پلاستیک... کاریگەرییەکانی لەسەر، مرۆڤ، زیندەوەران، ژینگە.

2025-05-24 17:29:20
درەو:
(ئاییندەی ژینگە) گۆشەیەكی هەفتانیە
مەعروف مەجید سەرۆكی رێكخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە رۆژانی شەممە بۆ (درەو) دەینوسێت
بە پێی ئامار و لێکۆڵینەوە زانستییە نێودەوڵەتییەکان، لە ئێستادا ماددەپلاستیکییەکان یەکێکە لە هۆکارەسەرەکییەکانی زیانگەیاندن بە ژینگە.
ڕاپۆرتە زانستییەکان ئاماژە بەوە دەکەن ماددە پلاستیکییەکان زیانی بۆ ژینگە هەیە، بەتایبەتی بەهۆی کەڵەکەبوونی کە شیبوونەوەی قورسە، هۆکارە بۆ پیسبوونی زەوی و ئاو و کاریگەری لەسەر ژیانی دەریایی و گیانلەبەرە کێوییەکان.
داتاکانی نەتەوە یەکگرتوەکان چیمان پێدەڵێن.
-ئامارە سەرەکییەکان
-نزیکەی ٥٠٠ ملیار بوتڵی ئاو ساڵانە لە جیهاندا دەفرۆشرێت، کە دەکاتە نزیکەی ٤١ ملیار بوتڵی ئاو مانگانە، ١٫٣ ملیار بوتڵی ئاو ڕۆژانە، و نزیکەی ٢٢ ملیۆن بوتڵی ئاو لە خولەکێکدا.
- بەڵام هەندێک سەرچاوە ڕاستەوخۆتر ئاماژە بە ١ ملیۆن بوتڵی ئاو لە خولەکێکدا دەکەن، کە دەکاتە نزیکەی ٥٢٬٥٦٠ ملیۆن بوتڵی ئاو لە ساڵێکدا.
بەکارهێنانی کیسە پلاستیکیەکان دەگاتە (٥ترلیۆن) لە ساڵێکدا.
-نیوەی بەرهەمە پلاستیکیەکان بۆ بەکارهێنانی یەک جار دروست کراون.
لە ئێستادا ساڵانە (٣٠٠ ملیۆن) تەن پاشماوەی پلاستیکی بەرهەم دەهێنرێت.
٪٩٩ی پلاستیکی بەرهەمهێنراو لەو مادە کیمیاویانە دروسکراون کە لە نەوت و گازی سروشتی و خەڵووز بەرهەمهاتوون، ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت ئەوە لە ساڵی ٢٠٥٠ بەرهەمهێنانی پلاستیک دەگاتە ٪٢٠ی پیشەسازیی پشتبەستوو بە نەوت.
پلاستیک بە ئاسانی شینابێتەوە و لە ژینگەدا کۆدەبێتەوە و دەبێتە هۆی پیسبوونی خاک و ئاو، ئەمەش لە وڵاتی خۆمان بەڕوونی بەدەر کەوتووە، کە ماددە پلاستیکییەکان چۆن بوونەتە هۆی شێواندن و پیسکردنی زەوی و سەرچاوە ئاوییەکان و تەنانەت پیسکردنی هەوا لە دوای سوتاندنیان.
کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر ژینگە.
پیسبوونی خاک:
یەکێک لەو ماددانەی کە ڕۆژانە فڕێدەدرێتە ناو خاک و سرووشتەوە، کە تێکەڵ دەکرێت لەگەڵ پاشماوەکان ماددە پلاستیکییەکانە کە یەکێکە لە گەورەترین مەترسییەکان بۆ ناو خاک کە کاریگەری دەبێت لەسەر لە دەستدانی سیفەتی زەوی کشتوکاڵی.
پیسبوونی دەریا:
پلاستیک مەترسی لەسەر ژیانی دەریایی دروست دەکات، چونکە ئاژەڵە دەریاییەکان لەوانەیە بیخۆن یان تێیدا تێکەڵ ببن و ببێتە هۆی برینداربوون یان مردن.
کاریگەری لەسەر کەشوهەوا:
بەرهەمهێنانی پلاستیک بەشدارە لە دەردانی گازی گەرمخانەیی، ئەمەش گەرمبوونی جیهان توندتر دەکات.
مایکرۆپلاستیک:
پلاستیک دوای ورد بوون و شکاندنی بۆ گەردیلەی بچووک (مایکرۆپلاستیک) کە ژینگە پیس دەکات و دەچێتە ناو زنجیرە خۆراکییەکان و کاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ و ئاژەڵەکان دەبێت.
هەرێمی کوردستان و ماددەی پلاستیک.
بەپێی ئامارەکان، لە هەرێمی کوردستان، ڕۆژانە نزیکەی (۷ هەزار تەن) پاشماوەی ماڵان و شوێنە گشتییەکان کۆدەکرێتەوە، لەناو ئەو ژمارەیە، نزیکەی(۳٥%) زۆرینەی لەو پاشماوانە پلاستیکن، ئەو پلاستیکانەی کە یەکجار بەکاردەهێنرێن و دواتر فڕێدەدرێن.
کە ئەمەش مەترسییەکی گەورە لەسەر ئایندەی ژینگەی هەرێمی کوردستان درووست دەکات، بە پێی ئامارە نافەڕمییەکان، لە هەرێمی کوردستان، نزیکەی (۱۲ کارگەی دروستکردنی کیسی نایلۆن)، بوونیان هەیە کە بەشێکیان یا مۆڵەتیان نیە یا مەرجە ژینگەییەکانیان تێدا نیە.
یەکێک لە مەترسییەکان، تاوەکو ئێستا ڕێژەی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی کیسی پلاستیک و نایلۆن ساڵ لە دوای ساڵ لە زیادبووندایە بەڵام نەتوانراوە کارگەی دووبارە بەکارهێنانەوە(ڕیسایکڵین) بونیاد بنرێت کە ئەمەش لە ڕووی ئابووری و ژینگەیی و تەندروستییەوە هاوڵاتیان لێی سوودمەند دەبن.
لە هەرێمی کوردستان، ڕێژەی پلاستیکی فڕێدراو لە ڕۆژانە بەپێی شوێن و دانیشتوان جیاوازە، بەڵام بە گشتی لە شارە گەورەکان وەک هەولێر، سلێمانی، و دهۆک ڕێژەیەکی بەرچاوە.
بە پێی ئامارەکان تەنها ١٠-٢٠٪ ی پلاستیکی فڕێدراو ڕیسایکڵ دەکرێت (لە کارگەکانی وەک هەولێر و سلێمانی)، ٨٠٪ی ماوە دەچێتە زەبڵەخانەکان و زەوی و سەرچاوەکانی ئاوەوە.
هۆکارەکانی بەرزی ڕێژەی بەکارهێنانی پلاستیک:
نەبوونی سیستەمی کاریگەری کۆکردنەوە و ڕیسایکڵین.
کەمی ڕێوشوێنی بەئاگاھێنانەوەی خەڵک.
بەکارهێنانی زۆری پاکێتی پلاستیکی لە بازاڕەکان.
هەرزانی نرخ و ئاسان گەیشتن بە دەست هاوڵاتیان.
بڵاونەکردنەوەی هۆشیاری تایبەت لەسەر مەترسییە ژینگەیی و تەندروستی و ئابورییەکان بۆ هاوڵاتیان.
%۲۷ی زبڵ و خاشاک لە هەولێر پاشماوەی پلاستیکییە.
بەپێی ئامارێکی تۆڕی میدیایی رووداو تەنها لە پارێزگای هەولێر رۆژانە زیاتر لە 2100 تۆن زبڵ و خاشاک لە سنووری پارێزگای هەولێر کۆدەکرێتەوە، کە 27٪ـی پاشماوە پلاستیکییەکانن.
ئامارەکان نیشانی دەدەن لە ساڵێکدا زیاتر لە 204 هەزار تۆن پاشماوەی پلاستیکی لە هەولێر فڕێدەدرێت؛ زۆربەی هەرە زۆریشی دەبەی پلاستیکیی ئاو و کوپی سەفەرییە.
لە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە زیاتر لە شەش هەزار و 500 تۆن زبڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە کە زیاتر لە هەزار و 500 تۆنی پاشماوەی پلاستیکییە و بەشی زۆری ئەمەش دەبەی ئاوی پلاستیکییە.
لەگەڵ ئەوەی لە سەرجەم کابینەکانی حکومەتی هەرێم وەزارەتێک هەیە بەناوی شارەوانی و گەشت و گوزار، ماوەی چەند ساڵێکە کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک دراوە بە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت تێچووی لەسەر حکومەت سەر ساڵانە نزیکەی( ۱۰ ملیار دینار) دەکەوێت.
فڕێدانی زبڵ و پاشماوە و رێژەی پلاستیک.
- پارێزگای هەولێر رۆژانە زیاتر لە( ۲۱۰۰ تۆن زبڵ و خاشاک) کۆدەکرێتەوە ۲۷٪ـی پاشماوە پلاستیکییەکانن.
- پارێزگای سلێمانی زیاتر لە( ۱۲۰۰ تۆن زبڵ و خاشاک) کۆدەکرێتەوە ۱٦٪ـی پاشماوەی پلاستیکییەکانن.
- پارێزگای دهۆک زیاتر لە( ٨٥۰ تۆن زبڵ و خاشاک) کۆدەکرێتەوە ۱٦٪ـی پاشماوەی پلاستیکییەکانن.
- پارێزگای هەڵەبجە زیاتر لە (۱۰۰ تۆن زبڵ و خاشاک) کۆدەکرێتەوە ۱٤٪ پاشماوەی پلاستیکییەکانن.
- ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زیاتر لە (٤۰۰ تۆن زبڵ و خاشاک) کۆدەکرێتەوە ۳۲٪ـی پاشماوەی پلاستیکییەکانن.
- ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان زیاتر لە (٤٥۰ تۆن زبڵ و خاشاک) کۆدەکرێتەوە ۱۰٪ـی پاشماوەی پلاستیکییەکانن.
- ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین زیاتر لە (۳۰۰ تۆن زبڵ و خاشاک) کۆدەکرێتەوە ۱۰٪ـی پاشماوەی پلاستیکییەکانن.
لە هەرێمێکی (٤) پارێزگایی و کەمتر لە( ۷ ملیۆن) کەس بە هەموو تەمەنەکانەوە، بە پێی ئامارە نافەڕمییەکان زیاد لە ( ۳۰) کۆمپانیای تایبەت بە بەرهەمهێنانی ئاو هەن کە زۆرینەیان دەکەونەسنوری پارێزگای سلێمانییەوە بوونیان هەیە، ئەگەر ڕۆژانە تەنها یەک لەسەر چواری هاوڵاتیان ئاوی بوتڵی پلاستیک بەکاربهێنن دەکات( ۱،٥ ملیۆن دەبە).
تەنیا یەک کۆمپانیاش لەو (۳۰) کۆمپانیایە رۆژانە زیاتر لە( ١٠ ملیۆن) دەبەی پلاستیکی ئاو بەرهەمدەهێنێت، لە هەمووشی مەترسیدارتر، سەرجەم بوتڵ و دەبەکان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان هاوردە دەکرێت، دوای پڕکردنیان بەشێکی زۆری ئاوەکان بە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەفرۆشرێن، کە جگە لە قازانجی بازرگانی بۆ چەند سەرمایەدارێک هیچ سوودی بۆ هەرێمی کوردستان نیە.
هەرێمی کوردستان و سفرەی سەفەری..
بەپێی چەند ڕاپرسییەک لە کاتی ووتنەوەی وانە ژینگەییەکان لە ناوەندەکانی خوێندن و لە خولە جۆراو جۆرەکانمان و هەندێ جار وەرگرتنی بۆ چوونی هاوڵاتیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەرکەوتووە کە زۆرینەی هاوڵاتیان ڕۆژانە ئەو ماددەیە بە کاردەهێنن.
بە کورتی، ڕۆژانە، بە درێژایی، (۲۳۰۰ کیلۆمەتر) سفرە فڕێدەدرێتە ناو سرووشتەوە، ئەمە تەنها خێزانەکان، جگە لە چێشتخانە و فەرمانگە حکومییەکان و نەخۆشخانەکان و زیندانەکان و دەیان شوێنی تر.....
بەپێی ئاماری دەستەی ئاماری هەرێم دانیشتوانی کوردستان، یەک ملیۆن و سەدوو پەنجا هەزار خێزانن، ئەگەر ڕۆژانە هەر خێزانێک تەنها دوو مەتر سفرەی سەفەری بەکاربهێنن، کە دڵنیاین زۆر زیاترە، دەکاتە،(دوو هەزار و سێسەد کیلۆمەتر ) سفرەی سەفەری.
کاریگەری ماددە پلاستیکییەکان لەسەر زەریاکان.
ساڵی ۱۹٥۰ جیهان ساڵانە زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن پلاستیکی بەرهەم دەهێنا، تا ساڵی ۲۰۱٥ ئەم بەرهەمە ساڵانە بۆ( ٤۱۹ ملیۆن تۆن) بەرزبۆتەوە و بڕی پاشماوەی پلاستیکی لە ژینگەدا زیاتر بووە.
لە راپۆرتێکی گۆڤاری زانستی (Nature)دا ئاماژە بەوە دراوە کە ساڵانە نزیکەی( ۱٤ ملیۆن تۆن) پاشماوەی پلاستیکی دەچنە دەریا و زەریاکانەوە، ئەمەش زیان بە ژینگەی ژیانی گیانلەبەرە ئاوییەکان و کێوییەکانیش دەگەیەنێت.
لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە ئەگەر هیچ رێوشوێنێک نەگیرێتەبەر، ئەوا قەیرانی پاشماوەی پلاستیک زیاتر دەبێت، ئەگەر تا ساڵی ۲۰٤۰ ساڵانە (یەک ملیۆن تۆن)یش بێت، ئەگەر مایکرۆپلاستیکەکان لەم بابەتەدا جێگیر بکەین، ئەوا بڕی کۆی پلاستیک لە زەریاکاندا دەتوانێت تا ساڵی ۲۰٤۰ بگاتە (٦۰۰ ملیۆن تۆن).
ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، ناشناڵ جیۆگـــــرافیک بۆی دەرکەوتووە کە ۹۱ %ی هەموو پلاستیکێک کە تا ئێستا دروستکراوە، ریسایکل نەکراوە، ئەمەش نەک تەنها یەکێکە لە گەورەترین کێشە ژینگەییەکان، بەڵکو شکستێکی گەورەی دیکەی بازاڕە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پلاستیک( ٤۰۰ ساڵ)ی دەوێت بۆئەوەی شی ببێتەوە، ئەوە چەندین نەوە دەخایەنێت تا بەتەواوەتی نامێنێت.
بە پێی ئامارەکان، پیسبوونی پلاستیکی دەریایی کاریگەریی لەسەر ٨٠٠ جۆری گیانلەبەر دروستدەکات لە ئەنجامی قووتدان، برسی بوون، خنکان، ئاڵۆسکان و نقومبوون
-ساڵانە پاشماوە پلاستیکیەکان نزیکەی (ملیۆنێک باڵندەی دەریایی) و (١٠٠ هەزار )ماسی و ئاژەڵی تر دەکوژێت.
پلاستیک کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە بەهۆی ئەو ماددە کیمیاییە زیانبەخشانەی کە لە بەرهەمهێنانیدا بەکاردەهێنرێن و ئەو پیسبوونە پلاستیکییەی کە لە ئەنجامی بەکارهێنان و فڕێدانیدا دروست دەبێت.
مەترسی پلاستیک لەسەر تەندرووستی مرۆڤ.
پیسبوونی پلاستیک بەشدارە لە گرفتە تەندروستییە جیاوازەکان، وەک کێشەی هەناسەدان، تێکچوونی هۆرمۆنەکان و زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە.
هێماکانی سەر ماددە پلاستیکییەکان.
دەبێت ئاگاداری بەکارهێنانی دەفری پلاستیکی بیت کە بۆ خواردن دیاری کراوە کە ئەم هێمایەیان تێدایە.
- هێمای 'ژمارە ۱ لە ناوەڕاستی سێگۆشەی تیرەکان': بەو مانایەیە کە پاکەتەکە سەلامەتە تەنها بۆ یەکجار بەکارهێنان، و نابێت دووبارە بەکاربهێنرێتەوە، چونکە لە دەفرەکاندا بەکاردەهێنرێت (ئاو، شەربەت، خواردنەوە خۆراکیەکان، و هەندێک مادەی خۆراکی).
- هێمای 'ژمارە ٤ لە ناوەڕاستی سێگۆشەی تیرەکان': بەو مانایەیە کە پاکەتەکە لە جۆرێکی تاڕادەیەک سەلامەتە بۆ تەندروستی، لە کیسە نایلۆنەکاندا بەکاردێت کە بۆ هەڵگرتنی کەلوپەل و بازاڕکردن بەکاردێت، هەروەها هەندێک پلاستیک بۆ هەڵگرتنی خۆراکی بەستوو بەکاردێت، و تایبەتمەندە بەوەی کە ئاسانە بۆ چەمانەوەی.
- هێمای 'ژمارە ۲ لە ناوەڕاستی سێگۆشەی تیر': واتە پاکەتەکە لە جۆرێک لە پلاستیک دروستکراوە کە سەلامەتە بۆ تەندروستی مرۆڤ بەتایبەت جۆری شەفاف، و لە دەفری شیر و هەندێک دەفری شەربەتدا بەکاردێت.
- هێمای 'ژمارە ٥ لە ناوەڕاستی سێگۆشەی تیرەکان': واتە پاکەتەکە لە باشترین و سەلامەتترین جۆریە بۆ تەندروستی. لە دەفری خۆراکدا بەکاردێت بەتایبەتی ئەوانەی بۆ منداڵان دانراون، هەروەها بۆ شلەمەنی و خواردنە گەرم و ساردەکان گونجاوە.
- هێمای 'Crossbones': واتە دەتوانرێت پاکەتەکە بۆ ساردکردنەوە یان بەستن بەکاربهێنرێت.
- هێمای 'ژمارە ۳ لە ناوەڕاستی سێگۆشەی تیرەکان': واتە پاکەتەکە زیانبەخشە و ژەهراوی دەبێت ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر بەکاربهێنرێت. لە هەندێک جۆری پلاستیکی ڕوون بەکاردێت کە بۆ پاکەتکردنی گۆشت و پەنیر و هەندێک یاری منداڵان بەکاردێت. پێویستە لە کاتی بەکارهێنانیدا وریا بیت چونکە جۆرێکە بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردێت بەهۆی کەمی نرخەکەیەوە.
- هێمای 'ژمارە ٦ لە ناوەڕاستی سێگۆشەی تیرەکان': بەو مانایەیە کە پاکەتەکە مەترسیدارە و سەلامەت نییە و پێویستە بە وریاییەوە بەکاربهێنرێت. لە چێشتخانە خێراکاندا بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنرێت، وەکو سندوقی بەرگر، سندوقی پیتزا و کوپەکانی خواردنەوە گەرمەکان.
- هێمای 'ژمارە ۷ لە ناوەڕاستی سێگۆشەی تیرەکاندا': واتە تا دەتوانرێت ئەم مادەیە دوور بخرێتەوە، مەگەر لەسەری نووسرابێت کە بێ BPA بێت، و لە شووشەی منداڵاندا بەکاردەهێنرێت. پێویستە دڵنیا بیت لەوەی پاکەتەکە شەفافە و دەستەواژەی (بوتڵی بێ BPA) لەسەری نووسراوە.
چی بکرێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو مەترسییە؟
-تا پێمان دەکرێ بە هیچ شێوەیەک بەکاری نەهێنین، ئەگەر بەکارمانهێنا کەم بەکاربهێنین، یا ڕیسایکڵی بکەینەوە.
جیاکردنەوەی پلاستیک لە ماڵەوە یارمەتی کارگە ڕیسایکڵینەکان دەدات.
- کۆمپانیاکان دەتوانن پلاستیکی ڕیسایکڵکراو بەکاربێنن بۆ دروستکردنی بەرهەمی نوێ.
کەمکردنەوەی بەکارهێنانی پلاستیک:
ئەو بەرهەمانە بەکاربهێنە کە دەتوانرێت دووبارە بەکاربهێنرێتەوە، دوور بکەوەرەوە لە کیسی نایلۆن و دوور بکەرەوە لەو بەرهەمانەی کە پلاستیکیان تێدایە.
بەکارهێنانی بەدیلی سروشتی وەک ئەو بەرهەمانەی کە لە ڕیشاڵی سروشتی یان بایۆپلاستیک دروستکراون.
ڕۆژێک بەبێ پلاستیک.
لەبەرامبەر ئەو مەترسییە گەورەیە بەرامبەر بە ژینگە هەیەتی، ساڵانە لەسەر ئاستی جیهان ( ٢٥ی ئایار ڕۆژی جیهانی بێ پلاستیک)، دیاری کراوە.
ڕۆژێکە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە کاریگەرییە زیانبەخشەکانی پلاستیک لەسەر ژینگە، ئامانجی ئەم ڕۆژە هاندانی تاک و کۆمەڵگایە بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی پلاستیک و گۆڕینی بۆ بەدیلەکانی ژینگەدۆست.
گرنگی ڕۆژی جیهانی بێ پلاستیک.
راپۆرتی پەیوەندیدار
ئاگر کەوتنەوە و مەترسییەکانی لەسەر ژینگە.
