Draw Media

بەرگریی لە سەردەمە تاریکەکاندا، دەربارەی مانگرتنەکانی ئەمرۆکە

 بەرگریی لە سەردەمە تاریکەکاندا، دەربارەی مانگرتنەکانی ئەمرۆکە

2025-02-09 07:48:46


 

مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)

دەسەڵات هەیە خەڵک دەچەوسێنەتەوە، دەیانترسێنێت و ناهەقیان بەرامبەر دەکات، بە هەموو شێوازێک خۆی دەسەپێنێت، سانسۆر دەکات، پەنا بۆ فشار و توندوتیژیی دەبات. بەڵام دەسەڵاتی تریش هەیە لە ڕێگای چەوساندنەوەوە و کاری توندوتیژەوە کارنکات، بەڵکو لە ڕێگای هاندانی مرۆڤەوە کاردەکات بۆئەوەی بەشێوازێکی تایبەت بژی و بەجۆرێکی دیاریکراو ئەو ژیانە ڕێکبخات. ئەم جۆرە دەسەڵاتە داڕشتنی پەیوەندییەکانی مرۆڤ لەگەڵ خۆی و لەگەڵ کەسانیتردا، ئاراستەدەکات و دەخوازێت مۆدێلێکی تایبەت لە مرۆڤبوون دروستبکات. ئەم جۆرە دەسەڵاتەیان لەڕێگای چەوساندنەوە کارناکات بەڵکو دەستنیشانی ئەوە دەکات مرۆڤەکان چۆن بیربکەنەوە و بە چۆ جۆرێک مامەڵەی خۆیان و کەسانیتر بکەن.  واتە دەشێت دەسەلاتێک بوونی هەبێت کە چەوساندنەوە و فشاربۆهێنان و ناهەقیکردن بەرامبەر بە مرۆڤ تەکنیکی سەرەکیی کارکردنی بێت،  لەباتی ئەو تەکنیکانە خەریکی ئەوەبێت مرۆڤەکان بە شێوەیەکی دیاریکراو لە قاڵب بدات، بیانکاتە جۆرە کەسێکی تایبەت و فۆرمێکی تایبەتی خودبوونیان بەسەردا بسەپێنێت. مۆدێلی یەکەمیان مرۆڤێکی ترسا و مۆدێلی دووهەمیان مرۆڤێکی لە قاڵبدراو دروستدەکات. لەیەکەمیاندا دەسەلات بە مانا مادییەکەی ئامادەیە، لە دووهەمیاندا دەسەڵات بە مانا سایکۆلۆژییە دەرونییەکەی.

مرۆڤ دەتوانێت بە چەندین شێوازی جیاواز بەرەنگاری فشار و خواستەکانی هەردوو فۆرمەکەی دەسەڵات ببێتەوە. بۆ نموونە دەکرێت کەسەکان بە ئاشکرا کاری بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵات ئەنجامبدەن، بۆ نموونە، لە ڕێگای دەربڕینی ناڕەزایەتیی ئاشکراوە، لە ڕێگای گردبوونەوە و خۆپیشاندان و مانگرتنەوە، تا بە پەلاماردان و بەکارهێنی توندوتیژییش دەگات. وەکچۆن دەشێت بەشێوەیەکی نهێنی کاری بەرەنگاربوونە و نارەزاییدەربڕین ئەنجامبدەن. بۆ نموونە لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی نووسین و نووسراوی نهێنییەوە، یان نووسین لەسەر دیوار و شوێنەگشتییەکان، یان نارەزایی دەربڕین لە دونیای دیگیتالیدا، یان هەر کارێکی تری لەو شێوانە کە دەربڕی نارەزایی کەسەکان بێت  بەرامبەر بەو جیهانەی خراونەتەوە ناوییەوە. لە یەکەمیاندا بەرگریی زۆرجار فۆرمی کردەیەکی ئاشکرای ڕێکخراو دەگرێتەخۆی. لە دووهەمیاندا فۆرمی بەرهەمهێنانی دژەکولتورێک رەفزی ئەو کولتورە باڵادەستە دەکات کە دەسەڵات دەیەوێت وەک کولتوریی ئاسایی و سروشتی، نمایشیبکات.

کۆمەڵگای ئێمە لەبەردەم مۆدێلێک لە دەسەڵتادایە کە هەڵگری هەردوو جۆرە تەکنیکەکانی خۆسەپاندنە. لە سەرێکەوە سڵ لەوەناکاتەوە مرۆڤەکان بچەوسێنەتەوە، توندوتیژیان بەرامبەر بەکاربهێنێت، ناهەقی گەورەیان بەرامبەر بکات، بیانگرێت و ئاوارە و دەربەدەریان بکات، نەهێڵێت خەڵکی شارێک بچێت بۆ شارێکی دیکە، بازگەی پشکنین و ڕێگیریی هەمەجۆری هەبێت. بە کورتییەکەی دەسەڵاتێکی چەوسێنەر و توندوتیژ و دیار و بینراو بێت. بکەرەکانی دیاربن و هەمووان بزانن کێ بە کردەی چەوساندنەوە و فشاربۆهێنان و ناهەقیکردنەکان، هەڵدەسێت.


بەڵام هاوکات هەمان دەسەڵات تەکنیکە نەبیراوەکانی ئیشکردنی دەسەڵاتیش بەکاردەهێنێت و لەو رێگایەوە جۆرێک لە خود و کەسایەتیی و مرۆڤی لەقاڵبدراویش دروستدەکات، کە وەک رەعیەتێکی گوێرایەڵ و بێئیرادە کاربکات و بەوجۆرە خۆی و دەوروبەرەکەی ببینێت کە دەسەڵات دەیەوێت بیبینێت. بۆ ئەم مەبەستەش سەرجەمی ئەو تەکنیکە شاراوانە بەکاردەهێنەت کە فۆرم و مۆدێلێکی تایبەت لە مرۆڤی لە قاڵبدراو دروستدەکات. مرۆڤێک بەوشێوەیە خۆی وێنا و دروستبکات کە سیستمە دەسەڵتادارەکە دەیەوێت.

ئەوەی ئێستا رووئەدات بەگژاچوونەوەی هەردوو شێوازەکەی دەسەڵاتە لە دونیای ئێمەدا. بێگومان مانگرتن یەکێکە لە فۆرمە کلاسیکییەکانی بەرگریکردن، جۆرێکی تایبەتی ناڕەزایی دەربڕینە، بەڵام هاوکات بەگژاچوونەوە و رەفزکردنی هەردوو فۆرمەکەی دەسەڵاتە. لەسەرێکەوە بەگژاچوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی ناهەقیکردن و چەوساندنەوەیە، لەسەرێکی دیکەوە تێکشانکدنی ئەو قاڵبە حازرکراوانەیە کە مۆدێلێکی تایبەت لە مرۆڤی لە قاڵبدراو دەخەنەوە. لەم ئاستەدا ئەوەی ئەمرۆ لە کۆمەڵگای ئێمەدا رووئەدات رووداوێکی گرنگە و شوێنی بەرگریلێکردن و پەرەپێدان و دانەپاڵیەتی.

مانگرتنەکان جگە لە بەگژاچوونەوەی ناهەقیی و رەفزکردنی چەوساندنەوەن، هاوکات هێما بۆ ئەو جۆرە لە بەرگریکردن دەکات کە هەڵگری ئەو رەفتار و ئاکار و کولتورە پێچەوانەیەیە، کە سیستمی دەسەڵات نایەوێت لەناو کۆمەڵگاکەدا دروستببێت. جێبەجێنەکردن و تێکشکاندنی ئەو چاوەروانییانەیە کە دەسەڵاتداران دەخوازن زۆرینەی خەڵکی کۆمەڵگاکە پەیڕەوی بکەن و پیادەیبکەن.
جۆر و شێوازەکانی بەرگریکردن پەیوەندی بە جۆر و فۆرمەکانی دەسەڵاتەوە هەیە. لە هەرشوێنەکدا بەکارهێنانی توندوتیژیی یان هەڕەشە بە بەکارهێنی توندوتیژیی ئامرازی سەرەکی دەسەڵات بێت، لەوێدا فۆرمەکانی بەرگریکردن جیاوازدەبن لەوەی توندوتیژیی بەشێک نەبێت لە پەیوەندییەکانی دەسەڵات. ئەوەی ئێستا لە هەرێمدا رووئەدات بەرگریکردنە لە ناو مۆدێلک لە دەسەڵاتدا کە سڵ لە بەکارهێنانی هەموو فۆرمەکانی توندوتیژیی و خستنەگەرى میلیشیا و هێزی دەمامکدار، گرتن و راونان، نانبڕین و شاربەدەرکردن، ناکاتەوە. بۆیە مردن و ئەگەری مردن بەشێکی سەرەکیی ئەم فۆرمە تایبەتەی بەرگریکردنە.

بەڵام ئەمە هەموو بەسەرهاتی مانگرتنەکان نییە، مەسەلە تەنها ئەگەری پەنابردن بۆ هەموو شێوازەکانی توندوتیژیی نییە. بەڵکو بینینی ئەو راستیەشە کە مانگرتنەکان کردەی بەرگریکردنە لە سەردەمێکدا کە دەشێت لەپاڵ ژنە فەیلەسوف هانا ئارێنت دا ناوی «سەردەمی تاریک»ی لێبنێین. بەڵام «سەردەمی تاریک» چییە و کامەیە؟

سەردەمی تاریک تەنها ئەو سەردەمانە نین کە دەسەڵاتگەریی و دیکتاتۆریەت و ستەمگەریی لە شێوازە جیاوازەکانیاندا بەرھمدەھێنن. ڕاستە بوونی ستەمگەریی لە فۆرمی جیاوازدا  بەشێکە لە تاریکاییەکانی دونیا و تاریکاییەکانی سەردەمێکی مێژوویی. بەڵام لەمانە بنچینەییتر، وەک ھانا ئارێنت دەڵێت، سەردەمی تاریک سەردەمی نەبوونی ژیانێکی گشتیی و ڕووبەرێکی گشتییە لە کۆمەڵگادا کە تیایدا بیر و ڕا و بۆچوون و کردەی مرۆڤەکان نرخ و بەھا و گرنگیان ھەبێت و لەناویاندا ڕاستییە جیاوازەکان دەربکەون و وەک سەرەتایەک بۆ کردەی مێژوویی و چالاک و مانادار، دەستبەکاربن. مرۆڤ لەناو ژیان و ڕووبەری گشتیدا دەردەکەوێت، قسەدەکات، دەبیسترێت، کردە ئەنجامئەدات، تیشک دەخاتە سەر مەسەلە سەرەکییەکانی ناو کۆمەڵگا، باس لەوەدەکات چیی سەرەکیی و بنەڕەتییە و چی لاوەکیی و پەراوێزییە، چی لە کۆمەڵگادا دەگوزەرێت و ڕووداوە سەرەکییەکانی کامانەن، دەبێت چی بگۆڕێت و چیش وەکو خۆی بمێنێتەوە. ھەروەھا نیشانیشی ئەدات چ شتێک لە خەیاڵ و عەقڵ و ھەستی مرۆڤەکانی ئەو کۆمەڵگایەدا ئامادەیە، خەڵک خەون بە چییەوە دەبینن و چ چاوەڕوانییەکیان ھەیە و دەیانەوێت چی رووبدات.

”سەردەمی تاریک“ ئەو سەردەمەیە کە ژیانی گشتیی و ڕووبەری گشتیی ئەو کارانەی سەرەوەی بۆ ئەنجامنادرێت. درۆی ڕێکخراو دەبێتە گوتاری باڵادەستی ناو ئەو ڕووبەرە، ترس حوکمڕانیی دەکات، سیاسەت لەباتی چالاکی بەرھەمھێنانی ژیانێکی گشتیی ماقوڵ و پلورال بێت، دەبێت بە کردەی درۆکردن و شاردنەوەیەکی بەردەوامی راستییەکان، بۆشایییەکی گەورە لە متمانەکردندا دروستدەبێت و کەس باوەڕ بەوەناکات کە دەگوترێت  و بڵاودەکرێتەوە. لە سەردەمی تاریکدا ئەو قسانەی دەکرێن، لەباتی ئەوەی نیشانیبدەن چی ڕوویداوە و چی ڕووئەدات، دەبن بە بەشێک لە کردەی شاردنەوەی شتەکان و راستییەکان و داپۆشینیان. زمان لەباتی نیشاندانی دونیا لە ھەقیقەتەکانی خۆیدا، دەبێتە ئامرازێک بۆ ساختەکردنی راستییەکانی ئەو دونیایە. ئەمەیە وادەکات یەکێک لە گەورەترین ئەو تاوانانەی بکرێت بەرامبەر بە مرۆڤەکان ئەنجامبدرێت  بێمافکردنیان بێت لە بوونی ژیان و ڕووبەرێکی گشتیی، تیایاندا بیر و ڕاو بۆچوونەکان گرنگیان ھەبێت و کردەکانیش  بتوانن کاریگەریی لەسەر ئەو دونیایە بەجێبھێڵن. لەھەر شوێنێکدا ڕا و بۆچوون و کردەی مرۆڤەکان مانایان نەما و بێنرخ و بێکاریگەریی کران، لەوێدا سەردەمێکی تاریک ئامادەیە. ئەوەی دەسەڵات لە دونیای ئێمە دروستیکردوە ئەو جۆرە ژیانە گشتییەیە کە درۆ و فێل و نابەپرسیاربوون بەڕێوەی دەبات و ئاراستەی دەکات.

ئەو مانگرتنانەی ئەمرۆکە لە هەرێمدا ڕووئەدەن لەناو سەردەمێکی تاریکی لەو بابەتەدا رووئەدەن. سەردەمکێک هێزە حوکمڕانەکانی ناوی جگە لە خۆیان هیچ هێزێکی دیکە نابینن و جگە لە پاراستنی قازانج و پێگە و مەسڵەحەتی خۆیشیان، هیچ قازانج و پێگە و مەسڵەحەتێکی دیکە نابینن. نەبینینی هەموو ئەم شتانەش گەورەترین تاوانێکە دەسەڵاتداران بەرامبەر بە کۆمەڵگاکەیان ئەنجامیبدەن. گرنگیی مانگرتەکانیش لەوەدایە جل و بەرگ لە بەری هەموو درۆکان دادەماڵێت و سیستمە حوکمڕانییەکە لە هەقیقەتە ناشیرین و تاڵەکەی خۆیدا نیشانئەدات.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand