"بڕی زیاتر لە (9 ترلیۆن و 110 ملیار) دیناری تەمویلی ئەمساڵمان لاتان ماوە"

2025-05-29 16:46:25
(درەو):
وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بە فەرمی وەڵامی نوسراوەكەی دوێنێی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراقی دایەوە سەبارەت بە راگرتنی تەمویلی موچەی هەرێم بۆ هەشت مانگی ئەمساڵ.
لە نوسراوەكەدا كە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم ئیمزای لەسەر كردووە، وەزارەتی دارایی هەرێم ئاماژەی بەم خاڵانە كردووە:
• ئەو رێگایەی كە وەزارەتەكەتان گرتویەتیەبەر بۆ دیاریكردنی پشكی هەرێمی كوردستان پشتبەست بە خەرجی راستەقینە، پێچەوانەی حوكمەكانی دەستوری عێراقە بەدیاریكراوی ماددەی 121/دووەم كە دەڵێ ((بۆ هەرێم و پارێزگاكان پشكێكی دادپەروەرانە لە داهاتە بەدەستهاتووە فیدراڵییەكان دابین دەكریت كە بەشی ئەوە بكات بتوانن بە ئەرك و بەرپرسیاریتییەكانیان هەستن)).
• پشتبەستن بە نوسراوی دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە (4/فیدراڵی 2025/303) لە 10/2/2025 نەك (بڕیار- وەكو ئەوەی لە نوسراوەكەتاندا هاتووە) لە تەمویل نەكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نادروستەو ناوەڕۆكێك لەخۆدەگرێت كە لە نوسراوەكەدا نییە، چونكە نوسراوەكەی دادگای فیدراڵی هیچ ئاماژەیەكی روون یاخود ناواخنی تێدا نییە سەبارەت بە تەمویل نەكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم...
• بڕیاری دادگای فیدراڵی ژمارە (224 یەكخراوەكەی 269/فیدراڵی 2023 كە لە 21/2/2024 دەرچووە) دەڵێ موچەی فەرمانبەرو خانەنشینانی هەرێم لە پشكی ساڵانەی خۆی خەرج بكرێت، ئەم بڕیارەش لەلایەن وەزارەتەكەتانەوە لە مانگی شوباتی 2024و مانگەكانی دواتریدا جێبەجێ كراوە، مەبەست لەمەش تەرخانكراوەكانە لە لیستی هاوپێچی یاسای بودجە نەك رێژەی 21،67%ی خەرجی راستەقینەی عێراق (پاش لێدەكردنی خەرجی حاكیمەو سیادی)...
• رێككەوتن كراوە لەسەر لیست و خەمڵاندنی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتیی و زیندانیانی سیاسی و بریندارانی چەكی كیمیاویی لە هەرێم، ئەنجامی خەمڵاندن و تەرخانكراوەكانی ساڵی 2025 بریتییە لە تەرخانكردنی بڕی (13 ترلیۆن و 334 ملیارو 587 ملیۆن) دینار، ئەمەش لەكاتی سەردانی وەفدی هەرێمدا بوو بۆ بەغداد لەسەرەتای ئەمساڵدا بەئامادەیی و سەرپەرەشتی خۆتان (مەبەستی تەیف سامییە)، لەم بڕە پارەیە، هەژماری حكومەتی هەرێم بە بڕی (4 ترلیۆن و 223 ملیارو 625 ملیۆن و 165 هەزار) دینار تەمویل كراوە، واتا بڕی ئەو پارەی كە بۆ ساڵی 2025 ماوەتەوە بریتییە لە (9 ترلیۆن و 110 ملیارو 961 ملیۆن و 835 هەزار) دینار.
هەر لە نوسراوەكەیدا، وەزارەتی دارایی هەرێم باسلەوە دەكات كە وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەڕوانگەیەكی ناوەندیی و لێكدانەوەی تاكلایەنەی خۆیەوە ئاماژەی بە هەندێك ژمارە كردووە لەوانە بڕی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم كە دەگەڕێندرێتەوە بۆ خەزێنەی گشتیی و حسابكردنی داهاتە نەوتییەكانی هەرێم بەبێ حسابكردنی خەرجییەكانی دەرهێنان و بەرهەمهێنان و شایستەی كۆمپانیا وەبەرهێنەكانی كوردستان و ئەو بڕەی كە بۆ بەرهەمهێنانی كارەباو بەكارهێنانی ناوخۆیی لە بەرهەمە نەوتییەكان تەرخان دەكرێت.
دەقی نوسراوەكەی وەزارەتی دارایی هەرێم
