Draw Media

سوریا: ئازادیی یان کابوسێکی تر؟

سوریا: ئازادیی یان کابوسێکی تر؟

2024-12-09 13:57:26


 

مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)


جارێکی تریش بە دڵخۆشییەکی گەورەوە کەوتنی یەکێک لە رژێمە بنەماڵەییە، ئەمنییە، میلیشیاییە، خوێناوییە، داخراوەکانی ناوچەکە دەبینین. شارەکان دەبینین ئازاد دەبن، دەرگای زیندانەکان دەشکێن و بەناھەق زیندانکراوەکان بە پێکەنینەوە دێنەدەرەوە. ئەمڕۆ ئیتر ھەموومان شایەتی کۆتاییھاتنین بە دەسەڵاتی ترسناکی خێزان و بنەماڵەی ئەسەد لە سوریادا. ئەوەی بڵاودەبێتەوە وێنەی ئەو مرۆڤە دڵخۆشانەیە کە پەیکەرەکانی ئەسەدی باوک و ئەسەدی کوڕ دەڕوخێنن و بە تێڵا بە پێڵاو لە سەری بڕاوی پەیکەرەکان ئەدەن، منداڵان دەبینین بە پێکەنینەوە میز بەسەری پەیکەرەکانیاندا دەکەن. ئەوەی دەردەکەوێت دووبارەبوونەوەی ئەو وێنانەیە کە دوای کەوتنی رژێمەکەی سەدام حوسەین لە ساڵی ٢٠٠٣دا لەزیاد لە شوێنێکی عێراقدا، بینیمان.

ئەوەی لە پشتی ئەم دڵخۆشییەوە ئامادەیە، ئەو رێگا نادیار و رۆژگارە نەناسراوەیە کە لە رۆژ و مانگ و ساڵەکانی داھاتوودا دێتەکایەوە. رۆژگارێک دەشێت دووبارەکردنەوەیەکی ترسناکی دۆخی عێراقی دوای کەوتنی رژێمەکەی سەدام حوسەین بێت، سەرلەنوێ بیناکردنەوەی ھەمان ئەو کابوسە بەعسییە تۆقێنەرەبێت کە بنەماڵەی ئەسەد و حیزبی بەعس لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا دروستیانکردبوو، بەڵام بەناوی تر و لە لایەن بکەری سیاسیی و بەتایبەتی دینیی، ترەوە. شتێک لە ئێستادا لێی دڵنیاین ئەوەیە سوریای بنەمالەی ئەسەد و مۆتەکەی بەعس کۆتاییهات و سوریایەکی تازە بەریوەیە بۆ دروستبوون. قۆناغێکی گواستنەوە و بڕێکی بەرچاو لە فەوزا ئامادەیە. پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە ئایا بەڕاستیی سوریا بەڕێوەیە بۆ چوونە ناو سەردەمی ئازادییەوە؟ ئەو سوریایەی دروستدەبێت سوریای سیستم و کۆمەڵگایەکی سیاسیی کراوە و دیموکراسیی و ئازادییخواز دەبێت، یان سوریایەکی بەعسیانە لەژێر ناو و ناونیشانی دیکەدا؟
 
گومانی تێدا نییە ئایندەی سوریا ئایندەیەکی بێ کێشەی سیاسی ھەمەجۆر نابێت. بوونی کێشەی سیاسیی بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیانی سیاسیی، ھیچ کایەیەکی سیاسیی لە جیھاندا بوونی نییە بەبێ کێشەی سیاسیی، ھەمیشە کۆمەڵێک ململانێ و دۆخی نەخواستراو دێنەپێشەوە، کە سەرچاوەی دروستبوونی کێشەی ھەمەجۆرن لەنێوان بکەرە سیاسییەکاندا. بەڵام ئەوەی کە کێشە سیاسییەکانی ئەم ناوچەیەی ئێمە لەزۆرر ڕووەوە لە کێشەی شوێنەکانی تر جیادەکاتەوە، نەبوونی ئاسۆیە بۆ چارەسەرکردنیان. نەبوونی بکەری سیاسیی چارەسەرخواز و ھەڵگری پرۆژەی بەیەکەوەژیانی نیشتیمانیی ھێزە جیاوازەکانە بەیەکەوە. ئەوەی لەم ناوچەیەدا باڵادەستە کۆمەڵێک دەوڵەت و ھێز و گروپی سیاسیی و میلیشیای چەکدارین، کە لۆژیکی نەفیکردنی ھەمووشتێک لە دەرەوەی خۆیاندا، ئاراستەیان دەکات.
 
سوریا نموونەیەکی بەرچاوی دۆخێکی  لەو بابەتەیە، وڵاتەکە پڕە لە ھێزی یەکدی نەفیکەر. بڕێکی گەورە لە ترس و بێمتمانەیی لەنێوان ھێزە سیاسیی و گروپە دینیی و ئەتنییەکانی وەڵاتەکەدا ھەیە. وڵاتەکە پڕ لە سوپا و میلیشیای جیاواز، ھەندێکیان خۆیان بە سوپا و میلیشیای خودا دەزانن و بەناوی دین و خوداوە دەجەنگن، ھەندێکی تریان سوپای ئەم یان ئەو گروپی ئەتنیی و ئەم یان ئەو ھێزی ناوچەیی و ئیقلیمین. لاوازیی یان غیابی بەرفراوانی کولتوریی لێبوردن، نەبوونی سیاسەتێکی عەقڵانیانەی لەبیرکردن، ھەموو ئەمانە تێکەڵ بە چەندان شێوازی جیاوازی ڕقیی ھەمەجۆر، ڕقی دینیی و ئایدیۆلۆژیی و ئەتنیی و بنەماڵەیی و کۆمەڵایەتیی.


ئەوەی ئەم دۆخە لەو سوریادا ئاڵۆزتر و ترسناکتر دەکات ئەو راستییە تاڵەیە کە بڕیاری سیاسیی لەو وڵاتەدا، نە لە دەستی حکومەتی سوریادایە، نە لە دەستی ھێزەکانی ئۆپۆزیسیۆندا و نە لە دەستی خەڵک و کۆمەڵگاکەشدایە. ئەوانەی بڕیارە سەرەکییەکان لەو وڵاتەدا ئەدەن ھێزە ئیقلیمیی و ھێزە جیھانییە جیاوازەکانن. ئەم ھێزانەش جەنگی مان و نەمان لەگەڵیەکتریدا دەکەن. پێدەچێت تا ئەم ساتە براوەی ژمارەیەکی ململانێکانی ناو سوریا، تورکیا و دۆڕاوی ژمارەیەکیش، ئێران بێت.

لەسەرێکی دیکەوە ھەر ھێزێکی سەربازیی و میلیشیاییش گەر دەسەڵاتی ھەبێت و بتوانێت، حکومەتێکی تایبەت بۆ خۆی دروستدەکات. ئێستا لە سوریادا چەندان حکومەتی جیاواز ھەیە، لەوانەش بۆ نموونە، ”حکومەتی موەقەت“، ”حکومەتی ئینقاز“، پاشماوەکانی”حکومەتەکەی بەشار ئەسەد“. ناوچەکەش دابەشبووە بەسەر ئیقلیمێکی سونی و ئیقلیمێکی عەلەوی و ئیقلیمێکی کوردیدا، کە شتێک ئەوتۆ بەیەکەوە کۆیان ناکاتەوە.

ئەوەی لەناو ئەم ململانێیانەدا وێرانە  خودی ”دەوڵەت“ خۆیەتی وەک دەوڵەت،  وەک فیکرە، وەک دەزگا و میکانیزمی ھاوبەش، وەک دەرەنجامی ”گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی“ لەسەرڕێککەوتو، وەک ”چوارچێوەیەکی ھاوبەش“ لەنێوان پێکھاتە جیاوازەکانی وڵاتەکەدا، وەک داوەرێکی بێلایەن لەنێوان دینەکان و ئەتنیەکان و گروپە جیاوازەکاندا. ئەو ھێزانەی خۆیان بە ئەلتەرناتیڤی رژێمە خوێنڕێژ و بەربەرییەکەی بەشار ئەسەد دەزانن، ھەڵگری بەرنامە و دونیابینییەک نین بتوانێت دەوڵەت بەو مانایانەی سەرەوە بەرجەستەبکات. ئەو ھێزە ئیقلیمیی و جیھانیانەش کە لەو وڵاتەدان  بە دوای قازانج و خواستی تایبەتی خۆیان و چنینەوەی دەسکەوتی تایبەتەوەن.

دوای ئەو ھەموو جەنگ و پێکدادان و کوشتارەش، کە لە دەیەی ڕابردوودا لەو وڵاتەدا ڕوویداوە، تا ئێستاش نەخشەیەکی سیاسیی بوونی نییە ھێما بۆ چوونەدەرەوە لەو دۆخە ناھەموارەی ئەمڕۆ و دووبارەنەبوونەوی کابوسەکانی، بکات. دیدگایەک بۆ دەوڵەت بوونی نییە بتوانێت وەک چوارچێوەیەکی سیاسیی ھاوبەش بۆ کۆکردنەوەی ھێز و گروپ و پێکھاتە جیاوازەکانی ناو وڵاتەکە بەیەکەوە، بیبینێت. لەڕاستیدا دەوڵەت وک دەوڵەت، چوارچێوەیەکی بیرلێکراوە نییە و بەشێکی گەورەی ئامرازەکانی دروستکردنی وەک ھاوبەشێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و دەزگایی و یاسایی ھاوبەش، لەئارادا نییە.
 
لە ڕاستیدا ھیچ شتێک لەم ناوچەیەدا ھێندەی ”دەوڵەت“ بیرلێنەکراوە و رێزلێنەگیراو و نائامادەکراو نەکراوە. زۆرینەی ئەو چوارچێوە سیاسییانەی لەم ناوچەیەدا دروستکراون و سەپێنراون، بە لۆژیکی بەر لە دروستبوونی دەوڵەت وەک دەوڵەت، کاریانکردوە و کاریانپێکراوە.

ئەم بەگژاچوونەوەی کارکردنی دەوڵەت وەک دەوڵەت، ھاوشان بووە و، تا ئەم ساتەش ھاوشانە، بە بەگژاچوونەوەی مافەکانی مرۆڤدا، لە مافە سیاسییەکانەوە بیگرە بۆ مافە کۆمەڵایەتیی و دینیی و فەرھەنگییەکان و لە مافە تاکەکەسەییەکانەوە بیگرە بۆ مافە کۆیی و دەستەجەمعییەکان. ھەموو ئەمانەش لەژێر ناونیشانی بەگژاچوونەوەی ھێرشی ”ئیمپریالیزمی کولتوریی خۆرئاوا“ و ”گەڕانەوە بۆ رەسەنایەتیی و موقەدەساتی خەڵک“. وەک ئەوەی مرۆڤەکانی ئەم بەشەی دونیا مافی ھەبوونی ئەو مافانەیان نەبێت. ھاوکات نمایشکردنی بەرگریکردن لە مافی کەمینەکان و مافی ژنان و مافی پێکھاتە جیاوازەکان، وەک بەرگیکردن لە کولتوری ئیمپریالیزم و کۆلۆنیالیزم و کوفر و خۆرئاوای موناقیق.

ئیدانەکردنی چەمکەکانی وەک دیموکراسیەت، ئازادیی، مافی مرۆڤ، یەکسانیی، بەناوی ئەوروپایی و خۆرئاواییبوونی ئەو چەمکانەوە، تەنھا بەتاڵکردنەوەی مێژووی ئەم ناوچەیە نییە لە ھەر مانایەکی پۆزەتیڤ و ئینسانیی، بەڵکو ھەوڵدانی بە ئەبەدیکردنی ئەو کولتورە ناشیرینەشە کە ھیچ رێزێک بۆ مرۆڤ و بۆ ماف و بۆ ژیان، دانانێت.

ئەم ھێزانە رێک لەو کاتانەدا کە رەخنەی رووەکارە ئینسنایی و ڕۆشنگەر و مافپەروەرەکەی فەرھەنگی سیاسیی ئەوروپایان کردوە و دەکەن، بەناوی گەڕانەوە بۆ کەلەپوری رەسەن و خۆماڵییەوە، یان بەناوی بەرگریکردن لە دین و موقەدەساتی کۆمەڵایەتییەوە، رێک لەوکاتەدا رووکارە ھەرە ناشیرین و کابوسییەکانی کەلەپوری بەشە ھەرە ترسناکەکانی جیھانیان زیندوکردۆتەوە و خستۆتەگەڕ.

دەوڵەتی دەزگا و یاسا و ماف رەفزکراوە و دەوڵەتی تاکەکەسیی و خێزانیی و بنەماڵەیی پەیڕەوکراوە. دەستوری دیموکراسیی و لێکجاکردنەوەی دەسەڵاتەکان پشتگوێ خراوە و دەستوری کۆکردنەوەی ھەموو دەسەڵاتەکان و بە ئەبەدیکردنی لە دەستی ئەم یان ئەو ستەمگەر و ھێز و بزاوت و بنەماڵەی سیاسییدا، پیادەکراوە. زیندان دروستکراوە بەڵام ڕای ئازاد حەرام کراوە، ڕاونان و دەربەدرکردن بە شێوەیەکی سیستماتیکی ڕوویداوە، بەڵا مافی ھەبوونی ماڵ و ھەبوونی ژیان سڕاوەتەوە. باس لە نیشتیمان کراوە، بەڵام شتە ھەرە گشتییەکانی نیشتیمانەکە خەسخەسە و بەتایبەت کراوە، چەمکەکانی گەل و میلەت و نەتەوە بەکارھاتوە، بەڵام بنەماڵە و مەزھەب و تائیفە سەرەوەر و باڵادەستکراوە.

بە درێژایی مێژووی دروستبوونیان، بەشی ھەرەزۆری ھێزە دینیی و ھێزە نادینییەکان لەسەرجەمی ناوچەکەدا، خەڵکی ناوچەکەیان لە شۆکێکی ئەخلاقییەوە بۆ شۆکێکی ئەخلاقیی تر بردوە. جارێک خەڵکیان بەناوی بێدینیی و لادان لە دینەوە ، کوشتوە، جارێک بەناوی سەروەری و یەکێتی نەتەوەییەوە. ھێزێک بەناو سۆسیالیزمەوە خەڵکی گرتوە و کوشتوە، ھێزێکی تر بەناوی گەڕانەوە بۆ ئیسلام و بونیادنانەوەی خەلافەتەوە، جارێک ئەو ژنانەیان کوشتوە کە بە ویستی ئەوان جلیان لەبەرنەکردوە، جارێکی تر کێیان ویستبێت کوشتوە بەناوی بریندارکردنی ئەم یان ئەو موقەدەسی دینیی و نادینییەوە. لە راستیدا ناکرێت مێژووی ئەم جۆرە ھێزانە لەم ناوچەیەدا بخوێنینەوە و تۆشی شۆکی ئەخلاقیی و ئینسانی گەورە نەبین، تا ئەو شوێنەی شۆکبوون لەوەبخەن شۆکبوون دروستبکات و ئەنجامدانی تاوان بکەنە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی ڕۆژانەی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگاکانی ناوچەکە.

تراژیدیای ڕاستەقینەی کۆمەڵگای سوریی ئەوەیە دەسەڵاتی ”حیزبی بەعس“ بڕوات و دەسەڵاتی ھێزێکی سەلەفیی وەک ”ھەیئەی تەحریری شام“ بێتە کایەوە، بەشار ئەسەد بڕوات و جولانی بێتەکایەوە، ئێران لە سوریادا نەمێێت و تورکیا شوێنەکەی بگرێتەوە، حیزبوڵای لوبنانی بڕوات و سوپای ئازادی سەر بە تورکیا بێتەجێی.  

دۆخی سوریا تەنھا دۆخێکی ناوەکیی سوریا و تایبەت بە سوریا نییە، لەناو ھەموو وڵاتەکانی ئەم ناوچەیەدا سوریایەکی تایبەت ئامادەیە، مەسەلەی تەقینەوەی ئەو سوریایە، لە غیابی ھەموو ئەو شتانەدا کە باسمکرد، تەنھا مەسەلەی کاتە. ئەو فۆرمە لە حوکمڕانیی و ئەو شێوازانە لە ھێزی ئۆپۆزیسۆن و ئەو تێگەیشتنە خێزانیی و بنەماڵەیی و دینیانەی بۆ دەوڵەت و ماف و دیموکراسیەت و جیاوازیی لە سوریادا ھەیە، لە سەرجەمی وڵاتەکانی ناوچەکە و مۆدێلی باڵادەستی حوکمڕانیکردنیاندا ھەیە.  لە پێش ھەمووانیشەوە لە ھەرێمە شێواو و قەیراناوییەکەی، ئێمەدا.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand