حكومەت هەڕەشەی سزادان دەكات؛ (هەژماری من) لە سلێمانی راگیراوە
2024-10-28 13:24:53
(درەو):
كارەكانی پرۆژەی (هەژماری من) لە سلێمانی راگیراوە، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بەفەرمی داوا لە وەزارەتی دارایی و ناوخۆو داواكاری گشتیی دەكات ئەو كەسانە سزان بدەن كە پرۆژەكەیان راگرتووە.
پرۆسەی تەوتینكردنی موچە، یەكێك لەو بابەتانە بوو كە لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا لەلایەن پارتە سیاسییە بەشدارەكانەوە قسەی لەسەر كرا.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە كەمپەینی هەڵبژاردندا بانگەشەی جێبەجێكردنی "تەوتینی موچە"ی كردو داوای لە فەرمانبەران كرد پرۆژەی "هەژماری من" رەتبكەنەوە، كە ئەو بە پرۆژەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت ناوی برد.
لەدوای بەرێوەچوونی هەڵبژاردنەوە لە 20ی ئۆكتۆبەردا، لە چەند رۆژی رابردوودا بە فەرمی نوسینگەكانی پرۆژەی (هەژماری من) لە بانكەكانی سلێمانی داخران، ئەم بڕیارە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی نیگەران كردووە.
لەكاردانەوەی راگرتنی كارەكانی پرۆژەی (هەژماری من)، دوێنێ ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران نوسراوێكی ئاڕاستەی هەریەكە لە (داواكاری گشتیی- وەزارەتی دارایی و ئابوری- وەزارەتی ناوخۆ) كردووە.
كۆپییەكی نوسراوەكەی سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران دەست (درەو) كەوتووە، تێیدا:
• بە فەرمانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران داوا لە وەزارەتی دارایی دەكات رێكاری یاسایی و كارگێڕی بەرامبەر بە بەڕێوەبەری ئەو بانكانە بگرێتەبەر كە رێگری لە كارمەندانی (هەژماری من) دەكەن یان هەر بەرپرسێكی تری حكومی، ئەمەش پاڵپشت بە ماددەكانی 4 و 5 لە یاسای بەرزەفتكردنی فەرمانبەران.
• وەزارەتی ناوخۆ رێكاری پێویست ئەنجام بدات بەپێی حوكمەكانی یاسای سزاكانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ ژمارەی 14ی ساڵی 2008 بە لێپرسینەوەو سزادانی ئەفسەران و كارمەندانی پۆلیس كە رێگری دەكەن لە كارمەندانی (هەژماری من) بۆ راپەڕاندنی كارەكانیان.
• وەزارەتی داد/ سەرۆكایەتیی داواكاری گشتیی رێكاری پێویست ئەنجام بدات بەپێی حوكمەكانی یاسای داواكاری گشتی ژمارە (159)ی ساڵی 1975ی هەموار كراو پشتبەست بە هەردوو مادەی 231و 240 لە یاسای سزاكان ژمارە 111 ی ساڵی 1969، بە جوڵاندنی داوای سزای بەرامبەر ئەو كەس و لایەنانەی كە رێگری دەكەن لە كارمەندانی (هەژماری من).
دوای ئەم نوسراوە، ئەمڕۆ سەرلەنوێ، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لە گشتاندنێكدا بۆ گشت وەزارەت و دەستەو فەرمانگە نەبەستراوەكان بە وەزارەت، ئاگاداریان دەكاتەوە لە بەردەوامبوونی پرۆژەی (هەژماری من)و هۆشداری دەدات لە رێگریكردن لە پرۆژەكە.
21ی شوباتی ئەمساڵ، لەسەر بنەمای سكاڵای ژمارەیەك لە موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە بانكە فیدراڵییەكانی عێراق تەوتین بكرێت و لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دابین بكرێت، بڕیارەكە لە بنەڕەتەوە بۆ ئەوە بوو موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە ململانێی سیاسی نێوان هەولێرو بەغداد دوربخرێتەوە، بەڵام هەرزوو ناكۆكی لەبارەی كرۆكی بڕیارەكەی دادگاوە ناكۆكییەكی نوێی دروستكرد، ناكۆكی ئەمجارە لەسەرە ئەوەیە ئایا پرۆژەی هەژماری من هەمان پرۆژەی تەوتینی موچەیە لە بانكە فیدراڵییەكان یاخود نا.
جوڵاندنی پرۆسەی تەوتینكردنی موچە لەنێوان بانكە فیدراڵییەكان و پرۆژەی (هەژماری من)دا لەكاتێكدایە پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو براوەی یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئامادەكاری دەكات بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان لە پێش هەمووشیانەوە یەكێتیی نیشتمانی بەمەبەستی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەت.
دەقی نوسراوەكانی سەرۆكی دیوانی حكومەت: