قەیرانی ئاو وەک یەکێک لە گرفتە ژینگەییەکان

2025-06-14 14:38:58
درەو:
(ئاییندەی ژینگە) گۆشەیەكی هەفتانیە
مەعروف مەجید سەرۆكی رێكخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە رۆژانی شەممە بۆ (درەو) دەینوسێت
🔹 زیاتر لە 90% لە هەرێمى کوردستان پشتى بە ئاوى ژێر زەوى بەستووە.
🔹 ساڵانە زیاتر لە (600 ملیۆن) مەتر سێجا ئاو بەفیڕۆدەچێت لە هەرێمى کوردستان.
🔹 تواناى عەمبارکردن لە هەموو بەنداوەکانى کوردستان کەمتر لە (10 ملیار) مەتر سێجایە.
🔹 ساڵانە بۆ سەرجەم بوارەکانی مرۆیی، کشتوکاڵ و پیشەسازی، هەرێمی کورستان پێویستى بە (15 – 20 ملیار) مەتر سێجا ئاو هەیە.
🔹 ئاوی هەرێمی کوردستان (30%)ی ئاوی عێراق پێکدەهێنێت.
🔹 بە تێکڕا ساڵانە نزیکەی (47 ملیار) مەتر سێجا ئاو بە هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت.
🔹 لەو بڕە تەنیا سوود لە (17 ملیار) مەتر سێجای وەردەگیرێت و (30 ملیار) مەتر سێجای بەفیڕۆ دەڕوات.
یەکەم؛ چەند زانیارییەکی گشتی لەسەر سامانی ئاو لە هەرێمی کوردستان
- زیاتر لە 90% لە هەرێمى کوردستان پشتى بە ئاوى ژێر زەوى بەستووە.
- ساڵانە زیاتر لە 600 ملیۆن مەتر سێجا ئاو بەفیڕۆدەچێت لە هەرێمى کوردستان.
- تواناى عەمبارکردن لە هەموو بەنداوەکانى کوردستان کەمتر لە 10 ملیار مەتر سێجایە.
- ساڵانە بۆ سەرجەم بوارەکانی مرۆیی، کشتوکاڵ و پیشەسازی، هەرێمی کورستان پێویستى بە (15 – 20 ملیار) مەتر سێجا ئاو هەیە.
- ئاوی هەرێمی کوردستان (30%)ی ئاوی عێراق پێکدەهێنێت.
- بە تێکڕا ساڵانە نزیکەی (47 ملیار) مەتر سێجا ئاو بە هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت، لەو بڕە تەنیا سوود لە (17 ملیار) مەتر سێجای وەردەگیرێت و (30 ملیار) مەتر سێجای بەفیڕۆ دەڕوات.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە وتارێک لە کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا لە زانکۆی سەڵاحەددین لە ڕۆژی 8ی نیسان 2025، ڕایگەیاند، لە کابینەکانی پێشوودا توانای گلدانەوەی ئاو تەنیا 50 ملیۆن مەتەر سێجا بوو، بەڵام لە ماوە پێنج ساڵی ڕابردوو تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 160 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە.
وەزیرەکەی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەش داوە، بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان ٪30 ئاوی عێراق پێک دەهێنن، ئاماژەی بەوەش داوە، ڕێژەی گلدانەوەی ئاو لە هەرێمی کوردستان بۆ (160 ملیۆن مەتر سێجا) بەرز بووەتەوە. هاوکات، بڕیاریشە پۆند و بەنداوی زیاتر دروست بکرێن.
لە هەرێمی کوردستان 25 بەنداوە هەن، دروستکردنی 12 بەنداویش کاریان تێدا دەکرێت، هاوکات پێشنیازی دروستکردنی 42 بەنداوی دیکە کراوە، 103 پۆند هەن، 56 پۆند لە قۆناغی دروستکردندان، هاوکات 46 پۆندی دیکە پێشنیازی دروستکردنیان بۆ کراوە.
دووەم؛ ئاوی ژێر زەوی لە هەرێمی کوردستان
بەشێوەیەکی گشتی دوو جۆر ئاوی ژێر زەوی هەن، یەکێکیان ئەوانەن کە نزیکن لەسەر زەوی، کە راستەوخۆ کاریگەرن بە بڕی دابارین، واتە دابارینی کەم و زۆر کاریگەریی خێرا دەکاتە سەر بڕەکانیان، بەڵام ئەوانەی کە لە قوڵاییدان کەمتر کاریگەر دەبن بە بڕی دابارینی ساڵانە، لەم بارەیەوە شارەزایان بەم جۆرە ئەوە روون دەکەنەوە؛ "ئەگەر کۆی رووبەری کوردستان بە (40 هەزار) کیلۆمەتر هەژمار بکەین، هەروەها تێکڕای بارانی ساڵانەش (500) ملیمەتر بێت _کە چەند ساڵێکە زۆر لەو بڕەش کەمتر دەبارێت_، ئەوا ساڵانە نزیکەی (20) ملیار مەتر سێجا ئاو دەکات، لەو بڕەش (%30 – 35%)ی دادەچۆڕێتە خوارەوەو کۆگا ئاوییەکان پاراو دەکات" بەڵام ئەگەر ئەو بڕی بارانە کەمبکات بۆ نمونە ببێتە (400) ملیمەتر باران، ئەوا بڕی ئاو (4) ملیار مەتر سێجا کەمدەکات، ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەکەی کەمتر ئاو بگاتە ژێر زەوی و کۆگاکانی ئاوی ژێر زەوی پاراو بکات.
ئەم داچۆڕینەش بەپێی شوێن جیاوازە، ناوچەی شاخاوی (30% - 35%) دادەچۆڕێتە خوارەوە، بەڵام ناوچەکانی نیشتەجێ و ناوچە پیشەسازییەکان (5% - 10%) دادەچۆڕێتە خوارەوە.
لە هەرێمی کوردستان لەو شوێنانەی کە چالاکیی پیشەسازییان تێدایە، یان ئەو شوێنانەی کە ئاستی ئاوی ژێر زەوی نزیکە، یان نزیکی پرۆژەی کشتوکاڵین، یان بەهۆی تێکچوونی ئاوەڕۆی ماڵانەوە، ئاوی ژێرزەوی پیسبووە، بە تایبەت ئەو شوێنانەی کە پاڵاوگهو چالاکیی نەوتیی تێدان.
لە هەرێمی کوردستان، به پێی ئامارێک لە ساڵی 2022 لە ڕێگەی (50 هەزار و 257) بیرەوە ئاو لە ژێر زەوی دەردەهێنرێت، لەم بڕە تەنها (24 هەزار و 257) یان بە یاسایی هەڵکەندراون. بیرە یاساییەکان (51%)ی بۆ خواردنهوهو (45%)ی بۆ کشتوکاڵ و (4%)ی بۆ پیشەسازی بەکاردەهێنرێت.
بیرە یاساییەکان (38%)ی لە هەولێر، (34%) لە سلێمانی، (20%)ی لە دهۆک و (7%) لە ئیدارەی گەرمیان لێدراون.
یەکێک لەو مەترسییانەی ڕوبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە، بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەوە، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی (2022) حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "لە ماوەی (20) ساڵدا ئاستی ئاوی ژێر زەوی (500) مەتر دابەزیوە"، له راگهیهندراوهكهی فەرمانگەی میدیاو زانیاری هاتووه: لە 2022 نزیکەی (300) بیری ئاو وشکیان کردووە، کابینەی نۆیهمی حكومهتی ههرێمی كورستانیش بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکان (138) بیر لێ دەدات، هاوکات ئاماژەی بەوەش داوە سەرچاوەکانی ئاو لە هەولێر دوو جۆره، ئاوی سەر زەوی 35% و ئاوی ژێر زەوی 65% دهبێت، ههروهها ئاستی قوڵیی بیرەکانی ئاو تادێت زیاد دەبێت، ئاستی قوڵیی بیرلێدان بەپێی ساڵ گۆڕانكاری بهسهردا هاتووه، كه بهمشێوهیه روونكراوهتهوهز
- ساڵی 1996: قووڵی بیرلێدان 120 مەتر بووه
- ساڵی 2003: قووڵی بیرلێدان 200 مەتر بووه
- ساڵی 2010: قووڵی بیرلێدان 300 مەتر بووه
- ساڵی 2021: قووڵی بیرلێدان 500 مەتر بووه
- ساڵی 2022: قووڵی بیرلێدان 700 مەتر بووه
سێیەم؛ بەفیڕۆدانی ئاو لە هەرێمی کوردستان
بە پێی ئامارێک لە ساڵی 2023، ژمارەی ھاوبەشانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان (ملیۆنێک و 30 ھەزار و 408) ھاوبەشە، بەڕێژەی (82%) و (850 ھەزار و 230) ھاوبەش پێوەری ئاویان بەستووە.
ڕۆژانە لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی (2 ملیۆن و 100 ھەزار) مەتر سێجا ئاو بەرھەم دەھێندرێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوڕۆی ھەرێم، ئەمە بڕێکی زۆرە و ڕێژەکە لە تەواوی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان زیادە، بەڵام نزیکەی (30%)ی ئەم بڕە ئاوە بە فیڕۆ دەچێت، ئەمەش وایکردووە ھەندێک کات ھاووڵاتییان دووچاری بێئاوی ببنەوە.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی (2021)، رۆژانە لە هەرێمی كوردستان لە رێگەی (91) پرۆژە و (5 هەزار و 710) بیرەوە نزیكەی دوو ملیۆن مەتر سێجا ئاو دابەش دەكرێت، دەکرێت دیارترین هۆکارەکانی بە فیڕۆچوونی ئاو لە هەرێمی کوردستان لە چەند خاڵێکدا کورت بکرێنەوە.
1. گۆڕانی کەشوهەوا: کەمبوونەوەی دابارین و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی.
2. بەڕێوەبردنی ناڕێک: بەکارهێنانی زۆر لە ئاو بۆ کشتوکاڵ و نەبوونی سیستەمی نوێی ئاودێری.
3. زیادبوونی دانیشتوان: خێرایی گەشەسەندنی شارەکان و داواکاری زیاتر بۆ ئاو.
چوارەم؛ بەنداوەکانی هەرێم و گرفتی کەمی دابارین
لە هەرێمی کوردستان سێ بەنداوی گەورەی گلدانەوەی ئاو بونیان هەیە، ئەوانیش؛ بەنداوەکانی (دوکان، دەربەندیخان و دهۆک)ن، بەپێی ئەو بە دواداچوونانەی کردوومانە، بەهۆی کەمی دابارین، لەسەر ئاستی هەرێم ڕێژەی باران بارین بەم شێوەیە بووە، 50% 40% 30% باران باریوە، کە ئەمەش زیانی گەورەی بە بەنداوەکان گەیاندووە. بەڵام ئەوەی مایەی دڵخۆشی بووە، بەهۆی بارانی ساڵی پێشوو، بەنداوی دەربەندیخان سەرڕێژبوو، هەروەها بەنداوی دهۆکیش نزیک بوو لەسەر ڕێژ، بەڵام بەنداوی دووکان بەڕێژەی 50%ی پڕببوو.
4. بەنداوی دووکان گەورەترین و دیارترین بەنداوی باشووری کوردستانە، دووەم گەورەترین بەنداوە لە عێراقدا، ٦۰ کیلۆمەتر لە پارێزگای سلێمانی دوورە، بەرزییەکەی ١١٦ مەتر و درێژییەکەی ٣٦٠ مەترە، توانای گلدانەوەی (٦ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن) مەتر سێجا ئاوی هەیە، ئەم بەنداوە لە سەر زێی بچووک دروستکراوە.
5. بەنداوی دەربەندیخان دووەم گەورەترین بەنداوی باشووری کوردستانە، بەنداوی دەربەندیخان توانای گلدانەوەی (٣ ملیار) مەتر سێجا ئاوی هەیە بۆ مەبەستی گلدانەوەی ئاو و بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا بەکاردەهێنرێت. ئەم بەنداوە لەسەر ڕووباری سیروان دروستکراوە.
6. بەنداوی دهۆک سێیەم گەورەترین بەنداوە، دەکەوێتە پارێزگای دهۆکەوە و توانای گلدانەوەی (٥٢ ملیۆن) مەتر سێجا ئاوی هەیە.
جگە لەو سێ بەنداوە گەورەیە، لە هەرێمی کوردستان، (22 بەنداو) ئاو گلدەدەنەوە ئەو بەنداوانە ناوچەیین و بەتێکڕایی نزیکەی 70% ئاویان تێدایە، پێویستی بەشێک لە هاوڵاتیان ناوچەکانی خۆیان دابین دەکەن.
بەگوێرەی ئامارێک، ساڵانە (47 ملیار) مەتر سێجا ئاو بە هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت، لەو بڕە تەنیا سوود لە (17 ملیار) مەتر سێجای وەردەگیرێت و (30 ملیار) مەتر سێجای بەفیڕۆ دەڕوات.
گرفتێکی تر بۆ هەندێ ناوچەی هەرێمی کوردستان ئەوەیە، لەسەر ڕووبارەکانی زێی گەورە و زێی بچوک و سیروان، هیچ بەنداوێک و کۆنتڕۆڵێک بونیان نیە ئەمەش گرفتی درووست کردە بۆ کەمی ئاوی.
پێنجەم؛ ڕێژەی دابارین لە هەرێمی کوردستان
لە ماوەی 11 ساڵی ڕابردوودا و لە 1/9/2014 بۆ 20/1/2025 ڕێژەی باران بارین بەم شێوەیە بووە:
7. 1/9/2014-20/1/2015: 414.5 ملم
8. 1/9/2015-20/1/2016: 514.6 ملم
9. 1/9/2016-20/1/2017: 225.2 ملم
10. 1/9/2017-20/1/2018: 174.7 ملم
11. 1/9/2018-20/1/2019: 587.1 ملم
12. 1/9/2019-20/1/2020: 307.9 ملم
13. 1/9/2020-20/1/2021: 254.5 ملم
14. 1/9/2021-20/1/2022: 251.6 ملم
15. 1/9/2022-20/1/2023: 209.5 ملم
16. 1/9/2023-20/1/2024: 210 ملم
17. 1/9/2024-20/1/2025: 209 ملم
بە پێی ئەو خشتەیە، ساڵی 2018-2019 زۆرترین باران باریوە، کە ڕێژەکەی گەیشتووە بە (487 ملم). هەروەها ساڵی 2017-2018 کەمترین باران باریوە کە ڕێژەکەی(174.7 ملم) بووە. جیاوازی نێوان ساڵی 2024 لەگەڵ ئەم ساڵدا، تەنها (1) ملم بووە.
بۆ نمونە ئەگەر داتا و ئاماری تەنها سەنتەری شاری سلێمانی وەربگرین، ئامارەکانی دابارین سەرسوڕهێنەرن و بۆ نمونە.
18. ساڵی 1987-1988 ڕێژەی بارانبارین گەیشتووە بە: 1203 ملم.
19. ساڵی 1991-1992 ڕێژەی بارانبارین زۆرترین ڕێژە بووە 1245.8 ملم، باران بووە.
20. ساڵی 1998-1999 ڕێژەی بارانبارین لەناو سەنتەری سلێمانی 229.6 ملم، باران باریوە.
شەشەم؛ عێراق و گرفتی ئاو
لە ئێستاداعێراق ڕووبەڕووی قەیرانی سەختی ئاو بووەتەوە، بەرپرسانی وڵاتەکە هۆشداری دەدەن لەوەی کە یەدەگی ئاوی ستراتیژی وڵاتەکە بۆ نزمترین ئاستی لەماوەی 80 ساڵی ڕابردوودا دابەزیوە.
لەم بارەیەوە وتەبێژی وەزارەتی سامانە ئاوییەکانی عێراق ڕایگەیاندووە، چوار ساڵ لەسەریەک کەمی ئاو لە سەرچاوە سەر زەویەکانەوە بە شێوەیەکی مەترسیدار، لەگەڵ کەمبوونەوەی بارانبارین و ڕووپۆشی بەفر، یەدەگی وڵاتەکەی پەکخستووە. "عێراق لە دۆخێکی ناجێگیردایە سەبارەت بە یەدەگی ئاوەکەی".
ئەو وتەبێژە ئاشکراشی کرد، عێراق لە ئێستادا کەمتر لە 40%ی پشکی ئاوی تەرخانکراو وەردەگرێت، ئەمەش بەهۆی پشتبەستنی زۆر بەو ڕووبارانی کە لە وڵاتانی دراوسێوە سەرچاوەیان گرتووە. بە تیشک خستنە سەر ناسکی پێگەی عێراق وەک وڵاتێک لە ئاست خوارەوە، ڕوونیکردەوە کە (70%)ی سەرچاوە ئاوییەکانی (50%)ی لە تورکیاوە و (15%)ی لە ئێران و سوریاوە دەڕژێتە وڵاتەکەوە.
لە ساڵی 1970ەوە قەبارەی ئاوی ڕژاو بەدرێژایی ڕووباری فورات و دیجلە لە (40 بۆ 45 ملیار) مەتر سێجاوە بۆ (15 بۆ 20 ملیار) مەتر سێجا کەمیکردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە عێراق پێویستی بە نزیکەی (77 ملیار) مەتر سێجا ئاو هەیە بۆ دابینکردنی پێداویستییە پیشەسازی و کشتوکاڵ و مرۆییەکانی، بەڵام بڕی ئاوی بەردەست تەنها (35 ملیار) مەتر سێجایە.
حەوتەم؛ قەیرانی ئاو لەسەر ئاستی جیهان
قەیرانی ئاو ئاماژەیە بۆ دۆخی سەرچاوە ئاوییەکانی جیهان بە بەراورد بە خواستی مرۆڤ. ئەم قەیرانە خۆی لە کەمیی و پیسبوونی ئاوی گونجاو بۆ بەکارهێنانی مرۆڤ دەردەخات، ئەم قەیرانە بەهۆی وشکەساڵی نێوان ساڵانی 2021 تا 2022 زیاتر لە (یەک ملیار و 400 ملیۆن) کەس کاریگەری لەسەر دروستبووە، لە ئێستادا زیاتر لە ملیارێک کەس لەو ناوچانەدا دەژین کە کەمی ئاویان بەخۆوە بینیوە و (500 ملیۆن) کەس لەم دۆخە نزیکبوونەتەوە. ئامارەکان ئاماژە بەوە دەدەن:
21. پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2025 (ملیارێک و 800 ملیۆن) کەس، لە ناوچەکانی کەمی ئاوی ڕەهادا بژین.
22. پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2025 دوو لەسەر سێی دانیشتوانی جیهان، ڕووبەڕووی کەمی ئاو ببنەوە.
23. پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2025 نیوەی دانیشتوانی جیهان، توشی قەیرانی ئاو ببنەوە ئەگەر ڕێژەی ئێستای بەکارهێنانی ئاو بەم شێوەیە بەردەوام بێت.
24. بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی دەکرێت خواستی جیهانی بۆ ئاوی شیرین تا ساڵی 2030 بەڕێژەی 40% لە دابینکردنی ئاوی شیرین زیاتر بێت.
بەشی زۆری هۆکارەکانی قەیرانی ئاو دەگەڕێتەوە بۆ؛
1. گۆڕانی کەشوهەوا: دەبێتە هۆی توانەوەی سەهۆڵبەندان و گۆڕینی سووڕی ئاو و دەبێتە هۆی دروستبوونی لافاو و وشکەساڵی.
2. زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی: بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و فراوانبوونی شار و پیشەسازی و کشتوکاڵ، خواست لەسەر ئاو لە زیادبووندایە.
3. خراپ بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان: لەوانە دزەکردنی بۆری و پیسبوونی ڕووبار و دەریاچەکان.
4. کەمی وەبەرهێنان لە ژێرخانی ئابووری، قەیرانەکە گەورەتر دەکات.
دیاترترین کاریگەرییەکانی قەیرانی ئاویش لێکەوتەی دەبێت لەسەر ؛
1. تەندروستی: کەمی ئاوی پاک دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی پەیوەست بە ئاوەوە.
2. خۆراک: کەمی ئاو کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی خۆراک دەبێت و دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی هەژاری و برسێتی.
3. دابەزینی ئاستی ئابووری بەهۆی کەمی ئاو و تێچووی پاککردنەوەیەوە.
