له ژه‌هری گازی كیمیاییه‌وه بۆ فێستیڤاڵی ترێی ڕه‌شمیریی

2025-04-16 08:45:26
سه‌نگه‌ر رسول توێژه‌ر له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ئابووری سیاسی
به‌درێژایی مێژوو، زۆربه‌ی تاوانه جینۆسایده‌كان به‌ته‌نها نه‌بوونه‌ته جێهێشتنی برینێك له‌سه‌ر دڵی كۆمه‌ڵگا، به‌ڵكو بوونه‌ته هۆی تێكدانی ژینگه‌و سروشتی ئه‌و ناوچه‌یه‌ش كه لێی رووداوه. گوند‌و لادێكانی هه‌رێمی كوردستانیش نموونه‌ی زیندوون كه چۆن له‌كاتی كیمیابارانه‌كانی رژێمی سه‌ددام -ی دیكتاتۆر، جگه له به‌كۆمه‌ڵ مردن و برینداربوونی ده‌یان مرۆڤی بێ‌تاوان، سروشت و ژینگه‌ی ناوچه‌كه‌ی ژه‌هراوی بوون و بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ كاریگه‌ری له‌سه‌ر شێوه‌ی ژیانی هه‌رچی داروبه‌ردو زینده‌وه‌ری ناوچه‌كه‌یه دروستكرد. وه‌كو ڕێزگرتنێكیش له‌قوربانییه‌كانی كاره‌ساته‌كه، ڕۆژی كیمیابارانی دۆڵی بالیسان 16/4 كراوه‌ته ڕۆژی ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌ش هۆكارو پاڵنه‌رێكی به‌هێزه بۆ ئه‌وه‌ی پرۆژه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ژینگه‌یی له‌ناوچه‌كه په‌ره‌ی پێبدرێت.
بۆیه ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه هه‌وڵده‌دات له‌ڕێگه‌ی مۆدێلی بوژانه‌وه‌ی ئابووری خاوێنه‌وه، له‌بواری ووزه‌ی خاوێن، گه‌شتیاریی كشتوكاڵی و وه‌به‌رهێنان له‌به‌روبوومه‌كانی ئاژه‌ڵداری سه‌رچاوه‌یه‌كی نوێكاری بژێویی و داهات و ئابووری ناوچه‌كه بخاته‌ڕوو. مه‌به‌ست له‌م پرۆژانه‌ش ته‌نهاو ته‌نها دیوی ئابووری و قازانجكردنی ماددی نییه، به‌ڵكو هۆكارێكیش ده‌بێت بۆ سارێژكردنی برینه‌كان و بووژاندنه‌وه‌ی ناوچه‌كه.
چۆن ڕۆژی ژینگه له‌مانشێته‌وه بگۆڕین بۆ كردار
له‌ساڵانی 80 كاندا، به‌هۆی به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیای و به‌زۆره‌ملێ چۆڵكردنی لادێكان و پرۆسه‌ی به‌دناوی ئه‌نفال، باغ و بێستان و ڕه‌زو به‌روبوومی دیكه‌ی كشتوكاڵی ئه‌و لادێیانه‌ش نزیك له‌ناوچوون چوون به‌هۆی بێ خزمه‌تی و سووتاندنییان له‌لایه‌ن هێزه سه‌ربازییه‌كان و جگه له‌وه‌ش ژه‌هراویی بوونی دارودره‌خت و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی ئه‌و ناوچانه‌ی به‌چه‌كی كیمیایی پێكرابوون.
بۆیه له‌دوای هه‌ر جینۆسایدێك، سه‌ر له‌نوێ ڕێكخستنه‌وه‌و پشتگیریكردنی دانیشتووانی ناوچه‌كه بۆ ده‌سپێكردنه‌وه‌ی كاری باغداری و كشتوكاڵی و ئاژه‌ڵداری و پرۆژه‌ی دیكه‌ی هاوشێوه ده‌بێت پشتگیری بكرێن تاوه‌كو بتوانرێت شوێنه‌واری ئه‌و زیانه رۆحی و ماددییانه‌ی به‌هۆی جینۆسایده‌كانه‌وه روویانداوه كه‌مبكرێنه‌وه‌و به پرۆژه‌ی داهێنه‌رانه‌ش له‌بواری ته‌كنه‌لۆژی و گه‌شتیاری و ئابوورییدا ده‌توانرێت قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه. یه‌كێك له‌و ناوچانه‌ی كه به‌ر كیمیاباران و ئه‌نفال و چۆڵكردنی زۆره ملێی گونده‌كانی بۆته‌وه، ئه‌وا ناوچه‌ی دۆڵی بالیسان-ه.
لێره‌دا پێشنیاز ده‌كه‌ین چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی دۆستی ژینگه له‌ناوچه‌كه جێبه‌جێبكرێت و له‌گه‌ڵ ئه‌و هۆكارانه‌ش یه‌كانگیر ده‌بێت كه وه‌كو رێز لێنانێكیش ڕۆژی 16ی 4 كراوه‌ته ڕۆژی ژینگه‌و ده‌بێت ئه‌و به‌خشینه‌ش ته‌نهاو ته‌نها له‌چوارچێوه‌ی نه‌زه‌ری و مانشێت نه‌مێنێته‌وه‌و به‌كرداری پرۆژه‌كانی ژینگه له‌ناوچه‌كه ڕه‌نگ بداته‌وه.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئه‌م پرۆژانه ده‌خه‌ینه‌ڕوو:
یه‌كه‌م: به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له‌ڕێی ووزه‌ی خاوێن
یه‌كێك له‌و پرۆژانه‌ی كه پێویسته پشتیوانی لێبكرێت و ده‌بێته هۆی كارئاسانی و كه‌مكردنه‌وه‌ی بارگرانی نرخی كاره‌باش له‌داهاتوودا له‌سه‌ر گیرفانی خه‌ڵكی، ئه‌وا په‌ره‌پێدانی به‌رهه‌مهێنانی ووزه‌ی خاوێنه، له‌م دوو ڕێگه‌یه‌وه:
له‌رێگه‌ی پانێڵه‌كانی تیشكی خۆره‌وه
له‌باره‌ی پانێڵه‌كانی تیشكی خۆره‌وه، ده‌كرێت داوا له‌حكومه‌تی ناوه‌ندی بكرێت، بۆ ڕاسپاردنی بانكێكی نیشتیمانی عیراقی بۆ پێدانی پاڵپشتی دارایی و قه‌رزی درێژخایه‌ن بۆ دانیشتووان و پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنانی ناوچه‌كه به‌مه‌به‌ستی دامه‌زراندنی پانێڵه‌كانی تیشكی خۆر بۆ به‌رهه‌مهێنانی ووزه‌ی كاره‌با.
له‌ڕێی تۆرباینه‌كانی باوه :
بۆ دانانی تۆرباینه‌كانی با، ئه‌وا ده‌كرێت ببێته پرۆژه‌ی حكومه‌ت بۆ دابینكردنی كاره‌با بۆ نه‌خۆشخانه‌و خوێندنگا‌و فه‌رمانگه‌كانی ناوچه‌كه ئه‌گه‌ر گونجا بۆ ئه‌م شێوه‌یه.
ڕاهێنان بۆ چۆنییه‌تی كاركردن له‌ووزه‌ی خاوێن
ده‌كرێت ڕاهێنان به‌ژماره‌یه‌ك دانیشتووانی دۆڵی بالیسان بكرێت بۆ چۆنیه‌تی كار له‌سه‌ركردن و چاكردنه‌وه‌و سیانه‌ی پانێل و پرۆژه‌كانی ووزه‌ی خاوێن و ده‌كرێت راهێنانه‌كه بۆ ژماره‌یه‌كییان چڕتربكرێنه‌وه‌و ببنه سه‌رچاوه‌ی كاریش بۆیان.
به‌ئه‌نجامدانی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له‌ڕێی ووزه‌ی خاوێنه‌وه، هه‌م ناوچه‌كه دوور ده‌كه‌وێته‌وه له گازی ژه‌هراوی مۆلیده‌كان و هه‌میش وه‌كو ناوچه‌یه‌ك كه ڕۆژی ژینگه‌ی به‌ناوكراوه، له‌گه‌ڵ په‌یامه ژینگه‌یه‌كه‌ش یه‌كده‌گرێته‌وه‌و به‌كردار له‌گه‌ڵیدا ده‌بێت و جگه له‌وه‌ش ده‌بێته هۆكارێكی كاریبوژانه‌وه‌ی ئابووری ناوچه‌كه‌ش.
دووه‌م: گه‌شتیاریی كشتوكاڵی
گه‌شتیاری كشتوكاڵی یه‌كێكه له‌میتۆده باوه‌كانی ئابووری سه‌رده‌م، ده‌كرێت له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی به‌ئاوی دۆڵی بالیسان به‌تایبه‌تی له‌زینه‌تیره‌وه بۆ گوندی ده‌راش ئه‌و پانتاییه‌ی وه‌به‌رهێنانی گه‌شتیاریی كشتوكاڵی تێدا بكرێت به‌مشێوه‌یه‌ی خواره‌وه:
1) بونیادنانی گوندێكی كه‌لتووری و مێژووی، چه‌ند خانوویه‌كی كه‌م، به‌پێی دیزاینی سه‌رده‌می كۆن و تێیدا كه‌ل و په‌له‌كانی ژیانی ڕۆژانه‌و ئامێره كشتوكاڵی و ئاژه‌ڵداری و كه‌ره‌سته‌كانی دیكه‌ی بخرێنه‌ڕوو.
2) مه‌یدانی ئه‌و لادێیانه بكرێته بازاڕێك بۆ ساغكردنه‌وه‌و فرۆشتنی به‌روبوومی سروشتی (ئۆرگانیكی) ناوچه‌كه.
3) ده‌كرێت چه‌ند پارچه زه‌وییه‌ك بۆ به‌رهه‌مهێنانی به‌روبوومه كشتوكاڵییه وه‌رزییه‌كانی تێدا به‌رهه‌م بێت به‌بێ به‌كارهێنانی مه‌وادی كیمیایی بۆ سه‌رنجڕاكێشانی گه‌شتییاران.
4) ده‌بێت ئه‌و پرۆژه‌یه، له‌شێوه‌ی پرۆژه‌ی هاوبه‌شی نێوان وه‌به‌رهێنه‌ران و پشكێكی بۆ ئه‌و جووتیاره بێت كه سه‌رپه‌رشتی مه‌یدانی ده‌كات.
5) حكومه‌ت بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك لێخۆشبوونی باج بۆ ئه‌و پرۆژانه ده‌ربكات
6) به‌پێی پرۆژه‌ی یه‌كه‌ممان، كه تایبه‌تبوو به به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له‌ڕێی ووزه‌ی خاوێنه‌وه، یارمه‌تیده‌رێكی دیكه ده‌بێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان.
7) ده‌بێت ئه‌و باج لێخۆشبوو‌ن و ووزه‌ی خاوێنه نه‌بێته هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی قازانجی خه‌یاڵی به‌ڵكو بۆ ئه‌وه بێت نرخی به‌روبوومه‌كانیش گونجاو بێت.
كشتوكاڵی گه‌شتیاریی ماكینه‌یه‌ك بۆ به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی كه‌لتوور
له‌ڕێی كشتوكاڵی گه‌شتیارییه‌وه ده‌كرێت كۆمه‌ڵێك كارلێكی كه‌لتووری لێبكه‌وێته‌وه و وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ڕووداو و كاره‌ساته مێژووییه‌كان به‌بیر گه‌شتیاران بخاته‌وه به‌مشێوه‌یه:
كاتێك گه‌شتیاران ڕووده‌كه‌نه پرۆژه‌كانی گوندی كشتوكاڵی گه‌شتیاریی، ئه‌وا ڕۆده‌چنه واقیعی ژیانی لادێی كۆنی كورد‌و ڕاسته‌وخۆ ده‌توانن خۆیان بچن هه‌نار یا هه‌نجیر یا ترێكان به‌ده‌ستی خۆیان لێ بكه‌نه‌وه‌و ئه‌مه‌ش دووباره په‌یوه‌ست بوونه به‌سروشت و یه‌كانگیریشه له‌گه‌ڵ په‌یامه‌كانی ڕۆژی ژینگه.
له‌رێی هاتنی گه‌شتیارانه‌وه، ده‌كرێت كاره‌ساتی كیمیاباران و چۆڵكردنی زۆره ملێی لادێكان و ئه‌نفال دووباره وه‌بیرییان بخه‌یه‌وه.
ده‌كرێت ساڵانه فێستیڤاڵی ترێی ڕه‌ش یا ڕه‌شمیری له‌دۆڵی بالیسان سازبكرێت كه به‌روبوومی زۆر و باوه، تێیدا زۆرترین به‌رهه‌می میوه‌جات و به‌روبوومه‌كانی دیكه‌ی خۆماڵی تێدا نمایش بكرێت له‌پاڵیدا چاڵاكی هونه‌ری و میوزیك و هه‌ڵبه‌ستی كورده‌واری پێشكه‌ش بكرێت. (بۆ نموونه: له‌ده‌وڵه‌تی ڕوواندا، دوای جینۆسایده‌كانی 1994، له‌نێوان دوو پێكهاته‌ی ووڵاته‌كه ڕوویدا، له‌ئێستادا گه‌شتیاری گۆرێلا شێوه‌یه‌كی جیهانی وه‌رگرتووه).
سێیه‌م: پرۆژه‌ی ئاژه‌ڵداری و شیرداری
ئه‌گه‌ر له‌نه‌خشه‌ی دۆڵی بالیسان ووردبینه‌وه، ئه‌وا ڕێگایه‌كی زیاتر له 9 كیلۆمه‌تری دۆڵه‌كه‌ی شه‌ق كردووه، ئه‌گه‌ر ته‌نها 7 كیلۆمه‌تر پانی وه‌ربگرین وه‌كو خه‌ملاندنێك به وه‌رگرتنی پانتایی و ڕوبه‌ری بناری شاخه‌كانی چوارده‌وری، ئه‌وا 63 كیلۆمه‌تر دووجا له‌وه‌ڕگه‌و پانتاییت هه‌یه بۆ وه‌به‌رهێنان له‌بواری ئاژه‌ڵدارییدا و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش حكومه‌ت ده‌توانێت سوودی لێ ببینێت به دوو شێواز:
یه‌كه‌مییان: وه‌كو پرۆژه‌یه‌كی وه‌به‌رهێنان بۆ به‌رهه‌مه‌كانی شیره‌مه‌نی
دووه‌مییان: پرۆژه‌یه‌ك بۆ به‌رهه‌مهێنانی گۆشتی سوور
به‌پێی ستاندارده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، هه‌ر مانگایه‌ك ساڵانه له‌نێوان 1500 بۆ 2500 لتر شیر به‌رهه‌مدێنێت. بزن 150 بۆ 300 لترو مه‌ڕ 50 بۆ 150 لتر شیر به‌رهه‌م دێنن. هه‌روه‌ها بۆ ئه‌و رووبه‌ره‌ی وه‌كو خه‌ملاندنێك دانراوه به 63 كم2 ئه‌وا ده‌توانرێت هه‌زار مانگا و 4 هه‌زار بزن و 4 هه‌زار مه‌ڕیش شوێنی له‌وه‌ڕی بۆ دابنرێت و به‌خێو بكرێت (ئه‌مه‌ش به‌پێی ستاندارده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان: مانگا 1.5 بۆ 3 هێكتارو بۆ هه‌ریه‌كه له بزن و مه‌ڕ 0.6 هێكتار).
ئه‌گه‌ر به‌ته‌نها مانگا وه‌كو پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان وه‌ربگرین، ئه‌وا ساڵانه ده‌توانرێت زیاتر له یه‌ك ملیۆن و نیو لیتر شیر به‌رهه‌م بێت و به‌زیادكردنی شیری بزن و مه‌ڕیش ده‌گاته سه‌رووی دوو ملیۆن و نیو لیتر.
ده‌كرێت ئه‌مه‌ش ته‌رجومه‌ی كۆمه‌ڵێك به‌روبوومی سپیاتی وه‌كو ماست و په‌نیرو شیر بكرێت و هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی گوندی گه‌شتیاریی كشتوكاڵیشه‌وه به‌بازاڕ بكرێت.
جگه له‌وه‌ش، دۆڵی بالیسان له‌رووی پێگه‌ی جوگرافیشه‌وه، شوێنه‌كه‌ی زۆر باش و گونجاوه بۆ به بازاڕ كردن، تاڕاده‌یه‌ك له‌نێوان سه‌عاتێك كه‌متر بۆ سه‌عاتێك و بیست ده‌قیقه له‌ناوه‌ندی شاره‌كانی هه‌ولێرو سۆران و ڕانییه دوورییه‌كه‌یه‌تی و ئه‌مه‌ش هۆكارێكی دیكه ده‌بێت بۆ سانا گه‌یاندنی به‌روبوومه‌كان له‌كاتی خۆیدا.
بۆ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ش پێویستی به‌پاڵپشتی حكومه‌تی هه‌رێم له‌رووی كه‌مكردنه‌وه‌ی باج و پاڵپشتی حكومه‌تی عیراق بۆ پێدانی سلفه‌و قه‌رز بۆ بونیادنانی پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان له‌بواره‌كه‌دا.
بۆ سه‌ركه‌وتنی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ش، ده‌بێت ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان و وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی هه‌رێم هه‌ماهه‌نگی بكه‌ن بۆ هاندانی وه‌به‌رهێنه‌ران بۆ وه‌گه‌ڕخستنی سه‌رمایه‌كانیان له پرۆژه‌ی له‌و شێوه‌یه. هه‌روه‌ها گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی پاڵپشته داراییه‌كان له‌ڕێی بانكه نیشتیمانییه‌كانی عیراقه‌وه.
ده‌رئه‌نجام
ده‌كرێت و ده‌رفه‌تی زۆریش هه‌یه فرمێسكه‌كانی به‌هۆی گازی ژه‌هراوی چه‌كی كیمیاویی ڕژێمی سه‌ددامی دیكتاتۆره‌وه بگۆڕدرێن بۆ ده‌رفه‌تی پێچه‌وانه‌ی ژیانه‌ی ئاشتییانه‌و بوژانه‌وه‌ی كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری و بونیادنانی بناغه‌یه‌كی پته‌وی گه‌شتیاری كشتوكاڵی. ئه‌م پرۆژانه جگه له‌وه‌ی ده‌بنه هۆی بوژانه‌وه‌ی ئابووری، له‌ڕووی كه‌لتووری و مێژوویشه‌وه بایه‌خ و گرنگی خۆیان ده‌بێـت و ساڵانه‌ش له‌ڕێی فێستیڤاڵی ترێی ڕشمیرییه‌وه هه‌م خه‌ڵكی ئاشنای كاری جووتیاری ده‌بنه‌وه‌و هه‌میش تامی به‌روبوومی خۆماڵی وسروشتی ده‌كه‌نه‌وه.
له‌رێی بونیادنانی سه‌رچاوه‌كانی ووزه‌ی خاوێنیش، ئه‌وا په‌یامی ڕۆژی ژینگه له‌مانشێت و قسه‌ی ناو كتێبه‌كانه‌وه ده‌هێنێـته وه ناو واقیع و به‌كرده‌یی ئه‌و په‌یامه ده‌سه‌لمێنێت و بۆ یاده‌وه‌ری خه‌ڵكیش گرنگه دووركه‌وتنه‌وه له‌هه‌رجۆره گازێكی ژه‌هراوی چونكه یاده‌وه‌ری ناخۆش دێنێته‌وه بیری خه‌ڵكی ناوچه‌كه.
پرۆژه‌یه‌كی ئابووری بێ كه‌موكوڕی نییه‌و ده‌كرێت كه‌م و زیاد بكرێت، به‌ڵام ئێستا تۆپه‌كه له‌مه‌یدانی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی هه‌رێم و ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانه‌و لایه‌نی دووه‌میش حكومه‌تی عیراقه بێته مه‌یدان، بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یه‌كی بچووكی ئه‌و تاوانه گه‌وره‌یه‌ی كه حكومه‌تی عیراقی ئه‌وكات له‌ساڵانی 1980 كان ئه‌نجامیداوه. بۆیه ئه‌م بوژانه‌وه‌ی ئابووری ناوچه‌كه، كه دۆستی ژینگه‌ش بێت، ئه‌وا ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌ردوو حكومه‌ته.
