میلیشیاكانی عێراق ئامادەییان پیشانداوە بۆ دانانی چەكەكانیان

2025-04-07 07:36:36
درەو:
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز:
میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق، ئامادەن چەکەكانیان دابنێن لەپێناو توڕە نەكردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.
(10) فەرماندەی باڵا و بەرپرسی عێراقی راگەیاندووە، چەندین گروپی میلیشیای بەهێزی سەر بە ئێران لە عێراق، بۆ یەکەمجار ئامادەن چەک داماڵن، بۆ ئەوەی مەترسی پەرەسەندنی ململانێ لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ دوور بخەنەوە.
ئەم هەنگاوەی کەمکردنەوەی گرژییەکان، دوای هۆشدارییە دووبارەكان دێت کە لەلایەن بەرپرسانی ئەمریکاوە بەنهێنی ئاڕاستەی حکومەتی عێراقیان كردووە، لە دوای دەستبەکاربونی ترەمپەوە لە مانگی كانونی دووەمدا، بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، کە شەش فەرماندەی ناوخۆیی چوار میلیشیای گەورە لەخۆدەگرن.
ئەو بەرپرسانە بە بەغدایان وتووە، ئەگەر ئەو میلیشیایانە کە لەسەر خاکەکەی کاردەکەن هەڵنەوەشێنرێنەوە، ئەمریکا لەڕێی هێرشی ئاسمانی ئەو گروپانە دەکاتە ئامانج.
عیزەت شابەندەر، كە سیاسەتمەدارێکی باڵای شیعەی نزیک لە هاوپەیمانی حوکمڕان لە عێراق، بە ئاژانسی رۆیتەرزی وتووە، گفتوگۆکانی نێوان محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و چەند سەرکردەیەکی میلیشیاکان، زۆر بەروپێشەوە چووەو، گروپەکان خواستیان هەبووە پابەندبن بە داواکارییەکانی ئەمریکا بۆ داماڵینی چەک.
وتوشیەتی: گروپەكان لاسارانە هەڵسوكەوت ناکەن و پێداگری لەسەر بەردەوامبون لە فۆڕمی ئێستایان ناکەن، بە تەواوی دركیان بەوەكردووە، كە رەنگە لەلایەن ئەمریکاوە بکرێنە ئامانج.
ئەو شەش فەرماندە میلیشیایەی لە بەغداد و پارێزگایەکی باشور چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە، سەربە گروپەکانی کەتائیبی حزبوڵا، نوجەبا، كەتائیبی سەیدلشوهەدا و ئەنساروڵا ئەوفیان. فەرماندەیەکی کەتائیبی حزبوڵا، کە بەهێزترین میلیشیای شیعەیە، لە پشت دەمامکی رەشی دەموچاوی و چاویلکەی خۆرییەوە قسەی کرد، وتی: ترەمپ ئامادەیە شەڕ لەگەڵ ئێمە بەرەو ئاستێکی خراپتر ببات، ئێمە ئەوە دەزانین و دەمانەوێت خۆمان لە سیناریۆیەکی وەها خراپ بەدوور بگرین. فەرماندەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، هاوپەیمان و سەرپەرشتیاری سەرەکییان، سوپای پاسدارانی ئێران، رەزامەندی پێداون بۆ هەر بڕیارێک بە پێویستی بزانن، بۆ ئەوەی خۆیان بەدور بگرن لەوەی کێشنەكرێنە ناو ئەگەری ململانێیەکی وێرانکەر لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل.
میلیشیاکان بە بەشێك لە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، كە گروپێکی كۆكەرەوەی نزیکەی 10 گروپی چەکداری شیعەی توندڕەو لەخۆ دەگرێت، پێكەوە خاوەنی نزیکەی 50 هەزار چەکدارو جبەخانەی موشەکی دوور مەوداو چەکی دژە فڕۆکەن، بە وتەی دوو بەرپرسی ئەمنی کە چاودێری چالاکی میلیشیاکان دەکەن. هەرێمایەتیەكانی ئێرانە، بەرپرسیارێتی دەیان هێرشی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ سەر ئیسرائیل و هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی غەززەوە لە ئەستۆ گرتووە.
فەرهاد عەلائەدین، راوێژکاری کاروباری دەرەوەی سودانی، لە وەڵامی پرسیارەکانی سەبارەت بە دانوستانەکانی داماڵینی چەک، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، سەرۆک وەزیران پابەندە بە زامنكردنی ئەوەی تەواوی چەک لە عێراق لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا بێت، لە رێگەی دیالۆگی بنیاتنەر لەگەڵ لایەنە نیشتمانییە جیاوازەکان.
دوو بەرپرسی ئەمنیی عێراق رایانگەیاندووە، سودانی پێداگیری دەكرد لەسەر داماڵینی چەکی تەواوی میلیشیاکانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، کە وەلائیان بۆ سوپای پاسدارانی ئێران یان سوپای قودسی ئێران راگەیاندبوو نەک بەغداد. بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسان و فەرماندەکان، هەندێک گروپ لە ئێستاوە تاڕادەیەکی زۆر بارەگاکانیان چۆڵکردووەو لە ناوەڕاستی مانگی یەکەوە بوونی خۆیان لە شارە گەورەکانی موسڵ و ئەنبار کەمکردووەتەوە، لە ترسی ئەوەی روبەڕوی هێرشی ئاسمانی نەبنەوە. بەوتەی بەرپرسان و سەركردەكان، زۆرێک لە فەرماندەکانیش لەو ماوەیەدا رێوشوێنە ئەمنییەکانیان چڕتر کردووەتەوە و زیاتر مۆبایل و ئۆتۆمبێل و شوێنی نیشتەجێبوونیان دەگۆڕن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختیكردووە لەوەی، بەردەوامە لە هاندانی بەغداد بۆ جڵەوكردنی میلیشیاکان و پێویستە ئەو هێزانە وەڵامی فەرماندەی گشتی عێراق بدەنەوە نەک ئێران. بەرپرسێکی ئەمریکی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت هۆشداریدا لەوەی لە رابردوودا حاڵەت هەبووە کە میلیشیاکان بەهۆی فشارەکانی ئەمریکاوە هێرشەکانیان وەستاندووە، گومانی خۆشی دەربڕیوە لەوەی پرۆسەی چەکداماڵین كاتێكی زۆر بخایەنێت.
شابەندەر، رایگەیاندووە، تا ئێستا حکومەتی عێراق رێککەوتنی لەگەڵ سەرکردەی گروپە چەکدارەکان کۆتایی پێنەهێناوەو میکانیزمی چەکداماڵین هێشتا لەژێر گفتوگۆدایە. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بژاردانەی پێشنیازكراون، بریتین لە گۆڕینی گروپەکان بۆ حزبی سیاسی و تێکەڵکردنیان بە هێزە چەکدارەکانی عێراق.
لە کاتێکدا چارەنوسی پرۆسەی چەکداماڵین نادیارە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش یەکەمجارە میلیشیاکان ئامادەیی پیشانبدەن بۆ ملكەچبوون بە فشارە درێژخایەنەکانی رۆژئاوا بۆ داماڵینی سەربازی. ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکی ناهەمواردایە بۆ بەرەی مقاوەمەی هەرێمایەتی سەربە تاران، کە تاران بە تێچوویەكی زۆر لە ماوەی دەیان ساڵدا دایمەزراندووە بۆ دژایەتیکردنی ئیسرائیل و هەژموونی ئەمریکا، بەڵام لە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەرەو ململانێ برد، بەتەواوی لاوازبوو.
حەماس لە غەززەو حزبوڵا لە لوبنان لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە دووچاری وەشاندنی گورزی سەربازی بوونەوە، لە کاتێکدا حوسییەکان لە یەمەن لە مانگی رابردووەوە، لەلایەن ئەمریکاوە کراوەتە ئامانج.
روخانی بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سوریا کە هاوپەیمانێکی دیکەی سەرەکی ئێران بوو، کاریگەریی کۆماری ئیسلامیی زیاتر لاواز کرد.
عێراق هەوڵدەدات هاوسەنگی هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەمریکاو ئێران لە مامەڵەکردن لەگەڵ میلیشیاکانی لە سەر خاکەکەیدا رابگرێت. ئەو گروپانە لە سەرانسەری وڵات بە پشتیوانی دارایی و سەربازی ئێران، دوای ئەو ئاژاوەیەی لەدوای لەشکرکێشی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣ سەریهەڵدا، کە سەدام حوسێنی روخاند، بوونە هێزی گەورە توانای ركابەریی سوپایان هەیە.
پیت هێگسێت، وەزیری بەرگری ئەمریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە 16ی ئازاردا، دوای ماوەیەکی کەم لە دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر حوسییەکان، بە سەرۆک وەزیرانی سودانی راگەیاند، رێگە لەو میلیشیایانە بگرێت هێرشی تۆڵەسەندنەوە بۆ سەر ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ئەنجام نەدەن بۆ پشتیوانیکردن لە هاوپەیمانەکانیان، ئەوەش بەوتەی دوو بەرپرسی حکومەت و دوو سەرچاوەی ئەمنی، کە ئاگاداری پەیوەندییە تەلەفونیەكە بوون.
میلیشیاکانی عێراق، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە، وەک هاودەنگی لەگەڵ حەماس، دەیان هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکیان دژی ئیسرائیل ئەنجامدا، ساڵی رابردوش لە هێرشێكی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا لە ئوردن لە نزیک سنوری سوریا سێ سەربازی ئەمریکییان کوشت. ئیبراهیم سومەیدەعی، راوێژکاری سیاسی پێشوی سودانی بە کەناڵی تەلەفزیۆنی دەوڵەتی عێراقی راگەیاند، ئەمریکا لە مێژە فشاری خستۆتە سەر سەرکردایەتی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشیا شیعەکان، بەڵام رەنگە ئەمجارە واشنتۆن نەخێر بۆ وەڵام وەرنەگرێت، ئەگەر خۆبەخشانە پابەند نەبین، لەوانەیە لە دەرەوە و بە زۆر بەسەرماندا بسەپێندرێت.
