Draw Media

سوریا و دەستور و دەوڵەتێکی دینیی

سوریا و دەستور و دەوڵەتێکی دینیی

2025-03-16 12:09:24


مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)

 ڕاگەياندنە دەستوورييەکەی ئەحمەد شەرع لەزیاد لە سەرێکەوە شایانی لەسەر وەستان و خوێندنەوە و پێداجونەوەی رەخنەییانەیە. ئەمەش لە زیاد لە روویەکەوە. دەکرێت بەر لە هەمووشتێک بە رەخنەکردنی نووسەران و ئامادەکەرانی راگەیاندنە دەستوریەکە خۆی دەستپێبکەینن. ئەوانەی بەو کارە هەستاون کەسانێکن شەرع و گروپەکەی دایان ناون، لە کاتێکدا نووسینەی تێکستێکی لەو بابەتە، کە وەک رەشنووسی دەستور وایە، دەبوایە بە لیژنەیەکی نیشتیمانی بسپێردرایە، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕکێ و پرس و ڕاکردنی ئاشکرا و نیشتیمانی لە سەرجەمی وڵاتەکەدا.  دەبوایە دیدگا و بۆچوونی بەش و پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگاکە وەربگیرایە و ئەو دیدگا و بۆچوونانە نوێنەریان لەو لیژنەیەدا هەبووایە. بۆ نموونە دەبوایە نوێنەری کورد و دروز و عەلەوی و مەسیحی و ئاشوری و تورکمان و ئەوانیتریش لەو لیژنەیەدا هەبوونایە و بەشداربوونایە لە دارشتنی بەندەکانی دەستورێکدا کە ژیانی هەموویان بەڕێوەدەبات. ئەوەی روویدا بڵاوکردنەوەی راگەیاندنێکی دەستورییە کە لە فۆرمی واقیعێکی دروستکراودا بەسەر هەموواندا سەپێنراوە، تیایدا جگە لە باسکردنی عەرەب و ئیسلام، باسی هیچ پێکهاتەیەک لە پێکهاتە ئتنی و دینییەکانی تری سوریای بە کۆنکریتی تیادا نەکراوە، نە مەسیحییەکان، نە یەزیدیەکان،  نە ئاشوریەکان، نە کوردەکان نە تورکمانەکان کەسیان ناویان نەهاتووە ئەمەش وایکردوە. راگەیاندنە دەستوریەکە تەنها راگەیاندنی دەستوری عەرەبی سوریا و موسڵمانەکان بێت.

لە راستیدا پێکهاتە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگای سوری تەنها لە لیژنەی نووسینەوەی راگەیاندنە دەستوریەکە وەدەرنەنراون، بەڵکو لە چۆنیەتی پێناسەکردنی دەوڵەتی سوری خۆیشیدا، وەک «کۆمارێکی عەرەبی» و لە کەسایەتی سەرۆکی دەوڵەتەکەشدا وەک «کەسێکی موسڵمان» بەتەنها و لە سەرچاوەکانی یاسادانانیش دانانی «فیقی ئیسلام وەک سەرچاوەی سەرەکیی» هەمان شت روویداوە.

سەرەتا ناونانی دەوڵەتەکە بە «کۆمارێکی عەرەبی» کردنە دەرەوەی سەرجەمی بەشە ناعەرەبەکانی ئەو وڵاتەیە لە بەش هەبوون لەناوی دەوڵەتەکەدا. کردنی دەوڵەتەکە بە دەوڵەتێکی عەرەبی بێبەشکردنی سەرجەمی ناعەرەبەکانی وڵاتەکەیە لە بەش هەبوون لە ناونانی دەوڵەتەکەدا. قۆرخکردنی مافی بە سەرۆکبوونیش تەنها بۆ موسڵمانان، سەندنەوەی هەمان مافە لە سەرجەمی پێکهاتە دینیی و نادینییەکانی تری ناو وڵاتەکە. بەم مانایە مەسیحییەک یان دروزیەک یان هەر خاوەن دینێکی دیکە لە سوریادا بۆی نییە و ناتوانێت خەونی بوون بە سەرۆکی وڵاتەکە ببینێت. هاوکات دانانی «فیقی ئیسلامی وەک سەرچاوەی سەرەکیی» یاسادانان، سەپاندنی دیدگایەکی دینیی زۆر تایبەتە بەسەر سەرجەمی دەوڵەتەکە و سەرجەمی دانیشتوانی وڵاتەکەدا. گرێدانی ئەم مەسەلەیە بە بیر و بۆچوون و پاشخانی ئیسلامی ئەو هێزانەوە کە ئەمڕۆکە لە دیمەشقدا حوکمدەکەن، بەو دەرەنجامەمان دەگەینەێت کە ئەم فیقە ئیسلامییە فیقی بەسەلەفیکردنی یاسا و دین و دینداریی دەوڵەتەکەیە.

ئەمە جگە لەوەی پێداگرتن لەسەر ئەوەی «فیقی ئیسلامی» سەرچەوەی سەرەکیی یاسادانان بێت، لە قووڵاییدا گاڵتەجاڕییەکی گەورەیە بە بیرۆکە و چەمکی یاسا خۆی. ئاخر راگەیاندنە دەستوریەکە باس لە کام فیق و کام حوکم و کام فەتوا دەکات. «فیقی ئیسلام»ی پڕیەتی لە یاسا و حوکم و فەتواو و داوەریکردنی جیاواز و ناکۆک و دژ بەیەک. هیچ دیاردەیەک نییە لە «فیقی ئیسلامیدا» ناکۆکی قوول و هەمەجۆری لەسەر نەبێت و داوەریکردنی دژبەیەک ئاراستەی نەکات. ئیتر لە جل و بەرگی ژنانەوە بیگرە،  بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردنی کەسانی ناموسڵمان و بۆ چۆنیەتی رێکخستنی ژیانی سێکسی و مەسەلەی گوێگرتن یان نەگرتن لە مۆسیقا و گۆرانیی و حەرامبوون و یان نەبوونی هونەر و ئەدەبیات، ئینجا مەسەلەی حەڵال بوون و یان نەبوونی بانک و مامەڵەکردنی بانکیانە بە پارەوە، تا بە یادکردنەوە یان نەکردنەوەی مەولود و هەبوون یان نەبوونی پەیکەر، دەگات... ئەمە جگە لەوەی کردنی فیقی ئیسلامی بە سەرچاوەی سەرەکیی یاسادانان لە وڵاتێکی فرەدینی پڕ لە جیاوازیدا نەک ناکۆکی لەنێوان دیندارە جیاوازەکاندا دروستدەکات، بەڵکو لە نێوان فیرقە دینییە ئیسلامییە جیاوازەکان خۆشیاندا.  

هەموو ئەو خاڵانەی باسمانکردن تەواو ناکۆکن بەو بەشانەی راگەیاندنە دەستوریەکە کە باس لە هاوڵاتیبوونی یەکسان لە سوریادا دەکات. ئەگەر هاوڵاتیانی سوریا بەیەکتری یەکسانبن لە ماف و بەرپرسیارێتیدا، بە چ مانایەک دینی سەرۆکی وڵاتەکە دەبێت تەنها ئیسلام بێت و جگە لە موسڵمان، مەسیحی یان دروز یان عەلەوی یان کەسێک دین بنەمای شوناسەکەی نەبێت، نەتوانێت سەرۆکی ئەو وڵاتەبێت. ئەم بە موسڵمانکردنەی سەرۆکی وڵات و بێگومان لەوێشەوە بە موسڵمانکردنەی دەوڵەتەکە، رێزنەگرتن و پیادەنەکردن و هەڵوەشاندنەوەیەکی راستەوخۆی بیرۆکەی هاووڵاتیبوونە. هەمان مەسەلە لە پەیوەندیدا بە سەپاندنی «فیقی ئیسلامی» بەسەر هەموواندا راستە. ئەم سەپاندنە یاساییەش شەپازلەیەکی گەورەی ترە لە روخساری بیرۆکەی هاوولاتیی و هاووڵاتیبوون. فیکرەی دامەزراندنی «دەوڵەتی هاوڵاتی» و «دەوڵەتی پاراستنی ئازادی» و «پاراستنی کەرامەت» و «دەولەتی یاسا» و «دەولەتێکی لەسەر فیکرەی یەکسانی دروستبووبێت»، کە هەموویان لە راگەیاندنە دەستوریەکەدا باسکراوە،، تەواو ناکۆکن بەو بە ئیسلامیکردنەی دەوڵەت و سەرۆک و یاساکان. «دەوڵەتی هاوڵاتی» و «دەوڵەتی پاراستنی ئازادی» و «پاراستنی کەرامەت» و «دەولەتی یاسا» شتێک نین بە دەوڵەتێک جێبەجێبکرێن کە مەرجی یەکەمی ئەوەبێت سەرۆکی وڵاتەکە موسڵمان بێت و سەرچاوەی سەرەکیی یاساکانیشی فیقی ئیسلامی بێت.

ئینجا دەسەڵاتەکانی ئەحمەد شەرع وەک سەرۆک کۆمار. ئەو دەسەڵاتانەی راگەیاندنە دەستوریەکەدا، بە ئەحمەد شەرعی بە خشیوە وەک سەرۆک کۆمار، دەسەڵاتەکانی حافز ئەسەد و بەشار ئەسەد و سەدام حوسەین و زۆرێک لە دیکتاتۆر و ستەمگەرەکانی ناوچەکە بە بیری خەڵکی سوریا و دەرەوەی سوریا دەهێنێتەوە. لە راگەیاندنە دەستوریەکەدا زۆربەی هەرەزۆری دەسەڵاتە سەرەکییەکانی دەوڵەتەکە بە سەرۆکی وڵاتەکە بەخشراوە. ئەحمەد شەرع لەیەک کاتدا هەم سەرۆکی هێزە چەکدارەکانە، هەم دەسەڵاتی دانانی وەزیرەکانی هەیە، هەم یەک لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان ئەو دایاندەنێت، هەم ئەندامەکانی دادگای دەستورییش. پێش ئەمانەش و لە سێ مانگی رابردوودا لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەربەخۆیەوە دەسەڵاتی دروستکردنی «ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی» پێبەخشرا، بەپێی ئەم دەسەڵاتەش ئەحمەد شەرع توانی ئەندامەکانی ئەو ئەنجومەنە دەستنیشانبکات و ئەوانەیشی کە داینان کەسانی سەر بە «هەیئەی تەحریری شام» خۆی بوون کە شەرع بەر لە بوونی بە سەرۆک کۆمار، سەرۆکیان بوو. واتە شەرع لەیەک کاتدا هەم دەسەڵاتی جێبەجێکردن، هەم دەسەلاتی داوەریکردن و هەم دەسەڵاتی یاسادانانی لەژێر دەستی خۆیدا کۆکردۆتەوە و بەتاڵیکردونەتەوە لەتوانا و ئەرکە سەرەکییەکانی خۆیان.

شەرع بەو هەموو دەسەڵاتەوە و بەو بازنە تەسک و تایبەتەی بە دەوری خۆیدا دروستیکردوە، سەرۆک کۆمارێکە ڕاگەیاندنە دەستوریەکە هیچ میکانیزمێکی یاسایی و دەزگایی بۆ لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردنی پێشنیار ناکات. دەسەڵاتی شەرع لە راگەیاندنە دەستوریەکەدا رەهایە و بەبێ لانی هەرەکەمی چاودێریکردن و لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردن کاردەکات. بەم شێوەیە لێرەشدا رێگا بۆ دروستبوونی دەسەڵاتەێکی شەخسیی و ستەمگەرانە خۆشکراوە کە لە شەستەکانی سەدەی بیستەمەوە خەڵکی ناوچەکە دەیبینن و کارەساتە گەورەکانی ئەزموون دەکەن. ئەم فۆرمەش لە دەسەڵاتی جاودێرینەکراو، ڕێگری ژمارە یەکە لەبەردەم دروستبوونی دەوڵەتی هاوڵاتیی و دەولەتی یاسا و دەولەتی ئازادیی دا.

لەمانەش ترسناکتر یاساغکردنی ژیانی سیاسیی و حیزبایەتییە بەجۆرێک تیایدا هیج کەس و گروپێک توانای دروستکردنی پارتی سیاسیی تایبەتیان نەبێت و نەتوانن لە رێگای ئەو پارتانەوە لە ژیانی سیاسیی وڵاتەکەدا بەشداربن. ئەم یاساغکردنە لانیکەم تا کۆتایی پێنج ساڵ لە دەسەڵاتی رەهای شەرع بەردەوام دەبێت. شەرع کە لە ئێستادا دەسەڵاتەکەی ناجێگیر و لاواز و بێبنەمای پتەوی هەیە رێگە بە دروستبوونی ژیانێکی سیاسیی پلورال و کراوە نادات، دوای پێنج ساڵی تر کە بەهێزبوو، مەگەر تەنها دوعاکردن و کڕوزانەوە بمێنێتەوە بۆ قبووڵکردنی ژیانێکی سیاسیی کراوە. ئەم یاساغکردنەی ژیانی سیاسیی رێکخراو وادەکات گروپەکەی شەرع لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا، حوکمی رەهای سوریا بکەن و دەزگا سەرەکییەکان بەوشێوەیە دروستبکەن کە خۆیان و پاراستنی پێگەکانی خۆیان پێویستیان پێیەتی، لە سوپا و پۆلیس و ئاسیش و هەواڵگرییەوە بیگرە بۆ پەرلەمان و دەزگاکانی تر.

بە کورتییەکەی، ئەم راگەیاندنە دەستورییە، کە دەستوری سوریایە بۆ پێنج ساڵی داهاتوو، ڕەچەتەیەکی ترسناکە بۆ دروستکردنی دەسەڵاتێکی تاکەکەسیی دینیی داخراو. ئەوانەی ئەم راگەیاندنە دەستوریەیان لە ئێستادا بەم شێوەیە نووسیوە، دوای پێنج ساڵیتر زۆر لە ئێستا بەهێزتر دەبن. ئەوەیشی لەپاڵ و بە هۆی ئەم راگەیاندنە دەستوریەوە دروستیان کردوە، نەک لاینابەن و نایگۆڕن، بەڵکو زیاتر و زیاتر دەیچەسپێنن و دەیسەپێنن. بۆیە ئەم راگەیاندنە دەستورەیە نەخشە رێگایەکی ترسناکە، جگە لە ستەمگەریی دینیی و سیستمێکی دیکتاتۆریی، هیچی تری لێ چاوەڕوان ناکرێت و هیچی تریشی لێ سەوز نابێت. بەخشینی پێنج ساڵ حوکمڕانی بە ئەحمەد شەرع و گروپەکەی، بەو هەموو دەسەڵاتە زۆرەوە جاودێرینەکراوەوە، پرۆژەی دروستکردنی بەشار ئەسەدێکی دیکەیە، بەڵام ئەمجارە یان بەشار ئەسەدێکی ئیسلامی سونی سەلەفی. دەسەڵاتەکانی شەرع وەک سەرۆک کۆمار لە راگەیاندنە دەستوریەکەدا لە دەسەڵاتی سەرۆکی وڵاتێکی مۆدێرن ناچێت، بەڵکو لە دەسەڵاتی خەلیفە کۆنەکانی ئیسلام دەچێت، کە دوای یەکجار بەیعە پێبەخشین، کەس بۆی نەبووە و نەیتوانیوە تا مردنیان یان کوشتنیان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات. دروستکردنی ئەمجۆرە خەلیفە و سیستمی خەلافەتیش لە رێگای یاسا و راگەیاندنی دەستورییەوە کە سوریای ئەمڕۆدا، ترسناکی سیستمە سیاسییەکە دەیانجار گەورەتر و هەمەلایەنتر دەکات.

ئەوەی لە سوریای دوای ئەسەد چاوەروان دەکرێت دروستکردنی دەوڵەتێکی مۆدێرنە، بە دەستورێکی هاوچەرخ و بە دەزگا و میکانیزمی حوکمڕانیکردنی هاوچەرخەوە، ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت دروستبوونی عەقڵیەتێکی سیاسیی و ئیداریی کراوەی هاوچەرخە کە لەودیوی دروستکردنی دەوڵەتی دینیی و تائیفییەوە کاربکات. بە تایبەتی لەودیوی سەپاندنی دەسەڵاتی سەلەفیەت بەسەر وڵاتەکەدا.   

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand