Draw Media

بەهای شمەک و کاڵای هاوردەکراو بۆ عێراق لەساڵی 2024

بەهای شمەک و کاڵای هاوردەکراو بۆ عێراق لەساڵی 2024

2025-03-25 08:16:26


راپۆرتی: درەو
🔻 شمەک و کاڵای هاوردەکراو بۆ عێراق لە ساڵی (2024)دا؛
🔹 عێراق بە بەهای نزیکەی (65 ملیار و 293 ملیۆن) دۆلار کاڵاو شمەکی لە وڵاتانی (ئیمارات، چین، تورکیا، هند، بەرازیل و ئەمریکا)ەوە هاوردە کردووە.
🔹 زۆرترین بەهای کاڵاو شمەک بۆ عێراق لە ئیماراتەوە هاوردە کراوەو بەهاکەی نزیکەی (31 ملیار و 197 ملیۆن) دۆلار بووە، کە بەرامبەرە بە (48%)ی کۆی هاوردەی وڵاتانی ناوبراو.
🔹 زۆرترین بەهای کاڵاو شمەکی هاوردەکراو بۆ عێراق زێڕو کانزا بەنرخەکان بووەو بەهاکەی (12 ملیار) دۆلاری تێپەڕاندووە، بەهای نزیک لە (11 ملیار) دۆلاری بە ڕێژەی (91.5%)ی زێڕەکەش لە ئیماراتەوە هاوردەکراوە.

سەرەتا
عێراق لە ساڵی (2024)دا، بە بەهای نزیکەی (65 ملیار و 293 ملیۆن) دۆلار کاڵاو شمەکی لە وڵاتانی (ئیمارات، چین، تورکیا، هند، بەرازیل و ئەمریکا)ەوە هاوردە کردووە، زۆرترین بەهای کاڵاو شمەک بۆ عێراق لە ئیماراتەوە هاوردە کراوەو بەهاکەی نزیکەی (31 ملیار و 197 ملیۆن) دۆلار بووە، کە بەرامبەرە بە (48%)ی کۆی هاوردەی وڵاتانی ناوبراو.
زۆرترین بەهای کاڵاو شمەکی هاوردەکراو بۆ عێراق زێڕو کانزا بەنرخەکان بووەو بەهای (12 ملیار) دۆلاری تێپەڕاندووە، بەهای نزیک لە (11 ملیار) دۆلاری بە ڕێژەی (91.5%)ی زێڕەکەش لە ئیماراتەوە هاوردەکراوە.
لە نێو ئەو وڵاتانەشدا هندستان گەورە هەناردەکاری دانەوێڵەو گوشت بووە بۆ عێراق و پلەی یەکەمی گرتووە، لەم ڕاپۆرتەدا وردەکاری زیاتر خراوەتەڕوو.

یەکەم؛ قەبارەی شمەک و کاڵای هاوردەکراوی عێراق لە (ئیمارات)ەوە لە ساڵی 2024
ئیمارات زۆرترین شمەک و کاڵای هەناردەی عێراق کردووە، بە بەهای زۆرتر (31 ملیار 196 ملیۆن) دۆلار، (48%)ی هاوردەکراوی عێراقی لە چوارچێوەی وڵاتانی (چین، تورکیا، ئەمریکا، بەرازیل و هند) پێکهێناوە.
قەبارەی هاوردەش بۆ عێراق لە ئیماراتەوە بە پلەی یەکەم زێڕ و کانزا بەنرخەکانی گرتووەتەوە، بەهاکەی نزیکەی (10 ملیار و 398 ملیۆن) دۆلارو سەرو ڕێژەی (35%)ی کۆی کاڵا هاوردەکراوەکانی ئیماراتی پێکهێناوە. لە دوای ئەویشەوە هاوردەی ئامێرە ئەلکترۆنییەکان بەهای زۆرتر لە (6 ملیار و 397 ملیۆن) دۆلاری بەڕێژەی (20.5%)ی شمەکە هاوردەکراوەکانی ئیماراتی لەخۆگرتووە، هەر لە ئیماراتەوە بە بەهای سەروو (5 ملیار و 139 ملیۆن) دۆلار بەڕێژەی (16.5%) ئۆتۆمبێل هاوردەکراوە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە خشتەو چارتەکان.

دووەم؛ قەبارەی شمەک و کاڵای هاوردەکراوی عێراق لە (چین)ەوە لە ساڵی 2024
لە دوای ئیماراتەوە چین زۆرترین شمەک و کاڵای هەناردەی عێراق کردووە، (24%)ی هاوردەکراوی عێراقی لە چوارچێوەی وڵاتانی (ئیمارات، تورکیا، ئەمریکا، بەرازیل و هند) پێکهێناوە، بەپێی داتا فەرمییەکانی دەستەی گومرگی چین، هەناردەی چین بۆ عێراق لە ساڵی (2024)دا گەیشتووەتە نزیکەی (16 ملیار) دۆلار.
قەبارەی هاوردەش بۆ عێراق بە پلەی یەکەم ئامێرە میکانیکییەکانی گرتووەتەوە، بەهاکەی (3 ملیار و 176 ملیۆن) دۆلاری تێپەڕاندووەو نزیکەی ڕێژەی (20%)ی کۆی کاڵا هاوردەکراوەکانی چینی پێکهێناوە. لە دوای ئەویشەوە هاوردەی ئامێرە ئەلکترۆنییەکان بەهای (2 ملیار و 234 ملیۆن) دۆلاری بەڕێژەی (14%)ی شمەکە هاوردەکراوەکانی چینی لەخۆگرتووە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە خشتەو چارتەکان.

سێیەم؛ قەبارەی شمەک و کاڵای هاوردەکراوی عێراق لە (تورکیا)ەوە لە ساڵی 2024
تورکیا لە ساڵی (2024) لە دوای ئیمارات و چینەوە زۆرترین شمەک و کاڵای هەناردەی عێراق کردووە، (17%)ی هاوردەکراوی عێراقی لە چوارچێوەی وڵاتانی (ئیمارات، چین، ئەمریکا، بەرازیل و هند) پێکهێناوە، بەجۆرێک هەناردەی تورکیا بۆ عێراق لە ساڵی (2024)دا گەیشتووەتە سەروو (11 ملیار و 249 ملیۆن) دۆلار.
قەبارەی هاوردەش بۆ عێراق بە پلەی یەکەم زێڕو کانزا بەنرخەکانی گرتووەتەوە، بەهاکەی (ملیارێک و 7 ملیۆن) دۆلاری تێپەڕاندووە بە ڕێژەی (9%)ی کۆی کاڵا هاوردەکراوەکانی تورکیای پێکهێناوە. لە دوای ئەویشەوە هاوردەی کەلوپەلی میکانیکی بەهای نزیکەی (620 ملیۆن) دۆلاری بەڕێژەی (5.5%)ی شمەکە هاوردەکراوەکانی تورکیای لەخۆگرتووە، پاشان کەلوپەلی ناوماڵی هاوردەکراو لە دوای زێڕ و پیداویستییە میکانیکییەکان لە تورکیاوە بە بەهای زیاتر لە (608 ملیۆن) دۆلار بە ڕێژە (5.4%)ی شمەکە هاوردەکراوەکانی تورکیا لەخۆگرتووە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە خشتەو چارتەکان.

چوارەم؛ قەبارەی شمەک و کاڵای هاوردەکراوی عێراق لە (هندستان)ەوە لە ساڵی 2024
هندستان لە ساڵی (2024) لە دوای ئیمارات و چین و تورکیاوە زۆرترین شمەک و کاڵای هەناردەی عێراق کردووە، (5%)ی هاوردەکراوی عێراقی لە چوارچێوەی وڵاتانی (ئیمارات، چین، تورکیا، ئەمریکا و بەرازیل) پێکهێناوە، بەجۆرێک هەناردەی هندستان بۆ عێراق لە ساڵی (2024)دا گەیشتووەتە سەروو (3 ملیار و 313 ملیۆن) دۆلار.
قەبارەی هاوردەش بۆ عێراق بە پلەی یەکەم لە هندەوە دانەوێڵەی گرتووەتەوە، بەهاکەی (935 ملیۆن) دۆلاری تێپەڕاندووە بە ڕێژەی (28%)ی کۆی کاڵا هاوردەکراوەکانی هندستانی پێکهێناوە. لە دوای ئەویشەوە هاوردەی سوتەمەنی کانزایی بەهای سەروو (467 ملیۆن) دۆلاری بەڕێژەی (14%)ی شمەک و کاڵا هاوردەکراوەکانی هندستانی لەخۆگرتووە، پاشان گۆشتی هاوردەکراو لە دوای دانەوێڵەو سوتەمەنی لە هندەوە بە بەهای (377 ملیۆن) دۆلار بە ڕێژەی (11.4%)ی شمەکە هاوردەکراوەکانی هندستانی لەخۆگرتووە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە خشتەو چارتەکان.

پێنجەم؛ قەبارەی شمەک و کاڵای هاوردەکراوی عێراق لە (بەرازیل)ەوە لە ساڵی 2024
بەرازیل لە ساڵی (2024) لە دوای ئیمارات، چین، تورکیاو هندستانەوە زۆرترین شمەک و کاڵای هەناردەی عێراق کردووە، (3%)ی هاوردەکراوی عێراقی لە چوارچێوەی وڵاتانی (ئیمارات، چین، تورکیا، هندستان و ئەمریکا) پێکهێناوە، بەجۆرێک بەهای هەناردەی بەرازیل بۆ عێراق لە ساڵی (2024)دا گەیشتووەتە سەروو (ملیارێک و 886 ملیۆن) دۆلار.
قەبارەی هاوردەش بۆ عێراق بە پلەی یەکەم لە "بەرازیل"ەوە شەکرو بەرهەمە شیرینییەکانی گرتووەتەوە، بەهاکەی سەروو (669 ملیۆن) دۆلار بووە بە ڕێژەی (35.5%)ی کۆی شمەک و کاڵا هاوردەکراوەکانی بەرازیلی پێکهێناوە. لە دوای ئەویشەوە هاوردەی گۆشت بەهای نزیکەی (432 ملیۆن) دۆلاری بەڕێژەی نزیک لە (23%)ی شمەک و کاڵا هاوردەکراوەکانی بەرازیلی لەخۆگرتووە، پاشان ئاسنی هاوردەکراو لە دوای شەکر و گۆشتەوە لە بەرازیل بە بەهای نزیکەی (83 ملیۆن) دۆلار بە ڕێژەی (4.4%)ی شمەکە هاوردەکراوەکانی بەرازیلی لەخۆگرتووە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە خشتەو چارتەکان.

شەشەم؛ قەبارەی شمەک و کاڵای هاوردەکراوی عێراق لە (ئەمریکا)ەوە لە ساڵی 2024
ئەمریکا لە ساڵی (2024) لە دوای ئیمارات، چین، تورکیاو هند و بەرازیلەوە زۆرترین شمەک و کاڵای هەناردەی عێراق کردووە، (3%)ی هاوردەکراوی عێراقی لە چوارچێوەی وڵاتانی (ئیمارات، چین، تورکیا، هندستان و بەرازیل) پێکهێناوە، بەجۆرێک بەهای هەناردەی ئەمریکا بۆ عێراق لە ساڵی (2024)دا گەیشتووەتە سەروو (ملیارێک و 660 ملیۆن) دۆلار.
قەبارەی هاوردەش بۆ عێراق بە پلەی یەکەم لە "ئەمریکا"ەوە ئۆتۆمبێلی گرتووەتەوە، بەهاکەی سەروو (513 ملیۆن) دۆلار بووە بە ڕێژەی نزیک لە (31%)ی کۆی شمەک و کاڵا هاوردەکراوەکانی ئەمریکای پێکهێناوە. لە دوای ئەویشەوە هاوردەی کەلوپەلی میکانیکی بەهای سەروو (271 ملیۆن) دۆلاری بەڕێژەی سەروو (16%)ی شمەک و کاڵا هاوردەکراوەکانی ئەمریکای لەخۆگرتووە، پاشان کەلوپەلی ئەلیکترۆنی هاوردەکراو لە دوای ئۆتۆمبێل و ئامێرە میکانیکییەکانەوە لە ئەمریکا بە بەهای سەروو (128 ملیۆن) دۆلار بە ڕێژەی (7.7%)ی شمەکە هاوردەکراوەکانی ئەمریکای لەخۆگرتووە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە خشتەو چارتەکان.

خشتەو چارتەکان

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand