نەورۆز و ئیسلام و کوردبوون و سەلەفیەت
.jpg)
2025-03-23 16:22:11
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)
لە کاتێکدا جەژنی نەورۆز لە ناو کوردانی باکور و ڕۆژەهەڵات و رۆژئاوادا بە حەماسەتێکی گەورە و رۆحیەتێکی کەم وێنەی ژیاندۆستییەوە یاددەکرێتەوە، لە کاتێکدا کوردانی ئەو بەشانە یادکردنەوەکە بە جەندان مانای سیاسیی ئازادیخوازانە بارگاوی دەکەن و لەم رێگەیەوە پێ لەسەر کوردبوونی خۆیان لە دونیای ئەمرۆدا دادەگرن. لە هەمان ئەو کاتەدا نەوەیەک لە دیندار و مەلا و بانگخوازی سەلەفیی و سەلەفی مەشرەب، کە بە کۆمەڵ دەچنەوە ناو وەهابیەت و سەلەفیەتی سعودی و خەلیجی، خەریکی تەکفیرکردنی نەورۆزن وەک جەژن و تەکفیری یادکردنەوەکردنەکەشی وەک دەرچوون لە دین. یادکردنەوەی نەورۆز، دوای زیاد لە سەدەیەک لە خەباتی سیاسیی و فەرهەنگیی و ئینسانیی و دوای هەوڵ و کۆشش و قوربانیدانی زیاد لەنەوەیەک، خەریکە دەبێتە رووداوێکی سیاسیی و فەرهەنگیی و کۆمەلایەتی گرنگی ناو ژیانی کوردان لە جیهاندا، خەریکە دەگۆڕێت بۆ یەکێک لە بۆنە هەرەسەرەکییەکانی کۆکردنەوەی خەڵکی کوردستان لەدەوری شوناسێکی یەکگرتوو، دەڵێم رێک لەوکاتەدا ئەم نەوە لە بانگخوازی سەلەفی لە هەرێمدا دەیانەوێت، نەک تەنها دیوارێک لە نێوان دینداربوون و جەژنەکەدا دروستبکەن، بەڵکو دەخوازن بە تەواوەتی لە کوردبوونیش دایببڕن.
لە چەند رۆژی رابردوودا گوێمان لە دەنگی زیاد لە جەندان بانگخوازی ئیسلامیی سونی سەلەفیی بوو کە هێرشیان دەکردە سەر نەوروۆز و سەر ئەوانەیش کە یادی جەژنەکە دەکەنەوە. ئەمانە دەیانگوت ئێمە میلەتێکی موسڵمانین و ئیسلامیش تەنها دوو جەژنی هەیە، جەژنی قوربان و رەمەزان، کە خەڵک تیایدا دەتوانن جەژنە پیرۆزە لەیەکتری بکەن. لە دەرەوەی ئەمەدا جەژنە پیرۆزەکردن حەرامە و خودا و پێغەمبەرەکەی پێیان ناخۆشە.
لە هەمانکاتدا دەڵێن نەورۆز نەک جەژنی موسڵمانان نییە، لەناویشیاندا کوردان، بەڵکو جەژنێکی «هاوردە»یە و یادکردنەوەی، یان پیرۆزباییکردنی نەک تەنها نەشیاو و نەگونجاوە، بەڵکو دەچێتە خانەی گوناه و کوفرەوە. هەندێکیان یادکردنەوەی نەورۆز وەک پیلانی ناحەزانی ئیسلام دەبینن و مەبەست لێی لێدانە لە ئیسلام و موسڵمانان. جگە لەمە ئەو کۆبوونەوە و تێکەڵبوون و رەشبەڵەک و هەڵپەرکێ و سەماکردنەش لە دۆخی یادکردنەوەی نەورۆزدا ڕووئەدات، هەمووی بە حەرام دەزانن و وەک هێمای بێدینیی و بەدئەخلاقی وێنایدەکەن. یەکێک لە بانگخوازەکان لەم بارەیەوە دەڵێت: ئەوەی لە نەورۆزدا رووئەدات «دینی ئیسلامی لەگەڵدا نییە، قورئانی لەگەڵدا نییە و خودایشی لەگەڵدا نییە» بۆیە «بە موتڵەقی حەرامە». ئەوەی بەشداری ئاهەنگەکانی نەورۆز بێر گوناهی کردوە و گوناهی پێدەگات. «ئێمە وەکو موسڵمان نابێت نەورۆز بە جەژن دابنێین». «ئاهەنگگێران و گۆرانی وتن و مۆسیقا لێدان لە نەورۆزدا، بە تایبەتی نەورۆزێک کەوتبێتە رەمەزانەوە»، «بێحورمەتی کردنە بەرامبەر بە خودای گەورە». بانگخوازێکی دیکە دەڵێت جەژنی نەورۆز «بیدعەیە»، جەژنی «بتپەرستەکانی پێش ئیسلامە»، نەورۆز «هیچ پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە» و «لاساییکردنەوەی کافر و موشریکانە». "نەورۆز کوفرە.. ئەوەی بیکات پێێ کافر دەبێت". بە کورتییەکەی نەورۆز جەژنی ئیسلام نییە و یادکردنەوەشی لەسەر موسڵمانان حەرامە.
بێگومان هەموو جەژن و بۆنەیەکی کۆمەڵایەتی گشتگیر کە خەڵک هەمووی یان زۆرینەی یادی بکەنەوە، تەنها بۆ جەژنە دینییەکان کورتانکرێنەوە، بەڵکو جەژن و بۆنەی نادینش هەن کە جیهانبینیی و خولیا و خواست و بیروباوەڕی ئەو خەڵکانە بەرجەستە دەکات کە یادی دەکەنەوە. دەچنە خانەی ئەو سروتانەوە کە دەتوانن پاشخانی ڕۆحی و نەتەوەیی و نیشتیمانی کۆمەڵگاکە بەرجەستەبکەن و وەک هێزێک بۆ لەیەکنزیکبونەوە و پێکەوەبوون و گەشەدان بە رۆحیەتی هاودەردیی و هاوچارەنووسیی کاربکات. ڕۆحیەتی کۆمەڵایەتیبوون بەهێز دەکات و تیایاندا یەکگرتوویی و هارمۆنیەتی کۆمەڵایەتی پەروەردە دەکرێت.
بەشداربووان لە یادکردنەوەی ئەم جەژنەدا ئەو هەستە لای بەشداربووەکان دروستدەکات کە سەر بە یەک میلەت و نەتەوە و کۆمەڵگا و نیشتیمانن و ئەم هەستەش پەیوەندیی کۆگیریی لەنێوانیاندا بەهێزدەکات. تەنانەت ئەو کەسانەی لە رۆژانی ئاسایی و لەناو ژیانی رۆژانەیاندا پەیوەندییان بەیەکەوە نییە، یان لاوازە، لەناو اەو جۆرە بۆنانەدا کۆدەبنەوە و بەتەنیشت یەکەوە ئەو پێکەوەبوونە ئەزموون دەکەن. هیچ کۆمەڵگایەک نییە لە دونیادا بۆنەی لەو بابەتەی تێدانەبێت. بە کورتییەکەی بۆنە دینییەکان تاکە شێوەیەکی بۆنەی کۆمەڵایەتیی نین و نەبوون. هەر هەوڵدانێک بۆ کورتکردنەوەی بۆنەکان بۆ بۆنە دینییەکان بەتەنها، بە دیکتاتۆریەت و تۆتالیتاریزم کۆتایی دێت. ئەمە لە دۆخی دونیای ئێمەدا مانای ژیان لەبەردەم رەحمەت و تێگەیشتنی ئەو بانگخوازە سەلەفیانەدا، کە زۆرینەی موسڵمانانی کۆمەڵگاکەش بە موسڵمان نازانن. ئەم گروپە سەلەفییە وەک هەڵگری تاکە دینداریی ڕاستەقینە، بەسەر خەڵکدا بیسەپێنن چۆن بژیی و چۆن نەژی، چی حەرام و چی حەڵال بکات.
هەرچی نەورۆزە وەک جەژن و بۆنەیەک بۆ یادکردنەوە لە مێژووی ئێمەدا، بە تایبەتی لە مێژووی سەدەی بیستەمەوە،کە تیایدا میلەتی ئێمە دەبێت بە چوار کەمینەی چەوساوە، کۆمەڵێک مانای تایبەتی هەیە، کە مانایەک بە ژیانی چەندان نەوەی جیاواز لە زیاد لە سەدساڵی رابردوودا، دەبەخشێت.
بەر لە هەمووشتێک یادکردنەوەی نەورۆز سەرلەنوێ پێداگرتنەوەیە لەسەر شوناسی کوردبوون وەک شێوازی تایبەتی مرۆڤبوون لە سەدەی بیستەمدا. کوردبوون بە مانا بەرفراوانەکەی، کە یەکسانە بە هەموو ئەوانەی خۆیان بە کورد دەزانن، بە دیندار و بێدین و خاوەن دینە جیاوازەکانی دیکەوە.
نەورۆز لە سەدەی بیستەمدا بە توندی گرێدراوە بە خەبات و هەوڵ و کۆششی میلەتی ئێمەوە بۆ بەرگریکردن لە مافە هەرە سەرەتاییەکانی، مافی ژیان وەک کورد لە جیهاندا. بەم مانایە نەورۆز بەشێکە لە مێژووی نەتەوەیی و نیشتیمانی میلەتی ئێمە و بەشێکی دانەبراویشە لە خەباتی رزگاریی نیشتیمانیی ئەو میلەتە.
هاوکات نەورۆز بەشێکە لەو ویژدانە سیاسییەی میلەتی ئێمە لە سەدەی بیستەمدا دروستیدەکات، ویژدانێکی بریندار تیایدا میلەتێک بەزۆر بە «کەمینە» دەکرێت، لەناو کۆمەڵێک هاوکێشەی هێزی تەواو نایەکسان و سەپێنراودا. بەشێوازی جیاوازیىش رەگەزە سەرەکییەکانی ناو ژیانی وەک کەمینە، لە زمانەوە بۆ جل و بەرگ و لە نووسین و کتێبەوە بۆ بۆنە کۆمەڵایەتییەکانی، یان یاساغ کراوان، یان لە ژێر فشار و سنووردارکردنێکی بەردەوامدا دانراون. یادکردنەوەی نەورزۆ بەشێکە لە یادکردنەوەی مێژووی ئەو خەباتە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگییەی دژ بەم دۆخە نایەکسانە ئەنجامدراوە و قبووڵنەکردنی سەرجەمی ئەو زوڵم و زۆرانەبووە لەم دۆخەدا بەسەر کوردبوونی کورددا سەپێنراوە. لە پێش هەمووانیشەوە زوڵمی تواندنەوە و بێماف کردن، هەوڵدان بۆ سڕینەوەی فۆرمە جیاوازەکانی کوردبوون لە جیهاندا.
لە ڕاستیدا بە جەژنی نەورۆز لە سەدەی بیستەمدا، بە پلەی یەکەم، مانای قبووڵنەکردنی زوڵم و ستەمکاریی بەخشراوە. هەر لەم رووەشەوە بووە رەمزێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی یەکگرتوو، کە بەشە جیاوازەکانی میلەتەکە و ناوچە جیاوازەکانی بەیەکترییەوە کۆدەکاتەوە و هیوا و ئومێدێکی هاوبەش و یەکگرتویشیان پێدەخشێت.
هەموو ئەمانە وادەکەن نەورۆز وەک جەژن بە توندویی گرێدرابێت بە کوردبوونی میلەتی ئێمەوە لەسەدەی بیستەمدا. کوردبوونێک بە دوو ئاکاری سەرەکییەوە. یەکەم، قبووڵنەکردنی لەلایەن ئەو دەوڵەتانەوە کە کورد وەک کەمینە دەخرێتە ناو سنوورەکانییەوە. دووهەمیان بەرگریکردنی بەردەوامی ئەم میلەتە لە کوردبوونی خۆی و بەدەستهێنانی مافە سەرەتاییەکانی وەک شێوازێک لە مرۆڤبوونی تایبەت لە جیهاندا.
نەورۆز هێزێکی پێرفۆرماتیڤیشی تێدایە، واتە هێزی دروستکردن و ئەنجامدان. چەندە شوناسێک وەبیردەهێنێتەوە کە بە درێژایی زیاد لە سەدەیەکە لەژێر فشاردایە، هاوکات سەرلەنوێ دروستکردنەوە و داهێنانەوەی ئەو شوناسەیە لەو گردبوونە گەورەیەدا. بەم مانایە نەورۆز لەسەرێکەوە وەیادهێناوەی شوناسێکی ستەملێکراوە، بەڵام لەسەرێکی دیکەوە سەرلەنوێ دروسترکردنەوە وداهێنان و بەردەوامیدانە بەو شوناسە.
هیچ کۆمەڵگایەک تەنها بە دین ناژی، جەژنی نادینیی بەشێکی گرنگ و گەورەی ژیانی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگاکانی جیهانە. تەنها سەلەفییەکی داخراو و تەکفیری بە ئەرکی خۆی دەزانێت پەلاماری ئەم راستییە سادەیە بدات و هەمووان لەناو ئەو دیدگا تەسک و ترسناک و توندوتیژەدا بەندبکات کە خۆی وەک تاکە فۆرمی دینداریی راستەقینە وێنایدەکات و کەسانی لەخۆی نەچوو بە «ئەبو جەهل» و «ئەبو لەهەب» ناودەبات.
من دەزانم ئەم جۆرە لەکدانەوە و شیکردنەوەیە ناچێتە مێشکی ئەو بانگخوازە سەلەفییانەوە کە لە دوو دەیەی رابردوودا نەک تەنها دروستبوون بەڵکو بەردەوام قسەدەکەن. قسەکردنێک پر لە توندوتیژیی و هێرش و پەلامار و تەکفیرکردن. تا بە تەکفیرکردنی نەورۆز دەکات وەک هێما بۆ شواناسێکی ستەملێکراو و شوناسێک کە دەیەوێت بە بەردەوامی خۆی دروستبکاتەوە و بژی.
هەموو ئەمانە وادەکەن دژایەتیکردنی نەورۆز دژایەتیکردنی سەرجەمی ئەو مانا ئینسانیی و نەتەوەیی و نیشتیمانییە رزگاریخواز و عەدالەتخوازانە بێت کە ئەم جەژنە لە رۆژگارە سەختەکانی سەدەی بیستەمەوە تا ئەمڕۆ لەخۆی گرتوە.
بەم مانایە جەژنی نەورۆز تەنها جەژنی هاتنی بەهار و شادی دەربڕین نییە، بەڵکو بەشێکە لەو خەزێنە رەمزییە گەورەیەی بەرگریکردنی میلەتی ئێمە لە کوردبوونی خۆی لە مێژووی هاوچەرخدا.
