بەڵام بەرێوەبەری ئەو کاتە مۆڵەتیدا من تصرف بکەم، کاک نەوشیروان و برادەرانی چەند جارێک گوتیان ئەو بانگەوازە با بڵاونەبێتەوە تا خۆمان دەڵێین بڵاوی بکەنەوە، دواجار و لە درەنگانی شەودا کاک نەوشیروان تەلەفونی کرد و گووتی تەلەفزیۆنەکە وەک شەوانی تر لێ بکەرەوە، گوتم ئەی بانگەوازەکە، گوتی تەواو لایبەرن با نەڕوا، گوتم ئاخر نوسیومانە کە کەمێکیتر بڵاوی دەکەینەوە بۆ ئێمە خراپە بڵاونەبێتەوە، گووتی؛ «کە باس هاتە سەر دەنگی بیکەیسی و ئاربیجی کەس گوێ لە بانگەواز ناگرێ، سەلامەتی گیانی خەڵک لەسەروی بانگەوازەکەوەیە بۆیە لایبەرە و وابزانە هەر نە نوسراوە». 
📌لە ڕوداو و کارەساتی ٢٢ ی ئابدا، میدیاکانی پارتی و یەکێتی رۆڵێکی ئێجگار خراپ و بەدکارانەیان بینی، جوڵەی هێزەکان و لالەزار و چواردەوری ئەو ناوچەیە لە گەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی ببوە شانۆیەک بۆ زوومی کامێراکانی ئەو کەناڵانە و وەک ئەوەی هەنگیان لەداردا دۆزیبێتەوە ئەوەی دەیانگوت نەیاندەگوتەوە، توندبوونەوە و هەستیاری دۆخەکەیان سەردەخست، گەرمی و حەماسی هەردولایان بەرزدەکردەوە، بێ ئەوەی هەست بەوە بکەن دواجار ئەوەی دەبێتە قوربانی ئینسانە، ماڵ و گەڕەک و شارە، ئارامی و ئاسودەیی خەڵکە! 
📌یەکێتی و دەزگا ئەمنییەکان کە جوڵەیان بە هێزێکی گەورە کردبوو بۆ دەوروپشتی لالەزار هیچ پێویستیان بەوە نەبوو لە کەناڵەکانیانەوە نیشانی بدەن و پشدەری گووتەنی «سام ڕابنێن» هەموو کەس دەزانێ حاکمی موطڵەقی شارەکە خۆیانن و بەس، ئەوەندەشیان نمایش بە هێزەکانیان کردوەە هەموو لایەک بزانن هێزیان هەیە! لاهوری شێخ جەنگییش هیچ پێویست نەبوو لە کەناڵێکی پارتییەوە قسەبکات و دۆخەکە زیاتر هەستیار بکات، پێم وایە نەدەبوو هەر قسەبکا یان دەبوو لە کەناڵی زوومەوە قسە بکا، کە بە مەودایەکی زۆر فراوانتر لە میدیاکانی دەسەڵات نەرمتر و پرۆفیشناڵتر کاری دەکرد.. لێرەوە نمایشی هێز لە میدیاکانەوە، قسەکردن لە میدیاکانەوە دۆخەکەی بەرەو بەریککەوتن برد نەک ساردکردنەوە، چاوی کامێراکان ڕۆڵی بەنزینیان بۆ سەر ئاگرەکە بینی. 
📌ئا لێرەدا با چیرۆکێکی دیکەی کاک نەوشیروانتان بۆ بگێڕمەوە کە چۆن مامەڵەی لەگەڵ ئەو لەحزە هەستیارانەدا دەکرد، ساڵی ٢٠١٣ کە یەکێتی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەنگەکانی بەڕادەیەکی زۆر داکشا؟ کە ئەنجامە سەرەتاییەکان دەرکەوتن یەکێتی کەوتە جموجۆڵی نائاسایی و بێزاری پێوەدیار بوو، شەوەکەی هێشتا دەنگەکان تەواو جیا نەکرابوونەوە کاک نەوشیروان تەلەفونی کرد، ئەوکات بەرێوەبەری کەی ئێن ئێن بووم، گوتی؛ کامێرایەک و پەیامنێرێک بێنە و خۆشت وەرە، چوینە ئەوبەر لێدوانیدا و گووتی« کەس دۆڕاو نییە هەمومان براوەین، گرنگ پرۆسەکە سەلامەت کۆتایی هاتووە» چەندین قسەی دیکەی ئاڵتونی کرد کە یەکێتی زۆر خاو کردەوە. 
تەنانەت کە ساختەکاری ئەلبیسەکەش ڕویدا کاک نەوشیروان دژی ئەوە بوو لە میدیاوە زۆر گەورەی بکەین و بە دەق بە منی گووت «توندی مەکەنەوە پێنج کورسی ببەن باشترە لەوەی پێنج کەس بکوژن». 
📌من بۆ ماوەی چەند مانگێک لە قۆناغی پێش پەخش لە ساڵی ٢٠٢٤ دا، وەک ڕاوێژکار لەگەڵ کەناڵی زووم کارمکرد، لە نزیکەوە دەمزانی کە ڕاستە زووم ئیمکانیاتی ماددی زۆر کەمە  و وەک میدیاکانی دەسەڵات پارەی هەڵڕژاوی لە بەردەستدا نییە بەڵام بە شایەتی هەموو ئەوانەی پرۆفیشناڵن لە کاری میدیاییدا ئەو گروپە میدیاکارە لێهاتووەی زووم ئێجگار تووند دەستیان گرتبوو بە پرەنسیپەکانی کاری رۆژنامەوانی و میدیاوە. کاری من و یەک دوو هاورێم لەگەڵیاندا زیاتر لەگەڵ بەرێوەبەر و چەند بەرپرسی بەشێک بوو بەڵام ئەو کەناڵە ژمارەیەکی باش لە میدیاکار و رۆژنامەوان و خەڵکی رۆشنبیری لێبوو کە بە مووچەیەکی زۆر کەم بەراورد بە میدیاکانی دەسەڵات کاریان دەکرد بەڵام پرۆژەکەیان خۆش دەویست، یەکێتی هەڵەیەکی گەورەی کرد کە زوومی داخست، کارێکی باشیش دەکات رێگە بدات ئەو پرۆژەیە بەردەوام بێت و خەون و ماندووبونی ئەو میدیاکارە ناوازانە زیندەبەچاڵ نەبێت، من کە ئەو دێڕانە دەنوسم دوور و نزیک وا نزیک ساڵیکە کارم لەگەڵیان تەواو بووە و هەرچیی سەرکەوتن و باشیەک هەبێت هی خۆیانە،  بەڵام ناکرێ یەکێتی بە پاساوی دەستگیرکردنی کەسێک کەناڵێک دابخات کە بچوکترین سەرپێچی کاری میدیایی نەکردووە! 
📌با بێمەوە سەر باسی رۆڵە خراپەکەی میدیا، ئەو ڕاستیە لای هەمووان ڕوونە کە  پارتی و میدیاکەی لە پەیوەندی بە ململانێکانی نێوان دەباشان و لالەزار بێلایەن و بێ ئەجێندا نین، هەمان شت بۆ میدیای یەکێتیش بەرامبەر دۆخی ناوخۆی پارتی و سنوری دەسەڵاتی ئەوان ڕاستە، لە روداوەکانی خورشید هەرکی بە ڕوونی دیار بوو… بۆچی پێم سەیر بوو کە لاهوری شێخ جەنگی ئەو چاوپێکەوتنەی نەدا بە زووم کە کەناڵی نزیک لە خۆی بوو،  چونکە جارێک لەباس و خواسی زوومدا هەڵوێستێکی کاک نەوشیروانم لەگەڵ کەی ئێن ئێن بۆ کاک لاهور باسکرد، وتم حەقە تۆش وابکەیت لەگەڵ زووم، بۆم گێرایەوە کە سەرەتای کردنەوەی کەناڵی کەی ئێن ئێن جارێک تکایەکم لە کاک نەوشیروان کرد تا کۆتایی تەمەنی پابەند بوو پێوەی، پێم گووت کاک نەوشیروان تکایە خۆت پێش هەموو کەس رێزی میدیا و میدیاکارەکانی خۆت بگرە، قسە و چاوپێکەوتنی تایبەت تەنها لەگەڵ کەی ئێن ئێن بکە، ناز و رێزی میدیاکارەکانی دەرەوەی ئەم گردە مەدە بەسەر ئەوانەی ئێرەدا، هەتا وەفاتی کرد ئێن ئاڕتی و ڕوداو دەیانجار داوای دیداری تایبەتیان لێکرد، نەیکرد و هەموو جارێک دەیگوت؛ ئەگەر قسە بکەم بۆ کەناڵەکەی خۆمان قسە دەکەم. 
بەهەرحاڵ، ئەو قسانەی لاهوری شێخ جەنگی باش نەبوون چونکە ئەجێندای ئەو کەناڵە ئێجگار ڕوونە، قسەکانیشی توند بوون، کەناڵەکەش ئەوەندی تر بارودۆخەکەی پێ گەرم و ئاڵۆسکاوتر کرد، لەو ڕوەشەوە دیقەتی وردەکارییەکی جوان و جیاوازی عەقڵییەتی خاتوو ئاواتی شێخ جەنگی بدەن، پێرێ کە قسەیکرد بۆ میدیا و ڕوداوەکانی گێڕایەوە لە هیچ میدیایەکی حزبی قسەی نەکرد بەڵکو درەو میدیای هەڵبژارد چونکە  دەزانێ درەو ئەجێندای سیاسیی نییە،  دەشزانم چ فشارێکی لەسەرە بۆ ئەوەی قسە بکات بۆ میدیا حزبیەکان بەڵام نەیکرد و هیوادارم نەشیکات چونکە خزمەتی دۆخەکە ناکات.
📌پارتی و یەکێتی خاوەنی دوو ستراتیژی میدیایین کە بە تەواوی حزبی و ئایدۆلۆژییە، میدیاکانی دەسەڵات ئەو شەوە، کاتی شەڕەکە، دوای شەڕەکە رۆڵی بارود و گڕ یان بینی، میدیاکانی پارتی خوای خوای ئەوەیان بوو بگەنە ئەو ئەنجامەی کە ئەوەتا لە سلێمانیش هەمان حاڵەتی خورشید هەرکی هەیە، میدیای یەکێتیش کاری دەکرد ئەوە نەسەلمێت، بێگومان ئەو ستراتیژە میدیاییە بێ پاشخان و لە خۆڕا نییە و قووڵایی خۆی هەیە، لێرەوە دەبێ ڕاستییەک هەیە وەکخۆی بیڵێم؛
لە روداوەکانی ٨ ی تەمموز و ٢٢ ی ئابدا پارتی رۆڵێکی گەورەی هەبوو لە قووڵکردنەوەی ناکۆکی نێوان کاک بافڵ و کاک لاهوردا، سەرەتا و لە قۆناغی یەکەمدا پێش هەشتی تەمموز یەکەمیان هاندا دژی دووەم و هەموو هاوکارییەکیشیان کرد، لە حکومەتەوە، لە سەرۆکایەتی هەرێمەوە، لە میدیاکانیانەوە بە ڕوونی پشتی بافڵ تاڵەبانیان گرت! پاشان کە زانیان برینەکە قوڵ بۆتەوە لە نێوانیان ئەوجارە دەرگای پەیوەندیی و دۆستایەتییان بۆ لاهوری شێخ جەنگی کردەوە و پەیوەندیان لەگەڵیدا بە تەواوی ئاساییکردوە و هەمان یارییان دووبارە کردەوە، پێش هێرشەکانی سەر لالەزار و کاتی هێرشەکان و دوای هێرشەکانیش میدیایان خستە خزمەتی لاهوری شێخ جەنگی و تا ئێستاش فرمێسکی تیمساحی بۆ دەڕێژن.
دەشێ هەبێ بڵێت پارتی دەستی خۆش بێت، ئەو دووانە بۆ وا لە خۆیان و حزبەکەیان دەکەن و بۆ بەقسەیان دەکەن، منیش هەمان ڕا و هەمان بۆچوونم هەیە ئەکید. 
📌تا کۆتایی روبەڕووبونەوەکانی شەوی ٢٢ ی ئاب میدیای هەردوو حزب گوایە تەنها کەڤەری ڕوداوەکانیان کردوە و هیچیتر، بەڵام لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وێنەی لاشەی قوربانییەکان و بریندار و دەستگیرکراوەکان ئەجێندا شەیتانی و نائینسانییەکان زیاتر ڕوون بوونەوە، دەرکەوت ئەو میدیایانە باکیان بە وێنەی کورد و هەرێمەکە و سلێمانی و رۆحی ئینسان و دڵ و دەروونی خزم و کەسوکاری قوربانییەکان نییە و هەموو شتێک بە ئەجێندای سیاسیی لە پێناوی لایک و بینەری زیاتردا دەکەن و هەموو شتێک دەکەن بە قوربانی دروشمی پوچ و تافهی یەکەمی و ملیۆن بینەری و چی و چی. 
📌ئەم سەردەمی سۆشیال میدیایە کە هەموو کەسێک خاوەنی زیاد لە پەنجەرەیەکە بە ڕووی دنیادا، رۆڵ و بەرپرسیارێتی میدیا ئێجگار گەورەیە، لەم قۆناغە تاریکەی حوکمڕانی کوردیدا لە هەرێمی کوردستان یەکێک لەو بلدۆزەرانەی کە زۆر نابەرپرسانە کۆمەڵگەی ئێمە، ئینسانیەتی ئێمە، کوردبوونی ئێمە دەشێلێ میدیای دەسەڵاتە، میدیایەک کە پارەیەکی قەبەی لە داهاتی ئەم خەڵکە پێ دەدرێ بۆ ئەوەی هەمان خەڵک تا دوا سنور وێران بکا. 
📌ئەوەی لە نێوان میدیاکانی یەکێتی و پارتیدا ڕویدا لە ڕوداوەکانی ٢٢ ی ئابدا، لێدانی نەشتەری زیاتر بوو لە جەستەی برینداری سلێمانی و کوردستان، شکاندنی هەموو سنورەکانی مافی مرۆڤ و حورمەتی ژیان و لاشەی ئینسان و ماڵ و گەڕەکی شار بوو، لەو ڕوداوانەدا میدیا خەریکی گواستنەوەی وێنەکان نەبوو بەتەنها بەڵکو خەریکی خوڵقاندنی وێنەگەلێکی نوێ بوو تا زیاتر بریندارمان بکات.
📌ئێمە لە ڕابردودا خەمی ئەوەمان بوو بۆچی وەک ئینگلیز (بی.بی.سی) یەکمان نییە، بۆچی ناتوانین ببینە خاوەنی (سی.ئێن.ئێن) ێک ، بۆچی ناتوانین میدیایەکی نیشتیمانیمان هەبێت کە ڕووی لە نەتەوە و نیشتیمان و خەڵک و خاک بێت، کەچی کۆمەڵێک کەناڵی قەبەمان هەیە وەک تەکنیک و ئیمکانیاتی بەردەستیان هیچیان لە کەناڵە جیهانییەکان کەمتر نییە، بەڵام عەقڵیان هێشتا لە لولەی چەکی دەستی چەکدارێکی نەفام و بێ ڕەحم بچوکتر و تەسکترە! کەناڵ گەلێک کە بوونەتە سەرهێشەی گەورە بۆ کۆمەڵگە و بوونەتە ئافاتی گەورە بۆ تێکدانی هەرچی بەها و رەسانەیەتییە. 
ماویەتی ..

 

«بەشی دووەم»
 
📌ناکۆکی  نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی سروشتێکی تەواو شەخصی هەیە، لەباشترین حاڵەتدا ململانێیەکی حزبییە لەسەر دەسەڵات، دەشێ دوای جیابونەوەیان و دابەشبونی تیژیان بەسەر دووبەرەی جیاوازی نێوخۆیی و هەرێمایەتیدا ناکۆکیەکان قوڵتر بوبنەوە، بەڵام دواجار ڕەهەندە کەسی و کۆمەڵایەتییەکەی ئێجگار تۆخە.
جارێکیان قوباد تاڵەبانی زۆر ڕاستگۆیانە بە رۆژنامەوانێکی گوتبوو؛ «کێشەی ئێمە و لاهور پێش ئەوەی سیاسیی بێت کۆمەڵایەتییە، هەرکات کێشە کۆمەڵایەتییەکە چارەسەر بوو، کێشە سیاسیەکەش چارەسەر دەبێت» 
دیقەت بدەن؛ ڕوداوەکانی هەشتی تەمموز و ٢٢ ی ئاب لە ڕووی سروشتی ململانێکەوە تا ڕادەیەکی زۆر لەیەک دەچن یان بە ڕوونی هەست دەکەی دوو ئەڵقەی یەک زنجیرن لە ململانێیەک کە هی نێوان دوو ئامۆزا و دوو خزمن.
سەرنج بدەن لە قسەکانی خاتوو ئاوات کە بۆ درەو قسەیکردووە تێدەگەن ڕادەی قوڵی پەیوەندی نێوانیان چۆن بووە؟! ورد ببنەوە لە بێ منەتی و متمانە بەخۆبوونی خاتوو ئاواتی شێخ جەنگی ئەو خوشکە نمونەیی و ئازا و گیانفیدایە بۆ براکانی، چەند بوێرانە مامەڵە دەکات لەناو ئەو هەموو هێزە سەربازییەدا بێ ئەوەی ئەصڵەن حسابیان بۆ بکات، لە گەرمەی شەڕدا پێی وابووە هێشتا بافڵ تاڵەبانی دەچێت و باوەشی پێدا دەکات، لە ناو هێزەکاندا وا دەجوڵێتەوە ئەصڵەن وەک ئامر و بەرپرسیان دەردەکەوێت ئەوەش جگە لە ئازایەتی خۆی، جگە لەوەی کە نمونەیەکی ئێجگار گەورەی لە وەفای خوشکێک بە تامی دایک بە تامی سوپەر و پەرژین نیشاندا و تاکە وێنەی جوان و گەشی ناو دیمەنە دزێوەکانی ٢٢ ی ئاب بوو،  سەرباری هەموو ئەوانە ئەو پارێزبەندییە خزمایەتیەش کە لە نێوانیاندا هەیە رۆڵی گەورەی هەیە و هەرچەندێک خۆیانی لێ بدزنەوە ناتوانن لێی دەرباز بن و کاریگەری هەیە و هەر دەشیمێنێ.
📌کە هەشتی تەمموز ڕویدا و لاهوری شێخ جەنگی لە هاوسەرۆکی لابرا، من شتێکی ئەوتۆم لەسەر نەنوسی و قسەیەکی واشم لەسەر نەکرد، چونکە پێم وابوو ئەمانە جگە لەوەی دوو کەسی ناو یەک بنەماڵەن، دوو هاورێشن، دەشێ جیا ببنەوە و دواتر نزیک ببنەوە، « نمونەی مامجەلال و کاک نەوشیروانیشم لەبەرچاوو بوو کە چۆن دوای ئەو هەموو ناکۆکییە گەورەیە باوەشیان بە یەکدا کردەوە» بە قوڵیش پێم وایە خیلاف و جیاوازی ئەو دووانە نەوعی نییە و شکلیە، ئەمجارە لە ٢٢ ئاب جیاوازییەکە ئەوەیە سەریکێشا بۆ توندوتیژییەکی بێتام و پەڕگیر، لە خانەی ململانێیەکەوە کە لەسەر دەسەڵاتە هاتۆتە ناو خانەیەک کە پەیوەستە بە ژیان و ئاسایشی رۆحی مرۆڤەکانەوە! هەر لێرەوەیە کە خەڵک ئەمجارە وەک ٨ ی تەمموز نییە و توڕەیی و بێزارییەکەی زۆر زیاترە.
📌با ئەوەش ڕوون بێت توڕەیی خەڵک دوو لایەنە ڕاستە نوکی ڕمەکە زیاتر لەسەر یەکێتی و دەسەڵاتە، بەرامبەر بافڵ تاڵەبانی و هێزە ئەمنیەکانە، بەڵام کەمیش نین ئەوانەی دەڵێن نەدەبوو لالەزار بهێڵێ بگاتە ئەو چرکە ساتە خوێناوییە! نەدەبوو لاهوری شێخ جەنگی بهێڵێ بگاتە روبەڕوبونەوەی چەکداری و کارەسات، کارەساتێک کە حیکمەت و دانایی، دانبەخۆدا گرتن و لە خۆبردوویی لەهەردولاوە تێدا نەبوو. بەڵام هەرچۆنێک و هەرچییەک بێت نەدەبوو لایەنی دەسەڵاتدار کە بەرپرسیارێتیەکەی گەورەترە لە هەموو لایەکی دیکە ، گرێیەک کە بە ئاسانی و بە دەست دەکرایەوە بیکاتە گرێیەکی ئاڵۆز کە بە ددانیش نەکرێتەوە. 
ئەگەر ململانێی نێوانیان بە سیاسیی و مەدەنی و ئاشتیانە بمابایەتەوە نە سلێمانی وا بریندار دەبوو نە خۆیان ئاوا بەجەکەیان لەبەردەم خەڵک و مێژوودا ئەدا، بەڵام خاڵێکی گرنگ کە دەمەوێ لەم نوسینەدا ئاماژەی پێ بدەم ئەوەیە؛ هۆکاری ئەوەی سروشتی ئەو ململانێیە گۆڕا بۆ ئاگر و ئاسن عەقڵیەتێکی دۆگما و چەقبەستووە کە تەنها باوەڕی بە «لۆژیکی هێزە» ، کولتوری «هەڵکوتانە سەریەکتری» و پەلاماردانی سەربازی! 
📌بەڕاست قەت پرسیوتە ڕیشەی ئەو کولتورە لانیکەم لەناو یەکێتیدا لە ٢٥ ساڵی ڕابردوو چۆنە و چییە؟! باسی سەردەمی شەڕی ناوخۆ ناکەم باسی قۆناغی ئاشتی و دوای پرۆسەی ئازادی و بوونی هەرێم بە کیانێکی دەستوری دەکەم لە عێراقدا کە دەبوو ژیانی دیموکراسی و مەدەنی و دامەزراوەیی حوکممان بکات نەک لولەی چەک و زنجیری دەبابە و تارمایی درۆن. 
با بتانگەڕێنمەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٤ و سەروەختی واژۆکان دژی مامجەلال، یەکێک لە سەرکردە ناڕازییەکانی ئەو کاتە لە مامجەلال، لە کۆبوونەوەیەکدا کە کاک نەوشیروان سەرپەرشتی دەکات دەڵێت، رێگەم بدەن دەچمە سەر  مامجەلال و  قۆڵبەست دەکەم و دەیبەم لە فەرماندەیی سجنی دەکەم، کاک نەوشیروان بە توندی جوابی دەداتەوە و دەڵێت ئەوە بکەیت من دەچم لە ماڵی مامجەلال و دیفاعی لێدەکەم، بە توڕەییەوە پێیدەڵێت؛ ئێمە ناکۆکی سیاسیمان لەگەڵ مامجەلال هەیە و کولتوری هەڵکوتانەسەر و چونەسەریەکتری بەهێز دەبێ بنێژرێ، بەردەوام دەبێت و دەڵێت؛ ئەگەر ئەمڕۆ رێگە بدەم ئەوە دژی مامجەلال بکەیت ئەوە سبەی دژی خۆشم دەیکەیت «ئەو قسانە زیاد لە جارێک لە دەمی کاک نەوشیروان خۆیەوە بیستومە کە لە مەجلیسەکانیدا گێڕاویەتەوە»! 
هەر لە سەروەختی واژۆکاندا دوای ئەوەی نامە هاوبەشەکەی کاک نەوشیروان و کاک کۆسرەت و عومەری سەید عەلی بە واژۆی ئەو هەموو سەرکردایەتی و کادر و ئەندامەوە دەگاتە مامجەلال، داوای کۆبوونەوەیان لێدەکات و دەڵێت فەرموون وەرن بۆ قەڵاچوالان، هەر هەمان گروپی توندڕەو دەڵێن بڕۆن بۆ کۆبوونەوەکە بەڵام بە هێزێکی زۆرەوە، کاک نەوشیروان دەڵێ ئێمە بۆ گفتوگۆ و رەخنە لەسەر جۆری ئیدارەدانی حزب دەچین نەک بۆ شەڕ، بە چەک و هێزەوە بچین خراپ لێکدانەوەی بۆ دەکرێ، پێم باشە بە یەک دوو سەیارە و بێ حیمایە بچین، هەر وا دەکەن کاتێک دەگەنە قەڵاچوالان و مامجەلال بەو جۆرە دەیانبینێ زۆری پێ خۆش دەبێت و بە نیەتێکی باش و کراوەوە دەست دەکەن بە گلەیی و گازەندەکردن لە یەکتری! 
ئەو پەتەی کە دەمەوێت ئەو قسانەی بە ئێستاوە پێ گرێبدەم ئەوەیە کە دوای نەمانی مامجەلال و کاک نەشیروان لەسەر شانۆی سیاسی زۆنی سەوز، ئەو تێگەیشتنی «پەلامار و هەڵکوتانەسەر بەهێز»ە، زیاد لە جارێک خۆی نمایش کرد، یەکەم جاریش بە پەلاماری گردی زەرگەتە دەستی پێکرد و دواتر هێز لە ٨ ی تەمموزی ٢٠٢١ دژی لاهوری شێخ جەنگی وەک هاوسەرۆک جوڵێنرا، پاشان ڕوخاندنی قەڵای عوزێرییەکانی بە دواداهات، تا گەیشت بە کارەساتی شوم و خوێناوی ٢٢ ی ئابی لالەزار! 
📌بافڵ تاڵەبانی سیاسییەکی ئێجگار ڕوون و ڕاشکاوە، هیچ لە دڵیدا ناهێڵێتەوە و هەمووی دەڵێت، جۆری ئاخاوتن و قسەکردنی سەرنج ڕاکێشە، یەکێک لە دروشمەکانی کاتی هەڵبژاردنی ئەوەبوو « ئەوەی دەیڵێم، جێبەجێی دەکەم »، دەی باشە، لە گەرمەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی ١٠ ی ٢٠٢٤ لە دهۆک گووتی « دوای هەڵبژاردن بە خۆشی بێت یان بە ئاگر دەریان دەکەم لە سلێمانی» هەر لەو قسانەیدا بە بادینی رونیشی کردەوە کە مەبەستی کێیە!؟ لای چەند رۆژنامەوانێکیش لە بۆنەیەکی چەند هەفتەیەک لەومەبەری کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر گوتبووی « هیوادارم کە چوومە سەر لاهور بەرگری بکات!» ئەوەی لە منەوە دیارە وەک ڕۆژی روناک ئەو قسانە و ئەو بۆچونانەی بافڵ تاڵەبانین، باقیاتی ئەوەی پەیوەستە بە هەوڵی کودەتا و پلان و پیلانی لاهور تاڵەبانی و ئەژی ئەمین وەک دەگوترێت بۆ تیرۆری بافڵ تاڵەبانی ئیشی دەزگا ئەمنیەکان و دادگایە کە ڕوونی بکەنەوە …بەڵام بوەستن بزانین کام دادگا …؟!! کێشەکە ئەوەیە خودی دادگاکانی هەرێم هەر لە لایەن کاک بافڵ خۆیەوە لە دیداری میریدا لە شاری هەولێر زەڕبی سفر کران و گووتی؛ «بۆیە دەچینە دادگای بەغدا چونکە ئێمە دادگامان نییە»، کێشەکەش ئەوەیە وەک وتم شێوازی قسەکردنی ئەوەندە سەرنج ڕاکێش و تایبەتە هەرچی دەیڵێ دەبێتە ترێند و ئەو کوتانەی دادگاش ماوەیەکی زۆر ترێند بوو! 
 راستی و ناڕاستی پلان و پیلانەکان بۆ تیرۆری بافڵ تاڵەبانی چۆنن، قسەی لاهوری شێخ جەنگی خۆی چییە؟ ئایا هەوڵی داوە یان نا، دانیپێداناوە یاخود نا؟! ئەمانە هەمووی کات ڕونیان دەکاتەوە، دەشێ ڕاست بن «بەتایبەتی ئەگەر خۆی ئیعتراف بکات» و دەشێ سیناریۆ و هەڵبەستراو بن، بەڵام مادام لە سەرەتاوە وتیان لاهور تاڵەبانی و هاوکارە کودەتاچییەکانی ئەمری دادگایان لەدژ دەرچووە، دەبوو بە یاسایی و رۆحی یاساکان مامەڵەیان کردبا نەک ئاگر و ئاسن، دەبوو مادام هێز و باڵا دەستی لای ئەوان بوو نەهێڵن بگاتە توندوتیژی..چونکە لەمجۆرە ڕوبەڕووبونەوانەدا تەنها دیوێکی سەرکەوتن سەربازییە، دەیان دیوی دیکەی سیاسیی و مەدەنی و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی هەیە!
یەکێک لەقوربانییە هەرە گەورەکانی ئەمجۆرە ململانێیانە یاسایە و دادگاکانن، یاسا بۆ چەسپاندنی عەدالەت و پاراستنی نەزمی گشتی و سەلامەتی هاوڵاتیانە، هیچ یاسایەک ئەوەندە دڵرەق نییە بۆ گرتنی کەسێک یان گروپێک رێگە بەو هەموو توندوتیژییە بدات، یان رێگە بدات ئەو هەموو خوێنە ئەو هەموو قوربانی و کاولکارییە لە شارێکی جوانی وەک سلێمانیدا ئەنجام بدرێت.
📌ڕاستیەکەی بێزاری و توڕەیی قوڵی زۆرینەی خەڵکی سلێمانی و کوردستان لە کارەساتی ٢٢ ی ئاب، جۆری چارەسەرەکەیە نەک خودی ململانێکە. چونکە پێشتر و تا ئەو شەوە بە گشتی خەڵک وەک کێشەیەکی حزبی و بنەماڵەیی لە ناکۆکیەکانی دەڕوانی، بەڵام ئەو شەوە باسەکەی گۆڕی بۆ ئازار و مەترسییەک کە ئەو ململانێیە گەیاندییە سەر ئێسقانی شارێکی زیندووی وەک سلێمانی، گەیاندییە مەترسییەک کە ئیدی زمانی دەبابە و درۆن و گوللە حاکمی یەکەم و موطڵەقە نەک هیچ شتێکی دیکە، ئەمەش هەڕەشەیەکی ئێجگار جدییە لەسەر کۆی هەرێمەکە و لەسەر جۆری پەیوەندی نێوان هاوڵاتی و دەسەڵات. 
📌پوختەی قسە لەم بەشەی ئەم زنجیرە وتارەدا ئەوەیە؛ دوای ڕوداوەکانی ٢٢ ی ئاب دوای ئەدائی ئەمنی و پۆلیسی و سەربازی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار پارتی و یەکێتی، قسەکردن لەسەر ململانێی مەدەنی، هەڵبژاردن ، ئۆپۆزسیۆن  و دەنگی خەڵک بەهایەکی ئەوتۆی نەماوە، لە باشترین حاڵەتدا دەبێ دەمووچاوی هەموو قۆناغەکە بشۆین تا بیناسینەوە، دیوێکی هەرە دزێو و ناشرینی کارەساتی ٢٢ ی ئاب، بێ هەڵوێستی و ترسنۆکی حزبە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکانە کە زاتی بەلاغ و بەیاننامەیەکییان نەکرد، رۆلێکیان کەموزۆر نەگێرا، بە هەموویانەوە هێندەی حزبی شيوعی و چەند نوسەر و روناکبیرێکیان پێ نەکرا، زۆرێکیان چەند دێڕێکی ناچیزیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نوسی تەنها تا بڵێن ئەوەتا شتێکمان گووت و هیچیتر.
📌جێگەی داخە بۆ ئێمە وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت و بێ پەرچەم ئاوا مامەڵە لەگەڵ خۆمان، لەگەڵ هەرێم، لەگەڵ کوردبوون لەگەڵ دیموکراسی بکەین، ئاخر کەس نییە نکوڵی لەوە بکات کە ململانێ سیاسییەکانی ئەم سەردەمە بە گشتی نە مەدەنین، نە دیموکراسین، نە لەسەر چاکەی گشتین، بەڵکو ململانێی چەکداریی و ئەمنین، خەریکە لۆژیکی هێز، هەڵکوتانەسەر، پەلاماردان بە یەکجاری رۆحی کۆمەڵگە و شار و مەدەنییەت و هاوڵاتیبوون لەم هەرێمەدا وردوخاش و وێران دەکات ، یان وێران بووە و ئێمە بە دیار هیوایەکی موزەییەفەوە خۆمان دەخەڵەتێنین کاتێک دەنوسین « خەریکە، خەریکە» ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە لە «خەریکە» دەرچووە و  دەمێکە وێران بووە! 
ماویەتی…

 

«بەشی یەکەم»

(ئامانجی یەکەم و کۆتایی ئەم زنجیرە وتارە، هەوڵە بۆ دەرس و عیبرەت وەرگرتن لە کارەسات و ڕواوەکان تا دووبارە و سەدبارە نەبنەوە نەک خوێکردن بە برینەکاندا، هیچ کەناڵ و میدیایەکی حزبی بۆی نییە ئەم زنجیرە وتارە بە ئامانجی سیاسیی بەکاربهێنێ و دێر و پەرەگراف لەناوکۆی وتارەکان دەربهێنێت.)

شەوی ٢٢ ی مانگی ئابی ٢٠٢٥، لە رۆژژمێری سلێمانی و هەرێمی کوردستاندا پڕ بەمانای وشە کارەساتە. کارەساتێکی ئینسانی گەورە کە خوێنی گەنج و لاوی کوردی تێدا ڕژا، ژیان و گیانی مرۆڤی کوردی تێدا بێ بایەخکرا، شکۆی مرۆڤی تێدا شکێنرا، کارەساتێک کە هێشتا ژمارەی قوربانیەکانی نازانرێ، وەک ئەوەی ژیانی مرۆڤ، ژیانی گەنجێک هێندە بێ بایەخ و هەرزان بێت تا شایستەی ئەوە نەبێت لاشەکەی دیار بێ و سوکایەتی پێ نەکرێ و ئیهانە نەکرێ. کارەساتێک کە حورمەتی شار و گەڕەک و ماڵ تێیدا بە گەورەیی ئیهانەکرا.

٢٢ی ئاب ئەگەر خوێنی تێدا نەڕژایە، قوربانی گیانی نەبووایە، ژیانی لە چەندین گەنج نە سەندایەتەوە، ئیهانەی شکۆی دیل و برینداری تێدا نەکرایە، بە ڕوداوێکی ناخۆش دەکرا بناسێنرێ بەڵام ڕژانی خوێنی مرۆڤێک تاکە یەک مرۆڤ بە هەرچی پێوەری ئینسانی و ئاینی و ئەخلاقی کارەساتە، چ جای بگاتە چەندین مرۆڤ!

کارەساتی ٢٢ی ئاب راستییەکی زۆر تاڵی لا تۆخ کردمەوە، ڕاستی ئەوەی ئێمە نەتەوە و میللەتێکین هەموو کارەساتێکی ئینسانی بە سیاسیی دەکەین! لەجیاتی ئەوەی هۆش و تەرکیزمان لەسەر دیوە ئینسانییەکانی، ژمارەی قوربانی و خوێن و پاراستنی ژیانی مرۆڤەکان بێت، هۆشمان لەسەر دیووە سیاسییە پڕوپوچەکانی ئەو روداوانەیە!

وەک مرۆڤێک، وەک کوردێک چاوت دابخە و بیر بکەرەوە و هەرچی تۆ بە کارەساتی دەزانی کە لەسەر دەستی حزبی کوردی بەسەر خەڵکی کوردستاندا هاتووە بزانە دیوە سیاسییەکەیت لێ دیارە یان دیوە ئینسانییەکەی و ژمارەی قوربانییەکانی؟! بزانە زیاتر حزب و کەس و سەرکردەکانت لێدیارە یان ئەو گەنج و لاوانەی هەمیشە سوتماکی شەڕەکانن و کەس تەنانەت ناویاشیان ناپرسێ؟! چاو دابخە بیر لە جۆری کارکردنی میدیا شەیتانیی و نەگریسەکەی دەسەڵات بکەرەوە، بزانە چەند بێباک لاشەی گەنجێکی کورد دەکاتە کەرەستەی میدیایی؟! بزانە چۆن ماکینەی میدیایی دەسەڵات کارەساتی شارێک بە حزبی دەکات و دەیکاتە پڕوپاگەندەی سیاسیی؟! بزانە چۆن ئەو میدیا نەفرەتییەیان لەسەر رۆحی ئەو قوربانیانە و جەستەی برینداری سلێمانی سەما دەکەن و فرمێسکی تیمساحی دەڕێژن؟! « لە بەشەکانی داهاتوودا بە تایبەتی لەسەر رۆڵی فیتنەگێرانەی میدیا لە قۆناغی پێش هێرشەکانی سەر لالەزار و کاتی هێرشەکان و دوای ئەوەش هەڵوەستە دەکەم».

٢٢ ی ئاب، کارەساتێکی شۆکئاوەری ناخهەژێنە، لە ئاستی شەخصیدا بە قوڵی شەڕی ناوخۆی هێنایەوە یادەوەریم، منێک کە ئەو سەردەمە تۆسنە مێردمنداڵێک زیاتر نەبووم دیمەنەکانی ئەوێ ڕۆژێ کە بەچاوی خۆم کوژراو و برینداری سوکایەتی پێکراوم بینی، پێم وانەبوو وا ئاسان جارێکیتر هەمان عەقڵیەت لەناو رۆحێکی شارستانی زیندوو و ژیاندۆستی وەکو سلێمانیدا هەمان دیمەن لە ئیهانەکردن و بەکەم سەیرکردنی خوێنی تاکی کورد ببینم! هەڵەبوون هەموو ئەوانەی دەیانگوت بەرژەوەندی گەورەی ماددی ئەو حزبانە رێگری دەکات لەوەی بوێرن و زاتبکەن دەست ببەن بۆ چەک و توندوتیژی گەورە!

کۆی کارەساتی ٢٢ ی ئاب لە لایەک و کوشتن و ئیهانە و بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی قوربانیەکان لە لایەکیتر، دیمەنی ئەو هەموو توندوتیژی و دڵرەقی و عەبەسی بوونە لەلایەن هێزی چەکداری حزبی و کەسی ئەم هەرێمە لە لایەکیتر! کارەساتێک کە لە شەوی ٢٢ ی ئابەوە تا ئێستا هۆش و خەیاڵی شارێک و هەرێمێکی داگیر کردووە و وەک مۆتەکە لە کۆڵی نابێتەوە و زوو زوو و لەگەڵ هەر دیمەنێکی نوێدا وەک برینێکی تازەی خوێن لێڕۆیشتوو دەکولێتەوە! ئاخر لە باوەڕی هەموو مرۆڤدۆستێکدا، لە کوردەوارییە ڕەسەن و پاکەکەی خۆماندا دواجار مرۆڤ زیندوو بێت یان مردوو حورمەتی خۆی هەیە، ماڵ ئاوەدان بێت یان داڕوخاو حورمەتی خۆی هەیە! ٢٢ ی ئاب لێدانێکی گەورەبوو لەو قەناعەت و باوەڕە جێگیرە ئینسانیانە.

من زۆرجار هەستم بە شۆک، بە دڵشکان، بە بێچارەیی، بە بێتاقەتی کردووە، بەڵام کەمجار وەک ٢٢ ی ئاب هەستم بە لێبونەوەی یەکجاری کردووە پەیوەست بە مانەوەی هەر هیوایەک بۆ رۆلی سیاسەت، بۆ ڕۆلی میدیا، نوسین … ڕوداوی وەک ٢٢ ی ئاب، ئەگەر بۆ کۆی کۆمەڵگە جارێک شۆک و خەم بێت، بۆ ئەوانەی وەک من باوەڕی قوڵیان بە خەباتی ناتوندوتیژی هەیە هەزاران جار زیاتر خەم و بێهوایی دروست دەکات! بەتایبەتر کە دەکرا بەڵێ زۆر ئاسان دەکرا ئەو توندوتیژییە ڕوو نەدات و دەیان رێگە چارەی تری مەدەنیانە و دوور لە توندوتیژی لەبەردەست و مومکین بوون.

لە لای من ٢٢ ی ئاب ڕووداو، کارەساتێکی ئێجگار گەورەیە، ئا ئەم لەحزەیە هەست دەکەم هێشتا ٢٢ ی مانگە، لەو شەوەوە هەرچییەک دەکەم بۆ ساتێک جێم ناهێلێ، پێشم وایە بە ئاسانی لە یادەوەریم ناڕوا، هەربۆیە نەهاتم «وەک بەعزە پۆپۆلیستێکی سیاسیی» هەر لە سەرەتاوە دوو دێر بنوسم بۆ دەفعی گلەیی و خۆم لە ئەرکە گەورەکە بدزمەوە کە قسەکردنێکی ڕاشکاو و ئازایەنەی قوڵ و فرە لەوەی کە ڕویدا! ئەصڵەن لە سەرەتای روداوەکان تا چەند رۆژی دواتریش هێندەی دڵم لای ئەوەبوو ئایا دەتوانم چی بکەم بۆ ئەوەی رۆڵێکی بچوکیش بێت هەمبێت تا کێرڤی ئەو ئەو توڕەی و ڕق و گرتن و توندوتیژییە دابەزێنم، فکر و هۆشم هەر لای نوسین و تۆڕەکۆمەڵایتییەکان نەبوو!

لەگەڵ خوێندنەوەی ئەم زنجیرە وتارەدا، بەردەوام ڕاستییەکت لا ڕوون بێت، کە نوسەری ئەم ديڕانە وەک هاوڵاتی و هاونیشتیمانی و دانیشتویەکی سلێمانی قسە دەکات کە دوور و نزیک بەشێک نییە لە هیچ هاوکێشەیەکی سیاسیی، من لە گۆڕاندا بۆ یەکەمجار رۆژنامەوانی و میدیام بۆ سیاسەت جێهێڵا و هەر لە گۆڕانیشدا خاڵی کۆتایم بۆ کاری سیاسیی چالاک دانا، ئەمە بۆیە دەڵێم تا لە بۆچوونەکاندا ئەو ڕاستییە بزانی وەگەرنا لەسەر هەر ڕا و دێرێکی ناو ئەم وتارانە حزبی دەسەڵاتداری ئەم ئەم شارە کە یەکێتیە ئازادە لەوەی دەمگرێ ، دەمکوژێ، یان وڵات بەدەرم دەکات.. بەڵام ویست و ئیرادە و هێزی خوای گەورەی لێ بەدەر بکەیت هیچ هێزێک نییە بتوانێ رێگری بکا لەوەی لەو کارەساتە بێدەنگ بم کە بەر لەوەی کارەساتی نێوان یەکێتی و بەرەی گەل بێت، بەر لەوەی ناکۆکی و دوژمنایەتی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور تاڵەبانی بێت، کارەساتێکە بەسەر جوانی و ئارامی و ناوبانگ و جوانییەکانی سلێمانی و هەرێمدا هێنراوە.

ئەو کارەساتە، ئەو ڕوداوانە هەرگیز بە داپۆشین، بە ماکیاژکردن پاساو نادرێن، برینەکانی دڵی سلێمانی لە دوای ٢٢ ی ئابەوە هەرگیز بە شەڕی میدیایی نێوان پارتی و یەکێتی ساڕێژ نابن بەڵکو پڕ سوێ تر دەبن، چارەسەر « ئەوە ئەگەر ڕومان بێت بڵێین چارەسەر» ئەوەیە، وەک خۆی بە قوڵی هەموو ڕەهەندەکانی ببینین و باسیان بکەین، باسکردنێک کە ئامانجەکەی بریتی نەبێت لە سەنگەرگیری سیاسیی، ململانێ و قۆڵبادانی حزبی، بەڵکو ئەوەبێت کە بۆ گەیشتوین بەو هەموو توندتیژییە، بۆ گەیشتوین بەو نائینسانیەتەی کە بە بریندار و کوژراو و دیلەکان دەکرێ، بۆ گەیشتوین بەو خوێنساردییەی گەنجی کورد لەم هەرێمەدا بڵێ « رێگە بدا با یەکێکیان بکوژم؟!» ئێمە بۆ گەیشتین بەو هەموو بێباکییە لە خوێنی ئینسان؟! ئەو هەموو بێ باکییە لە ژیان و رۆحی گەنجی کورد؟! بێباکیەک کە بتوانێ گەڕەکێکی نازاداری شاری سلێمانی بکاتە بەرەی جەنگ؟! بێ باکیەک کە ماڵەکانی ، هۆتێلەکانی بداتە بەر تۆپ بێ ئەوەی بیان ناسێتەوە و بزانێ کوێ کوێیە؟!

هاتنە دەنگ لە ناشرینی و بەدکارییەکانی دەسەڵاتی کوردی جگە لەوەی ئەرکە، بەرپرسیارێتیەکی ئاڵۆزە، ئاڵۆزە چونکە دەسەڵات و میدیا فاشیستەکەی لە خۆیەوە بۆ تۆ ئەڕوانێ، کە قسە دەکەیت دژتە، کە بێدەنگیش دەبیت هەر دژتە، نە لە راستی قسەکانت تێدەگات و نە لە حیکمەتی بێدەنگیت، من لە ڕووداوەکانی نێوان پارتی و خورشید هەرکی یەک دێڕم نە نوسی، یەک حەرفیشم نەگوت چونکە پێم وانەبوو هاندان یان هەر قسەیەک کە ببێتە ڕژانی خوێنی تاکی کورد کارێکی باش یان مایەی شانازی بێت و روبەروبونەوەکەشم بە کارێکی نەوعی یان چاکەی گشتی نەدەبینی کە چارەسەریش بوو ئاسودە بووم نەک لەبەر خاتری چاوی حزبێک یان بنەماڵەیەک چونکە من راستگۆم لەگەڵ قەناعەتەکانم کە دژی توندوتیژی و چەکم، لەسەر کارەساتی ٢٢ ی ئابیش ئەنقەست ویستم تا وێنەکە کەمێک ڕوون دەبێتەوە قسە نەکەم کەچی بێدەنگی منیشیان کردە کەرەستەی ئەو شەڕە نا ئینسانییە دژە کوردەی کە وەک ڕۆن لە لەشیان بدەیت حەزی لێدەکەن!

لە بەشەکانی داهاتوودا، بە ڕوونی لەسەر کۆی ڕوداوەکان، رەهەندە مێژووییەکانی، بە تایبەتی سەرپێخستنی کولتوری پەلاماردانی چەکداری پاڵپشت بە زۆر ڕوداو کە خۆم تێیدا شایەتحاڵ بووم لە پەیوەست بە کارەساتی ٢٢ی ئاب دەنوسم و دەدوێم ..

ماویەتی.. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand