سودانی: پابەندین بە هەمواری یاسای بودجە تایبەت بە تێچووی نەوت
2025-01-30 06:45:27
(درەو):
سەرۆك وەزیرانی جەخت لەسەر پابەندبوونی حكومەتەكەی دەكات بەو هەموارەی یاسای بودجە، كە تایبەت بە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان ئامادەكراوەو بەمدواییە لە پەرلەمان گرفتی بۆ دروستكرا.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی فراكسیۆنەكانی ئەنجومەنی نوێنەراندا كۆبووەوە، سەرۆكی ئەنجومەن و هەردوو جێگرەكەشی بەشداربوون لە كۆبوونەوەكەدا. بەگوێرەی راگەیەندراوی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران، لە كۆبونەوەكەدا باس لە هەمواری یاسای بودجە كراوە، كە لەلایەن حكومەتەوە رەوانەی پەرلەمان كراوە، سودانی پابەندبوونی بەو دەقە دووپاتکردووەتەوە کە باس لە پرسی تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت دەکات لە هەرێمی كوردستان.
هەمواری مادەی 12/دووەم/ ج لە یاسای بودجەی سێ ساڵەی فیدڕاڵی، تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم، تێیدا لەبری (6 دۆلار)، بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك لە نەوتی هەرێم بڕی (16 دۆلار) دیاریكراوە، ئەمە تا ئەوكاتەی لەماوەی 60 رۆژدا کۆمپانیایەکی پسپۆری نێودەوڵەتی؛ خەمڵاندنێکی راستەقینەو دادپەروەرانە دەکات بۆ تێچووی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم و لەسەر ئەم بنەمایە نرخێكی نوێ دەچەسپێندرێت.
یاسای بودجەی سێ ساڵەی (2023-2024-2025)ی عێراق بڕی (6 دۆلار)ی بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت لەسەرتاسەری وڵات دیاریكردووە، ئەمە هەر لەسەرەتاوە ناڕەزایەتیی حكومەتی هەرێمی لێكەوتەوە، بەوپێیەی لە هەرێمی كوردستان بەتێكڕا خەرجی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت دەگاتە (24) دۆلارو تێچووی گواستنەوەش بە بڕی (7) دۆلار ئەژماركراوە، واتا بەتێكڕا تێچووی هەر بەرمیلێك نەوت لە كوردستان بڕی (31) دۆلارە.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی 5ی تشرینی دووەمی 2024 هەمواری یاسای بودجەی پەسەندكردو سەرەتای ئەمساڵ هەموارەكەی رەوانەی پەرلەمان كرد، پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ هەموارەكە كردووەو لە لیژنەی داراییش پەسەندكراوە، بڕیاری بوو رۆژی 21ی ئەم مانگە دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتیی هەندێك لایەنی عێراقییەوە گرفتی بۆ دروستكراو لە بەرنامەی كاری پەرلەمان لادرا.
لەدوای راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم بە بۆریی بۆ بەندەری جەیهانی توركیا لە 25ی ئازاری 2023وە بەهۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی پاریس، یەكێك لە بەربەستە سەرەكییەكان لەبەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لەنێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵیی و حكومەتی هەرێمدا بابەتی تێچوونی نرخی نەوت بوو، بۆیە ئامانج لەم هەموارەی یاسای بودجە ئەوەیە هەناردەی نەوتی كوردستان سەرلەنوێ دەستپێبكاتەوە.