Draw Media

بەسەرپەرەشتی ئەمریكا؛ كورد وەفدی هاوبەش بۆ دانوستان لەگەڵ دیمەشق دروستدەكات

بەسەرپەرەشتی ئەمریكا؛ كورد وەفدی هاوبەش بۆ دانوستان لەگەڵ دیمەشق دروستدەكات

2025-03-18 15:23:33


(درەو):
دوو لایەنە ناكۆكەكەی كورد لە رۆژئاوای كوردستان، بەئامادەبوونی نێردەی ئەمریكا یەكەم كۆبوونەوەیان كرد، دەیانەوێت وەفدێكی هاوبەشی كوردی بۆ دانوستان لەگەڵ دەسەڵات لە دیمەشق دروست بكەن.
پارتی یەكێتیی دیموكراتی (پەیەدە)و دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی باڵای نیشتمانی كورد لە سوریا (ئەنەكەسە) كۆبوونەوە، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات و (سكوت بوڵز) نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ ناوچەكانی باكوری سوریا، بەشداری كۆبوونەوەكەیان كرد.
كۆبوونەوەكە لە شاری حەسەكە بەڕێوەچوو، لەبارەی یەكخستنی روانگەی كورد بۆ ئایندەی سوریا گفتوگۆ كرا، بەپێی راگەیەندراوی (ئەنەكەسە)، هەردوولا رێككەوتوون لەسەر تەواوكردنی هەنگاوەكان و راگەیاندنی رێككەوتنەكە لە زوترین كاتدا. 
محەمەد ئیسماعیل سەرۆكی (ئەنەكەسە) رایگەیاند، وەفدی هەردوولا گەیشبینن بەوەی بگەنە رێككەوتن لەسەر دروستكردنی وەفدی هاوبەش بۆ دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق لەسەر مافەكانی كورد. 
ئەنەكەسەو پەیەدە كە دوو لایەنی ركابەری یەكتر بوون لە رۆژئاوای كوردستان، لە گفتوگۆكانیاندا وەكو محەمەد ئیسماعیل دەڵێ زۆر خاڵیان یەكلاكردوەتەوە.
مەوڵوم عەبدی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (X) لەبارەی كۆبوونەوەكە نوسیی:" بۆ دیاریکردنی نەخشەڕێیەکی هاوبەش و یەکخستنی ریزیی کورد لە قۆناغی هەنوکەدا پەیەدەو ئەنەكەسە کۆبوونەوە، هەڵوێست و بۆچوونی هەردوولا جێگەی خۆشحاڵی بوو".
" ئەمە هەنگاوی یەکەمی زنجیرە کۆبوونەوەکان بوو بۆ دروستکردنی یەکڕیزیی کورد، لەپێناو سوریایەکی فرەڕەنگ و دیموکراسیدا کە مافی هەموو پێکهاتەکانی تێدا مسۆگەر بێت، سورین لەسەر ئەوەی ئەم دیالۆگە سەربخەین".
ئەنەكەسە نزیكن لە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، نزیكبوونەوەیان لەگەڵ پەیەدە، دوای دیدارو پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی ئەمدواییەی نێوان مەسعود بارزانی و مەزڵوم عەبدی دێت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand