سەبارەت بە هەڵبژاردن
2024-10-27 11:37:26
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)
ڕاستییەکی سادە و تاڵ هەیە و بەشێکی گەورەی خەڵکی کوردستانیش دەیزانن، راستیی ئەوەی «ناکرێت لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە دەسکاری نەخشەی سیاسیی هەرێمەکە بکرێت و هێزی دیکە بچنە شوێنی دوو پارت و دوو بنەماڵە حوکمڕانەکەی ئەمرۆکە». ئەم ڕاستییە، بە تایبەتی لە دوای وێرانبوونی بزوتنەوەی گۆڕان و هەڵە ستراتیژییە یەک لەدوای یەکەکانی ئەم هێزەوە، بەتایبەتی لەدوای سەرکەوتنی تەوریسی سیاسیی لەناو ئەم هێزەدا، ئیتر باوەڕنەمان بە هەڵبژاردن و بە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان، بووە بە «تێگەیشتنی گشتیی», common sense, کۆمەڵگاکە و مرۆڤ لە سەر شەقام و شوێنە گشتییەکان بە بەردەوامی رووبەڕووی دەبێتەوە. نەک هەر ئەمە بەڵکو ئەو بەشە چالاکەی کۆمەڵگاکەش کە خواستی گۆڕین و دەسکاریکردنی واقیعەکەی هەبووە و هەیە، تووشی نائومێدییەکی گەورە بوە و باوەڕی بە کاری سیاسیی بۆ دروستکردنی دۆخێکی تازە و باشتر، نەماوە. زۆرینەیان پشتی تەواوتیان کردۆتە هەر هەوڵدانێک بۆ پیادەکردنی گۆڕانکاریی لە ڕێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە.
ژمارەکان نیشانی ئەدەن کە ٤٥ لەسەد، نزیکەی نیوەی ژمارەی خەڵک، هەر لەسەرەتاوە بەشداری هەڵبژاردنەکانی نەکردوە، ئەم رێژەی ٤٥ لەسەدە ژمارەی ئەو کەسانەن کە مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام ئەزیەتی ئەوەیان نەکێشاوە بچن کارتی بایۆمەترییەکەیان وەربگرنەوە. بەپێی داتاكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەوانەی لە هەرێمی كوردستاندا مافی دەنگدانیان هەبووە (3 ملیۆن و 798 هەزارو 360) كەس بوون، بەڵام ئەوانەی بایۆمەتریان كردووە و كارتی دەنگدانیان وەرگرتووە تەنها (2 ملیۆن و 899 هەزارو 578) كەس بوون. لەم ژمارەیەش تەنها 2 ملیۆن و 87 هەەزار و 972 بە کردەوە دەنگیان داوە . واتە هەر لەسەرەتاوە و بەر لە دەستپێکردنی دەنگدان، زیاد لە یەک ملیۆن ٧٥٠ هەزار کەس ئامادەنەبوون بەشداری دەنگدانەکە بکەن. ئەمەش دەکاتە ٤٥ لەسەدی کۆی دەنگدەران لە هەرێمدا.
ئەو ٥٥ لەسەدەش کە بەشداری دەنگدانیان کردوە زیاد لە ١٠ لە سەدی دەنگەکانیان، یان خۆیان سوتاندویانە و پوچەڵیان کردۆتەوە یان دەنگەکانیان بە قازانجی دوو هێزە حوکمڕانەکە پوچەڵکراونەتەوە. ئەگەر ئەم ١٠ لەسەدە لەگەڵ ئەو ٤٥ لەسەدادا کۆبکەینەوە کە کارتی دەنگدانیان وەرنگرتۆتەوە، بە ئاسانی بەو ئەنجامە ئەگەین کە ٥٥ لەسەدی خەڵک ئامادەنەبوون دەنگ بە پارتی و یەکێتی بدەن.
لەو ٤٥ لەسەدەش کە دەنگیان داوە، پارتی و یەکێتی بەسەریەکەوە ٦٢ کورسیان هێناوە، ٣٨ کورسی تریان چووە بۆ هێزەکانی دەرەوەی ئەم دوو هێزە. کە دەکاتە ٣٨ لەسەدی دەنگەکانی ئەو ٤٥ لە سەدەی دەنگیانداوە. کۆی دەنگدەرانی پارتی و یەکێتی بەرامبەر بە کۆی ئەوانەی لە هەرێمدا مافی دەنگدانیان هەیە دەکاتە نزیکەی ٢٨ لە سەدی کۆی دەنگدەران. بە مانایەکی دیکە پارتی و یەکێتی بەیەکەوە تەنها ٢٨ لە سەدی کۆی دەنگەدەرانی هەرێمەکەیان لەگەڵدایە. لەو ٢٨ لە سەدە، پارتی نزیکەی ١٨ لە سەد و یەکێتی نزیکەی ١٠ لە سەدی بەردەکەوێت.
ئەم دوو رێژەیەش نەک تەنها رێژەیەکی کەمن، بەڵکو لەزۆر ڕووەوە ژمارەی ئەو کەسانە تێناپەرێنێت کە لە حوکمڕانی ئەم دوو هێزە لە هەرێمەکەدا سودمەندن. (ئەمە جگە لە ئەگەری تەزویر و ترساندن و ناچاکردنی خەڵک بە دەنگدان بەوان). بەم مانایە زیاد لە ٧٠ لەسەدی خەڵکی هەرێم کێشەی گەورەیان لەگەڵ حوکمڕانی ئەم دوو هێزەدا هەیە و بەهیچ شێوەیەک نە بەرگریان لێدەکەن و نە وەلائیان بۆیان هەیە و نە بە نوێنەری خۆیانی دەزانن. بە پێچەوانەوە بە شایانی حوکمڕانیی وڵاتەکەیان نازانن. بەڵام بەشێکی زۆری ئەم خەڵکە ناڕازاییە لەوە دڵنیایە کە ئەم دوو هێزە بە هەڵبژاردن و لە ڕێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە لانابرێن و گۆڕان بەسەر پێگە قۆرخکارە سیاسیی و سەربەزیی و ئەمنیی و ئابوریی و میدیاکەیاندا، نایەت. ئەم هێزانە تا بینەقاقا چەکدارن، هێزی سەرکوتکردن و بێدەنگکردن و کوشتنی هەمەجۆری خەڵکیان هەیە. ئەمە جگە لە پشتیوانی ناوچەیی بۆ هەریەکێکیان.
سەرەڕای ئەم ڕاستییە سادانە کە لەسەرەوە نیشانماندان، هێشتا گوتارێک هەیە پێیوایە خەڵک هەواداریی راستەقینەی ئەو دوو بنەماڵە سیاسییە و ئەو دوو پارتەن کە ئەو دوو بنەماڵەیە بەڕێوەیان دەبەن. زۆرینەی ئەمانە ئەکادیمی و خوێندەوار و فەیلەسوف و رۆشنبیرن. پێشیانوایە، جگە لە خۆیان، خەڵک هەمووی نەزان و گەمژە و گەلحۆ و خێڵپەرست و شەخسپەرستن. خەڵکی هەرێمەکە هەردوو بنەماڵەکە و پارتە سیاسییەکەیان وەک فریادرەس دەبینن و بەبێئەوان ناتوانن و نازانن چۆن، بژین. باس لەوەدەکەن ئەو «میلەتە» لەوە باشتری قبووڵ و قابیل نییە. بەرگری لەوەدەکەن کە ئەسڵەن میلەتەکە نایەوێت سیستمەکە بگۆڕێت و لەوە گەمژەترن بزانن حوکمڕانیی بەرپرسیار و باش و دادپەروەر چییە و کامەیە.
نەتوانینی گۆڕینی سیستمی حوکمڕانییەکەش لەڕێگای هەڵبژاردنەوە، کەمتر بە چۆنیەتی داڕشتن و تەزویرکردنی سیستمی هەڵبژاردنەکەوە و زیاتر بە بێمێشکیی و گەمژەیی و مێگەلبوونی میلەتەکەوە گرێئدەن. پێ لەسەر ئەوە دادەگرن یەکێتی و پارتی دوو هێزن پڕ بە باڵای ئەم میلەتە و خەڵک لەمە باشتریان ناوێت و لەمەش باشتر ناناسن و لەمەش باشرتریان قابیل نییە. ئەم گوتارە بە چەندان شێوازی جیاواز و لە چەندان دەمی جیاوازەوە دێتەدەر و کاردەکات، تا ئەو شوێنەش دەروات وێنەیەکی تەواو هەڵەمان لەسەر کۆمەڵگاکە و نارەزایەتییە سیاسییەکان پێببەخشێت.
بەبۆچونی من ئەوەی وایکرد ژمارەی دەنگدەرانی ئەمجارە، بە بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشو، شتێک زیاتر بێت، پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە هەڵبژاردنی ئەمجارە پروپاگەندەیەکی گەورەی بۆ کرا کە گوایە هەڵبژاردنێکی تەواو جیاواز دەبێت لەوانەی پێشوتر. باس لەوە کرا هەڵبژاردنەکە بە سیستەمی فرەبازنەیی ئەنجامدەدرێت کە هەم دادەپەورەیی زیاتری تێدایە هەم ئەگەری تەزویرکردنی کەم. دەنگدان ئەلەکترۆنی دەبێت و لە دەنگدانی ئەلەکترۆنیشدا ئەگەری تەزویرکردن تەواو کەم دەبێتەوە. لیستەکانی دەنگدانیش پاک کراونەتەوە لە کەسانی زیادە و ناوی چەندبارە و مردوو. ئەمە جگە لە دەسکاریکردنی ژمارەی کورسیی کۆتاکان کەمکردنەوەیانە، کە بە کردەوە زۆرینەی ئەو کورسییانەی کۆتاکان بۆ پارتی دەچوون.
هەموو ئەمانە دەشێت رۆڵیان لەوەدا بینیبێت کە گومانی بەشێکی کەمیان لە خەڵک رەواندبێتەوە. بەڵام لەو ڕاستییەیان نەگۆڕیوە کە ئەم هەڵبژاردنەش نیشانیداین کە پارتی کەمتر لە ٢٠ لەسەد و یەکێتی لە دەوروبەری ١٠ لەسەدی خەڵکی کوردستانیان لەگەڵدایە. ئەمە ئەگەر تەزویر لەو ژمارانەشدا نەکرابێت.
بە کورتییەکەی هەڵبژاردنی ئەم جارە، وەک جارەکانی پێشوتریش، نیشانیداین کە یەکێتی و پارتی کەمینەیەکی زۆر کەمی کۆمەڵگاکەیان لەگەڵە کە بە هەردووکیان شتێک لە سەروی چوار یەکی کۆمەڵگاکەوەیە. بەڵام هەم یەکێتی و پارتی خۆیان و هەم گوتارێک کە بڕێک لە ڕۆشنبیران برەوی پێئەدەن، ناهێلن ئەم راستییە سادەیە ببینین. ناهێڵن ببینین کە کەمینەیەکی ئەم کۆمەڵگایە لەدەوری ئەو هێزە حوکمڕانانە کۆبوەتەوە. لە هەندێک دۆخدا بڕێک لەو فەیەلسوفە رەخنەگرانە خۆیان، بەشێکن لەو کەمینە وەلادارە بۆ ئەو ئەو دوو هێزە یان لانیکەم بۆ یەکێکیان.