Draw Media

مرۆڤی ئەخلاقیی دەتوانێت کام خەون بیبینێت؟

 مرۆڤی ئەخلاقیی دەتوانێت کام خەون بیبینێت؟

2025-04-07 09:13:03


مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)

ئەگەر بکرێت مرۆڤ لە نێوان هەڵبژاردنی بەهاکاندا ناچار بەوە بکرێت تەنها یەک بەها لە بەهاکان هەڵبژێرێت و تەنها ئەو بەهایە ژیانی خۆی و ژیانی کەسانی تر ڕێکبخات، دەبێت ئەو بەهایە کام بەها بێت؟ کام بەها لە سەرجەمی بەهاکانی تر بۆ ژیانی تاکەکەسی و ژیانی پێکەوەیی مرۆڤەکان گرنگترینە؟ لەناو ئەو بەهایانەدا کە پێغەمبەران و فەیلەسوفان و شاعیران و پیاوچاکەکان پێشنیاریان کردوە کام بەها لە پێش هەموو ئەوانیترەوەیە؟

بە بۆچونی من پێویستە ئەو بەهایە بەهای «پاراستنی ژیانی مرۆڤ و دەستدرێژی نەکردنە سەر ژیان» بێت. ئەمەش بەو مانایەی مافی ئەوە بە مرۆڤ ببەخشرێت بژیی بەو جۆرە کە دەخوازێت و بەو جۆرە کە حەزدەکات بژی. بەو مانایەی مرۆڤ بتوانێت ئەوەی بوێت کە حەزدەکات و دەخوازێت هەیبێت. مافی ئەوەی هەبێت بەوشێوەیە بیربکاتەوە کە دەخوازێت بیربکاتەوە. مافی داهێنان و دەسکاریکردنی ژیانی خۆی هەبێت و بشتوانێت بیر لە بوونی چوارچێوەی تر بۆ رێکخستنی ژیانی خۆی بکاتەوە. بە کورتییەکەی مافی مرۆڤ لەوەدا کە ژیانێکی کەرامەت پارێزراوی هەبێت و بژیی.

 بەڵام ژیانێک ژیان و کەرامەتی مرۆڤی تێداپارێزراوبێت، ژیانێک کەس نەتوانێت دەستی بۆبەرێت، مرۆڤ تیایدا ئازادبێت لەوەدا چۆن دەژیی، کام جۆرە ژیانێکە؟  

ئایا ئەو جۆرە ژیانەیە کە دیندارەکان بە ئێمە دەڵێن کام ژیانەیە؟ یان ئەو جۆرە ژیانەیە کە بێدینەکان دەیڵێن و باسیدەکەن؟  ژیانێکی فەلسەفیانەی پر تێرامان و بیرکردنەوە بە بڕێکی گەورە لە تەنهاییەوە؟ یان ژیانێکی کەرنەڤاڵ ئامێزە لەگەڵ ئەوانەدا کە مرۆڤ لگەڵیاندا دەژیی؟ ئایا ژیانێکە لەگەڵ بوونی خودادا یان ژیانێکە بەبێ خودا؟ ژیانێکە لە پێناوی چێژ و خۆشحاڵی بەردەومدا، یان ژیانێکە تێوەگلان لە پرسیار و بیرکردنەوەی ئالۆز، ئاراستەی دەکات؟ ژیانێک تیایدا مرۆڤ لە ژینگەیەکی سنوورداریی تەواو ناسراو و جێگیر و بێگۆرانکاریی گەورەدا، دەیگوزەرێنێت؟ یان ژیانە وەک کۆچەرییەک کە هیچ شوێن و سەرزەمین و ماڵ و ژینگەیەک نەتوانێت بیوەستێنێت و دایمەزرێنێت؟ ئایا ژیانێکە پر لە ڕاکردن و جولە یان ژیانێک پڕ لە دانیشتن و جێگیریی؟  

بێگومان هیچ یەکێک لەو پرسیارانە لە بۆشاییدا ناکرێن و هیچ یەکێکیشیان لە بۆشاییدا وەڵام نادرێنەوە.لە پشتی هەریەکێک لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەوە، جۆر و مۆدێل و سیستمی سیاسیی تایبەت و جۆر و مۆدێلی تەیباتیش لە کۆمەڵگا ئامادەیە. وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە هەرچۆنێک بێت ئەوەی گرنگە هەمیشە و هەردەم ئامادەبێت، دوورکەوتنەوەیەکی تەواوەتییە لە یەک بەها و پرنسیپ، کە بەها و پرنسیپی قوربانیدانە بە مرۆڤ لە پێناوی ئەم یان ئەو بۆچوون و ئەم یان ئەو ئایدیای ئەبستراکتدا. بۆ نموونە قوربانیدان بە مرۆڤ لە پێناوی:  نەتەوە، چین، دین، دەولەت، حیزب، سەرۆک، تەنانەت خودا خۆیشیدا.
ئەوەی لە سەرجەمی وەڵام بەو پرسیارانەدا پێیوستە پرنسیپی سەرەکیی و ژێرخانی رێکخستنی ئەخلاقیی و کۆمەلایەتی و سیاسیی بێت، «بەموقەدەسکردنی ژیان» خۆیەتی. لەناو هەریەکێک لەو چەمکە ئەبستراکتانەی سەرەوەدا کە باسکران، دەریایەک خوێن و گۆڕستان مەرگ و کوشتن و بریندارکردن و بێنخرکردنی ژیان و کەرامەتی مرۆڤ ئامادەیە.

قوربانیدان بە مرۆڤ و بەکەم سەیرکردنی ژیان، بەشێکە لە مێژووی مرۆڤ. لە هەندێک کولتوردا تەنانەت قوربایندان بە ئاژەڵ دەگۆڕێت بە قوربانیدان بە مرۆڤ. جەنگەکان، بە باش و خراپیانەوە، هەمیشە بیرۆکەیەک ئاراستەی کردون، بیرۆکەی پاراستنی شتێک گەورەتر و بەنرختر لە ژیان خۆی. جا ئەو بیرۆکەیە دەشێت بەرگریکردنبێت لە  نەتەوە، چین، دین، دەوڵەت، حیزب، سەرۆک، یان خودا خۆیشی. زۆرن ئەوانەی بەناوی پاراستن و بەگریکردن لەم بیرۆکە ئەبستراکتانەوە ئامادەن پەلاماری ژیان بدەن و قوربانی بە مرۆڤ بدەن.

ئەگەر شتێک هەبێت ناوی ئەخلاق بێت ئەوا کۆی ئەو هەوڵدان و تێکۆشانانەیە کە دەیانەوێت کۆتایی بەم کولتور و خواستی دروستکردنی قوربانییە بهێنن، لە پێناوی ئەو بیرۆکە ئەبستراکتانەدا. بەگژاچونەوەی ئەو هێز و دەزگا و دونیابینیانەیە کە لەسەر دروستکردن و گەورەکردن و پاراستنی ئەم قوربانیسازییە کاردەکات.  ئەم خاڵە وادەکات ئەخلاق زۆر بە توندیی بە سیاسەتەوە گرێبدرێت. کە باس لە سیاسەت دەکەم باس لە سیاسەت وەک چالاکی سەرەکیی دروستکردنی ژیانێکی هاوبەش دەکەم، کە تیایدا مرۆڤەکان بتوانن هەم خۆیان بن و هەم لێگەڕێن کەسانیتریش خۆیان بن بەو شێوەیەی دەیانەوێت و خوازیارن کە هەبن. واتە سیاسەت وەک چالاکی رزگارکردنی ژیانی مرۆڤەکان لە  ساختەکاریی و فێل و درۆ و گەمەکردن بە یەکتریی و بە ژیان خۆی، لە پێناوی دروستکردنی ژیانێکی هاوبەش و متمانەپێکراودا.

لەم دیدگایەدا ئەخلاق و سیاسەت زۆر بە توندی بەیەکەوە گرێدراون، مرۆڤ ناتوانێت «مرۆڤێکی ئەخلاقیی» بێت گەر «مرۆڤێکی سیاسیی» نەبێت، واتە بەشدار نەبێت لە دروستکردن و رێکخستن و ئاراستەکردنی ژیانی گشتیدا. وەکچۆن مرۆڤ ناتوانێت «مرۆڤێکی سیاسیی» بێت، واتە خەریکی دروستکردن ڕێکخستن و ئاراستەکردنی ژیانی گشتیی بێت، بەبێ ئەوەی «مرۆڤێکی ئەخلاقیی» بێت. وەک وتیشم پرنیسیپی ژمارە یەکی ناو ژیانی ئەخلاقیش پرنسیپی قوربانینەدان بە مرۆڤ و قوربانینەدان بە خودی ژیانە. لە هەموو ئەو دۆخانەدا، مرۆڤەکان بەناوی هەر پرنسیپێکی ئەبستراکتەوە بیربکەنەوە و کاربکەن، ئەوەی دەبێت بپارێزرێت وێناکردنی ژیانی مرۆڤە وەک پێدراوێکی پیرۆز. ئەگەر مرۆڤ بوونەوەرێک بێت نەتوانێت بەبێ موقەدەس بژیی، ئەوا موقەدەسی ژمارە یەک وێناکردنی ژیان خۆیەتی وەک پێدراوێکی پیرۆز کە کەس نەتوانێت، بەناوی هیچ ئایدیایەکی ئەبستراکتەو، لە نەتەوە و بۆ نیشتیمانەوە بیگرە بۆ سەرۆک و خودا خۆیشی، دەست بۆ ئەو ژیانە ببات و دەستدرێژی بکاتە سەر.

ئەو خەونەی مرۆڤێکی ئەخلاقیی دەتوانێت بیبینێت خەونی دروستکردنی جیهانێکی باشتر و ئینسانیترە، جیهانێک تیایدا خۆشەویستی لە ڕق، هێمنیی لە توڕەبوون، دادپەروەریی لە بێدادیی، ئازادیی لە نائازادیی، ئاسایش لە جەنگ، ماف لە بێمافیی، بەهێزتر و بەرفراوانتر بێت. جیهانێک بێت «سەرجەمی موقەدەسەکان» لە خزمەتی موقەدەسی پاراستنی ژیان و پاراستنی کەرامەتی ئینسانیدا بن.
دروستکردنی ئەم جیهانەش پێویستی بە بەشداریی هەمووانە: لە هونەرمەندان و شاعیران و فەیلەسوفانەوە بیگرە، بۆ پێغەمبەران و سیاسەتمەداران و  زانایان، بە تێپەرین بەناو بەشداریی کاسبکاران و باوکان و دایکان و منداڵاندا.
جیهانێکی لەو شێوەیە شتێک نییە تەنها بە هێزێک لە هێزەکان دروستبکرێت. هەم شاعیرێک و هەم زانایەک، هەم جوتیارێک و هەم بازرگانێک، هەم دیندارێک و هەم بێدینێک، هەم ژنان و هەم پیاوان پێویستن بۆ دروستکردنی.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand