راپۆرتی: درەو
🔹 هەناردەی نەوتی خاوی عێراق لە یەکەم مانگی جەنگدا بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە و گەیشتووەتە (562 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا بە کۆی گشتی (17.4 ملیۆن) بەرمیل،
🔹 هەناردەی نەوت لە مانگی شوباتدا _پێش جەنگ_ (3.36 ملیۆن) بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا بە کۆی (94.02 ملیۆن بەرمیل) لە تەواوی مانگەکەدا.
🔹 داڕمانی قەبارەی هەناردەی نەوت بووەتە هۆی کەمبوونەوەی داهات بە ڕێژەی (72%)، لە مانگی ئازاردا تەنها (1.9 ملیار) دۆلار تۆمار کراوە، لە کاتێکدا لە مانگی شوباتدا داهاتەکە زیاتر لە (6.8 ملیار) دۆلار بووە.
🔹 هەناردە بۆ وڵاتی چین بە ڕێژەی (81٪) پاشەکشەی کردووە، بۆ هیندستان گەورەترین دابەزینی مانگانە تۆمارکراوە، هاوردەی ئیتاڵیا لە نەوتی خاوی عێراق بۆ (32 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزیوە، هەریەک لە کۆریای باشوور و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە مانگی ئازاردا هیچ بڕە نەوتێکیان لە عێراقەوە پێنەگەیشتووە.
سەرەتا
هەناردەی نەوتی خاوی عێراق لە ڕێگەی دەریاوە لە مانگی ئازاری ڕابردوودا بە ڕێژەیەکی پێوانەیی دابەزی و (%83)ی بڕەکەی لەدەستدا، کە هاوتایە بە (77.6 ملیۆن) بەرمیل. ئەم داڕمانە بەهۆی پەککەوتنی تەواوی هاتوچۆی دەریایی بوو لە گەرووی هورمزدا، کە دەرەنجامی جەنگی ئێران-ئەمریکا و ئیسرائیلە.
داتاکان دەریدەخەن کە هەناردەی نەوتی خاوی عێراق لە یەکەم مانگی جەنگدا بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە و گەیشتووەتە (562 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا بە کۆی گشتی (17.4 ملیۆن) بەرمیل، لە کاتێکدا لە مانگی شوباتدا _پێش جەنگ_ (3.36 ملیۆن) بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا بە کۆی (94.02 ملیۆن بەرمیل) لە تەواوی مانگەکەدا.
گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان و داخرانی گەرووی هورمز ڕێگەیان لە گەیشتنی نەوتی عێراق بە بازاڕە جیهانییەکان گرتووە، ئەمەش عێڕاقی ناچار کرد بڕیار بدات، لەوانەش ڕاگرتنی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی زەبەلاحی "ڕومەیلە" (گەورەترین کێڵگەی وڵات) و کەمکردنەوەی کارکردن لە کێڵگەکانی باشوور، وەک "قورنەی ڕۆژئاوا".
ئەم داڕمانە بووە هۆی کەمبوونەوەی داهاتی دارایی بە ڕێژەی (72%)، بە جۆرێک لە مانگی ئازاردا تەنها (1.9 ملیار) دۆلار تۆمار کراوە، لە کاتێکدا لە مانگی شوباتدا داهاتەکە زیاتر لە (6.8 ملیار) دۆلار بووە. ئەمەش بەپێی لێدوانەکانی "عەلی شەتری"، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە چاوپێکەوتنێکی ئەم دواییەیدا لەگەڵ کەناڵی "ئەلشەرق بلومبێرگ".
ئەو دەوڵەتانەی لە ئازاری 2026دا نەوتیان لە عێراق کڕیوە
ئەم داتایانە، لیستی ئەو وڵاتانە نیشان دەدات کە لە مانگی ئازاری 2026دا نەوتیان لە عێراق هاوردە کردووە، ئەو ڕاستییەش دەردەخات کە داخرانی گەرووی هورمز چ بۆشاییەکی گەورەی لە هەناردەی نەوت بۆ گەورەترین کڕیارەکان دروست کردووە:
§ چین: 219 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
§ هیندستان: 69 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
§ ئیتاڵیا: 32 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
§ مالیزیا: 32 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
§ شوێنی نادیار: 209 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
هەناردە بۆ وڵاتی چین بە ڕێژەی (81٪) پاشەکشەی کردووە، کە لە مانگی ئازاردا بۆ (219.4 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەم بووەتەوە، لە کاتێکدا لە مانگی شوباتدا (1.14 ملیۆن) بەرمیل بووە. ئەگەر بەراوردی ساڵانە بکەین، چین نزیکەی (83.2%)ی پشکی خۆی لەدەستداوە کە لە ئازاری 2025دا زیاتر لە (1.3 ملیۆن) بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا.
هەناردەی نەوت بۆ هیندستان گەورەترین دابەزینی مانگانەی تۆمار کردووە، کە لە (980 هەزار) بەرمیلەوە لە مانگی شوبات بۆ تەنها (69 هەزار) بەرمیل لە مانگی ئازاردا کەمی کردووە. هەروەها دابەزینی ساڵانە گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی بە ڕێژەی (92.2%) بەراورد بە ئازاری ساڵی ڕابردوو.
هاوردەی ئیتاڵیا لە نەوتی خاوی عێراق بۆ (32 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزیوە، لە کاتێکدا لە شوباتدا (71 هەزار) بەرمیل بووە. لە بەراوردی ساڵانەشدا دەردەکەوێت ئیتاڵیا تەنها یەک لەسەر سێی بڕی هەمیشەیی خۆی پێ گەیشتووە.
بەهۆی پەککەوتنی گەرووە ئاوییەکان، هەریەک لە کۆریای باشوور و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە مانگی ئازاردا هیچ بڕە نەوتێکیان لە عێراقەوە پێنەگەیشتووە، لە کاتێکدا لە مانگی شوباتدا کۆریا (256 هەزار) و ئەمریکا (176 هەزار) بەرمیلیان لە ڕۆژێکدا هاوردە کردبوو.
هەناردەی نەوت لە چارەکی یەکەمی ساڵدا
تێکڕای هەناردەی نەوتی عێراق لە ڕێگەی دەریاوە لە چارەکی یەکەمی 2026دا بە ڕێژەی 28% دابەزیوە، کە دەکاتە (940 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا لەسەر بنەمای ساڵانە، ئەمەش بەهۆی ئەو پاشەکشە گەورەیەی لە مانگی ئازاردا ڕوویدا.
سەرەڕای سەقامگیریی ڕێژەیی لە مانگەکانی کانوونی دووەم و شوباتدا، بەڵام شۆکەکەی مانگی ئازار تێکڕای هەناردەی سێ مانگی یەکەمی بۆ نزمترین ئاست لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا دابەزاند.
بۆ شکاندنی گەمارۆی سەر ڕێڕەوە ئاوییەکان، عێراق دەستی کردووە بە هەناردەکردنی یەکەمین باری نەوتی خاو لە ڕێگەی وشکانییەوە بە ناو خاکی سووریادا. کاروانێکی بارهەڵگر کە 299 تانکەر بوون، لە ناوچەی "بێجی"یەوە بەرەو دەروازەی "وەلید-تەنف" بەڕێکەوتن تا بگەنە بەندەری "بانیاس" لەسەر دەریای ناوەڕاست، بۆ ئەوەی لەوێوە ڕەوانەی جیهان بکرێن.
خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەغداد ئامانجیەتی تا مانگی حوزەیرانی داهاتوو، مانگانە نزیکەی (650 هەزار) بەرمیل لە ڕێگەی ئەم ڕێڕەوە سوورییەوە هەناردە بکات. ئەمەش وەک بەشێک لە پلانی هەناردەکردن لەرێگەی بارهەڵگرەوە بۆ سێ دەوڵەتی دراوسێ (تورکیا، سوریا و ئوردن) دێت، وەک جێگرەوەیەکی کاتی بۆ قەرەبووکردنەوەی بەشێک لەو بەرهەمە لەدەستچووەی کە بەهۆی جەنگەوە بۆ (1.4 ملیۆن) بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزیوە.
هاوکات گفتوگۆی چڕ لە نێوان بەغداد و دیمەشق هەیە بۆ نۆژەنکردنەوەی هێڵی بۆریی "کەرکوک-بانیاس" کە دەیان ساڵە پەکیکەوتووە، تاوەکو نەرمی لە هەناردەکردندا دروست بێت و گەیشتنی نەوتی خاوی عێراق بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا زامن بکرێت، بەدوور لە مەترسی و گۆڕانکارییەکانی گەرووی هورمز.
گرافیکەکان


بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە سەرچاوەکانی؛
- وحدة أبحاث الطاقة - أحمد عمار، صادرات العراق من النفط تنخفض 77 مليون برميل خلال شهر فقط، 2026-04-02؛
https://shorturl.at/aehdK
- وحدة أبحاث الطاقة - أحمد عمار، أحدث بيانات صادرات العراق من النفط.. ومصير غامض مع إغلاق مضيق هرمز، 2026-03-05؛
https://shorturl.at/nPY7t
- درەو میدیا، عێراق لە ڕێگەی سووریاوە دەستی بە هەناردەکرانی نەوت کرد، 31 ئازار 2026؛
https://drawmedia.net/report/18534-aeraq-le-regei-suriawe-desti-be-henardekrdni-newt-krd