سوریای دوای بەعسییەکان, جیۆسەربازی وڵاتەکەو سیناریۆکانی ئایندە
2024-12-10 11:37:35
ڕاپۆرتی ناوەندی بەیان/ محەمەد موعەزز حەیدسی
🔻 چاوەڕوان نەدەکرا دە ڕۆژ بەس بێت بۆ ڕووخاندنی ڕژێمەکەی ئەسەد، کە لە ڕێگەی حزبی بەعسی سوریاوە بۆ ماوەی زیاتر لە نیو سەدە حوکمی ئەو وڵاتەی کرد...دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رێگریکردن لە دەستدرێژی "ردع العدوان" لەلایەن (دەستەی تەحریر شام)ەوە، گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی نوێی لە دۆخی سوریادا لە قۆناغێکی ناوازە و لە ڕادەبەدەر ئاڵۆزدا هێناوەتە ئاراوە، داهاتوی سوریا لەبەدەم سێ ئەگەردایە، ئەوانیش؛
🔹 قۆناغی ڕاگوزەری سیاسی و سەقامگیری
🔹 سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ و ناسەقامگیری
🔹 دابەشبوونی سوریا بۆ سێ یان چەند هەرێمێک
سەرەتا
چاوەڕوان نەدەکرا دە ڕۆژ بەس بێت بۆ ڕووخاندنی ڕژێمەکەی ئەسەد، کە لە ڕێگەی حزبی بەعسی سوریاوە بۆ ماوەی زیاتر لە نیو سەدە حوکمی ئەو وڵاتەی کرد، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە ساڵی 2011 ەوە بە هەرجۆرێک بێت توانی خۆی ڕابگرێت لەبەردەم ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتیانەی کە هاوشانی سوریا چەند وڵاتێکی دیکەی عەرەبی گرتەوەو بە "بەهاری عەرەبی" ناسرا. دۆخی ململانێکان لە سوریا بە نموونەی بارودۆخی ململانێی چارەسەرنەکراو لە جیهاندا دادەنرێت، کە تێیدا هەوڵە سیاسی، دیپلۆماسییەکان و ڕێوشوێنە سەربازییەکان شکستیان هێنا، بۆ چارەسەرکردنی ململانێ و ناکۆییەکان و گەیشتن بە ئاشتی. ئەم دۆخەش بووە هۆی داتەپینی پایەکانی دەسەڵاتی سوریا لە ئاستە جیاجیاکاندا، جگە لە پەرەسەندنی کارەساتە مرۆییەکان، جا لەڕێگەی تێکچوونی دۆخی ئابووری، سەربازی، سیاسی و کۆمەڵایەتی بێت لە ناوخۆی سوریا یان دۆخی پەنابەرانی سوریا بێت لە وڵاتە جیاوازەکانی جیهان.
دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رێگریکردن لە دەستدرێژی "ردع العدوان" لەلایەن (دەستەی تەحریر شام)ەوە، گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی نوێی لە دۆخی سوریادا لە قۆناغێکی ناوازە و لە ڕادەبەدەر ئاڵۆزدا هێناوەتە ئاراوە، چونکە ئەمە لەکاتێکدایە نائارامییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەنجامی شەڕی ئیسرئیل لە غەززە و لوبنان لە لایەک، جیهان لە چاوەڕوانی هاتنی "دۆناڵد ترەمپ"ە بۆ کۆشکی سپی لە 20ی کانونی دووەمی 2025 کە خوێندنەوەی ئەوەی بۆ دەکرێت بە دەستبەکاربوونی بەشێک لە ململانێ نێودەوڵەتییەکان لەسەرو هەموشیانەوە جەنگی ڕوسیاو ئۆکرانیا کە لە ساڵی 2022 ەوە بەردەوامە بەلادا بخات، لەلای دووەمەوە.
یەکەم: دۆخی سوریا بەر لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "ڕێگری لە دەستدرێژی"
دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی سوریا و پەنابردن بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی سەرکوتکەر بۆ ڕاگرتنی ناڕەزایەتییەکان. هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی ڕژێمی سوریا سەرکەوتوو بوو لە شکاندنی ئەو دیوارەی کە لە ساڵی 2011ەوە کەنارگیرو گۆشگیر کردبوو، ئەم هەوڵانە بووە هۆی گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی سوریا لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتانی جیهان، گەڕاندنەوەی کورسی سوریا لە کۆمکاری عەرەبی دوای هەڵپەساردنی ئەندامێتی بۆ ماوەی زیاتر لە 11 ساڵ، هەروەها بەشداریکردنی بەشار ئەسەد لە لوتکەی عەرەبی و ئیسلامی لە ڕیاز لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوودا. لەهەمان کاتدا تورکیا هەوڵیدا ئاشتەوایی لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد بەدیبهێنێت، بەڵام هەوڵەکان سەرنەکەوتن، بەهۆی ناکۆکییان لەسەر ئەو مەرجانەی ڕژێمی سوریا دانابوو، لەسەرو هەموشیانەوە کشانەوەی هێزەکانی تورکیا بوو لە خاکی سوریادا.
هەروەها بەشار ئەسەد لە ساڵی 2024 سەردانی هەردوو وڵاتی ئێران و ڕوسیای کرد، هاوکات هەشت وڵاتی ئەوروپی نامەیەکیان پێشکەش بە بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا کرد و داوای دووبارە هەڵسەنگاندنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕژێمی سوریا کرد. هەروەها ئەو وڵاتانە پێشنیاری دانانی نێردەی یەکێتی ئەوروپایان بۆ سوریا و پەیوەندیکردنەوە لەگەڵ باڵیۆزی سوریا لە برۆکسل کردو داوایان کرد کە کاریگەرییەکانی گەمارۆکانی ئەوروپا لەسەر ڕژێمی سوریا تاوتوێ بکرێن. لە چوارچێوەی پەیوەندییەکاندا ئیتاڵیا دیاریکردنی باڵیۆزی لە دیمەشق ڕاگەیاند و بووە حەوتەمین وڵاتی ئەوروپی کە باڵیۆزخانەی کراوەی لە سوریا هەبێت. جگە لەوەش نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە واشنتۆن ئامادەیە بیر لە هەڵگرتنی سزاکانی سەر سوریا بکاتەوە، ئەگەر پێشکەوتنی بەرچاو بە ئاراستەی یەکلاکردنەوەی ململانێکان بەدی بهێنرێت.
دووەم: نەخشەی جیۆسەربازی لە سوریا
نەخشەی جیۆسەربازی لە سوریا پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "ڕێگریکردن لە دەستدرێژی" دەتوانرێت بەم شێوەیەی خوارەوە ڕونبکرێتەوە
1. نزیکەی 36% خاکی سوریا لە دەرەوەی بازنەی کۆنترۆڵی حکومەتی سوریادابوو، کە بەشی زۆری ئەو ناوچەیەش لە باکوری وڵات و هاوسنوری تورکیا چڕبووبوەو لە ژێر کۆنتڕۆڵی چەند لایەنێکی جیاوازدایە بەم شێوەیەی خوارەوە:
أ. نزیکەی 11%ی خاکی سوریا لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی سوریا پشت ئەستور بە تورکیا کۆنترۆڵکرابوو.
ب. نزیکەی 25% لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن (هەسەدە) و هاوپەیمانەکانیاندایە.
2. بنکە سەربازییە بیانییەکان لە سەرانسەری سوریادا بڵاوبوونەتەوە، هەندێکیان پاڵپشتی حکومەتی سوریایان دەکردو هەندێکیشیان دژی بوون، ئەوانیش:
أ. درێژ بوونەوەی بنکەکانیان بە درێژایی 911 کیلۆمەتر لەسەر سنوری سوریاو تورکیا، بەجۆرێک بنکەکانی تورکیا لە ناو خاک و سنوری سوریا، مەزەندە دەکرێت کە 12 بنکەی سەربازی تورکیا هەبن، جگە لە 114 خاڵی چاودێری سەربازی تورکیا، هەروەها تورکیا ڕووبەرێکی خاکی سوریای بەدەستەوەیە کە دەگاتە زیاتر لە (8 هەزار و 800) کیلۆمەتر چوارگۆشە.
ب. هێزەکانی ئەمریکا لە 17 بنکەی سەربازیدا ئامادەن کە 15 خاڵی چاودێری سەربازی پاڵپشتییان دەکات و لە زۆرترین ناوچەی بەرهەمهێنەری نەوتی سوریا هەڵکەوتوون.
ج. هێزی کوردی (هەسەدە) کە ئەمریکییەکان پاڵپشتی دەکەن لەسەر ڕووبەر (45 هەزار) کیلۆمەتر چوارگۆشە (لەگەڵ هەندێک کوتلەی دیکەی غەیرە کوردی لەژێر دەستیدا) لەباکوری خاکی سوریادا بڵاوبونەتەوە بە هێزکەیان بە نزیکەی (45 هەزار) چەکدار مەزەندە دەکرێت.
د. هێزەکانی تری ئۆپۆزسیۆن پەرش و بڵابون، لەوانە سوپای ئازاد و هێزە ئیسلامییەکان کە ناو و فیرقەی جیاوازیان هەبوو لە بەرەی تەحریر شام و پاشماوەکانی داعشەوە یەکیان گرتووە چالاکییەکانی ئەم ڕێکخراوانە ڕووبەرەکەی نزیکەی 20 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەبوو.
ه. بوونی ئیسرائیل لە جۆلان، کە ڕووبەرەکەی نزیکەی (هەزار و 200) کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.
3. ئەو هێزانەی پشتیوانی حکومەتی سوریایان دەکرد: ئەم هێزانە بەسەر ڕووبەری نزیکەی (120 هەزار) کیلۆمەتر چوارگۆشە دابەشبوون، جگە لە سوپای سوریا، بنکەکانی ڕوسیا (21 بنکە و 93 خاڵی چاودێری) لەگەڵ نزیکەی (52)پێگە و خاڵی ئێرانی هەبوو.
سێیەم: دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "ڕێگریکردن لە دەستدرێژی" و ڕووخاندنی ڕژێمی ئەسەد
لە سەروبەندی واژۆکردنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان لە چوارچێوەی هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە، بۆ گەیشتن بە ئامانجی خوازراو لە واژۆکردنی ئاگربەستێکی دیکە لە غەززە کە یارمەتیدەر بێت لە وەستاندنی ئەو کۆمەڵکوژییەکانی جەنگ لە ناوچە داگیرکراوەکان، دۆخی ئەمنی لە سوریا تەقیەوە، بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام دەبێت لە دیمەنی ڕووداوە دراماتیکییەکان کە بەشدارن لە کاریگەریکردن لەسەر نەخشەی هاوسەنگییە جیۆپۆلیتیکییەکانی ناوچەکە. لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا کۆمەڵێک کوتلەی ئۆپۆزسیۆن بەناونیشانی "بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان" بەدیارکەوت لەلایەن “دەستەی تەحریر شام”ەوە سەرپەرشتی دەکران، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ڕێگریکردن لە دەستدرێژی لە 27ی تشرینی دووەم بە هێرشکردنە سەر فەوجی (46)ی ڕژێمی سوریا لە شاری ئیدلب دەستی پێکرد، پاشان ئۆپەراسیۆنەکە فراوانتر بوو و دوو بەرەی دیکەشی لەخۆگرت، ئەوانیش بریتی بوون لە شاری حەلەب و ئیدلیب، کشانەوەی سوپای سوریا ڕۆڵی هەبوو لە بەدەستهێنانی پێداویستییە سەربازییەکانی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن، لەنێویاندا تانکەکان، مووشەک ...، جگە لە چەکی جۆراوجۆر لەو شوێنە سەربازییانەی کە سوپا لێی کشایەوە. پاشان سوپای سوریا لە فڕۆکەخانەی حەلەب کشایەوە و ڕادەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات کرا، ئۆپەراسیۆنەکە بەردەوام بوو بۆ گەیشتن بە لادێکانی باکوری حەما دوای توندکردنەوەی هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵی شاری حەلەب و داڕمانی سەربازی و ئەمنی و هێزەکانی سوپای سوریا، تا گەیشت بەوەی ئۆپۆزسیۆنەکان ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی کانوونی دووەم کۆنترۆڵی شاری حەمایان ڕاگەیاند، پاشان بەرەو شاری حومس پێشڕەوییان کرد و شارەکانی ڕاستان و تەلبیسەیان کۆنترۆڵ کرد، پشان ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان نبەردەوام بوو تا شاری حەما کۆنترۆڵکرا، بەمەش ڕێگەی دیمەشق لە جاران ئاسانتر بوو، لە بەیانی ڕۆژی یەکشەممە 8/12/2024، ئیدارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدیان ڕاگەیاند و کۆنترۆڵی دیمەشقی پایتەختیان کرد، ئەسەد و خێزانەکە ڕویان لە ڕوسیا کرد، هاوکات محەممەد جەلالی، سەرۆکوەزیرانی سوریاش لەڕێگەی تۆمارێکی ڤیدیۆییەوە ڕایگەیاند کە لەناو ماڵەکەیدا دەمێنێتەوە و ئامادەیە بۆ ڕێکارەکانی ڕادەستکردنی دەسەڵات بە هەر سەرکردایەتییەک کە گەلی سوریا هەڵیبژێرێت.
چوارەم: سیناریۆکانی سوریای دوای ئەسەد
گومانی تێدا نییە کە خستنەڕووی سیناریۆکانی پەیوەست بە قۆناغی دوای ئەسەد پەیوەندی بە دوو دیاریکەری بنەڕەتییەوە هەیە: ڕۆڵی کوتلە ئۆپۆزسیۆنەکان لە پێکهێنانی کۆدەنگییەکی سیاسی ڕاگوزەر کە توانای بەڕێوەبردنی قۆناغی ڕاگوزەری هەبێت، بەبێ گەڕانەوە بۆ قۆناغی شەڕی ناوخۆ و ئاژاوەگێڕی، جگە لە ڕۆڵی گۆڕاوە دەرەکییەکان کە بە ڕۆڵی ئەکتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان نوێنەرایەتی دەکرێن لەم چوارچێوەیەدا، دیارترین سیناریۆکان بەم شێوەیەن:
1. قۆناغی ڕاگوزەری سیاسی
ئه م سیناریۆیه دەتوانرێت بەدی بێت، ئەگەر هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا سەرکەوتووبن لەگەیشتن بە ڕێککەوتن له سەر قۆناغێکی ڕاگوزەری سیاسی که پێکهێنانی ئیدارەیەکی ڕاگوزەر بۆ پاراستنی دامودەزگاکانی دەوڵەت و پاراستنی ئیمکاناته گشتییەکان لەخۆبگرێت، ئەمەش دەبێته هۆی چوارچێوەیەکی سیاسی، که گرنتی به شداری هەموو لایەنه سورییەکان بکات. ئەم سیناریۆیە وا دەخوازێت تەوافوقێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەبێت لەسەر هێزە کاریگەرکانی سوریا بۆ پاڵپشتی سەرپێخستنی قۆناغی ڕاگوزەری سیاسی، ئەویش بە ڕێککەوتنی تورکی-ڕۆژئاوایی بە پاڵپشتیکردنی تورکیا بۆ دەستەی تەحریر شام و لە بەرامبەر پشتیوانی ئەمریکا-ڕۆژئاوایی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، بەو پێیەی ئەوان نوێنەرایەتی دوو میحوەری کاریگەرن لە کوتلە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریادا، ئەمەش بەهۆی پاشەکشەی میحوەرەکەی ترەوە کە ڕۆڵی ئێران و ڕووسیایە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو قۆناغەی کە ئێران پاشەکشەی پێکراوەو ڕوسیا سەقاڵی شەڕی دژ بە ئۆکرانیایە.
2. سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ
پێدەچێت ئەم سیناریۆیە لە ژێر ڕۆشنایی دوو دیاریکەری بنەڕەتیدا بێت گەڵاڵە ببێت، ئەوانیش شکستی کوتلە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا لە گەیشتن بە کۆدەنگییەکی سیاسی بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغی ڕاگوزەر، لە ئەنجامی ناکۆکی ناوخۆیی و کاریگەرییە فرەییە نەتەوەیی و تائیفییەکان، لە داڕشتنی ڕەفتاری سیاسی هاوبەش لە قۆناغی داهاتوودا، جگە لە مەترسی نەگەیشتن بە کۆدەنگی دەرەکی، لەلایەن هێزە کاریگەری لەسەر گۆڕەپانی سوریا، چ لەسەر ئاستی ناوچەیی یان نێودەوڵەتی، بۆ ئەگەری بەدیهێنانی ئەم سیناریۆیە لە سروشتی جەمسەرگیری دەرەکی و ڕەنگدانەوەی لەسەر لایەنە ناوخۆییەکانی سوریادا دەوەستێت.
3. دابەشبوونی سوریا بۆ چەند هەرێم ێک
ئەم سیناریۆیە لە ژێر ڕۆشنایی ئەو هەلومەرجەی کە بە درێژایی قۆناغی ڕابردووی ململانێی سیاسی لە سوریا هاتووەتە ئاراوە، بە دوور نازانرێت و دەکرێت لە ژێر ڕۆشنایی کۆمەڵێک پێدراوو دیاریکەردا بەدیهاتنی ئەم سیناریۆیە لە خەیاڵدا بێت، ئەویش لە کاتێکدابێت، شکستی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا لە گەیشتن بە کۆدەنگییەکی سیاسی کە دەتوانرێت لە قۆناغی داهاتوودا لەسەری بنیات بنرێت، ئەمە جگە لەوەی ئەو لایەنە دەرەکییەکانەی پاڵپشتی هێزە چالاکەکانی ناو گۆڕەپانی سوریا دەکەن نەتوانن بگەن بە ڕێککەوتن، لە ئەنجامی ناکۆکی بەرژەوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، بە تایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی بێتوانایی لە گەیشتن بە کۆدەنگی نێوان تورکیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە لایەک و لەگەڵ هەردوو وڵاتی ڕوسیا و ئێران لە لایەکی ترەوە، دەکرێ چاوەڕوانی ئەوە بکرێت کە سووریا بۆ سێ هەرێم دابەش ببێت ئەوانیش: ناوچەیەک لە ژێر دەسەڵاتی دەستەی تەحریر شام، ناوچەیەکی دیکە لە ژێر دەسەڵاتی ڕێکخراوە کوردییەکان کە نوێنەرایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەکەن، هەروەها ناوچەیەکی دیکە لە ژێر دەسەڵاتی کوتلە و ڕێکخراوە چەکدارەکانی دیکە.