Draw Media

ئەمریكا داوای لابردنی بەربەستی بەردەم كۆمپانیا نەوتییەكان دەكات

ئەمریكا داوای لابردنی بەربەستی بەردەم كۆمپانیا نەوتییەكان دەكات

2025-03-10 08:46:48


درەو:
كۆمەڵەی پیشەسازی نەوت لە كوردستان (ئەپیكۆر) دەڵێت، مایك واڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی سەرۆک ترەمپ لە پەیوەندییەكی تەلەفونیدا لەگەڵ محمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، باسی نەهێشتنی ئاستەنگەكان كردووە لەبەردەم کۆمپانیا نەوتییەکان، کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، وەک بەشێک لە گەشەی وزە و سەربەخۆیی عێراق.
مایك واڵتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لە پەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئێكس) نوسیویەتی، لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق قسەی کردووە.
واڵتز ئاماژەی بەوەداوە، بڕیاری نوێنەکردنەوەی کارەبا لە ئێرانەوە هاوتەریبە لەگەڵ ستراتیجیی "زۆرترین فشار"ی سەرۆک ترەمپ لەسەر ئێران، و فشارەکانیش لەسەر ئێران زیاتر دەبێت ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە پەرەپێدانی توانای چەکی ئەتۆمی و پشتیوانی تیرۆر لە سەرانسەری ناوچەکەدا، لەنێویاندا عێراق.
پێشوازی لە هەوڵەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی وزە بۆ عێراق، هەروەها هانی حکومەتی عێراقی دا کە پێشوازی زیاتر لە کۆمپانیاکانی وزەی رۆژئاوا و ئەمریکا بکات بۆ ناو کەرتی نەوت و غاز لە عێراق.
 راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی داوای لە حکومەتی عێراق کردووە، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کاربکات بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی ئەو گرێبەستەكان و پێدانی شایستەی قەرزاری کۆمپانیاکانی وزەی ئەمریکا، هەروەها داوایکردووە حکومەتی عێراق رێکخەرێکی وەبەرهێنان دابنێت بۆ کارکردن لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان، کە دەیانەوێت وەبەرهێنان و کارکردن لە عێراقدا بکەن.
هاوكات نوسینگەی راگەیاندنی محمەد شیاع سودانی، لەبارەی پەوەیوەندییە تەلەفونیەكە رایگەیاندووە، لە گفتوگۆکاندا تیشک خراوەتە سەر بەهێزكردنی هاریکاری دووقۆڵی لەبوارەکانی ئابوری و ئەمنیدا، سەرۆک وەزیران پابەندبونی عێراقی دووپاتکردووەتەوە بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە ئابورییەکانی لەگەڵ ئەمریکا، لەگەڵ هاندانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ وەبەرهێنان لە گەشەسەندنی بازاڕی عێراقداو جەختكردنەوە لەسەر هاوبەشی بەهێزی نێوان عێراق و ئەمریکا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand