دابەشبوونی کێڵگەکە نەوتی و غازییەکانی سوریا
2024-12-12 19:15:20
راپۆرتی: درەو
سەرەتا
سوریا بە یەکێک لە وڵاتە مامناوەندەکانی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز دێتە هەژمار، بەڵام بوونی یەدەگی ئەو دوو سامانە سروشتییە، شایستەی ئەوەی دەکات ببێتە بەرهەمهێنەرێکی گرنگ، بەتایبەتی لە غازی سروشتیدا، ئەمەش وایکردووە زلهێزەکانی جیهان بە تامەزرۆییەوە لێ بڕوانن.
زۆربەی کێڵگە نەوتییەکانی ئەو وڵاتە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکا و چاودێری ئەوە لە ڕێگەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ەوە، هاوکات ڕوسیا، لە ڕێگەی ڕژێمی پێشوی سورییەوە، سەرپەرشتی زۆربەی کێڵگە گازییەکانی ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستی وڵاتەکە و ئیمتیازاتی گەڕان بەدوای غاز و دەرهێنانی لە کێڵگە دۆزراوەکانی لە کەناراوەکانی سوریا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا دەکرد.
بەرهەمهێنان و یەدەگی نەوت لە سوریا
لە ڕووی بەرهەمهێنانی نەوتەوە، پێش سەرهەڵدانی شۆڕشی ناوخۆیی سوریا لە ساڵی 2011 ڕۆژانە نزیکەی (380 هەزار) بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنرا و ئەم بەرهەمە ساڵانێک پێش ئەوە گەیشتبووە لوتکەی خۆی، بە تۆمارکردنی (600 هەزار) بەرمیل لە ڕۆژێکدا و ئەمەش بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ئەگەر نا زۆرێک لە توێژەران و ئابووریناسانی سوریا پێیان وایە ئەو ئامارانە زۆر کەمترن لەوەی لە واقیعدا هەیە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە ساڵی ٢٠١٦، مەزەندەی کردووە کە بەرهەمهێنانی نەوت لە دوای ساڵی ٢٠١١ بۆ تەنها نزیکەی (٤٠ هەزار) دابەزیبێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی Oil Prices ی بەریتانی تایبەت بە کاروباری وزە، لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی (2019) بڵاویکردووەتەوە، کۆی یەدەگی نەوت لە سوریا بە نزیکەی (2 ملیار و 500 ملیۆن) بەرمیل مەزەندە دەکرێت و نزیکەی (75%)ی ئەو یەدەگانە لە کێڵگەکانی پارێزگای دێرەزورو ڕۆژهەڵاتی سوریادان.
بەرهەم و یەدەگی غازی سروشتی لە سوریا
ئاستی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە سوریا تا ناوەڕاستی ساڵی 2011 نزیکەی (30.2 ملیۆن) مەتر سێجا بووە لە ڕۆژێکدا، بەپێی ڕۆژنامەی ئەلوەتەنی سوری نزیک لە ڕژێمی پێشووی سوریا، بەو پێیەی زۆرینەی ئەو بەرهەمە لە کێڵگە غازییەکانی حەسەکە دەبەرهەم دەهێنرا، بەڵام بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگە درێژخایەنەکی ئەو وڵاتەوە ئاستی بەرهەمهێنانی غاز بە تایبەت لەو کێڵگەیە دابەزینی زۆری بەخۆیەوە بینی، سەرەڕای نەبوونی ژمارەی ورد سەبارەت ئاستی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی، بەڵام بەهۆی پەرەدان بەو کێڵگانەی کە لە باکووری دیمەشق و باشووری حمس دۆزرایەوە لەلایەن حکومەتی ڕژێمەوە، و ئاراستەکردنی دەرهێنانی غاز لێیان لە ڕێگەی کۆمپانیا ڕووسیەکانەوە، جارێکی تر بەرهەمهێنانی غازی سروشتی زیادی کردووەتەوە.
لە ساڵی 2008دا یەدەگی غازی سوریا بە (240.7 ملیار) مەتر سێجا دەخەمڵێندرا، بەو یەدەگەش وڵاتەکە پلەی (42)ی جیهان دەگرێت، بەڵام دەزگای جیۆلۆجی ئەمەریکا یەدەگی غازی سروشتی سوریای لە دەریای ناوەڕاست بە (700 ملیار) مەتر سێجا خەمڵاندووە، لە کاتێکدا کۆی یەدەگی غازی سوریا بە تایبەت دوای زیادکردنی زۆرێک لە دۆزینەوە نوێیەکان دەگاتە (28 ترلیۆن) مەتر سێجا، بەپێی خەمڵاندنەکانی سەنتەری فێرێل بۆ لێکۆڵینەوە لە بەرلین، لە ڕاپۆرتێکدا پێشبینی دەکات کە سوریا پلەی سێیەمی جیهان لە بەرهەمهێنانی غازدا داگیر بکات، ئەگەر بتوانێت توانای بەرهەمهێنانی تا ئەوپەڕی ئاستی خۆی زیاد بکات.
دابەشبوونی کێڵگەکە نەوتی و غازییەکان و توانای بەرهەمهێنانیان
کێڵگە نەوتییەکانی سوریا بەسەر پارێزگاکانی حەسەکە بە (6) کێڵگە و دێرەزور بە (٤) کێڵگە و ناوچەی تەدمر لە پارێزگای حمس بۆ (2) کێڵگە دابەشکراون.
کێڵگە نەوتییەکانی حەسەکە؛ کێڵگەی سوەیدییە و بەرهەمدارترین کێڵگەی وڵاتەکەیە، بەو پێیەی پێش ساڵی 2011 ڕۆژانە (110 هەزار) بەرمیل نەوتی لێ بەرهەم دەهێنرا، لەکاتێکدا لە کۆتاییەکانی ساڵی (2020) ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەو کێڵگەیە بۆ (50 هەزار) بەرمیل نەوت دابەزیبوو لە ئێستادا لەو قەبارەیەش کەمتر بەرهەم دەهێنرێت.
رومەیلان یەکێکی ترە لە کۆنترین کێڵگە نەوتییەکانی وڵاتەکە لە پارێزگای حەسەکە، ئەمە جگە لە کێڵگەکانی شەدادی و جبسە و هۆل کە تاڕادەیەک کێڵگەی بچووکن، هەروەها یوسفیە کە بچووکترین کێڵگە نەوتییە بەراورد بە هەریەک لە کێڵگانەی تر.
کێڵگەکانی دێرەزور، گەورەترینیان کێڵگەی عومەرە کە پێشتر (80 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا لێ بەرهەم دەهێنرا و لە ئێستادا بەرهەمەکەی بۆ کەمتر لە (25 هەزار) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە دابەزیوە، دوای ئەویش کێڵگەی تەنک دێت، هاوکات کێڵگەی ئەلتەیم و ئەلوەرد لەو کێڵگانەن کە دەکەونە ئەم پارێزگایەوە.
لە لایەکی ترەوە لە ناوچەی تەدمری سوریا لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای حمس، دوو کێڵگەی بچووکی نەوتی لێ هەڵکەوتووە، کە بریتین لە کێڵگەکانی جەزال و حەیان، کە بەرهەمەکانیان ڕۆژانە لە دوو هەزار بەرمیل تێناپەڕێت.
تایبەت بە کێڵگە غازییەکانیش، کێڵگە کۆنەکان دابشبوون بەسەر پارێزگای حەسەکە کە دوو کێڵگەی غازی تێدا هەیە، هەروەها ناوچەی تەدمر (7) کێڵگەی غازی تێدا هەڵکەوتووە، لە کاتێکدا ناوچەی باکووری پارێزگای دیمەشق، لە قارا و بوریج و دێر عەتیە، لەخۆدەگرێت کۆمەڵێک کێڵگەی نوێ لە ساڵی (2010) دۆزرایەوە، بەڵام دەرهێنانی غاز لێیان تا ساڵی (2018) لە ڕێگەی کۆمپانیا ڕووسیەکانەوە دەستی پێنەکرد.
کێڵگە کۆنەکانی حەسەکە بریتین لە رومەیلان کە گەورەترین کێڵگەی پارێزگاکەیە بە توانای بەرهەمهێنانی (2 ملیۆن) مەتر سێجا غاز لە ڕۆژێکدا، هەروەها کێڵگەی جەبیسە کە توانای بەرهەمهێنانی نزیکەی (ملیۆنێک و 600 هەزار) مەتر سێجا غازی هەیە لە ڕۆژێکدا.
حەوت کێڵگەی تەدمر بریتین لە کێڵگەی شاعر کە گەورەترین کێڵگەی غازە لە وڵاتەکەدا، توانای بەرهەمهێنانی (3 ملیۆن) مەتر سێجا غازی هەیە، لە پلەی دووەمدا کێڵگەی هیل بە توانای بەرهەمهێنانی (2 ملیۆن) مەتر سێجا، ئاراک بە توانای بەرهەمهێنانی (750 هەزار) مەتر سێجا، حەیان بە (650 هەزار)، مهر بە (400 هەزار)، جەحار بە (350 هەزار) و ئەبو ریاح (300 هەزار) مەتر سێ جا غازیان هەیە.
سەبارەت بە کێڵگە نوێیەکانی باکووری دیمەشق کە لە ساڵی (2018) گەیشتوونەتە ئاستی بەرهەمهێنان ، بریتین لە قارە 1 بە توانای بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی (450 هەزار) مەتر سێجا، بریج 1 بە بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی (200 هەزار) مەتر سێجا، هەروەها قارە 3 بە بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی (450 هەزار) مەتر سێجا هەروەها دوو کێڵگەی نوێ لە هەمان ساڵدا کرانەوە و گەیشتنە ئاستی بەرهەمهێنان ئەوانیش قارە 3 و سەدەد 9 کە توانای ڕۆژانەیان نیو ملیۆن مەتر سێجایە.
ماوەتەوە بوترێت سەرجەم کێڵگە نەوتی و غازییەکانی پارێزگای حەسەکە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی (هەسەدە)دایە، دوای ئەوەی هێزەکانی ڕژێم سوریا لە ساڵی 2011 کشانەوە.
سەبارەت بە کێڵگە نەوتییەکانی دێرەزوریش دابەشبوون بەسەر دوو بەشدا، بەشی هەر زۆریان، لە ساڵی 2017 و 2018ەوە کەوتنە ژێر دەسەڵاتی (هەسەدە) ئەویش دوای شەڕەکانی لەگەڵ داعش لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات، لە کاتێکدا تاکە کێڵگەیەک لە ڕۆژئاوای ڕووبارەکە "کێڵگەی ئەلوەردە"، لە ژێر کۆنترۆڵی ڕژێمی سوریادا بوو.
سەبارەت بە کێڵگە غاز و نەوتییەکانی تەدمر، سەرجەمیان لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سوریادابوون، جگە لە کێڵگە گازییەکانی باکووری دیمەشق.
بەڵام روسیا دەستی بەسەر هەموو کێڵگە غازییەکانی کەناراوەکانی سوریادا گرتووە و چونکە لەو کاتدا ڕوسیا گەرەنتی گازەکەی کرد لە بەرامبەر پاڵپشتیکردنی ڕژێم و ئاراستەکردنی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی سوریا.
بۆ زانیاری لەبارەی نەوت و غازی سوریاوە بڕوانە؛
• د. أحمد سلطان، ما وراء الصراع في سوريا.. حرب خفية على الثروات الطبيعية، المرکز المصري للفکر والدراسات الاسترتیجیة، 10/12/2021؛
https://ecss.com.eg/50562/
• جوليا العبد (دمشق)، هل تبتلع روسيا 28 تريليون متر مكعب من الغاز السوري بـ40 مليار دولار؟، ملفات سوریا للدراسات والاستشارات الاعلامیة، 7/12/2020؛
https://shorturl.at/jxBQr
• أحمد بدر، حقل الورد النفطي السوري.. 12 عامًا من القصف المتواصل، موسوعة الطاقة، 9/12/2024؛
https://shorturl.at/lG89H
• الجزیرة، روسيا تسيطر على حقول نفط وغاز شمال تدمر،5/3/2017
https://shorturl.at/WmSRH
• TRT عربي، النفط والغاز في سوریا.. این تنتشر الحقول ومن المستفیدون؟، 19 مارس 2020؛
https://shorturl.at/kJMwO
• سامر أبو وردة، حقول النفط في سوريا.. احتياطيات واعدة وإنتاج هزيل، 20/1/2024؛
https://shorturl.at/AZSL9
• فراس فحام، مصير النفط السوري بعد 13 عاما من الصراع، 13/4/2024؛
https://shorturl.at/320Bd