Draw Media

موراد قەرەیلان: بەبێ مەرج و بەبێ بەرامبەر چەکەکانمان دانانێین

موراد قەرەیلان: بەبێ مەرج و بەبێ بەرامبەر چەکەکانمان دانانێین

2025-03-19 10:57:15


 
درەو:
موراد قەرەیلان دەڵێت، پەکەکە خاوەنی چەکی كاریگەرو پێشکەوتووە، کە توانای گەیشتن بە مەودای (800) کیلۆمەتر هەیە، جەختیشیکردەوە، هێشتا هەندێک لە سەرکردەکانی پارتەکەیان قەناعەتیان بە بیرۆکەی دانانی چەکە نەكردووەو پێویستیان بە رونکردنەوەی زیاترە.
ئاژانسی هەواڵی" العهد" چاوپێکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ موراد قەرەیلان، فەرماندەی هێزەكانی پاراستنی گەلی پارتی كرێكاران ئەنجامداوە، تیایدا باسی لە روداوەکانی ئەم دواییەی دوای بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان رابەری زیندانیكراوی  پارتی كرێكارانی كوردستان کردووە.
قەرەیلان لەو چاوپێكەوتنەدا رایگەیاندووە، خاوەنی چەکی پێشكەوتوین، هێزەکانمان لە باکور (باشوری تورکیا) چالاکیی سەربازی کاریگەر ئەنجام نادەن، بە هۆکاری تاکتیکی پەیوەست بە گۆڕانکاری لە ستراتیجی جەنگ. رەنگە لە هەر ساتێکدا بە شێوەیەکی کاریگەرتر دەست پێبکەینەوە.
قەرەیلان دووپاتی کردەوە، لەم دواییانەدا کۆبونەوەیەکی گرنگمان سەبارەت بە شەڕو ستراتیجەکەی ئەنجامداوە، تورکیا هەموو جۆرە چەکێکی بەکارهێناوە، هەروەها هەندێک لە شێوازەکانیمان بۆ رای گشتی  ئاشکرا نەکردووە لەبەر هۆکاری پەیوەست بە نهێنییەکانی سەردەمی جەنگ.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتویەتی: لە نێو ئەو شێوازانەدا بەکارهێنانی رۆبۆتەکان بوو لە لایەن تورکیاوە لە دژی گەریلاكانمان لە تونێلەکاندا، بەڵام کاریگەرییان بە سەرکەوتویی پوچەڵکرایەوەو، ئێمە لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ شەڕ و ئاشتی و لەهەموو كاتێك بەهێزترین.
رونیشیکردەوە، لە ساڵی (2018)ەوە، کاردەکەین بۆ دانانی سنورێك بۆ تەکنەلۆژیای دەوڵەتی تورکیاو، توانیومانە سوود لە زیرەکی دەستکرد وەربگرین بۆ پوچەڵكردنەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بەوپێیەی زۆربەیان ناتوانن بەسەر ئاسمانی ئێمەدا بفڕن، وتیشی، یەشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا درۆ دەکات، سەبارەت بە توانی هێزەکانمان و بوونیان لە باکوری وڵات.
قەرەیلان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە بزوتنەوەیەکی سەرکردایەتیین، هەرچی سەرکردە بڵیێت جێبەجێی دەکەین، بەڵام نەک لەسەربنەمای شکستی لایەنێک و سەرکەوتنی لایەنێكی تر، بەڵکو بەپێی پرەنسیپی دوو هێز شەڕی یەکتر دەکەن بۆ ماوەی (41)ساڵ.
داواشی لە بەرپرسانی تورکیا کرد واز لە قسەکردنی هەڕەمەكیانە بهێنن، ئەگەر ئاشتییان دەوێت، دەبێت هەلومەرجەکە دروست بکەن، بە پێچەوانەوە ئەوان بەبێ مەرج و بەبێ بەرامبەر چەکەکانيان دانانێین.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand