لەپێناو مانەوەی دارستانەکانی کوردستاندا

2025-08-21 15:24:30
خالد سلێمان *
دەرەنجامەکانی ئاگرکەوتنەوەکانی پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی، کە جگە لە دەستدانی گیانی دوو هاووڵاتی، سوتانی هەزاران دۆنم لە ڕووبەری داپۆشراو بە داری خۆڕسک و پوش و پاوان و باخی دانیشتوانی ناوچەکەی لێکەوتەوە، زیانێکی گەورەی ژینگەیی، ئابووری و تەندروستی بەدوواوەیە. زیانەکانیش سنووری لۆکاڵیی تێدەپەڕێنن و هەموو هەرێمی کوردستان و عیراق و تەنانەت دیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دەگرنەوە.
سوتانی ئەم ڕووبەرە فراوانانەی سەوزایی، بەگوێرەی گوتەبێژی دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، سەنعان عەبدوڵڵا، تەنها پەیوەندی بە گۆڕانی کەشوهەواوە نیە. ئەو بە ئاشکرا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (ڕوداو)دا دەڵێت:"هۆشیاری و ململانێ کۆمەڵایەتییەکان هۆکارێکن بۆ زیادبوونی سووتانی دارستانەکان". لەگەڵ هەموو فاکتەرەکانی تردا کە بریتین لە فاکتەری سەربازی و ئەمنی سەپێنراو لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە بەسەر هەرێمی کوردستاندا، هەروەها فاکتەری بەرزبوونەوەی پلەی گەرما وەک دەرەنجامێکی ڕاستەوخۆی گۆڕانی کەشوهەوا، باسکردن لە ململانێی کۆمەڵایەتی و سووتاندنی زەوی وەک تۆڵە، خاڵێکە دەبێ بەهەند وەربگیرێت.
دەکرێ هۆکارێکی تریش بخەینە بەرچاو کە باسناکرێت، ئەویش کولتووری سوتاندنی پوش و پاوانە لەلایەن جوتیارانەوە بۆ ئەوەی زەوییەکانیان ئامادەو بەپیت بن بۆ وەرزێکی تری کشتوکاڵ. ئەم فاکتەرە نەک تەنها لە کوردستاندا، بەڵکو لە هەموو جیهاندا لە پشتەوەی ئاگرکەوتنەوەکاندایەو زیانێکی زۆر دەگەیەنێتە دارستانە سروشتییەکان، تەنانەت بەشێکی زۆری ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی حەوزی ئەمازۆن لە دەرەنجامی ئەم کولتوورە باوەدا بوونەوە.
هۆکاری تری شاراوە هەن لە پشتەوەی ئاگرکەوتنەوەکان دەوەستن، وەک چالاکیی نائاگایی ڕۆژانەی هاووڵاتیان لە نزیک ڕووبەرە ڕووەکییەکانەوە، هەروەها ئیستغلالکردنی دارستانەکان لەلایەن کۆمپانیا فرە ناسنامەکانەوە. لە کوردستاندا چالاکی مرۆیی و ئیستغلالکردنیش هەن، یەکێک لە چالاکییەکان نەهێشتنی ڕووبەری پێووستە لەنێوان سروشت و جێگەی نیشتەجێبووندا، هەروەها بوونی چالاکیی جۆراوجۆر لەنزیک یان لەناو دارستانەکاندا، تیایاندا جوڵەی بەردەوام بە ئۆتۆمبێلەوە، بەبێ بوونی هۆشیاری و زانیاری تەواو لەسەر ئەوەی کە لەوەرزی گەرمادا، تەنانەت گەرمیی ئەکسۆزی ئۆتۆمبێلیش دەبێتە هۆی گڕگرتنی پوش و پاوان.
گوتەبێژەکەی دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان باس لەوەدەکات کە ساڵی 1950 نزیکەی پێنج ملیۆن رووبەری دارستانمان هەبووە؛ ئەمڕۆ نیوەی ئەو ڕووبەرەمان لەدەستداوە. تەنها لە نێوان ساڵانی 2009 - 2022 نزیکەی زیاتر لە یەک ملیۆن دۆنم دارستانی سروشتیی سووتاوەو لەناوچووە کە دار بەڕوو، دار چنار و ژمارەیەکی تری داری خۆڕسکی لە خۆگرتووە. ئەمانەش لەو جۆرانەن کە بەرگەی گەرماو سەرما دەگرن و جیگرەوەیان نیە.
کاریگەرییەکان
سووتانی ڕووبەرە سەوزاییەکان، جگە لەوەی ڕێژەیەکی زۆر لە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەخاتە بەرگە هەوای زەوییەو، لە ماوەیەکی درێژخایەنیشدا دەبێتە هۆی لەدەستدانی عەمباری گلدانەوەی گازە گەرمخانەییەکان. ئەوەی لە سیستمی ژینگەییدا ناسراوە دەریاو زەریاکان عەمباری یەکەمی گلدانەوەی ئەو گازانەن و زەوی داپارێزن، دووای ئەوان دارستان و شوێنە شێدارەکان دێن، کە ئێمە لە کوردستاندا تەنها دارستانمان هەیە.
لە کاتێکدا باس لەدەستدانی نیوەی زیاتری ئەم دارستانانە دەکەین، یانی لەگەڵ کەمبوونەی عەمباری گلدانەوەو فرەبوونی گازی گەرمکەرەوەدا، زیانی ئابووری و تەندروستی دەردەکەون. ئەویش وەک دەرەنجامێکی ڕاستەوخۆی دابەزینی جۆرێتی هەواو لەدەستدانی هەمەجۆری لە خاکی کوردستاندا. زیانی یەکەم بەر ئابووری کشتوکاڵیی دەکەوێت، چونکە سووتان هەمەجۆریی ناو خاک، واتە هەمەجۆریی وردیلەکان (مایکرۆ-ئۆرگانیزم) لەناو دەبات و خاکێکی بەپیت دەکاتە سووتماک. زیانی دووەم تەندروستی گشتی دەگرێتەوە، کە تیایدا مرۆڤ و جۆرەکانی گیانەوەرو ڕووەک بەردەکەون؛ ئەمەشیان بارگرانییە ئابوورییەکە زیاتر دەکات.
یەکێک لە زیانە کوشندەکان ئەوەیە کە درەختە سووتاوەکان ساڵانێکی زۆران ویستووە تا بگەنە ئاستی ئێستا، بەڵام لەمڕۆدا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و بێئاوییەوە وەک دوو دەرەنجامی گۆڕانی کەش و هەوا، ئەستە بگەڕێنەوە ئاستی پێشووی سروشتیی خۆیان. ئەگەر درەخێکی بەڕوو لە ماوەی
50 یان 100 ساڵی پێشوودا گەیشتبێتە ئەم ئاستەی ئەمڕۆ تیایدا دەسووتێ، ئەوا کەشێکی هاوشێوەو هەمان زەمەنی پێویستە تا خۆی نوێبکاتەوە؛ ئەفسووس کەشەکەمان تێکچووەو ئاوهەوا بەشێوەیەک گۆڕاوە، لەدایکبوونەوەی درەختەکان و نشونماکردنیان وەک جاران کارێکی ئەستەمە.
جگە لەو زیانانەی باسکران، لە ڕووی سیستمی ژینگەیی و سروشتییەوە، نەمانی دارستانەکان کاریگەرییەکی نێگاتیڤی ڕاستەوخۆ لەسەر سووڕی ئاو بەجێدەهێڵن؛ ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی دابارین، چونکە دارستانەکان بەو ڕێژە بەرچاوەی هەڵم و ئاوی نەبیراو کە لە خۆیاندا هەڵیدەگرن، پاڵنەرێکی سەرەکی سووڕی ئاون.
ئەی چارە؟
لە سیستمی بەڕێوەبردندا، هەروەها لە هۆشیاری گشتیشدا، کوژاندنەوەی ئاگرەکان بەشێکی زۆر لە میکانیزمەکانی بەرەنگاربوونەوە داگیردەکەن. چیتر، ئەم میکانیزمە لەزەمەنی گۆڕانی کەشوهەوادا کارناکات، چونکە ئاگرکەوتنەوە بووەتە یەکێک لە دەرەنجامەکانی زەوییەکی گۆڕاو لە ڕووی کەشوهەواوە. بۆیە دەبێ و پێویستە سیاسەتی پاراستن و کەمکردنەوەی پاڵەپەستۆ لەسەر دارستانەکان پێش میکانیزمەکانی کوژاندنەوە بکەون:
- دروستکردنی ناوچەی پارێزراوی سروشتیی.
- قەدەغەکردنی چالاکیی مرۆیی و نیشتەجێبوون لە نزیک و لەناو دارستانەکان.
- قەدەغەکردنی وەبەرهێنان و کانە خەڵووز و بەرد لە نزیک دارستانەکان.
- بەشداریپێکردنی دانیشتوانە ڕەسەنەکان لە داڕشتنی سیاسەی پاراستنی ژینگەیی و دارستانەکان، بەشێوەیەک بە موڵکی تایبەتی خۆیانیان بزانن.
- دانانی دەستەیەکی تایبەت بە دارستانەکان و هەروەها داتابەیس (ئامار)ێکی تەواو بۆ دارستانەکانی کوردستان.
- دادنانی دارستانەکان لە لیستی مافە گشتییەکانی مرۆڤ و دروستکردنی هەیئەتێکی یاسایی لە دادگاکاندا بۆ هەر سەرپێچی و پێشێلکردنێک دژی ڕووبەرە سەوزەکان.
- دانانی سیستمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت لە هەر ئاگرێک.
ئەو خاڵانەی سەرەوە خەسڵەتی سەرەکی پاراستن و مانەوەی دارستانەکانن،
لە دووای ئەوانەوە سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەو کوژاندنەوە دەسپێدەکات، هەروەها بەرنامەیەکی دووربینینانە بۆ نۆژەنکردنەوەو سەوزکردنەوەی ئەو دارستانانەی بەر ئاگرکەوتنەوە کەتوون. ڕاهێنانی دانیشتوانە لۆکاڵەکان و دانانی بودجەی شیاو، گرەنتی بەدەمەوە هاتنی خێراو بەدەست بردن بۆ کورتکردنەوەی تەمەنی ئاگرەکان.
* نووسەرو توێژەری ژینگەیی
