ھاوڵاتیبوون: پێداویستی ژمارە یەک
2025-01-12 13:11:44
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)
بەشێکی زۆری کۆمەڵگاکانی ناوچەکە لەناو زەلکاوێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و دینیی و رەمزیی ترسناکدا نووقمن، زەلکاوی بەرھەمھێنان و گەشەپێدان و قەڵەوکردنی چەندەھا جۆر لە شوناس کە ھیچیان ناچنەوە ناو شوناسی ھاوڵاتی و ھاوڵاتیبوونەوە. ئەوەی لە سیاسەتی شوناسی بەشێکی گەورەی ئەو کۆمەڵگایەندا بە بەردەوامی دەسڕدرێتەوە، شوناسی ھاوڵاتیبوونە. غیابی ترسناکی ئەم شوناسەش دۆخێکی دروستکردوە سیاسەت وەک چالاکی ژمارە یەکی رێکخستنی ژیانی گشتیی و پێکەوەبوونی کۆمەڵایەتیی، لەوەبکەوێت سیاسەت بێت. دەوڵەتیش وەک ھاوبەشێکی سیاسیی گشتیی رێکخراو و وەک چاودێرێکی عەقڵانیی و داوەرێکی، کەم تا زۆر بێلایەن، لە نێوان بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا، لەوەبکەوێت دەوڵەت بێت. ھاوکات ئەم غیابی ھاوڵاتیبوونە خودی کۆمەڵگاش لەوەدەخات کۆمەڵگا بێت، واتە کۆمەڵەیەک بێت لە خەڵکی جیاواز کە تۆرێک لە دەزگا و ناوەند و رێکەوتنی کۆمەڵایەتیی، بە لانی ھەرەکەمی یەکتر قبووڵکردن و ھاوبەشبوونەوە، بەیەکەوە کۆیکردبنەوە.
ھاوڵاتیبوون جەوھەری سیاسەت و جەوھەری دەوڵەت و جەوھەری کۆمەڵگایە. غیابی ھاوڵاتیبوون ھێمایە بۆ غیابی ھەریەکێک لە سیاسەت و دەوڵەت و کۆمەڵگا بە مانا سەرەتایی و راستەقینەکانی ئەو چەمکانە. ئەوەیش سیاسەت لە دونیای ئەمڕۆدا دەکات بە سیاسەت و دەوڵەت بە دەوڵەت و کۆمەڵگاش بە کۆمەڵگ،ا بوون و ئامادەگیی ھاوڵاتییە وەک یەکەی یاسایی و سیاسیی و کۆمەڵایەتی ھەرە سەرەکیی، وەک شوناسی باڵادەست و ژمارەیەکی ناو ھەریەکێکیان.
ئەم دۆخە وادەکات ئێمە لەناوچەیکدا بژین سیاسەتمان ھەیە بەبێ سیاسەت، دەوڵەت بەبێ دەوڵەت و، کۆمەلگاش بەبێ کۆمەڵگا. ئەوەی لە شوێن و لەباتی ھاوڵاتی ئامادەیە، تائیفە و مەزھەب، خێڵ و عەشیرەت، پیاو ماقوڵ و ئەشراف و عەوام و شتگەلی تری لەم بابەتە، ھەموو ئەمانەش یەک مانایان ھەیە: بەرجەستەکردن و نیشنادانی غیابی تەواوەتی ھاوڵاتیی و ھاوڵاتیبوون لەناوچەکەدا.
ئەم دۆخە ھەم بۆ تورکیا و ھەم بۆ سوریا و ئێران و عێراق و ھەرێمی کوردستان و ھەم بۆ بەشێکی گەورەی ناوچەکە ڕاستە. لە ھەموو ئەو شوێنانەدا غائیبی ژمارە یەک ھاوڵاتیی و ھاوڵاتییە بە مانا سیاسیی و یاسایی و ئەخلاقییەکەی. ئەوەی میلەتێک دەکات بە میلەت، گەلێک دەکات بە گەل و نەتەوەیەک بە نەتەوە، ھاوڵاتییبوونە، ھاوڵاتیبوونە وەک ئامادەگی جۆرێک لە مرۆڤ کە ھەلگری کۆمەڵێک مافی یەکسان و بەرپرسیارێتی یەکسانە.
بەڵام ھاوڵاتیبوون مانای چی؟
بەر لە ھەمووشتێک ھاوڵاتیبوون ھێما بۆ ئەو پەیوەندییە دەکات کە تاکەکەسێک بە دەوڵەت و بەو کۆمەڵگایەوە گرێدەدات کە لەناو سنوورە سیاسیی و رەمزییەکانیاندا دەژی. لەم پەیوەندیەدا دەوڵەت و کۆمەڵگاکە تاکەکەسەکە وەک ھاوڵاتیی دەپارێزن، لە بەرامەبەردا تاکەکەسەکەش وەلا و دانەپاڵی بۆ ئەو دەوڵەت و کۆمەڵگایە دەبێت. لەناو ئەم پەیوەندیی پاراستن و وەلائەدا ھاوڵاتیبوون مانای بوونی کۆمەڵێک ماف و بەرپرسیارێتی یاسایی کە سەرجەمی ئەو کەسانە خاوەنین کە ژیانێکی سیاسی ھاوبەش لەسەرزەمینێکی ھاوبەشدا بەیەکەوە دروستدەکەن. کۆڵەکەی یەکەمی ھاوڵاتیبوون دابینکردنی شێوازە جیاوازەکانی ماف و ئازدییە بۆ کەسەکان، لە بەرامبەریدا چاوەڕوانیکرنی بەرپرسیاریەتە لەو کەسانەی ئازادیی و مافەکانیان بۆ دابینکراوە. .
بەم مانایە ھاوڵاتیبوون لەیەککاتدا ھەم ئاماژەیە بۆ ھەبوونی کۆمەڵێک ماف و ھەم بۆ ھەبوونی کۆمەڵێک ئەرک و بەرپرسیاریەتی کە ھەدووکیان لە رێگای یاساوە رێکخراون. ئاماژەشە بۆ ئەوەی ھەموو ئەو دانیشتوانەی لە سەرزەمینێکی جوگرافیی و سیاسیی ھاوبەشدا بەیەکەوە دەژین، ھەموویان، بەشێوەیەکی یەکسان ھەڵگری ئەو مافانە و ئەو ئەرک و بەرپرسیاریەتیانەن.
ھاوڵاتیبوون مانای ئەندامبوونە لە گەل یان نەتەوە یان کۆمەڵگایەکی دیاریکراودا. لە دونیای ئەمڕۆدا ھاوڵاتیبوون لە دەرەوەی ئەم ئەندامبوونانەدا بوونی نییە، واتە شتێک بوونی نییە بەناوی ”ھاوڵاتیبوونی جیھانیی“ەوە. مرۆڤ لە جیھانی ئەمڕۆدا بۆئەوەی بتوانێت ماف و بەرپرسیاریەتی وەک ھاوڵاتییەک ھەبێت پێویستە ئەندامی گەل و نەتەوە و دەڵەتێکی دیاریکراو بێت. ئەمەش یەکێکە لەو رەخنانەی رووبەرووی چەمکی ھاوڵاتیبوون دەبێتەوە. بەیاننامەی مافەکانی مرۆڤ، کە بەیاننامەیەکی جیھانیی و گەردونییە، ھەوڵدانێکی سەرەتاییە بۆ تێپەڕاندنی ئەم نووقسانییە، بەڵام تەنانەت پیادەکردنی ئەو مافە گەردونیانە تەنھا لەو کاتانەدا دەکرێت ئەنجامبدرێت کە مرۆڤەکان دەبن بە ھاوڵاتی ئەم یان ئەو نەتەوە و گەل و دەوڵەتی دیاریکراو.
بەڵام ئەم ئەندامبوونە دەرگای ھەبوونی کۆی ئەو ماف و بەرپرسیاریەتانە بە رووی ھەموو ئەندامانی ئەو گەل و نەتەوە و دەوڵەتەدا دەکاتەوە کە ئەندامەکانی وەک ھاوڵاتیی دەبینێت و مامەڵە دەکات. لە ھاوڵاتیبووندا کەس لەویتر مافی زیاتر یان کەمتر و کەس ئەرکی زیاتر یان کەمتری نییە. واتە لەناو چەمکی ھاوڵاتیبووندا شوێنێک نییە بۆئەوەی کەسێک لە کەسێکی تر ھاوڵاتیتر بێت یان نەبێت. ھەمووان بە ھەمان ئەندازە ھاوڵاتی ئەو گەل و نەتەوە و دەوڵەتەن و ھەمان ماف و ھەمان ئەرک و بەرپرسیاریەتییان ھەیە. لە راستیدا ناکرێت قسە لە بوونی نەتەوە و گەل و دەوڵەت بکەین بەبێ بوونی ھاوڵاتیی یەکسان، واتە بەبێ بوونی کۆمەڵێک مافی یەکسان کە ھەموو ئەندامانی ئەو گەل و نەتەوە و دەوڵەتە ھەڵگریبن. لەبەرامبەر ئەو مافانەدا، ئەو گەل یان کۆمەڵگا و یان نەتەوەیە چاوەڕوانیی ئەوی ھەیە هاوڵاتیەکانی پابەندی یاساکانی وڵاتەکە بن و لە بەرامبەر دوژمنەکانیشیدا ئامادەب بەرگری لێکردنی بن.
لە دونیای ئەمڕۆدا نرخ و بەهای هاوڵاتیبوون لەم بەشی جیھانەوە بۆ ئەو بەشیتر و لەم وڵاتەوە بۆ ئەویتریان جیاوازە. لە بەشێکی گەورەی وڵاتە ئەوروپییەکاندا، بە تایبەتی لە وڵاتانی ئەسکەندەنافیدا، ھاوڵاتیبوون ئەندامانی ئەو دەوڵەتانە دەکاتە خاوەنی ژمارەیەکی گەورە لە ماف، لە مافی دەنگدان و بەشداری سیاسییەوە بیگرە، بۆ مافی بەشداربوون لە حوکمڕانیی و لە بەرێوەبردنی سیستمی بیرۆکراسیی و لە بەشدربوون لە سەرجەمی ئەو دەزگایانەدا کە لە وڵاتەکەدا دروستکراوە. ئەمە جگە لە مافی دابینکردنی لانی ھەرکەمی ژیانێکی کەرامەت پارێزەوە، لە نێویشیاندا مافی بوونی بیمەی بێکاریی و دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی و خوێندن و فێربوون، ھتد...
لەو ناوچەیەی ئێمەدا، ھیچ یەکێک لە ئایدیۆلۆژیا باڵادەستەکانی ناوچەکە و ھیچ مۆدێلێك لە مۆدێلە جیاوازەکانی حوکمڕانیی، ھەڵگری فەلسەفە و خواستی ھاوڵاتیی و ھاوڵاتیبوونی یەکسان نەبوون و نین. ناسیۆنالیستە ئەتنیی و رەگەزپەرستەکان، لەسەر بنەمای ئینتیما بۆ ئەم یان ئەو رەگەز و ئەتنیەت، سەرجەمی ئەو بەشانەی کۆمەڵگا کە سەر بەو رەگەز و ئەتنیەتە نەبن، ئەگەر وەک مەترسیی گەورە مامەڵە نەکردبێت، ئەوا وەک کەسانی پلە دو و پلە سێ مامەڵەیان کردون. تورکیا نیشاندەرێکی راستەقینەی ئەم مۆدێلە ئەتنییەیە، لەو وڵاتەدا یەک دەرگا لەبەردەم مرۆڤەکاندا کراوەیە، دەرگای تواندنەوە و بوون بە تورک.
ئایدیۆلۆژیا دینییەکانش مرۆڤەکان لەسەر بنەمای بوون یان نەبوونی دین دابەشەدەکەن، لەناو یەک دینیشدا لەسەر بنەم ئەم یان ئەو مەزھەب و فیرقە و تەوژمی دینیی. لەم دۆخەشدا ھەڵگرانی مەزھەبێک باڵادەست و ئەوانیتریش، بە ھەمانشێوەی دابەشکردن لەسەر بنەمای رەگەز و ئەتنیەت، یان مەترسین یان مرۆڤی پلە دو و پلە سێن. ئێران ئەو مۆدێلەیە کە ئەم فۆرمە لە دابەشکردنی دینیی و مەزھەبی مرۆڤەکان بەرجەستە دەکات.
ھەموو شێوازەکانی ئەم جۆرە دابەشکردنانە لەناو یەک کۆمەڵگادا نەک تەنھا مرۆڤی نایەکسان دروستدەکات، بەڵکو برێکی گەورە لە مرۆڤەکان، تا ئاستی لە مرۆڤخستنیش دەبات. ئەوەی ئەمڕۆکە لە ناوچەکەدا باڵادەستە، سەرجەمی ئەو دابەشکردنە دینی و ئایدیۆلۆژیی و تائفیی و مەزھەبییانەیە کە رێ لە دروستبوونی ھاوڵاتی یەکسان دەگرن، بەم رێگرتنەش ژمارەیەکی گەورە لە مرۆڤی پلە دو و پلە سێی بێماف و کەرامەت نەپارێزراو دروستدەکەن. بەم کردەوەیەش دەرگا لەسەر سەردەمێکی تاریک دەکەنەوە کە پڕە لە کابوس و مەرگ و کوشتن، پڕە لە تاوانی گەورە بەرامبەر بە مرۆڤەکان.