سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

ڕاپۆرت

هەژاری، بێکاری و قەیرانی نیشتەجێبوون

هەولێر لە پێشەنگدایەو نزمترین ڕێژەی هەژاری بە 5.9% تۆمار دەکات، بەڵام بێکاریی ژنان تێیدا دەگاتە نزیکەی 27%. هەولێر و سلێمانی کەمترین ڕێژەی هەژاری و دهۆک بەرزترین بێکاریی ژنانیان لەسەر ئاستی هەرێم هەیە بە ڕێژەی 41.2%. قەیرانی بێکاری لە هەرێم؛ بێکاریی گشتی لە دهۆک دەگاتە 17.5% و لە هەولێر 14.7% و لە سلێمانی 13.6%ـە.

بڵاوکراوەتەوە لە : 22 تشرینی یەکەم 2026

هەژاری، بێکاری و قەیرانی نیشتەجێبوون

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

درەو: 

 🔹 هەولێر لە پێشەنگدایەو نزمترین ڕێژەی هەژاری بە 5.9% تۆمار دەکات، بەڵام بێکاریی ژنان تێیدا دەگاتە نزیکەی 27%.
🔹 هەولێر و سلێمانی کەمترین ڕێژەی هەژاری و دهۆک بەرزترین بێکاریی ژنانیان لەسەر ئاستی هەرێم هەیە بە ڕێژەی 41.2%.
🔹 قەیرانی بێکاری لە هەرێم؛ بێکاریی گشتی لە دهۆک دەگاتە 17.5% و لە هەولێر 14.7% و لە سلێمانی 13.6%ـە.
🔹 بەراوردی هەژاری لەنێوان 2018 و 2024؛ سلێمانی بەرزبوونەوەی هەژاری لە 4.5% بەرزبووتەوە بۆ 7.9% و هەولێر لە 6.7%ەوە دابەزیوە بۆ 5.9%.
🔹 نابەڕابەریی ڕەگەزی لە بازاڕی کاردا؛ بێکاریی ژنان لە دهۆک 41.2% و چوار هێندەی بێکاریی پیاوانە بە ڕێژەی 11.3%.
 

یەکەم؛ هەژاری

هەژاری هیچی تر نییە جگە لە ڕەنگدانەوەی پەیوەندیی نێوان دانیشتووان و پێداویستییەکانیان لە خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکان. عێراق لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردووی مێژووی هاوچەرخیدا، شایەتی پێشهات و گۆڕانکاریی مەترسیدار بووە لەسەر ئاستی ئابووری و کۆمەڵگە؛ لە جەنگ، داگیرکاری و تیرۆری نێودەوڵەتییەوە کە سێبەری تاریکی خۆیان بەسەر کۆی بارودۆخی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ژینگەییدا کێشاوە، کە دیارترین ئەنجامە نەرێنییەکانی بریتی بوو لە تەشەنەکردنی دیاردەی هەژاری. بەڵام باشتربوونی گشتیی بارودۆخەکە بووە هۆی دابەزینێکی بەرچاو لە ساڵی 2024دا. خەرجییە گشتییەکان و فراوانکردنی ئەو توێژانەی دەیانگرێتەوە، هاوکار بوون لە کەمکردنەوەی ڕێژەی هەژاری و کەمتوانایی لە کۆمەڵگەدا، سەرەڕای ئەو بارودۆخە هەڵاوێرەی کە دەبوو ببێتە هۆی سەپاندنی ڕێژەیەکی بەرزتری هەژاری بەهۆی نەمانی ئاسایش و بەرزبوونەوەی ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس.

خشتەی ژمارە (1) ئاماژە بەوە دەکات کە ڕێژەی تاکەکانی سەرووی هێڵی هەژاری و توێژە ناسک و کەمتواناکان (ئەوانەی نزیکن لە هێڵی هەژارییەوە) بەراورد بە ساڵانی 2007 و 2012 کەمیکردووە، سەرەڕای ئەوەی بارودۆخی ئابووری پاڵپشتیکار و هاوکار نەبووە بۆ ئەم دابەزینە، نه لەسەر ئاستی ئابووریی گشتی و نه لەسەر ئاستی ئەو بەرنامانەی بۆ ئەم مەبەستە تەرخانکراون. سەیر لەوەدایە کە ڕێژەی تاکەکانی سەروو و ژێر هێڵی هەژاری زۆر لە یەکترەوە نزیکن. لە هەمان کاتدا، ڕێژەی بەرزبوونی گەشەی دانیشتووان بە شێوەیەکی ڕێژەیی، دەبێتە هۆی زیادبوونی ژمارەیەکی زیاتری خێزانە هەژارەکان، بەمەش ژمارەی دانیشتووانی ژێر هێڵی هەژاری ڕوو لە زیادبوون دەکات، سەرەڕای کەمبوونەوەی ڕێژەیان لە کۆی دانیشتووان.

 

خشتەی ژمارە (1) 

 

Untitled Media

 

 

دابەزینی ڕێژەی هەژاری و کەمتوانایی، هاوکات بووە لەگەڵ باشتربوونی تەدریجیی بەهای پێوەرەکانی گەشەپێدانی مرۆیی. لە ساڵی 2008دا بەهای پێوەرەکە گەیشتە (0.623)، پاشان لە ساڵی 2014دا بەرزبووەوە بۆ (0.694)، لە کاتێکدا لە ساڵی 2024دا بەهای پێوەرەکە بە (0.712) خەمڵێنراوە. جیاوازیی لە بەخشین و داهاتدا لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگەدا، لە پاڵ زیادبوونی ئاستی گەندەڵی لە ڕووی فراوانی و قەبارەوە (پارە دزراوەکان)، سەرەڕای ئەو بەفیڕۆچوونەی کە گەندەڵی هەندێک جار دەبێتە هۆی لە بەشێک لەو گرێبەستانەی دامەزراوەکانی دەوڵەت ئەنجامی دەدەن (لە ناوخۆ و دەرەوەدا)، کە هەندێک جار زێدەڕەویی لە خەمڵاندنەکانیاندا دەکرێت و لە بەرامبەریشدا کوالێتی یان جێبەجێکردنەکەیان نزمە. ئەم دۆخە کەڵەکەبووە دەبێتە هۆی دروستبوونی جیاوازییەکی ڕوون لە دابەشکردنی داهاتدا. 

ئاماژەکانی دابەشکردنی داهات و ئەو نیشاندەرانەی کە بە "هاوکێشەی جینی" دەربڕینیان بۆ دەکرێت (کە بەهای نێوان سفر و یەکە، و ژمارە 1 ئاماژەیە بۆ نادادپەروەریی ڕەها)، دەتوانن بە ڕوونی گوزارشتی لێ بکەن، بە جۆرێک کە زیادبوونی جیاوازییەکان لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا دەردەکەوێت؛ ئەمەش وا دەکات پێکهاتەی چینیی کۆمەڵگە بەردەوام بگۆڕێت بەرەو بەرزبوونەوەی چینبەندی، کە بە ناچاری دەبێتە هۆی زیادبوونی قەبارەی ئەو چینەی کە داهاتەکانیان لە دەوری هێڵی هەژاریدا دەخولێتەوە (بە بەرزبوونەوە یان دابەزین). 

 

لە خشتەی ژمارە (2)دا تێبینی دەکەین کە ئەو پارێزگایانەی شاهیدی جیاوازیی خەرجين وەک دەرئەنجامی جیاوازیی لە ئاستی داهات، قەبارەی بێکاری و هەژاری، بە سەرجەم عێراقدا دابەش بوون. سەیر لەوەدایە کە هەندێک لە پارێزگا نەوتییەکان وەک پارێزگای ميسان، دەناڵێنن بە دەست ئەوەی کە ئەمە بە شێوازێکی ئەرێنی ڕەنگدانەوەی نەبووە لەسەر بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتییان، لە ڕووی ئاستی هەلی کار، داهات و دابەزینی بێکاری و هەژارییەوە، بە جۆرێک کە هێشتاش ميسان یەکێکە لە هەژارترین پارێزگاکانی عێراق. لەوە زیاتر، دەبینین پارێزگای بەسره کە نزیکەی 80%ی نەوت بەرهەمدەهێنێت، پێوەری گەشەپێدانی مرۆیی تێیدا زیاتر لە پارێزگاکانی تر دادەبەزێت، لە کاتێکدا کەرکووک بە پێی بەهای پێوەری خەمڵێنراو بەرزترینە، ئەوەش بەهۆی جیاوازییە گەورەکەی بەهای پێوەری داهات کە بۆ ئەم دوو پارێزگایە خەمڵێنراوە؛ هەمان ئەو پێگەیەی کە خودی پارێزگاکان بە پێی پێوەری گەشەپێدانی مرۆیی هەموارکراو بە فاکتەری نادادپەروەری بەدەستی دەهێنن، هەرچەندە کۆی پاشەکشەکە بەهۆی نادادپەروەرییەوە بۆ بەسره گەورەترە بەراورد بە کەرکووک. 

 

خشتەی ژمارە (2)

 

بەهای "هاوکێشەی جینی" بە (0.298) خەمڵێنراوە، کە بەراورد بەو تێکڕایانەی لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا باون، بە شێوەیەکی ڕێژەیی نزمە. لە کاتێکدا زۆرترین بەها کە هاوکێشەی جینی لە پارێزگاکاندا تۆماری کردبێت، لە پارێزگای نەینەوادا بووە بە بەهای (0.374)، کە هێشتاش بە پێی بەراوردکارییە نێودەوڵەتییەکان بە نزم دادەنرێت؛ ڕەنگە ئەمەش بۆ ئەو جووڵە و چالاکییە ئابووری و ئاوەدانییە بگەڕێتەوە کە پارێزگای نەینەوا دوای ڕزگارکردنی خاکەکەی شاهیدی بووە.

 

دووەم؛ بێکاری


عێراقیش وەک ناوچەکانی تری جیهان، بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەشداریی دانیشتووانی تەمەنی کار لە چالاکیی ئابووریدا دەخاتە ڕوو، کە ئەمەش نیشاندەری ئاستی کارایی ئابوورییە لە ڕەخساندن و دروستکردنی هەلی کاردا. بەڵام مێژووی ڕابردوو و ئاستەنگەکانی ئێستا، زۆر کێشەیان بەرهەم هێناوە کە ڕەنگدانەوەیەکی روونیان هەبووە لەسەر کاریگەریی سیاسەت و بەرنامە ئامانجدارەکان بۆ بەرزکردنەوەی کارایی ئابووری و هاندانی گەشەسەندنی بەرهەمهێنەری هەلی کار. بە گشتی، چالاکیی کار و دامەزراندن لە عێراقدا دەکەوێتە ژێر چاودێریی یاسای کار لە عێراق ژمارە (37)ی ساڵی 2015، کە تەمەنی قانونیی کارکردنی (18 ساڵ) دیاری کردووە و مافی کاری بۆ هەمووان مسۆگەر کردووە. کۆی ڕێژەی بێکاری لە عێراقدا لە ساڵی 2024دا گەیشتە (13.5%)، و ڕێژەی بێکاری لە نێو ئافرەتاندا بریتی بوو لە (21.4%)، لە کاتێکدا ڕێژەکە لە نێو پیاواندا (11.8%) بوو. هەروەها ڕێژەی بێکاری لەسەر ئاستی پارێزگاکان لە هەریەکە لە (دهۆک، ئەنبار، موسەننا، میسان و بەسره) چڕ بووەوە، وەک لە خشتەی ژمارە (3)دا ڕوون کراوەتەوە. 

 

خشتەی ژمارە (3) 

 

Untitled Media

 

 

سێیەم؛ قەیرانی نیشتەجێبوون

قەیرانی نیشتەجێبوون یەکێکە لە دیارترین ئەو کێشانەی کە کۆمەڵگەی عێراقی لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوو و ئێستاشدا پێوەی دەناڵێنێت. دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون بە پێویستییەکی بەپەلە و پێداویستییەکی بنەڕەتی بۆ هەر تاک و خێزانێک دادەنرێت، چونکە هەستی ئارامی، دڵنیایی و جێگیرییان پێ دەبەخشێت و ڕێگەیان پێ دەدات وزەی خۆیان نوێ بکەنەوە و بە بەرهەمدارییەکی بەرزەوە کار بکەن. ئەمەش ڕەنگدانەوەیەکی ئەرێنی لەسەر ئاراستەی گەشەپێدانی مرۆیی بەردەوام دەبێت، بڕوابەخۆبوون و متمانەی نێوان دەوڵەت و هاووڵاتی بەهێزتر دەکات و ڕوحیەتی هاووڵاتیبوونی ئەرێنی دەگەشێنێتەوە. 

گەشەی دانیشتووان، زیادبوونی ڕێژەکەی و تەشەنەکردنی دیاردەی شارنشینی، لە دیارترین هۆکارە سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی قەیرانی نیشتەجێبوون لە عێراقدا دەژمێردرێن، کە گوزارشت لە دەستکورتیی لە دابینکردنی داواکارییەکانی خانوبەرەدا دەکەن. بۆ ڕێگریکردن لە توندیی لێکەوتە نەرێنییەکانی قەیرانی نیشتەجێبوون، عێراق هەوڵیداوە سیاسەت و بەرنامەی خێرا بۆ هەڵمژینی کەمکوڕییەکە و هێنانەدی هاوسەنگی لە بازاڕی خانوبەرەدا دابڕێژێت؛ بەتایبەتی دوای فراوانبوونی قەیرانی نیشتەجێبوونی زێدەڕۆ (عشوائي) لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراقدا بەتایبەت پارێزگای بەغدا، سەرەڕای پەلامارە تیرۆریستییەکان و تێکدانی خانوو و زێدی هاووڵاتییان بەتایبەت لە هەردوو پارێزگای نەینەوا و ئەنباردا. بە پێداچوونەوەیەکی سادە بۆ واقیعی نیشتەجێبوون لە عێراقدا، ئەم خاڵانەی خوارەوە تێبینی دەکرێن: 

1.    ژمارەی خێزانەکان بۆ ساڵی 2024 گەیشتووەتە نزیکەی (7.8 ملیۆن) خێزان لە کۆی سەرجەم پارێزگاکاندا. 

خەمڵاندنەکانی کۆی کەمکوڕیی پوخت لە یەکەکانی نیشتەجێبوون لە عێراقدا بە (2 ملیۆن) یەکەی نیشتەجێبوون دەخەمڵێندرێن. 
کەمکوڕی و قەیرانی نیشتەجێبوون لە پارێزگاکانی بەغدا، نەینەوا، بەسره، کەرکوک و زیقاردا چڕبووەتەوە. 
ژمارەی خانووە زیانپێکەوتووەکان لەو پارێزگایانەی بەهۆی تیرۆر و پرۆسەکانی ڕزگارکردنەوە زیانیان بەرکەوتووە گەیشتووەتە (58 هەزار و 167) یەکەی نیشتەجێبوون بەپێی ڕووپێوی هەڵسەنگاندنی زیانەکانی ساڵی 2017. زیانپێکەوتووترین پارێزگاش پارێزگای نەینەوایە بە ڕێژەی 62.1% و پاشان پارێزگای ئەنبار بە ڕێژەی 20.4%. 
لەبەر ئەوەی دەستووری عێراق (ساڵی 2005) مافی دابینکردنی نیشتەجێبوونی گونجاوی مسۆگەر کردووە، دەبێت چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوون لە پێشەنگی کارە پلانسازییەکان و ئامانجە ستراتیجییەکانی گەشەپێدانی شوێنیدا بێت، بە شێوەیەک کە مافەکانی مرۆڤی عێراقی بپارێزێت و متمانەی بە دەوڵەت بەهێز بکات تا دەگاتە دەوڵەتی هاووڵاتیبوون. 

قورسیی ئاسەوار و کاریگەریی ئەم هۆکارانەی ئاماژەیان پێکرا، دەکرێت ببنە هۆی زیانگەیاندن بە دەستکەوتە گەشەپێدانییەکان و مافەکانی مرۆڤ، کە ئاسەواری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان لەسەر داهات، کار، تەندروستی، پەروەردە و بەهێزکردنی ئافرەتان بەجێهێشتووە، و ئەرکی بەدەستهێنانی پێشکەوتنی لە ئاستەکانی گەشەپێدانی مرۆیی لە عێراقدا کردووەتە ئەرکێکی سەخت و دژوار لە سێبەری بەردەوامیی ناسکی و ڕەیعیبوونی ئابووریدا. 

پێویستە کار بۆ پەسەندکردنی پەیماننامەیەکی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی بکرێت کە بەرەو دەوڵەتێکی سەقامگیری سیاسی بمانبات و سەرجەم هۆکارەکانی خۆشگوزەرانیی ئابووری و کۆمەڵایەتی دابین بکات. پەیماننامەیەک کە ڕەیعی نەوت بخاتە خزمەت بونیادنانی دەوڵەتێکی بەهێز و تۆکمە تا سەرچاوەکانی سەروەتی نیشتمانی لە پێناو بەرژەوەندیی نەوەکانی ئێستا و داهاتوودا بەرز بباتەوە، و وزەی تاکەکانی وڵات لە بەرهەمهێنان، داهێنان و نوێگەریدا بەکاربهێنێت؛ لەگەڵ وەبەرهێنانی کارامەی دەرفەتی دانیشتووان، تا دەگاتە پەیماننامەیەک کە هەوڵی بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، مسۆگەرکردنی مافەکان و ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگە بدات، تا عێراق ببێتە دەوڵەتی (هاووڵاتیبوونی ئەرێنی). 

 

 

سەرچاوە؛

-       مرکز رواق بغداد للسیاسات العامة و برنامج الامم المتحدة الانمائي؛ العراق التقریر الوطني... للتنمیة البشریة، بغداد 2025، ص 146-154؛

https://shorturl.at/YOKyL

 

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
پێش 20 کاتژمێر

گفتوگۆی درەو تایبەت بە پرسی پێكهێنانی حكومەت

null
٢٠ تشرینی یەکەم ٢٠٢٦

(كۆمیتەو ناوچە)ەكان قوتابخانەكان هەراسان دەكەن

null
٢٠ تشرینی یەکەم ٢٠٢٦

حكومەت لەماوەی (730) رۆژدا پێكنەهات