لە سلێمانی بووم... رووداوەکەی لالەزار

2025-08-26 19:46:19
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)
بەشی دووهەم
چاور ساڵ لەمەوبەر، ئێوارەی هەشتی تەمووزی ساڵی 2021، کاتێک بڕێک لە هێزەکانی یەكێتی نیشتیمانی بەسەركردایەتی بافڵ تاڵەبانی، دەزگای زانیاریی و دژەتیرۆری یەكێتیان کۆنترۆل کرد و هەنگاوی یەکەمیان بۆ كۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی لاهور شێخ جەنگی هێنا، کە ئەودەم هاوسەرۆكی یەكێتی بوو، من دیسانەوە لە سلێمانی بووم. ئەو رۆژە ململانێی نێوان ئامۆزاکان بەبێ توندوتیژیی و خوێڕشتن، بە قازانجی بافڵ تاڵەبانی بەلاداکەوت. لەو کاتەدا لاهوری شێخ جەنگی کەسی هەرەبەهێزی ناو یەکێتی بوو، خاوەنی بڕیار و خاوەنی دەسەلاتێکی گەورەی بێ لەمپەر و بێ لێپرسینەوە بوو. لەگەڵ بافڵدا هەم سەرمایەی مادیی و هەم سەرمایەی رەمزیی یەکێتی و تاڵەبانیبوونیان بەشکردبوو. لەدوای هەشتی تەموزی ساڵی ٢٠٢١ەوە بافڵ تالەبانی شوێنەکەی لاهوری گرتەوە و بوو بە کەسی یەکەمی ناو یەکێتی. گێمی یەکەمی ململانێکەی بردەوە. من لەو کاتەدا نووسینێکم لەسەر ئەو ململانێیەی نێوان نەوەی دووهەمی بنەماڵە سیاسییەکان نووسیی و ئەوەی روویدا بە «کودەتای ناو کۆشک» ناومنا.
لەو نووسینەدا باسم لەوەکرد کە «کودەتای ناو کۆشک» کردەی سیاسیی کەسانی ناو کۆشکی حوکمڕانییە، کودەتای ئەم یان ئەمیر و ئەمیرەیە بەسەر ئەوانیتری ناو هەمان کۆشکدا. لەوە دوام «زۆرجار ژەنەراڵێک ژەنەڕاڵێکی تر، یان جێگرەوەی سەرۆکێک سەرۆکەکە، یان کوڕێک باوکی، یان ھاوڕێ و ھاوخەباتێک، ھاوڕێ و ھاوخەباتێکی تر لادەبات و خۆی دەچێتە شوێنەکەی.» هاوکات لەوەش دوام «بە دەگمەن نەبێت ئەم جۆرە گۆڕانکارییانە ھیچ شتێکی قابیلی باسکردن و لەسەروەستان ئەنجامنادەن»، زۆرجار «درێژە بە ھەمان دونیا و بە ھەمان ھێڵی حوکمڕانیی دەدەن کە پێشتر ھەبووە. ھەندێکجاریش دۆخەکە بەرەو خراپتر دەبن و لە پاڵ کێشە کۆنەکاندا کێشەی نوێ دروستدەکەن.». ئەو خاڵەشم بیرهێنایەوە کە لە مێژووی ناوچەکەدا ”کودەتای ناو کۆشک“ «دەرەنجامێکی پۆزەتیڤی نەبووە، کە سەدام حوسەین ئەحمەد حەسەن بەکری لەناو حیزب و سیستمی حوکمڕانیادا لابرد، دونیایەکی تەواو تۆقێنەرتر و خوێناویتری دروستکرد. کە بن عەلی لە تونس بۆرقێبەی لابرد، سەردەمێکی گەندەڵتر و نابودتری دروستکرد»، هتد.. لە کۆتایی نووسینەکەشدا جەختم لەوە کرد کە « ”کودەتای ناو کۆشک“ کودەتای ناو ”کۆشک“ە. ”کۆشک“ بە کۆشکی و” لۆژیکی کۆشک“یش وەک ”لۆژیکی کۆشک“ دەمێنێتەوە و ئەوەی دەگۆڕێت ڕوخساری شازادە کانە، جێگرتنەوەی ئەم شازادەیە بۆ ئەویتریان.». بە کورتییەکەی، پەیامی ئەو نووسینە ئەوەبوو ناکرێت هیچ چاوەروانییەکی پۆزەتیڤمان لەمجۆرە گۆڕانکارییانە هەبێت. هەمان تاس و هەمان حەمام دەمێننەوە و بەردەوام دەبن.
ئەوەی چوار ساڵ دواتر لە رۆژی ٢١ ئابی ئەم ساڵدا لە لالەزار روویدا، هەڵقەیەکی نوێی ئەو ململانێ تایبەتەی ناو کۆشکە. ململانێیەک دوای تێپەرینی چەند ساڵێک گەیشتۆتە ئاستی شکاندنی ئێسقانەکانی یەکتریی. لە ئێستادا پێدەچێت پەلامارە خوێناویەکەی لالەزار کۆتایی بە ململانێکە هێنابێت. بافڵ تاڵەبانی لەو هێرشە خوێناویەدا هەم ئامۆزاکەی و هەم کەسە نزیکەکانی ئامۆزەکەی بەدیل گرتووە و زیندانی کردون. بەم کارەشی دەسەڵاتی خۆی هەم لەناو یەکێتیدا و هەم لەناو زۆنی سەوزدا بە ڕەهایی سەپاندبێت.
بەدەر لە شێوازی پەلاماردانەکە، کە لە پشتیەوە عەقڵەتی بێباکبوونێکی ترسناک بەرامبەر ژیانی خەڵک و بەرامبەر بە موڵک و ماڵى ها وڵاتیان ئامادەیە، ئێمە لەبەردەم ئاکتێکی سیاسیی، لە راستیدا ناسیاسیداین، کە لۆژیکی دارستان ئاراستەی دەکات و تیایدا «بەهێز لاواز دەخوات»، یەکێک بە رەهایی سەردەکەوێت و یەکێکیش بە ڕەهایی دەدۆرێت. بەدەر لەم لۆژیکە دارستانییە ترسناکەکەی پەلاماردانەکە، کە لۆژیکی بەر لە دروستبوونی کۆمەڵگا و دەوڵەتە، ئەوەی روویدا، جۆرێکە لە «فیتنەی سیاسیی» کە لۆژیکی هێز و دەسەڵاتێکی کۆنترۆڵ نەکراو، تا ئاستی سڕینەوە و کوشتن، ئاراستەی دەکات. ئەوەی لەم ململانێیەدا غائیبە پرۆژە و دید و خواست و پلان و بەرنامەی سیاسیی و جیهانبینی جیاوازە. هەردوو ئامۆزاکە کۆپییەکی تەواوی یەکترین و دوو هەڵقەی یەکتری تەواوکەری ناو یەک سیستمی ویراسیین، کە تیایدا دەسەڵات لە باوکەوە بۆ کوڕ و برازاکان ماوەتەوە.
ئەوەی روویدا بەریەکەوتنێکی خوێناوی کەسە جیاوازەکانی ناو هەڵقە داخراوەکەی کۆشکە سوڵتانیی و شاهانەکە بوو، یەکێکیان ئەویتریانی گرت و کۆتایی بە ئەستێرەی سیاسیی و تەماحەکانی دەسەڵاتی ئەویتریان، هێنا. دوای ئەم کۆتاییهێنانە کوتوپرەش، ئێستا نۆرە هاتۆتە سەر حیکایەتەکانی ئەو ململانێ خوێناوییەی ناو کۆشکەکە، ئەو گوتارانەی دێن و دەیانەوێت گەمەی رەوایەتییبەخشین لەگەڵ کۆمەڵگاکەدا بکەن. هەردوو گوتارەکەش یەک لۆژیک ئاراستەی دەکات: لۆژیکی من قوربانیم و لایەنەکەی تر ناپاکە. ئەم جۆرە حیکایەتانە، هەمیشە حیکایەتی خیانەت و پیلان و ناپاکییە، ئەمیان ئەویتریان بە ئەنجامدانی ئەو کارانە تۆمەتبار دەکات. ئەمیان باس لە دروستکردنی بەرەی نهێنی، مانۆری سیاسیی پشتی دەرگا داخراوەکان، پیلانی کوشتن، سیاسەتی پشت پەردە، رێکەوتنی ژێربەژێر، گۆرینی وەلا و گواستنەوەی سەنگەر، بەرامبەر بەویتریان دەکات. رەنگە بڕێک لەو حیکایەتانە راستبن، بەڵام ئەم «راست» بوونەیان هیچ نرخێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقیی نییە، تا لانیکەم لایەنێکی سەربەخۆ لێیان نەکۆڵێتەوە و راستیی و ناڕاستیان دەربخات.
بە کورتییەکەی ئەوەی لەم جۆرە ململانێیەدا غائیبە یاسا و بڕیاری سیاسیی ئاشکرا و هەستکردن بە لانی هەرەکەمی بەرپرسیارێتییە. بەتایبەتی گەر ئەو راستییەمان زانی کە ئەم نەوە تازە ویراسییە حوکمڕانە لە کوردستاندا، تاقە شتێک وایکردوە بچێتە پێگەی دەسەڵاتەوە، ئەو راستییەیە کە ئەمانە باوکیان حوکمڕان بووە و لەو باوکەوە دەسەڵاتیان بە ویراسی بۆ ماوەتەوە. لەم جۆرە دۆخانەدا ئەوەی کاردەکات و ململانێکان ئاراستە دەکات هێزی رووتە، هێزێک هیچ یاسایەک و هیچ دەزگایەک و هیچ داوەرێک و هیچ بەشێکی کۆمەڵگاکە توانای لێپرسینەوە و داوەریکردنی نییە، بەوجۆرەش حوکمدەکات کە هێزی رووت مەیسەری دەکات. هەر ئەم هێزە رووتەیە، وایکردوە ئەوەی لەم ساتەوەختەدا بریارەکان بدات، نەوەی دووهەم و سێهەمی بنەماڵە سوڵتانییەکان بێت. ئەمانیش کوردستان و خەڵکەکەی وەک موڵکی شەخی خۆیان وەک ماڵ و موڵکێکی تایبەت مامەڵەبکەن. ئەو ئایدیالە سیاسییەش کە هەڵگرین، دەسەڵاتێکی قسەکەر و بەرهەمهێنەری گوتارە، بەرامبەر بە رەعیەتێکی بێدەنگ و بێنوزەی سەرلەقێن.
لەبەردەمی ئەم نەوە تازەیەدا هەموو کەسێک لە وڵاتەکەدا تاوانبارە، کاتێک پرسیار لە شەرعیەت و عەقڵیەت و تێگەیشتنی ئەوان بۆ خۆیان و بۆ کۆمەڵگاکە و بۆ دەسەلات و بۆ جیهان، دەکات. تاوانباربوون لای ئەوان گرێدراوە بە تەسلیمنەبوون بە خودئەڤینیی و نارسیزمی بیماریی ئەو لەشکرە لە ئەمیر و ئەمیرەی خاوەن دەسەڵاتەوە. ئەوەی لەم دۆخەدا حومکڕانە، نە یاسایە، نە دەزگایە، نە ئەم یان ئەو گرێبەستی کۆمەڵایەتییە، نە فڵان یان فیسار پرنسیپی ئەخلاقییە، بەڵکو سایکۆلۆژیای ڕووت و چاودێرینەکراوی ئەو ئەمیر و ئەمیرانەیە وەک حوکمڕانی رەها و کەسی ژمارە یەک و بازنە داخراوەکەی ناو سیستمە سیاسییەکە.
ئەوەی لە لالەزاردا ڕوویدا درێژکراوەی لۆژیکی ناوەکیی تەوریسی سیاسییە بۆ ئاستی خواستی قۆرخکردنی دەسەڵات لەلایەن ئەمیرێک لە ئەمیرەکانی ناو خێزانە سوڵتانییەکەوە. هەم بافڵ تالەبانی و هەم لاهوری شێخ جەنگی دوو هەڵقەی جیاوازیی ناو یەک لۆژیکی تەوریسکردنی دەسەڵاتن. ململانێکەیان لەسەر سەرمایەی مادیی و سەرمایەی رەمزی حیزبەکەیانە، هەرکەسێکیان بۆی بکرێت و بۆی بکرایە ئەویتریانی لەناودەبرد. لەمەدا هیچ جیاوازییەک لەنێوان ئەو دوو بکەرە سیاسییەدا نییە.
تەوریسی سیاسیی لەعنەتی ژمارە یەکی ناو ژیانی سیاسی کۆمەڵگای ئێمەیە. داخستنی کایەی سیاسییە بە رووی چەند خێزان و بنەماڵەیەکی دیاریکراودا. بەحوکمی ئەوەیس کە کایەی سیاسیی دەستنیسانی چۆنیەتی ئیشکردنی لۆژیکی کایەکانی تر دەکات، بۆیە قۆرخکردنی دەسەڵاتی سیاسیی مانای قۆرخکردنی سەرجەمی دەسەڵاتە سەرەکییەکانی تری ناو کۆمەڵگاکە. داهێنەر و پیادەکەری ژمارە یەکی ئەم مۆدێلە ویراسییە لە کوردستاندا، پارتی دیموکراتی کوردستانە. لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا نەوەی یەکەم و دووهەم و سێهەمی بارزانییەکان، سەرجەمی دەسەڵاتە سەرەکییەکانیان قۆرخکردوە. لە دەسەڵاتی سیاسیی و سەربازیی و ئەمنییەوە بیگرە، بۆ دەسەڵاتی ئابوریی و میدیایی، تا بە کۆنترۆڵکردنی ئۆرگانەکانی کۆمەڵگای مەدەنیش دەگات. لە ئێستادا ئەم مۆدێلە سوڵتانییە، بووە بە مۆدێلی باڵادەست لە هەرێمدا و هێزەکانی دەرەوەی پارتیش لەناو ئەو ئاوە سوڵتانیەدا مەلە دەکەن کە پارتی سالانێکی درێژە ڕشتویەتی. ئەم مۆدێلە لە ئێستادا و لەپاڵ لەعنەتی نەوتدا، کۆپیەکی خراپی مۆدێلی شێخنشینە گەندەڵ و دەسەڵاتگەرە نەوتاویەکانی، خەلیجە.
پرسیارەکە ئەوەیە چی وا لەو ژمارە زۆرە لە گەنجان دەکات بچنە رىزی هێزە سەربازیی و میلیشیایەکانی ئەم مۆدێلە سوڵتانییەوە. رەنگە ژمارەیەکی کەمیان لە قەناعەت و باوەڕبوونەوە بەو کەسایەتییە سیاسییانەوە ئەم بڕیارەیان دابێت. بەڵام پێناچێت ئەمە دۆخی زۆرینەی ئەو گەنجانە بێت، کە لە رووداوێکی وەک رووداوەکەی لالەزاردا گیانیان لەدەستدا و کوژران. بەهۆی دۆخی ئابوریی داڕماوی هەرێمەکە و بەهۆی نەمانی هیچ ئومێدێک بە ئایندەیەکی باشتر، هەزاران هەزار گەنجی ئەم وڵاتە، ناچارکراون بچنە ناو ریزەکانی ئەم هێزانەوە و ببنە سووتەمەنی شەڕ و تەسفیەی حساباتی ئەمیرە سیاسییەکان لەگەل یەکتریدا.
دیاردەی «حیزبی چەکدار» خۆیشی، ژێرخانی بەشێکی گەورەی ئەو کارەساتانەیە لە هەرێمدا روودەدەن. دروستکردنی میلیشییای تایبەتیش، کە بە ئەمری ئەم یان ئەو ئەمیری سیاسیی دەجوڵێن و کاردەکەن، ئامرازی سەرەکیی هێشتنەوەی سیستمە سیاسییە سوڵتانیەکە و سەپاندنی دەسەڵەتەکەیەتی لە کۆمەڵگاکەدا. چەک شوێنی متمانەکردنی گرتۆتەوە. دروستبوونی بازاڕێکی گەورەش بۆ چەکداربوون، بازارێک دەشێت ناویبنێین «بازاڕی میلیشیا»، کۆڵەکەیەکی تری ئەو سیستمەیە کە دیاردەی وەک رووداوەکەی لالەزار و هاوشێوەکانی، مەیسەر دەکات. لەم بازارە میلیشییایەدا ملیۆنێر و ملیاردلێرە سیاسییەکانی دونیای دوای راپەرین و بەشێکی بەرچاوی گەنجە بێکار و بێئومێدەکان بەیەک دەگەن، ئەمیان ئەویتریان دەکڕێت و لە سیاسەتی سەپاندنی خواست و چەسپاندنی دەسەڵاتەکانیدا بەکاریان دەهێنێت. ئەم دۆخە تایبەتە کۆمەڵگای ئێمەی گۆڕیوە بۆ ئەو «کەمپ»ەی فەیلەسوفی ئیتالی، جۆرجیۆ ئاگامبن، باسیدەکات. کەمپێک بەشێوەیەکی بەردەوام لە «دۆخی نائاسایی» و «دۆخی ناوازە»دا دەژیی. دۆخێک لەناویدا هیچ بوونەوەرێک خاوەنی هیچ جۆرە مافێک نییە، بە مافی هەبوون و پاراستنی ژیانیشەوە.
هەموو سیستمێکی سیاسیی بۆ ئەوەی بتوانێت لانی هەرەکەمی دادپەروەریی و کەرامەت پارێزیی تێدابێت، پێویستی بە بوونی کۆمەڵێک پرنسیپی ئینسانییە کە کەس نەتوانێت لێیان لابدات. ئەو پرنسیپانەش پێویستە لەناو دەستورێکدا جێگیرکرابن کە سنوور و یاسا و جۆری بەرپرسیاریەت هەم بۆ دەسەڵاتداران و هەم بۆ هاولاتیان دابنێت. دوای ئەوە ئیرادەیەکی سیاسیی و پێکهاتێکی دەزگایی پێویستە بتوانن و بخوازن ئەو پرنسیپانە بخەتەکار و لەناو ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و یاسایی و ئابوریدا بەگەڕیان بخەن. نەبوونی ئەمانە وادەکات ئەوەی ژیانی سیاسیی ئاراستەبکات، بریتییبێت لە هەست و سۆز و هەڵچوون و داچونی سایکۆلۆژیی حوکمڕانان، یان نارسیزم و خوئەڤینیی بیمار و پاسۆلۆژیانەی کەسایەتییە باڵادەستەکان، یان سەرەڕۆیی و بێباکی حومکڕانان، یاخود باڵادەستبوونی لۆژیکی قازانجی شەخسیی و خێزانیی و بنماڵەیی، یان رق لەوانیتر، هتد... ئەوەی لە سیاسەتی کوردیدا غائیبە ئەو پرنسیپانەیە کە باسمکردن.
شەوەکەی لالەزار ماڵى خوشکەکەم، کە چەند سەد مەترێک لە لالەزارەوە دوورە، چەندان گولەی بەرکەوت. چەند گولەیەکیان بەر ئوتۆمۆبێلەکانیان کەوتبوو بەشێوەیەک هەرکەسێک لەو ساتەدا لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بووایە دەکرا بکوژرایە و ژیان لەدەستبدات. تانکی نەوتەکەیان لەسەربان جەند گولەیەکی بەرکەوتبوو، شانسیان هەبوو تانکیەکە گری نەگرتبو و ماڵەکەیان نەسووتا. پەنجەرە و دەرگای ماڵەکەیان زیاد لە گولەیەکەی بەرکەوتبوو. شەوەکەی لالەزار شەوێکی جەهەنەمی بوو بۆ ماڵی ئەوان، وەکچۆن شەوێکی جەهەنەمی بوو بۆ خەڵکێکی زۆر لە شاری سلێمانیدا. بەبێ دەسکاریکردنێکی ریشەیی سیستمە سیاسییەکە لە هەرێمدا، چەندان لالەزاری دیکە لە پێشمانەوەیە.
