Draw Media

یەكشەممە عامری پەیامی چوارچێوەی هەماهەنگی دەگەیەنێتە بارزانی

یەكشەممە عامری پەیامی چوارچێوەی هەماهەنگی دەگەیەنێتە بارزانی

2025-05-30 19:41:12



درەو:
بڕیارە رۆژی یەكشەممە هادی عامری بە نوێنەرایەتی چوارچێوەی هەماهەنگی سەردانی بارزانی بكات لە پیرمام، پەیمانی بەغداد و چوارچێوەی هەماهەنگی دەگەیەنێتە بارزانی.
پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بەشدارن لە هاوپەیمانێتی ئیدارەی دەوڵەت كە حكومەتیان پێكهێناوە، چوارچێوەی هەماهەنگی لە ئێستاداە توڕەیەن لە سیاسەتەكانی پارتی و گۆمانیان هەیە لە جموجوڵەكانی ئەم دوایەیان، بەتایبەتیش چوونە بەرەی ئەمریكا و رێككەوتنی گازی لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكیەكان و بانگەشەی گۆڕانكاری لە عێراق و كۆبوونەوەی نهێنی ئەمنی لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەكانی چەند وڵاتێكی ئیقلیمی، بۆیە سەردانەكەی هادی عامری یەكێك لە سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ روونكردنەوەی ئەو گومانانەیە كە لەسەر پارتی هەیانە.
وەك لە بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی پارتیدا هاتووە،رۆژی دووشەممە 2/6/2025 كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئامادەیی مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی كۆدەبێتەوە، تەوەری سەرەكی گفتوگۆكردنە لەسەر بڕیارەكەی وەزیری دارایی عێراق تایبەت بە راگرتنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، چاوەڕوان دەكرێت ئەگەر پێ ئەو وادەیە دۆخەكە ئاسایی نەبێتەوە پارتی بڕیاری كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراق بدات (حكومەت و پەرلەمان)، ئەم هەنگاوە هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئەگەری ئەوەیە هەیە پارتی بەتەواوەتی بە حكومەت و پەرلەمانەوە بكشێتەوەو لەرێگەی پەرلەمانتاران و بەرپرسانیشیەوە ئامادەكاری بۆ دەكرێت.
لە ئێستادا هەوڵێك هەیە بە ئاراستەی چارەسەركردنی ناردنی موچەی مانگی ئایاری موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و دۆزینەوەی میكانیزمی تر بۆ ناردنی مانگەكانی تر.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) چاوەڕوان دەكرێت پێش جەژن بڕیار بدرێت بە قەرز موچەی مانگی ئایاری موچەخۆرانی هەرێم بنێردرێت، ئەمەش بە بڕیاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەبێت. بەپێی رونكردنەوەكەی وەزارەتی دارایی عێراق چەند جارێك حكومەتی عێراق بڕی پارەی ناردووە بۆ هەرێم وەك قەرز ئەژماری كردووە. 
پارتی سبەینێ شەممە كۆبوونەوە لەگەڵ حزبە سیاسیەكان دەكات لە پیرمام، كۆبوونەوەكە لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسییەو سەرۆك و جێگرانی سەرۆكی پارتی بەشدار نابن تیایدا، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانیش بایكۆتی كۆبوونەوەكەیانكردو یەكێتی و بەشێك لەلایەنەكانی تریش لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی بەشدار دەبن و پارتی دەیەوێت رای لایەنەكان وەربگرێت و لەهەمانكاتدا پەیامی خۆشی بگەیەنێت سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ بەغداد.  

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand