تاریفەی (گومرگی بەرامبەر) کە ئەمریكا دەیسەپێنێت نەریتێکی کۆنەو دەستبەرداربونی قورسە
.jpg)
2025-04-29 17:49:50
شاو شیا، نوسەر شرۆڤەكاری كاروباری نێودەوڵەتییە
جارێکی دیکە ئیدارەی ئەمریکا باجی زۆری بەسەر جیهاندا سەپاند، ئەمجارە تەنانەت هەندێک پەنگوینی هەژاریشی کردە ئامانج. خەڵكێكی زۆر لە سەرانسەری جیهاندا سەریان سوڕما و هەندێک لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا ناڕەزایەتییان دەربڕی و، گوتیان: "بەهیچ شێوەیەك ئەمە ڕێگەیەک نییە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هاوڕێیان".
بەڵام خووی ئەمریکا بۆ سەپاندنی باج شتێکی نوێ نییە. زیاتر لە سەدەیەک لەمەوبەر ئەمریکا "پیاوی باج"ی تایبەتی خۆی هەبوو، کە نەک هەر باجی وەردەگرت، بەڵکو سیاسەتێکی هاوتەریبی لەگەڵ ئەوانەی ئەمڕۆ دەبینرێن، پەیڕەو دەکرد.
ئەو سەرۆكەی کە عاشقی باجی گومرکییە
ویلیام مەکینلی، بیست و پێنجەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەسایەتییەکە زۆرترین مشتومڕ لە مێژووی ئەمریکا دا هەڵدەگرێت. لە ماوەی سەرۆکایەتی ئەمدا، ئەمریکا بە "سەردەمی زێڕین"خۆیدا تێپەڕی، سەردەمێک کە گەشەی خێرای پیشەسازی و هەروەها نایەکسانی کۆمەڵایەتی بەرچاوی تێدابوو دروستبوو. بە دروشمی "خۆشگوزەرانی لە ناوخۆ، شكۆ لە دەرەوە" بانگەشەی هەڵبژاردنی کرد و خۆی بە "پیاوی باجی گومرگی" ناساند.
پێشتر وەکو ئەندامێکی کۆنگریس سەرسەختانە داكۆكی لەسەپاندنی باج دەكرد. بەگوێرەی یاسای باجی ماکینلی ساڵی ١٨٩٠ کە بەناوی ئەوەوە ناونراوە، تێکڕای باجەکانی ئەمریکای لە سەدا ٣٨ بۆ سەدا ٤٩.٥ بەرزکردەوە. دواتر وەک سەرۆک لە ساڵی ١٨٩٧ یاسای باجی دینگلی واژۆ کرد و، لە ژێر پەردەی "پاراستنی کرێکاران و بەرهەمە ئەمریکییەکان" ڕێژەکانی بۆ ٥٢% بەرزكردەوە.
سەرمایەدارە پیشەوەرەکان زۆریان خۆشدەویست. چونكە بەهۆی باجەكانی ئەمەوە، کاڵا بیانییەکان نەیاندەتوانی ڕكاربەری بكەن، ئەمەش ڕێگەی بە هەندێک لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی پیشەسازی ئەمریکا دابوو کە بازاڕەکانی ناوخۆ قۆرخ بکەن. بەهۆی یاسای پارێزگاریكردن لەباجەكان بەڕێژەی بەرزی لەسەدا ٧٠ ، پیشەسازی دروستكردنی "لەوح"ی ئەمریکی بە خێرایی فراوانتر بوو، تا ساڵی ١٨٩٥ زیاتر لە ٦٠%ی بازاڕی ناوخۆیی گرتەوە.
بەڵام لەلایەكی ترەوە، کرێکاران و جووتیاران سووکایەتییان پێدەکرد. چونكە گومرگە زۆرەكان تێچووی ژیانیان هەڵئاوساند و نرخ لەسەر بەکاربەرانی ئەمریکا بە ڕێژەی لەسەدا ٣٥ بەرزتر بووەوە لە چاو ئەوروپا. سەپاندنی باج بۆ تۆڵەسەندنەوە، وایكرد هەناردەی کشتوکاڵ پەكی بكەوێت و ئەوەش داهاتی جووتیارانی کەمکردەوە. لەئەنجامدا لە نێوان ساڵانی ١٨٩٧ بۆ ١٩٠٤ بزووتنەوەی کرێکاری شاهیدی ١٧ هەزار مانگرتن بوو کە چوار ملیۆن کرێکاری تێدا بەشداربوون.
كتێبی یارییە كۆنەكە
ماوەیەکی دوور و درێژ "مەکینلی" سەرۆکێکی لەبیرکراو بوو، تا ئەو کاتەی ئیدارەی ئێستای ئەمریکا دەستی کرد بە بانگەشكردن بۆ سەرۆکایەتییەکەی مەكینلی بۆ مەبەستی خۆی.
ئیدارەی ئەمڕۆی ئەمریکا بە ئاشکرا سەرسامی خۆی بە مەکینلی نیشان دەدات. سەرلەنوێ ناوی "چیای مەکینلی"ی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی "بە شانازییەوە دان بە میراتە مێژووییەکەیدا بنێت، کەبریتی بوو لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و بەرهەمهێنانی سامانێکی زۆر بۆ هەموو ئەمریکییەکان".
دروشمی ئیدارەی ئەمریکا - "سەردەمی زێڕینی ئەمریکا" - خەڵکی "سەردەمی زێڕین" بیردەخاتەوە. دوای ڕاگەیاندنی "باجی بەرامبەر"، كارگەیشتە ئەوەی ئیدارەی ئەمریکا پڕوپاگەندەی ئەوە بكات كە دەكرا باجی بەرز " ڕێگری بكردایە لە گرانی گەورە، یان لە كەسادی ئابووریی گەورە ".
چاولێگەرییەكەی ئەم ئیدارەیە بۆ ئیدارەی مەكینلی، لە باج زیاتریش دەڕوات. مەکینلی جەنگی ئیسپانیا و ئەمریکای هەڵگیرساند و دەستی بەسەر چەند ناوچەیەكی وەک کوبا و فلیپیندا گرت. هەڕەشەی لە هاوایی کرد بەوەی باجێكی زۆری بەسەردا دەسەپێنێت، هاوكات هەوڵیدا لەئەمریكای لاتینیش كەناڵێك لێبدات.
ئەوەتا ئیدارەی نوێش بەڵێنیدا کە بەكارهێنانی "هێزی سەربازی بۆ گرتنەوەی گرینلاند ڕەت نەکاتەوە"، هاوكات هەڕەشەی لکاندنی کەنەدا بەئەمریكا ، داوای کۆنترۆڵکردنی کەناڵی پەنەما دەکات.
لە سەردەمی مەکینلی حکومەتی ئەمریکا تاڕادەیەک بچوك بوو، خەرجییە فیدراڵیەکان کەمتر لە سەدا سێی بەرهەمی ناوخۆیی ئەمریكایان پێکدەهێنا. بۆیە ئیدارەکەی پشتی بە هاوپەیمانی لەگەڵ سەرمایەدارە پیشەوەرەكان دەبەست. دەبینین ئیدارەی ئەمڕۆش، لە ڕێگەی وەزارەتی کارایی حکومەتەوە (DOGE) پلانی هەیە دوو تریلیۆن دۆلار لە خەرجییە فیدراڵیەکان کەم بکاتەوە! لە هەمان کاتدا ئامانجی دروستکردنی هاوپەیمانییە لەگەڵ سەرمایەدارە تەکنەلۆژییەکان، ئەمەش چاولێگەرییەكی ئاشكرای ڕێبازی مەکینلییە.
فێربوونی وانە ڕاستەكە
ئاشكرایە ئەمریکا خەریکە ڕێسا كۆنەكەی یاریکردنی سەدەی نۆزدەهەمی خۆی دووبارە دەکاتەوە، بەو هیوایەی قەیرانە مۆدێرنەکان بە ڕێسای كۆن و بەسەرچوو چارەسەر بکات. بەڵام جیهان - و خودی ئەمریکا - گۆڕاون. دووبارەکردنەوەی هەڵەکانی ڕابردوو، نابێتە هۆی ئەوەی داهاتوو مسۆگەر بکات. بەڵكو کێشەی زیاتری لێدەکەوێتەوە.
ئەگەر بڕیارە مێژوو ڕێنیشاندەر بێت، بەڵام هەرگیز باج بناغەی خۆشگوزەرانی نییە، بەڵکو هەڕەشەیە بۆ سەر خۆشگوزەرانی. لە ڕاستیدا، ئەوەی "گەشەكردن و ماوەی زێڕین"ی سەدەی نۆزدەهەمی مەکینلی پشتی پێبەستبوو، تەکنەلۆژیا، سەرمایە و گەشەی کار بوو - نەک باج.
هەروەها مێژوو وانەیەکی قورسمان بۆ دەخاتە ڕوو، وانەكە دەڵێت: یاسای باجی سموت-هاولی لە ساڵی ١٩٣٠دا باجەکانی لەسەر زیاتر لە ٢٠٠٠ بەرهەم زیادكرد و تێکڕای ڕێژەکانی بۆ لەسەدا ٦٠ بەرزکردەوە. بەڵام ئایا ئەنجامەکەی چی بوو؟ ئەنجام ئەوەبوو ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەمریکا بەڕێژەی 67% دابەزینی بەخۆیەوە بینی و بازرگانی جیهانیش تەنها لە ماوەی چوار ساڵدا بەڕێژەی 66% داڕما.
زیانەكانی یاسای باجی سمووت-هاولی ساڵی ١٩٣٠ ئەوەندە قورس و گران بوون، دوای ٥٠ ساڵ ڕۆناڵد ڕیگان زەنگی وریاکردنەوەی لێداو گوتی: کەسانێک هەن لە کۆنگرێسدا، هەروەک چۆن لە ساڵانی ٩٣٠شدا هەبوون، دەیانەوێت لەپێناوی بەرژەوەندی سیاسی خێرادا، مەترسی لەسەر خۆشگوزەرانی ئەمریکا دروستبکەن... لە پێناوی هەندێک گروپی بەرژەوەندی تایبەت.
ڕێگان بە کورتی ئاماژەی بە لۆژیک و کاریگەرییەکانی باج کرد و گوتی: ڕەنگە لە سەرەتادا باجەكان سەرنجڕاکێش دەرکەون، بەڵام لە کۆتاییدا دەبنە هۆی وێرانکاری ئابووری.
ئیدارەی تازەی ئەمریكا پێی وایە، باجی گومرگی كە ببوە پیشەسازی سەدەی نۆزدە، دەتوانێت لەسەدەی بیست و یەكیشدا، ببێتە هۆی ڕاكێشانەوەی پیشەسازی ئاڵوگۆڕكار، بۆ ناو ئەمریكا. بەڵام پێویستە یەك مەسەلەمان لەبیر بێت: سەپاندنی باج لە دەیەی نەوەدەكانی سەدەی نۆزدەدا، ئامانجی ئەوە بوو یارمەتی كۆمپانیا تازەكان و كارگە تازەگەشەكردووەكان بدات لەئەمریكا، نەك مەبەستی ئەوە بووبێت، پیشەسازی ئاڵوگۆڕكاری لەوڵاتانی ترەوە ڕاكێشێتەوە بۆ ناو ئەمریكا، یاخود بیەوێت زنجیرەی تەوریدی پیشەسازی لە سفرەوە دروست بكات.
ئەمریکا لە ئەمڕۆدا
ئەمڕۆ بەرهەمهێنانی ئەمریکی لە دۆخێکی تەواو جیاوازدایە بە بەراورد بە ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر. ئەمڕۆ ئەمریكا بەتاڵكراوە لە ماناكانی : کرێکاری لێهاتووی کەمبووە، ژێرخانی ئابووری تەپیوە و زنجیرەکانی دابینکردن و تەوریدی شكاون. دەیان ساڵە تەمویلكردن بەهای دۆلاری بەشێوەیەكی زیادەڕەو بەرز کردوەتەوە بۆ سەرووی بەهای ڕاستەقینەی خۆی، ئەمەش وایکردووە تێچووی بەرهەمهێنانی ئەمریکا بێ کێبڕکێ بێت.
بەبێ حسابكردنی تێچوون یان ژێرخانی متمانەپێکراو، سەپاندنی باج نابێتە هۆی هێنانەوەی پیشەسازی بۆ ناو وڵات.. بەڵكو دوو ئەنجامی دەبێت: بەرهەمهێنانێكی خاو و گران، هە روەها نەبوونی بازاڕ- ئیدی بازاڕی ناوخۆیی یان جیهانی.
لوتنیک وەزیری بازرگانی ئەمریکا پڕوپاگەندەی ئەوە دەكات گوایە: " سوپایەکی ملیۆنان کەسی ئایفۆن لە ئەمریکا دروست دەکەن". ئەگەر ئەمریکا هەوڵی ئەوە بدات، بە دڵنیاییەوە دەتوانێت ئەو كارە بكات. بەڵام ئەگەر لە ئەنجامدا تێچووی بەرهەمهێنانی ئایفۆن دوو هێندە بێت یان زیاتر بەرزبێتەوە، کێ ئامادەیە ئایفۆن بكڕێت؟ هەروەها لەکاتێکدا ڕەنگە بەکارهێنەران بتوانن ئایفۆن نەكڕن، بەهۆی ئەوەی نرخی گران بووە، بەڵام ئایا دەتوانن دەستبەرداری خواردنی گرانبەها یان پێداویستییە سەرەکییەکانی ڕۆژانە ببن کە لە ئەمریکا دروستکراون؟ چونکە باجەکان كاڵا و پێداویستییە هەرزانەكان دەخنکێنن.
جیهان لە سەردەمی مەکینلیەوە بەرەو پێشەوە ڕۆیشتووە. لە سەدەی نۆزدەهەمدا ئەمریکا وەک هێزێکی پیشەسازی گۆشەگیر گەشەی كرد بەڵام ئەمڕۆ ئابووری جیهانی پێكەوە گرێدراوە. ئەمریکا بە هەڵوەشاندنەوەی "سیستەمی بازرگانی جیهانی" کە لەلایەن خودی خۆیەوە بنیات نراوە ، ئەگەرچی لەلای هەندێک بە "نادادپەروەر" دادەنرێت، ئەمریکا دووچاری گۆشەگیری جیهانی دەکات و ئیدی دەسەڵاتی ئەخلاقی خۆی لەجیهاندا لەدەست دەدات و لە کۆتاییشدا هەژموونی دۆلاریش لەدەست دەدات.
وەک "جۆن دێنتۆن" سکرتێری گشتی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتیش ئاماژەی پێدەكات: "تەنها لەسەدا ١٣ی قەبارەی بازرگانی جیهانی پەیوەستە بە ئەمریکاوە ". ڕاستە جیهان بەبێ ئەمریکا ئازار دەچێژێت، بەڵام ئەمریکا بە تەنها لە دۆخێکدا نییە کە بتوانێت نەزمی بازرگانی جیهانی تێکبدات و، هەڕەشە لە هەموو جیهان بکات.
ئەگەر ئەمریکا بەڕاستی بەدوای "سەردەمی زێڕین"ی خۆیدا دەگەڕێت، پێویستە بەشێوەیەكی ژیرانە دەرفەتەکانی هەڵبژێرێت. نەك خۆی بە مێژووی بەسەرچووەوە ببەستێتەوە و شکستەکانی ڕابردووی دووبارە بکاتەوە. یان ڕووبەڕووی کەموکوڕیەکانی خۆی ببێتەوە، کێشە ڕاستەقینەکان چارەسەر بکات و واز لە تاوانبارکردنی ئەوانی دیکە بهێنێت.
سەرچاوە:
