کۆمەڵکوژیی و تاوانی جەنگ لە سوریا
.jpg)
2025-03-09 18:16:05
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)
بەڕێوەبەری ڕێکخراوی «المرصد السوري لحقووق الانسان»، رامی عبدالرحمان، راستیی و دروستی چەندان گرتەی ڤیدیۆیی پشتڕاست کردەوە کە تیایاندا کۆمەڵکوژیی بەرامبەر بە عەلەویەکان ئەنجامدراوە بە تایبەتی لە گوندەکانی ئەل موختاریە و گوندەکانی ناوچەی لازقیە. گرتە ڤیدیۆییەکان کوشتنی بەئەنقەستی کەسانی مەدەنی یان کەسانی چەکداری دیلکراو، نیشانئەدات. ئەو ڕێکخراوە باس لە پێنج کۆمەڵکوژی جیاجیا لە پارێزگاکانی کەنار ئاوەکانی سوریا دەکات کە لەناویاندا ژن ومنداڵ کوژراون. زۆرینەی ڕەهای ئەم کوژراوانە گولەباران کراون و ئەوانەیشی بەم تاوانانە هەستاون کەسانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی و سەر بە ئاسایشی ناوخۆ بوون. واتە سەر بەو دەزگا فەرمییانەن کە حکومەتە ئیسلامییەکەی ئەحمەد شەرع دروستیکردون.
راستە کەسانێکی سەر بە رژێمەکەی بەشار ئەسەد، پەلاماری دەزگاکانی حکومەتەکەی ئەمرۆکەی دیمەشقیان داوە، ئەوانەی بە پاشماوەکانی رژێم، فلول النظام، ناودەبرێن. وەڵامدانەوەی ئەم پەلامارانە لەلایەن دەوڵەتەوە کارێکی رەوایە و پێویستە ڕێیان لێبگیرێت پشێوی ئەمنی دروستبکەن و دۆخەکە بەتەواوی بشڵەژێنن. بەڵام ئەوەی هێزەکانی سەر بە دەوڵەت خەڵکانی مەدەنی بگرن و بکوژن، لەسەر ئەوەی عەلەوی یان دروز یان هەرشتێکی دیکە هەن، ئەمەیان دەچێتە بواری ئەنجامدانی «تاوانی جەنگ»ەوە. کوشتنی خەڵکی مەدەنی بەناوی «فلول» و پاشماوەکانی رژێمی بەشار ئەسەدەوە، رووە هەرە تاریکەکانی ئەو سیستمە سیاسیی و ئەمنیی و سەربازییەمان نیشانئەدات کە لە ئێستادا لە دیمەشق دروستکراوە. ئیهانەکردن و سوکایەتییکردن، مامەڵەکردنی خراپ بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی لەسەر بنەمای تائیفیەت، ژێرپێنانی پرنسیپە هەرە سادەکانی سیستمێکە لانی هەرەکەمی ئاشتیی و ئاسایشی مەدەنیی و کۆمەلایەتیی لە وڵاتەکەدا بپارێزێت. ئەوانەی ئەو تاوانانە ئەنجامئەدەن ناتوانن شتێک دروستبکەن قابیلی بەرگریلێکردن بێت.
لەپاڵ باڵادەستی کولتوریی رق و تۆڵەکردنەوەدا، لەپاڵ بەر بڵاوی بەکارهێنانی تودوتیژیی و بوونی چەکێکی زۆری کۆنترڵنەکراو لە وڵاتەکەدا، لەپاڵ باڵادەستی تائیفیەت و سەیرکردنی کەمینە دینییە و ئەتنییەکان وەک هەڕەشە و دوژمن، لەپاڵ بوونی ژمارەیەکی گەورەش لە جەنگاوەری «سەلەفی جیهادیی» لەناو هێزەکانی سەر بە رژێمە تازەکەی ئەحەمەد شەرع لە سوریادا، ئینجا لەپاڵ بوونی پیلانی ئیقلیمیی هەمەجۆر لە وڵاتەکەدا، دەڵێم لەپاڵ بوون و ئامادەگیی بەرفراوانی ئەو هەموو شتانەدا، شتێکی هێجگار گرنگ و بنەرەتیش لە وڵاتەکەدا غائیبە کە دۆخەکە تەواو ترسناکتر دەکات، ئەویش غیابی چەمک و کولتوری هاوڵاتیی و هاوڵاتیبوونە لە سوریادا.
نە رژێمەکەی ئەسەدی باوک و ئەسەدی کوڕ، نە ئایدیۆلۆژیای بەعس چ لە سەردەمی عەلمانیبوون و چ لەسەردەمی موجامەلەکردنی دیندا، نە ئایدیۆلۆژیا و تێگێیشتنی هێزەکەی ئەحمەد الشرع، نە هیچ هێزێک لە هێزە ئیسلامییەکانی وڵاتەکە، هێزی دروستکردنی هاوڵاتیی و هاوڵاتیبوونی یەکسان نەبوون و نین. بۆ تێگەیشتنیش لە بەشێکی گەورەی دیاردەکانی ناو سوریا، لە راستیدا ناو بەشێکی گەورەی دەوڵەت و کۆمەڵگاکانی ناوچەکە، پێویستمان بە هەستکردن بە مەسەلەی غائیبوونی گەورەی چەمکی هاوڵاتییە. لە هەر شوێنێکدا هاوڵاتیبوونی ئامادەنەبێت و کارنەکات، لەوێدا شێوە جیاوازەکانی ئیهانەکردن و کەرامتشکاندن و زەلیلکردن ئامادەیە، تا بە کوشتنی تاکەکەسی و دەستەجەمعی دەگات.
چەمکی هاوڵاتیبوون لە رووی فیکرییەوە یەکێکە لە چەمکە سیاسیی و سۆسیۆلۆژییە ئاڵۆزەکان. ئەمش هەم پەیوەندیی بە تازەبوونی چەمکەکەوە هەیە بەو مانایانەی لە دونیای مۆدێرندا لەخۆی گرتوە، هەم بەو سیستمە سیاسییەوە کە توانای دروستکردنی هاوڵاتیی هەیە. گرنگترین مەسەلەیەک لەناو چەمکی هاوڵاتیبووندا بوونی کۆمەڵێک مافی مەدەنیی و سیاسیی یەکسانە لەنێوان ئەو مرۆڤانەدا کە بەیەکەوە دانیشتوانی وڵات و کۆمەڵگایەک دروستدەکەن. ئەو مافە سیاسیی و مەدەنییانەش سەرچاوەی ئەو ئینتیما سەرەکیی و بنەڕەتییە هاوبەشە بێت، کە ئەو مرۆڤانە بەیەکەوە لەو وڵات و کۆمەڵگایەدا بەیەکەوە دروستیدەکەن. ئینتیمایەکی هاوبەش کە شوناسێکی کۆیی و دەستەجەمعی پێکەوەیی بە کەس و گروپە جیاوازەکان دەبەخشێت و پەیوەندیی نێوان ئەوان و دەوڵەتەکەیان نمایشدەکات.
ئەوەی لە پشی چەمکی هاوڵاتیبوونەوە ئامادەیە، نە دینە، نە کولتوری ئەتنیی و ناوچەییە، نە ئینتیمایە بۆ ئەم یان ئەو گروپی تایبەت، نە بۆ ئەم یان ئەو ئایدیۆلۆژیای سیاسیشەوە، بەڵکو بوونی مافی یەکسان و بەرپرسیارێتی یەکسانە بۆ هەموو ئەوانەی لەناو دەوڵەتێکدا بەیەکەوە دەژین. واتە هاوڵاتی ئەو کەسەیە کە خاوەنی کۆمەڵێک ماف و بەرپرسیارێتی یەکسانە لەگەڵ ئەو کەسانەدا کە لە یەک سەرزەمین و کۆمەڵگا و سیستمی سیاسیدا بەیەکەوە دەژین. ئامرازی ژمارە یەکی پێکەوەژیانی دەستەجەمعییانە.هاوڵاتیی شتێک نییە سروشت بە مرۆڤی بەخشیبێت، پێدراوێکی دینیی و ئەتنیی تایبەتیش نییە، بەڵکو دەرەنجامی کۆمەڵێک پرۆسەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و یاسایی و ئەخلاقییە، کە بەسەریەکەوە ژیانێکی گشتیی و پێکەوەیی هاوبەش دروستدەکات تیایدا هەموو مرۆڤەکانی ناو ئەو هاوبەشە سیاسیی و کۆمەلایەتییە، خاوەنی ماف و بەرپرسیارێتی یەکسانن و هەمووشیان، بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە، بەیەکتری یەکسانن. ئەم پێناسەکردنە بۆ مرۆڤ وەک خاوەنی ماف و بەرپرسیارێتی هاوبەش لەناو هیچ یەکێک لە دینەکاندا بوونی نییە. بۆیە چەمکی هاوڵاتی هێما بۆ بۆ پەیوەندیی کەسەکان بەما یان بەو دین و بەم یان بەو ئایدیۆلۆژیای تایبەتەوە ناکات، بەڵکو هێما بۆ پەیوەندیی نێوان تاکەکەس و دەوڵەت دەکات، ئەو دەوڵەتەی تاکەکەسەکە لەناویدا بەشێوەیەکی فەرمیی و یاسایی دەژیی. ئەو دەوڵەتەش کە هەموو کەس و پێکهاتەکانی ناو دانیشتوانەکەی وەک کەسانی خاوەن ماف و خاوەن بەرپرسیارێتی یەکسان دەبینێت و مامەڵەدەکات، جگە لە دەوڵەتی مۆدێرن، هیچ جۆرە دەولەتێکی دیکەی ناو مێژووی مرۆڤایەتی نییە. هاولاتیبوون هاوکات هێما بۆ وەلائێکی ویژدانیی و هۆشیارانەی تاکەکەسەکان بۆ ئەو دەوڵەتە دەکات کە لەناویدا دەژین. بەڵام بەراستی ئینتیما بۆ کام جۆر لە دەوڵەت؟ کام شێوە لە دەوڵەت دەتوانێت ببێت بە دەوڵەتی هاوڵاتی؟
سادەترین وەڵام بەم پرسیارە ئەمەیە: ئەو دەولەتە دەوڵەتێکە پارێزگاریی لە کەرامەتی مرۆڤانەی هەموو مرۆڤەکانی ناو سنووری حوکمڕانییەکەی دەکات، دەزگاکانی لەسەر زەلیلکردنی هیچ یەکێک لە مرۆڤەکانی کارناکات، لەسەر بنەمای هەبوون یان نەبوونی دین، یان هەبوون یان نەبوونی ئەم یان کەلەپور و فەرهەنگ و زمان، جیاوازیی لە نێوان کەسەکاندا ناکات. مافە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی هەمووان وەک هاوڵاتی خۆی دەپارێزێت و ئەمیان بە ئاغا و ئەویتریان بە کۆیلە ناکات. بە هەمووان، لانیکەم لە خاڵی سەرەتادا، هەمان هەل و هەمان ئەگەری پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی یەکسان دەبەخشێت. ئەمە جگە لە دەستەبەرکردنی مافی بەشداریکردنی سیاسیی یەکسان بۆ هەمووان.
ئەوەی لە سوریای ئەسەد و شەرع دا غائیبە ئەم تێگەیشتنەیە بۆ هاوڵاتیبوون، ئەوەی لای زۆرینەی هەرەزۆری هێزە ئیسلامیی و نائیسلامییەکان غائیبە ئەم تێگەیشتنەیە بۆ هاوڵاتیبوون و دەولەت و ماف و بەرپرسیارێتی. نکوڵیکردن لەم راستییە سادانە درێژەدانە بەو کارەساتە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقیی و ویژدانیانەی ئەم کۆمەڵگایانە سەردەمانێکی درێژە بە دەستییەوە دەناڵێنن. ئەنجامدانی تاوانی جەنگ بەناوی ئەم یان ئەو دینەوە هەر تاوانە و دەبێت ئیدانەبکرێت. کەرامەتشکاندن بەناوی ئەم یان ئەو مەسەلە و ئەم یان ئایدیۆلۆژیاوە هەر کەرامەتشکاندنە و پێوستە بەگژیدا بچینەوە. ناشیرترین نکوڵیکردنیش لە تاوان ئەو نکوڵیکردنانەیە کە بەناوی خوداوە دەکرێن. هەموو ئەوانەیس نکوڵی لە ئەنجامدانی ئەو تاوانانەی جەنگ لە سوریادا دەکەن، کەسان و هێزگەلی ترسناکژ دژە ئینسان و دژە ژیان و دژە کەرامەتی ئینسانین.
