Draw Media

لە سوریا دروز دەکوژرێت... لە سلێمانی چەپڵەیان بۆ لێئەدرێت

لە سوریا دروز دەکوژرێت... لە سلێمانی چەپڵەیان بۆ لێئەدرێت

2025-05-04 09:52:28


مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)


لە یەکێک لە نووسینەکانیدا، فەیلەسوفی فەرەنسی، ڤۆلتێر دەڵێت «پەڕگیریی لە بێدینیی، ئیلحاد، ترسناکترە».

 پێدەچێت هیچ شوێنێکی سەر ئەم هەسارەیە وەک دۆخی ئەمڕۆکەی دروز و عەلەوییەکان لە سوریادا ئەم بۆچوونە نەسەلمێنێت. دروز و عەلەویی وەک دوو کەمینەی دینیی گەمارۆدراو بە سوپایەک لە دیندار و موجاهیدی پەرگیر.
هەمووان دەزانن سوریا گیردۆەی دەیان و سەدان کێشەی گەورەی  ئابوریی و سیاسیی و ئەمنییە، دەوڵەتی سوریا دەچێتە خانەی «دەوڵەتی فاشیل»ەوە کە توانای پیادەکردنی بەشی هەرزۆری ئەرکەکانی دەوڵەتی نییە، لە پێش هەمووانیشەوە مۆنۆپۆڵکردنی توانا و ئامرازەکانی توندوتیژیی. سوریای ئێستا بریتییە لە کۆمەڵێک سنوور و ناوچەی جیاواز، بەبێ دەوڵەت.

کەچی ئەوانەی بەناوی ئەو دەوڵەتەوە هەڵسوکەوت و قسەدەکەن، لە هەر شوێنەکدا بۆیان گونجابێت، پەلاماری ئەو مرۆڤ و گروپ و گوتارانەیان داوە کە ئەوان  بە لادەر لە «یەکێتی نیشتیمان» و «یەکێتی دەوڵەت » ناویانبردوە، ئەمە جگە  بە لادەر لە دین و کافر و دژ بە خودا ناونانی کەمینە دینییەکانی وڵاتەکە.

پێکهاتەکانی دەوڵەت لە سوریادا لەچەندان گروپی جیاواز دروستبوون کە بەشێکی بەرچاویان تەواو توندڕەو و پەڕگیرن. پەرگیر بەو مانایەی لەسەرەوە نیشانماندا. ئەم هێزە پەڕگیرانە، کە بەشێکی بەرچاوی میلیشیا چەکدارەکانی دەوڵەتن، کەمینە دینییەکان وەک «مرۆڤی هەڵە» وێنادەکەن، کوشتنیان وەک تۆڵەسەندنەوە بۆ خودا و وەک پاراستنی دین، ناودەبەن.  

ئەم میلیشیا دینییە پەڕگیرانە میلیشيای سنووربەزێنن و تایبەت نین بە ناوچەیەکي دیاریکراوەشع. ئەوەتا هەوادارە پەرگیرەکانیان لە شارێکی وەک سلێمانیدا تاوانی کوشتنی دروزییەکان لەلایەن میلیشیا دینییەکانەوە بە دەستەواژەی «تۆپاندن» باسدەکەن، تەرمەکانیشیان بە «لاک» بە دەمی «سەگ»ەوە ناودەبەن. خودی دروزییەکان خۆیشیان بە «دوژمن» و «پیس» و «گڵاو» و «سەرەتان» ناودەبەن جا یان ئەوەیە ئەو «سەرەتان»ە تۆ «دەکوژێت» یان تۆ دەبێت ئەو «بکوژیت».

ئەم زمانە ترسناکە  تەنها زمانی لە مرۆڤخستنی مرۆڤ و ناوزەدکردنی مرۆڤ نییە وەک شتێکی گڵاو و پیس، وەک دوژمنێک کە پێویستە بکوژرێن و لەناوببرێن، تەنها زمانی تەعبیرکردن لە ڕا و بۆچوونێکی دینیی تایبەتیش نییە، بەڵکو زمانی رێگەخۆشکردنە بۆ تاوانە گەورەکانی کۆمەڵکوژیی و جیۆساید.

ئاشکرایە ئەوەی عەقڵیەت و سایکۆلۆژیای ئەم کەس و گروپە  پەڕگیرانە ئاراستە دەکات ئیرادەی پێکەوە ژیان و قبووڵکردنی کەسانی جیاواز نییە، بەڵکو ئیرادەی کۆنترڵ و چاودێری و سنووردانان و هەڵاوێردن و کوشتنی هەموو ئەوانەن، کە لەو کەس و گروپە پەڕگیرانە ناچن و هەڵگری هەمان عەقڵیەت و تێگەیشتنەکانی ئەوان نین. هەموو ئەم شتانەش بەناوی نوێنەرایەتی خودا و بەرگریی لە دینەوە دەکەن. لە ڕاستیدا ئەم جۆرە هێز و کەسانە خاوەنی هیچ پرۆژیەک نین جگە لە پرۆژەی نوێنەرایەتیکردن بۆ خودا خۆی.

هەرکەسێکیش ئەم دیدگا توندڕەوەی قبووڵ نەبێت مردن لێرە و لە ئێستادا، لەسەر زەوی، ئەو سزاییەیە کە ئەمانە پێیانوایە دەبێت بسەپێنرێت. ئەو خودایەی ئەوان نوێنەرایەتی دەکەن خودایەکە لەسەر کەلەپوری رق و قبووڵنەکردنی جیاوازییەکانی مرۆڤ دەژیی و کاردەکات. خۆیشیان وەک بکەر سەرقالی دروستکردنی ئەو کەلوەپوری رقەن کە خوداکەی ناو خەیاڵ و عەقڵیەتیان پێویستی پێیەتی. چەندە ژمارەی ئەو کەس و هێز و گروپانەش زیادبێت کە ئەوان رەفزیان دەکەن و بەگژیاندا دەچنەوە، هێندە بڕ و ڕادەی ڕق و بوغزی ئەم گروپانە لەناو خۆیاندا گەورەتر و هەمەجۆرتر دەبێت و لە کۆمەڵگاکەشدا بڵاوتر و بەهێزتر. لە راستیدا رق بەشەێکی گەورەی شوناسی ئەم جۆرە کەس و هێزە پەڕگیرانەیە.
 
لەپشتی هەرجۆرە پەڕگیرییەکەوە جۆرێک لە باوکسالاری توندڕەو هەیە و کاردەکات، توندڕەوەیی لەم دۆخەدا جۆرێکە لە باوکسالاریی، بەڵام ئەم جارەیان باوکسالارییەکی دینیی. توندڕەوان خۆیان بە باوک و لەوێشەوە بە خاوەنی کۆمەڵگا و خاوەنی دین و ئەخلاق و ژیانی گشتی ئەو خەڵکانە دەزانن کە لەگەڵیاندا دەژین. باوکێک نا لەپاڵ کۆمەڵێک باوکی دیکەدا، بەڵکو تاقە باوکێک کە دەخوازێت، نەک منداڵە لە ڕێ دەرچوەکانی خۆی بکوژێت، بەڵکو سەرجەمی باوکەکانی تریش تا ئەو شوێنەی خۆی بەتەنها وەک باوک دەمێنێتەوە. ئەم جۆرە کەس و گروپە پەڕگیرانە خۆیان بە تاقە باوکێکی ئەخلاقیی و دینیی کۆمەڵگا دەزانن. ئەخلاقێکیش کە لە خەیاڵی ئەم پەڕگیرانەدا نەک تەنها بەناوی دینەوە قسەدەکات، بەڵکو وەک وتمان بەناوی خودا خۆیشیەوە دەدوێت.

هاوکات ئەم دۆخەش نەک تەنها هێما بۆ توندڕەوی ئەوان دەکات، بەڵکو هێماش بۆ دەسەڵاتێکی پێوانەیی، معیاری، دەکات کە جگە لە گروپە توندڕەوەکە خۆی کەسیتر نە تەحەمولی دەکات و نەدەشیەوێت تەحەمولی بکات. «دەسەڵاتی پێوانەیی» ئەو جۆرە دەسەڵاتەیە کە پێوەرەکانی جیاکردنەوەی باش لە خراپ و دەشێت لە ناشێت و جوان و ناشیرین و دیندار و بێدین لە کۆمەڵگاکەدا دادەنێت. لێرەوە ئەوەی لە خەیاڵ و عەقڵی ئەم هێزە توندرەوانەدا ئامادەیە سەپاندنی ئەو دەسەڵاتە پێوانەییەیە بەسەر یەک بە یەکی ئەندامانی کۆمەڵگادا و نمایشکردنی دەرچون لێیان وەک دەرچوون لە خواست و ئیرادەی خودا.

 ئاشکرایە دەسەڵاتی باوکانە هەرگیز بە تەنها دەسەڵاتی باوک نییە، بەڵکو بەردەوام بەشێکە لە تۆرێکی گەورەتر لە دەسەڵات کە لەپاڵ باوکدا دەسەڵاتدار و خودایشی تێدایە.  بە حوکمی ئەوەی  بەشێکی گەورە لە پەرگیرە دینییەکانی دونیای ئێمە توانای قسەکردنیان بەناوی دەسەڵاتدارەوە نییە و ناتوانن بچنە شوێنی
بنەماڵە سوڵتانییەکان،  بۆیە ئەوەی بۆیان ماوەتەوە قسەکردنە بەناو و نوێنەرایەتیکردنی دەسەڵاتی باوک و دەسەڵاتی خوداوە. قسەکردن بەناوی باوکەوە هێما بۆ دەسەڵاتێکی ئەخلاقیی خۆسەپێن دەکات کە ماندووکەر و سنووردارکەر و بێماناکەری ژیانە، بەڵام قسەکردن بەناوی خوداوە وێرانکەرە، چونکە خودا هەڵگری دەسەڵاێکە کە توانای کوشتن و سەندنەوەی ژیانی لە مرۆڤەکان هەیە.

پەڕگیرەکان، لە هەر شوێنێکدابن و هەر شتێکی بیانکات بە پەڕگیر، دین یان غەیری دین، هەڵگری شاشەیەکی ئەخلاقین. هەرکەسێک لەناو ئەو شاشە ئەخلاقییەدا نەکەوێتە ژێر رکێفی سیانەی دەسەڵاتی باوکانە و  دەسەڵاتی دەسەڵاتگەرەکان و دەسەڵاتی خودایانەی ئەوانەوە، نەک تەنها لە هیچ قوژبنێکی کۆمەڵگاکەدا شوێنی نابێتەوە و بەڵکو ئەو شتەیش کە زۆر بە ئاسانی لێی دەسێندرێتەوە، خودی ژیان خۆیەتی.

 لە هەر سێ فۆرمەکەی دەسەڵاتدا، پەڕگیرەکان بەناوی موقەدەسێکەوە قسەدەکەن، بەناوی باوکەوە وەک موقەدەس، بەناوی دەسەڵاتدارەوە وەک موقەدەس و بەناوی خوداشەوە وەک موقەدەس. ئەوانەیش بەرگریی لەو موقەدەساتانە دەکەن شتێک لە قەداسەت بەخۆیشیان دەبەخشن. بەمجۆرە کۆی ژیانی کۆمەڵایەتیی و گشتیی کۆمەلگاکە لەناو ئەو بازنانەی موقەدەستدا نیشتەجێدەکەن و ئەوەیشی دەستنیشانی ئەوە دەکات کێ کام جۆر لە موقەدەسی پێشێل کردوە، خۆیانن.

ئەم بوونەوەرە پەڕگیرانە بۆ هەر شوێنێک بڕوانن و بەهەر ئاراستەیەکدا تەماشا بکەن، دەتوان تەنها دووشت ببینن. یەکەمیان خۆیان و وێنەی ئەو کەسانەی لە خۆیان دەچن. بەمەش دەبنە هەوادار و هاوکاریان. دووهەمیان، ئەوانەی لەخۆیان ناچن. پەڕگیرەکان بە ئەرکی خۆیانی دەزانن ئەوانەی لەوان ناچن وا لێبکەن یان وەک ئەوانیان لێبێت و لەخۆیان بچن، یان بیانسڕنەوە و لەناویان ببەن. هەموو دانوسانێکیش لەگەڵ بوونەوەری توندڕەودا جگە لە قبووڵکردنی ئەو فۆرمی گوێرایەڵی و ئیتاعەتەی کە ئەوان بەناوی خوداوە دایدەنێن، ناتوانێت شتێکی دیکە بێت.
هەموو ئەمانەیە وا دەکەن میلیشیا چەکدارەکان لە سوریادا دروزیەکان بکوژن، کەچی لە سلێمانییەوە داکۆکیان لێبکرێت و چەپڵەیان بۆ لێبدرێت.

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand