ھیئەی تەحریری شام
2024-12-01 13:15:43
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)
ناوچەکە بە قۆناغێکی مێژووی هێجگار سەخت و پر لە کارەسات و ئەگەری کارەساتی گەورەتردا، تێدەپەڕێت. سەیری هەر بەشێکی دەکەیت، چەندان هێزی ناشیرین و ترسناک و خوێناوی، هێزی دژ بە مرۆڤ و دژ بە ژیان، دەبینین. شتێک بەناوی هێزی بەرگریکەر لە مرۆڤ و لە ماف و لە ژیان نادۆزینەوە. ئەوانەی کە هەن و کاەردەکەن، باس لە بەرگریکردن لە دین و لە خودا و لە خاک، باس لە بەرگریی لە ئیمان و لە موقەدەسات دەکەن. «ھیئە تحریر الشام» لەماوی ٤ رۆژی رابردوودا نزیکەی ٢ ھەزار کیلۆمەتر دووجای خاکی سوریای کۆنترۆڵ کردوە و لە ئەستاشدا هیچ ئاماژەیەک لە ئارادانییە، نیشانیبدات لە چ لە خاڵێکدا دەکشێت دۆخەکە هێمنبکرێتەوە و ئەم شەپۆلە تازەیە لە پەلاماردان، بوەستێنرێت. هەموو ئەمانە لەناوچەیەکدا پڕ لە پیلان و ململانێی جیۆپۆلیتیکی سەخت و ملشکێن کە چەندان گەمەکەری گەورە لەناویدا چالاکانە کاردەکەن، لەوانەش تورکیا و ئێران و ئیسرائیل، ئینجا روسیا و ئەمریکا. ئەوەی کۆی ئەو ململانێیانە ئاراستەدەکات هەیمەنە و دەستگرتنە بەسەر کۆی ناوچەکە و سەپاندنی ئیملای سیاسییە بەسەر ئەو لایەنایەدا کە لەم ململانەیەدا دەدۆڕێن. ئەوەیشی لێرەدا ژێر پێنراوە چەمکی «سەروەریی» ە کە چەمکی ژمارەیەک و سەرەکیی رێکخستنی پەیوەندیی نێوان دەوڵەتەکانە.
بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە سوپایەکی دینیی سەلەفی جیهادی پڕ لە ڕق و تەماحی دینیی، بە پاڵپشتی ئیخوانییەکی وەک ئەردۆگان، پەلاماری حەڵەب و ئیدلیب و حەما و ناوچەکانی تری سوریا ئەدات. ئەوەی ئەم هەزە بیەوێت دەیکوژێت و ئەوەی بخوازێت، دەیڕوخێنێت. کەسانێکی زۆری بێتاوانیش هەن ئەم هێزە سەلەفییە جیهادییە بیەوێت بیانکوژێت و زۆرشتیش هەیە بیەوێت بیروخێنێت. لە ئاسمانیشەوە پەلاماری فرۆکەکان دەبینین کە بەدوای خۆیاندا خوێنێکی زیاتر و زیاتر دەرێژن. شەپۆلی تازەی هەڵاتن و ڕاکردن و بێماڵکەوتنیش، خێمەی زیاتر و کەمپی پەناهەندەی هەڵاتوانی تریش، دێتەپێشەوە.
یەکێک لە پرسیارەکان ئەوەیە ئایا، بۆ نموونە، شارێکی وەک حەڵەب کە نزیکەی ٤ ملیۆن مرۆڤی تێدادەژیی چی لێدێت؟ چۆن بەڕێوەدەبرێت؟ پێداویستییە ئینسانییە ھەرە سەرەتاییەکانی ناوی چۆن دابیندەکرێت؟ چۆن لانی هەرەکەمی ئاشتیی و ئارامیی لەناویدا دەپارێزرێت، چۆن سیستمی تەندروستیی و خوێندن و فێربوون لەناویدا کاردەت، چی لە ئابوریی شارەکە دەکرێت؟ وەڵامدانەی پۆزەتیڤی هەموو ئەم پرسیارانە پێویستیان بە دەوڵەت ھەیە بۆ دابینکردنی لانی هەرە کەم و هەرە سادەیان. دەوڵەت، وەک غائیبێکی گەورەی ناو دۆخەکە.
ئەو هێزەی ئێستا حەڵەب و شوێنەکانی تری کەوتۆتە ژێردەست «ھیئە تحریر الشام»ە، کە ھێزێکی سەلەفی جیھادییە و هەمان دیدگای ئەلقاعیدە و داعشی بۆ کۆمەڵگا و مرۆڤ و دین و حوکمڕانیی هەیە. هێزێکی بێڕادە توندوتیژ و داخراو، دژ بە هەر کەس و دید و روانینێک لە خۆی نەچێت، لەناوبردنی هەرشتێکیش ئەو چەند کەسەی ئەو هێزە، بەڕێوەدەبەن. ئەو هێزانەیش کە لەناو «ھیئە تحریر الشام»دا کۆبوونەتەوە، بریتین لە «جەبھەی نوسرە» و «جەبھەی ئەنساری دین» و «جەیشی سونە» و «لیوای حەق» و ھتد… هەر بە ناوەکانیاندا دیارە ئێمە لە بەردەم چ جۆرە هێزێک و چ ئەگەرێکی گەورەی بەربەریەتی دینیی و چ دیدگایەکی سیاسیی داخراو و روانینێکی فەرهەنگی وێرانکەرداین.
وەک ووتم ئەم هێزانە لە رووی دینیی و ئایدیۆلۆژییەوە ھەڵگری ھەمان دیدگا و ئایدیۆلۆژیای رێکخراوی ئەل قاعیدە و داعشن. دەیانەوێت سوریا و هەر شوێنێکی تر بکەوێتە ژێردەستیان، بگۆرن بۆ «ئیمارەتێکی ئیسلامی» لە سەر مۆدێلی داعش و تاڵەبان. ئەوەی لەمەیشدا غائیبی ژمارە یەکە، بیرۆکەی دەوڵەت و ھاوڵاتیی و پێکەوەژیان و رێزگرتنی جیاوازیی و گرێبەستی کۆمەڵایەتییە، کە هەم مرۆڤەکان وەک مرۆڤی یەکسانی خاوەن ماف و هەم ژیان خۆیشی وەک پێدراوێکی پیرۆز، مامەڵەبکات.
ئەوەی لەپاڵ هێزێکی وەک «ھیئە تحریر الشام»دا بە شێوەیەکی بەرفروان و هەمەلایەن ئامادەیە، رقی دینییە. ڕقێکی دینیی کە ئامادەیە تا ئاستی خنکاندنی هەمووشتێک بڕوات کە ئەو دیدگا دینییە وەک نەشیاو و قبووڵنەکراو بیبینێت. ڕقی دینیی تەنھا هەر ڕق نییە بە تەنھا، ھەستێک نییە لە ساتەوەختێکی تایبەتدا وەک دەرەنجامی بەریەکەوتنێکی کاتی لەگەڵ نادین، یان دژە دیندا، دروستببێت. رقی دینیی بەشێکی گەورەی مێژووی ڕقە لە جیهاندا، زۆر زیاترە لەوەی تەنها بەرھەمی ئەو دۆخە کاتیی و سادەیە بێت، کە بکەرە دینییەکان لەناویدا، ئامادەن. رقی دینیی ڕقێکی دەزگایی ڕێکخراو و بە سیستامتیک کراوە، لەناو کتێب و مەزهەب و کەلەپوری دێرینی ئەم یان ئەو خوێندەوار و فیرقە و تائیفەی دینییەوە دێت ولە ئەستاشدا چەندەها دەزگا و پارت و ماشێنی میدیایی درێژەی پێئەدات و بەهێزی دەکات. رقی دینیی بەشێکە لە چۆنیەتی ئیشکردنی رێکخراوی ستەمگەرانی بواری دین لە کۆمەڵگادا.
رق لەم دۆخانەدا وەک گوتارێکی ھاوشان بە دینداریی و وەک بەشێکی ناوەکیی و دانەبڕاویش لە خودی دینداریی خۆی، کاردەکات. سیاسەتی ڕق بەشێکی دانەبڕاوە لەو جۆرە لە دینداریی کە لەلایەن ئەم بەشە ھەرە داخراو و ھەرە سەلەفیی و ھەرە ترسناکەوە، هەڵگیراوە. شوناسی ئەوانەیش کە ڕقە دینییەکەیان ڕووبەڕوو دەکرێتەوە، ئەوانەی وەک دوژمنی دینەکە سەیردەکرێن، شوناسێکی سنووردار و کۆنکریت و دەستنیشانکراو نییە، بەڵکو شوناسێکی کراوەیە بۆ هەموو ئەوانەی ئەو رقە دینییەیان ئاراستەدەکرێت و بەردەکەوێت.
لە پەیوەندیدا بە کوردانی رۆژئاواوە رقی «ھیئە تحریر الشام» هەم رقێکی دینیی و ئایدیۆلۆژییە، هەم رقێکی ناسیۆنالیستییە، هەم رقێکی جیۆپۆلەتیکی. هەموومان دەزانین ئەوانەی «ھیئە تحریر الشام» هاریکاریی دەکەن و دەجوڵێنن و ئاراستەدەکەن، دەوڵەتی تورکیایە. دەوڵەتێکی کە لە ئێستادا شوێنی کۆبوونەوەی رقى ناسیۆنالیستیی و رقى دینییە لە هەرشتێک پەیوەندی بە کورد و کوردبوونەوە هەبێت. وەکچۆن بەرجەستەکەری رقێکی جیۆپۆلیتیکییە کە لەسەرێکەوە پەیوەندیی بە مەسەلەی کوردەوە هەیە، لەسەرێکی دیکەوە بە بوونی زیاد لە گەمەکەرێکی ئیقلیمی بەهێزی تر.