Draw Media

لە سلێمانی بووم

لە سلێمانی بووم

2025-08-24 16:12:46


مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)


بەشی یەکەم

ماوەی زیاد لە مانگێکە من لە کوردستانم، بە پلەی یەکەم لە سلێمانیم. ئەم گەڕانەوەیشم وەک هەموو گەرانەوەکانی پێشتر پڕبوو لە دۆست و هاورێ و خەڵک بینین. لە هەر گەڕانەوەیەکدا چەندان وێنەی جیاواز و ناکۆک بەیەکتری دەبینم. هەندێک لە وێنانە وەز و گوڕێکی زیندوو بە مرۆڤ دەبەخشن و دڵ بەوە خۆشدەکەن کە لەم بەشەی جیهاندا کەسانێک دەژین مرۆڤن بە مانا راستەقینەکەی مرۆڤبوون. کەسانێکن خەمی خۆیان و خەمی ماڵ و منداڵ  و دۆست و هاوڕێ و کەسە نیزکەکانیان دەخۆن، ئەو ژینگە راستەوخۆیەش کە تێیدا دەژین بەشێکە لەو خەمانەی رۆژانە پێوەی گیرۆدەن، ئینجا خەمی شار و خەمی ئەو ژیانە گشتییەی تیایدا ئامادەن. 
زۆرینەی ئەم کەسانە بەبێ هیچ فێڵ و فریوێک، بەبێ نیازێکی شاراوەی بە دەمامک داپۆشراو سەیری یەکتری دەکەن. ڕاستییەکان وەک خۆی و بە رووتیی دەبینن، نەک بەو شێوەیەی ئارەزووی بینینیان بکەن. ئەم بەشەی کۆمەڵگاکە کەسانێکن نەرم و نیان و میهرەبان. کە قسەدەکەن بە دڵسۆزییەوە قسە دەکەن، بەشێکی زۆری ئەو قسسانەش لەگەڵ قەناعەتی ناوەکیاندا گونجاوە. زۆرینەیان شتێک ناڵێن باوەڕیان پێینەبێت. 

دەستەکانیشیان پاک و کراوەن، ئامادەی یارمەتیدانی کەسانیترن، دوورن لە ئیستغلالکردن و دەستپیسیی و فێڵکردنەوە. کارەکانیان بەقەد قورسایی خۆیان سوودیان بۆ کەسانی تریش، هەیە. بڕێکی زۆریان دوورن لە ساختەکارییەوە. تا ئەو شوێنەی بتوانن و دەسەڵاتیان بەسەردا بشکێت سوودیان بۆ کەسانی دیکە هەیە. خاوەنی دڵێکی پاک و بێتەماحن، خاوەنی ویژدانێکی پاکژیشن، شتێکی زۆریان لە بەزەیی تێدایە، بینینی ئازارەکانی کەسانیتر ئازاریان ئەدات. خۆبەزلزانین و کەسانیتر بە هیچ و گەمژەزانیان تێدانییە، هەڵگری غرورێکی بیمار و نەخۆشیش نین.

لە ڕووی ئەخلاقییەوە کەسانێکی پاک و نەزیهن، زۆربەی جار قسە و کردەوەکانیان هاوئاهەنگە، شتێک لە دادپەروەریی لە ئەخلاقیاندا هەیە و ئامادەیە. خەمباردەبن، کاتێک دۆخێک دێتەپێشەوە دەخوازێت خەمباربن و دڵخۆش و سادەشن کاتێک دلخۆشبوون و سادەبوون لەناو ئەگەرەکانی ئەو ساتەوەختەدان کە تیایدا دەژین. شتێکیش لە ئەخلاقیاتی بوێریان تێدایە وایان لێدەکات بە ئاشکرا بە خراپ بڵێن خراپ و بە باشیش بڵێن باش. 
بە کورتییەکەی ئەم بەشەی کۆمەڵگاکە، لە کەسانێک پێکهاتوە کە ڕاستگۆ و چاکەکارن، خۆیان لە خراپەکاریی بەدووردەگرن، جێی متمانەن و  بە درۆ خۆیان ناکەن بە دۆست و هاوڕێ و هاوسێ و هاوشاری یەکتری. 

ئەم جۆرە کەسانە بەر لە هەمووشتێک پەیوەندییەکی پاکژیان لەگەڵ خۆیاندا هەیە، نە سوکایەتی بەخۆیان و نە بەکەسانیتر قبووڵدەکەن، هەم راستگۆن لەگەڵ خۆیاندا هەم لەگەڵ کەسانیتریشدا. ئەمانە پەیوەندییەکی کراوە و  ئەخلاقیشیان لەگەڵ «ئەویتر»ی جیاواز و لەخودنەچوودا هەیە. کەسانێکن جێی متمانە و دەکرێت پشت بە قسە و بەڵێنەکانیان ببەسترێت. لەبەردەمی کەسدا دەمامک ناپۆشن و خۆیان ناکەنە بە کەسێک کە خۆیان نییە. کەرامەتی مرۆڤەکانی تر دەپارێزن و هەرگیز کەسانی تر وەک بوونەوەری بچووک و گرگن سەیرناکەن. پەیوەندیشیان بە هەقیقەتەوە پەیوەندییەکی راستگۆیانەیە، لەوە ئاگادارن هەموو راستیی و هەقیقەتەکان لای ئەوان نییە. کراوەن بۆ گوێگرتن و بیستنی شتی جیاواز. 

پەیوەندیشیان بە جیهانەوە پەیوەندییەکی کراوەیە، ئەوان گەمژە نین و دیوە سەخت و ناقۆڵاکانی ژیان ئەبینن، بە گرفتە گەورەکان ئاشنان، بەڵام نایانەوێت و خۆیان دەپارێزن لەوەی ببن بە بەشێک لە ناشیرینییەکانی دەوروبەریان. رێز لە خۆیان و لە بەرامبەرەکەیان دەگرن، بەرگریش لە پێکەوەژیانێکی هێمن و ئاشتیخوازانە دەکەن. 

بەشێکی گەورەی ئەم مرۆڤانە مرۆڤی ئیشکەر و خاوەن کار و کاسب و خاوەن خەون و خاوەن بەرپرسیارێتی تایبەتن. هەم خۆیان و هەم ماڵ و منداڵ و خوشک و براکانیان دەژیەنن. ئەمانە بەشە زیندو و بەرچاوەکەی خەڵکی شارن،  لەناو دوکان و بازاڕ و قەیسەری و کێلگە و کارخانە و و چاخانە و قوتابخانە و مزگەوت و یانە سادەکانی شاردا ئامادەن. ئەمانە کاردەکەن و ماندوو دەبن، هەم خۆیان دەژیەنن و هەم کەسە نزیکەکانیان، هەم پێدەکەنن و هەم خەمبار، هەم دڵخۆشدەبن و هەم دلیىشیان بە قووڵی دەشکێت. 

زۆرینەی ئەم کەسانە لە سیاسەت و حیزب و بنکە و مقەر و مەڵبەند و لق و بارەگا حیزبییەکان دوورن. سەر بە هیچ پارتێکی سیاسیی نین، گوێ لە هەواڵ و درۆ و دەلەسەی هێزە سیاسییەکان ناگرن. بەلایانەوە گرنگ نیی کام کەسی ئەم یان ئەو بنەماڵەی سیاسیی حوکمڕانە، کام منداڵی ملیۆنێریان لەسەر شاشەکان دەردەکەون، کامیان خاوەنی زانکۆیە و کامیان دەزگای خێرخوازیی هەیە، کامیان چ میدیایەکی لەژێر دەستدایە و کام رۆشنبیر و هونەرمەندیش لەو دەزگایانەدا کاردەکەن. ئەەمانە ململانێی نێوان نەوە تازە و کۆنەکانی ناو بنەماڵە حوکمڕانەکانیشیان بەلاوە گرنگ نییە، بەلایەنەوە مەسەلەیەک نییە کێ لە کێ دەباتەوە و کامیان ئەویتریان دەگرێت و زیندان دەکات، یان کامیان ئەویتریان بێهێز دەکات و پەراوێزی دەخات. 


ئەم بەشە لە کۆمەڵگاکە لە رووی سیاسییەوە پاسیڤ و بێکردە و بێجوڵە نییە، ئەوەش نییە خاوەنی هۆشیارییەکی رەخنەیی نەبێت، ئەوەی ئەم بەشەی کۆمەڵگاکە دەیکات، تەڵاقدانی سەرجەمی کایە سیاسییەکەیە، بە سەرجەمی بکەرەکانی ناوییەوە. بە هێزە دینیی و نادینییەکانیشەوە. ئەمانە لە ڕێگای بەشدارینەکردن لە گەمە سیاسییەکان و لە میکانیزمە سەرەکییەکانی بەڕێوەبردنی پێگە سیاسییەکانی ناو کایەکەوە، لە پێش هەمووشیانەوە، بەشدارینەکردن لە گەمەی بێمانا و بێنرخکراوی هەڵبژاردەکاندا، دید و کردەی سیاسیی خۆیان نیشانئەدەن. بە حوکمی ئەوەیش کایەی سیاسەت لە هەرێمەکەدا پیسترین و ناشیرترین کایەکانی ناو کۆمەڵگاکەیە، بەشدارینەکردن لە کردەی سیاسیدا، مانای نەچوونە ناو ئەو حەوزە سیاسییە پیسەوەیە لە هەرێمەکەدا دروستبووە. ئەمەش بەر لەوەی هەڵوێستێکی سیاسیی بێت و هێما بۆ ناچالاکبوونی سیاسیی ئەوان بکات، هەڵوێستێکی ئەخلاقییە، هێما بۆ بەشدارنەبوون دەکات، لە کردەی درێژەدان بە دروستکردنی دونیایەکی سیاسیی تەواو ناشیرن و خراپ و وێرانکەردا. هێما بۆ پاراستنی ئەو لانیکەمە لە پاکژیەتی ئینسانیی دەکات، لەناو سیستێمێکی تەواو بۆگەندا.

ئەگەرچی ئەمجۆرە بەشدارینەکردنە دەشێت بەشێوەیەکی ڕەها لێکبدرێتەوە و وەک خیانەتکردن لە سروشتی مرۆڤ وەک مرۆڤ ببینرێت. بە تایبەتی بەپێی ئەو کەلەپورە ئەرستۆییەی پێیوایە مرۆڤ ئاژەڵێکی سیاسییە و سیاسەت بەشێکە لە پێکهاتەی ناوەکیی مرۆڤ. دەڵێم راستە دیوێکی ئەم بەشدارینەکردنە دەمانخاتە ناو ئەو کێشە فەلسەفیی و فیکرییەوە، بەڵام ئەوەی دەبێت ئاشکرابێت ئەوەیە کە بریاری بەشدارینەکردنی ئەم بەشەی  کۆمەڵگا لە گەمە سیاسییەکاندا، خۆی لە خۆیدا بڕیارێکی سیاسییە. هەڵبژاردنی بەشدارینەکردن خۆی هەڵوێست و خۆبەیانکردنێکی سیاسییە. بۆ نموونە، ڕەتکردنەوەی بەشداریکردن لە دەنگداندا دەتوانێت هێما بۆ ئەم راستییە ترسناکە بکات: باوەڕنەمانی ئەم بەشەی کۆمەڵگاکە بە شەرعیەتی سیستەمەکە و بە شەرعیەتی گەمەکەرە سیاسییەکانی ناوی، چ ئەوانەی کە حوکمڕانن و چ ئەوانەیش کە رۆلی ئۆپۆزیسیۆنێکی ئیفلیج دەبینن. لە راستیدا دەتوانین تا ئەو شوێنە برۆین و بڵێین بەشدارینەکردن لە یارییە سیاسییەکاندا جۆرێک لە یاخیبوونی بێدەنگ. یاخیبوون لە ڕێگای بەدەمەوەنەچوونی یارییە گەندەڵەکانی ناو کایە سیاسییەکەوە. ئەەمەیە وادەکات ئەم جۆرە بەشدارینەکردنە نکوڵیکردن لە سیاسەت لە دونیای ئێمەدا نەبێت، بەڵکو شێوەیەکی هۆشیار و بێدەنگی یاخیبوونی سیاسیی بێت بەگژ سیاسەتێکدا لەوە کەوتوە سیاسەت بێت. واتە کردەیەک بێت رووی لە باشترکردن و بەرەوپێشەوەبردنی ژیانی گشتیی و پێکەوەیی کۆمەڵگاکە بێت. 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand