جەنگ، یاخود نان و ئازادیی و کەرامەت؟؟؟

Draw Media

2024-10-13 12:12:56



مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)


رۆژی ٧ ئۆکتۆبەر ساڵێک بەسەر جەنگێکی وێرانکەر، بەسەر جەهەنەمێکی داگیرساو لە غەزەدا تێپەڕی. جەنگێک لە هەموو شوێنێکدا ڕووئەدات: لە سەر زەوی، لە ئاسمان، لە ناو نەفەقەکانی ژێرزەویدا. جەنگێک کونجێکی ئارامی بۆ چەندان ملیۆن مرۆڤ لەم سەرزەویەدا، نەهێشتۆتەوە.
ساڵێک لەمەوبەر و لە ٧ ی مانگی ئۆکتۆبەردا حەماس هێرشێکی کوتوپڕی کردە سەر ئیسرائیل و ١٢٠٠ کەسی لەناو خودی ئیسرائیل خۆیدا کوشت، زۆرینەیان خەڵکی مەدەنی و کچان و کوڕانی گەنج، بوون. ٢٤٠ کەسیشی بە دیل گرت و هێنانیەوە بۆ غەزە، تا ئەم ساتەش زۆرینەیان نەگەڕاونەتەوە و چارەنووسیشان نادیارە. لە بەرامبەردا ئیسرائیل لە نیوان ٤٠ بۆ ٥٠ هەزار فەلەستینی کوشتوە، کە نزیکەی یەک لەسەر سێیان منداڵن. نزیکەی سەد هەزارێکیش بریندارن، کە بەشێکیان بوونەتە کەم ئەندام و دەست و چاو و قاچیان لەدەستداوە. ئەمە جگە لە وێرانکردنی تەواوەتی غەزە خۆی کە دەیان ساڵی هێمنی پێویستە بۆ گەرانەوە بۆ دۆخی بەر لە ٧ ئۆکتۆبەر.
لەماوەی ئەو ساڵەدا سنووری جەنگەکە گەورەتر بووە و لە ئێستادا ئیسرائیل لە جەنگێکی خوێناویدایە لەگەڵ حیزبوڵای لوبنانیدا. لەپاڵ پەلاماردانی هەمەلایەنەی حیزبوڵادا، کە بە کوشتنی بەشی هەرەزۆری سەرکردەکان و تێکدانی توانا ئەمنیی و سەربازییەکانی ئەم هێزە گەیشتوە، ئیسرائیل هاوکات پەلاماری چەندەها گوند و شار و شارۆچکە و بەیروتی پایتەختی لوبنانیشی، داوە. لە ئێستادا لەپاڵ کوشتنی زیاد لە هەزار کەس و برینداربوونی ژمارەیەکی گەورەتردا، لە پاڵ وێرانکردنی چەندەها گوند و گەڕەک و ناوچەی نیشتەجێبووندا، نزیکەی ملیۆن و نیوێک مرۆڤ لەناو لوبناندا زادگا و ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتوە و وەک بێماڵێک بەدوای شوێنێکی ئارام و سەلامەت لەناو لوبنان خۆیدا دەگەڕێن، کە یەک لەسەر سێی کۆی دانیشتوانی لوبنان پێکدەهێنن.

جەنگەکەش تا دێت گەورەتر دەبێت و ئەگەری پەلاماردانی ئێرا و عێراقیش تەنها مەسەلەی کاتە، هێرشیش بۆ سەر یەمەن ماوەیەکە دەستیپێکردوە.

براوەی ناوی ئەم دیمەنە گشتییە، ئەگەر بکرێت باس لە بوونی براوەیەک بکەین، ئیسرائیلە. هەم لە غەزە و هەم لە لوبناندا، ئیسرائیل حەماس و حیزبوڵای تەواو لاواز و بێبڕست کردوە. لە هەمانکاتدا ئیسرائیل هێزی باڵدەستە و نەک تەنها بڕیاری وەستاندن یان بەردەوامیدان بە جەنگەکە لە دەستی ئەودایە، بەڵکو ئەوەیشی تا ئەستا ویستبێتی وێرانیبکات، وێرانیکردوە.

ئەو پروپاگەندە زۆرەیش کە هەم حەماس خۆی و هەم هەوادارەکانی دەیناکرد، کە گوایە دەرەقەتی ئیسرائیل دێت و قودس و مزگەوتی ئەقسا رزگاردەکات، یان لانیکەم دەیانپارێزێت، یان خودی جەنگەکە وا گەورە و هەمەلایەن دەکات، کە چەندان لایەن بێنەناوییەوە و بە هاوکاری هاوپەیمانەکانی کۆتایی بە ئیسرائیل دەهێنن. دەرکەوت سەرجەمی ئەم قسە و وێناکردنانە جگە لە خورافەتێکی سیاسیی و سەربازیی گەورە شتێکی دیکە نەبون و نین. ئەوەی ئیسرائیل لە ماوەی ئەم ساڵەدا ئەنجامیداوە، بە درێژایی مێژووی دروستبوونی بۆی نەکراوە. نە لە جەنگی ١٩٦٧ و نە لە جەنگی ١٩٧٣ و نە لە پەلامارەکانی دواتریدا بۆسەر فەلەستینییەکان و بۆسەر لوبنان و سوریا، ئەو دۆخە پڕ وێرانکارییەی ئەمڕۆکەی، بۆ دروستنەکراوە.

ئەو ئەفسانانەیش کە لە دەوری هێزی حیزبوڵا و تەنانەت هێزی ئێرانیش دروستکراون، لە هەمان جنسی ئەفسانەکانی دەوری حەماسن. کەم هێزی سیاسیی و سەربازیی لەناوچەکەدا هەیە بەو ماوە کورتیە، شەقی سەربازیی و ئەمنی وا کوشندەی، بەرکەوتبێت. ئەو جەنگە نەفسییەش کە لە ڕێگای ئەو ئەفسانانەوە بەرپاکرابوون، کۆتایی پێهاتوە. لەم ئاستەشدا ئەوەی لە رووی نەفسییەوە دۆڕاوە خەڵکی غەزە و خەڵکی لوبنان و خودی حەماس و حیزبوڵا و هاوپەیمانەکانی تریانن. دوای ساڵێکیش لە جەنگ ئیسرائیل تاقە هێزێکە دەتوانێت بڕیار لەسەر بەردەوامبوون یان ڕاوەستانی جەنگەکە بدات، سەرجەمی کارتە سیاسیی و سەربازییەکان لەدەستی ئەودایە، نەک لە دەستی ئەو بەرەیەی بەرامبەری دەجەنگن.

بە کورتییەکەی، ئەوەی لەماوەی ئەم ساڵەدا و بەر لەویش دەبینرا و دەبیسترا، کۆمەڵێک قسەی گەورە و دەستەواژەی ئینشایی بێکەڵک بوون، کە سنووری بەکارهێنانێکی هێجگار خراپ و نابەرپرسیارانەی خودی زمانی قسەکردنی، تێنەپەڕاندوە. ئەوەی دەگوترا و دەگوترێت جگە لە قیڕەقیڕێکی بەتاڵ، کە وەزیفەی یەکەمی شاردنەوەی هەقیقەتی پەیوەندییەکانی هێز و هاوسەنگییەکانی دەسەڵاتە لە سەرزەوی، شتێکی دیکە نییە.

دیوێکی تری ئەم ئەفسانەسازییە ئەو زمانە دینییەیە کە لەم جەنگەدا پەنای بۆ براوە و بەشێوەیەکی ئاوساو بەکارهێنراوە و بەکاردەهێنرێت. زمانێک جەنگەکەی لە جەنگی نێوان چەندان هێزی سیاسیی و سەربازیی ناهاووسەنگەوە گۆڕیوە، بۆ جەنگی خودا و دوژمنەکانی، جەنگی دین بەرامبەر بە دژەدین، جەنگی ئەوانەی لە مردن ناترسن و دوای مردنیان دەچنە دیداری خودا، بەرامبەر بەوانەی هێندە ژیانیان خۆشدەوێت نەک تەنها بوودەڵە و ترسنوک  بوون، بەڵکو هەموو سازشێک بۆ مانەوە و ژیان، دەکەن. بە مانایەکی تر جەنگی ئەوانەی کە عاشقی شەهیدبوون و شەهادەتن، بەرامبەر بەوانەی عاشقی چێژ و ڕابواردنە سەرزەمینیی و کورتخایەنەکانی ژیانن.
 
ئەوەی ئەم جەنگە دوای ساڵێک نیشانیداوین ئەوەیە کە خودا هەقی بەسەر جەنگی مرۆڤەکانەوە نییە، هانا بردن بۆ دین و دوعاکردن و پاڕانەوە، فریای هیچ هێزێک ناکەوێت هێزی دونییا نەبێت و لە رووی سەربازیی و تەکنۆلۆژیای جەنگەوە، خۆی بۆ پێکدادان ئامادەنەکردبێت. ئەو گوتارەش کە لەم جەنگەدا کەوت و هیچ نرخێکی عەقڵانیی و ئینسانیی و جەنگاوەرانەی نەما، گوتاری شەهادەتە. ئەم جەنگە، دوای ساڵێک، تاقە شتێکی نیشاندابین ئیفلاسی تەواوەتی کردبێت گوتاری شەهیدبوون و شەهادەتە، کە لە رووی کردەییەوە بێنرخ و بێبەهاکردنێکی ڕەهای ژیانی مرۆڤەکانە و کوشتنیان وەک کڕینی بلیتێکی یەکسەرە بەرەو بەهەشت بە ئیمانداران دەفرۆشێتەوە.

کەوتنی ئەم زمانە دینییە و وێرانبوونی دوو هێزی سەرەکیی سەر بە ئیسلامی سیاسیی لەناوچەکەدا، مەبەستم وێرانبوونی حەماس و حیزبوڵایە، هەندێک بەرەو ئەو بۆچوونە دەبەن کە پێیانوابێت جەنگی ٧ ئۆکتۆبەر سەرەتای کۆتایی ئیسلامی سیاسییە هەم وەک ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسیی و هەم وەک بزوتنەوەی سیاسیی. لەمەشدا جۆرێک لە بەراوردکاری دۆخی دوای ٧ ئۆکتۆبەر دەکەن بە جەنگی ٦ رۆژەی ساڵی ١٩٦٧. وەکچۆن دۆڕاندنی جەنگی شەش ڕۆژەی ساڵی ١٩٦٧ باوەڕی بەشێکی گەورەی دانیشتوانی جیهانی عەرەبی بە ناسیۆنالیزمی عەرەبی، القەومیە العربیە، بە گشتیی و بە  ناسریزم بەتایبەتی، وێرانکرد. ئەم کەوتنەی حەماس و حیزبوڵاش سەرەتای کەوتنی پرۆژەی ئیسلامی سیاسیی و کەوتنی گوتاری شەهادەت و کۆتایی گوتاری بەدەمەوەچونی ئیلاهی بۆ جەنگی مرۆڤەکان لەگەڵیەکدا، بەرجەستەدەکات.  وەکچۆن کەوتنی ١٩٦٧ تەنها کەوتنێکی سەربازیی نەبوو، بەڵکو بەرجەستەکەری کەوتنێکی ئایدیۆلۆژیی و ئەخلاقیی و فیکریی و دەزگایی و رەمزیش بوو، بەهەمان شێوە کەوتنی حەماس و حیزبوڵا و بەرەی بەرگرییەکەیان، تەنها کەوتنێکی سەربازیی نابێت و کەوتنی کۆی پرۆژە سیاسیی و ئەخلاقیی و فیکریی و دەزگایی و رەمزییەکەیشیان، دەبێت.

بێگومان کەوتنی ئەم گوتارە سیاسییە دینییە، مانای کەوتنی دینداریی نییە، وەکچۆن «دینی سیاسیی» و «دینیی ئاسایی» خەڵک یەکشت نین. برێکی بەرچاوی مرۆڤی ئەم ناوچەیە کەسانی دیندارن و بە دینداریش دەمێننەوە، ئەوەی دەکەوێت ئەو گوتارە سیاسیی و سەربازیی و رەمزییەیە، کە بەدەوری دینداری سادەی مرۆڤەکاندا دروستکراوە و خوداش رادەکێشێتە ناو جەنگی مرۆڤەکانەوە لەگەلیکتردا.

ئەم ناوچەیە پێویستی بەهەرشتێک هەبێت پێویستی بە جەنگ نییە و نەماوە، گرنگ نییە ئەو جەنگە بەناوی چییەوە و کام هێز، ئەنجامیئەدات. ژمارە ئەو گەنجانەی لەم ناوچەیەدا تەمەنیان لەژێر ٢٥ ساڵدایە نزیکەی ٦٠ لەسەدی دانیشتوانی ناوچەکەیە. بەشێکی گەورەی ئەم گەنجانە بێکار و بێ سەرچاوەی دارایی و بێبوونی وێنەیەکی پۆزەتیڤن، لەسەر ئێستا و ئایندەی خۆیان. لە ڕاستیدا رێژەی گەنجی بێکار لەم بەشەی دونیادا لە هەر شوێنێکی تری سەر ئەم هەسارەیە زیاترە، ئەگەرچی بەشێکی زۆریان خوێندەوار و خاوەن بروانامەیشن.


 
دانیشتوانی سەرجەمی خۆرهەڵاتی ناوەراست و باکوری ئەفریقا تەنها ٦ لە سەدی دانیشتوانی هەموو جیهان پێکدەهێنن، کەچی زۆرترین ژمارەی پەناهەندە و بێماڵ و کۆچبەر لە جیهاندا سەر بەم بەشەی دونیایە.
ئەوەی ئەم ناوچەیە پێوێیستی پێیە هێزی وەک حەماس و حیزبوڵا و رژێمی ئێران و هاوشێوەکانیان نییە، ئەوەی پێویستە جۆرێکە لە حوکمڕانیی و کۆمەڵگا، توانای دابینکردنی نان و ئازادیی و کەرامەتیان بۆ مرۆڤەکانی ناوی هەبێت، بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە. نان و ئازادیی و کەرامەت کە دروشمە سەرەکییەکانی بەهاری عەرەبی و نارەزاییدەربڕینەکانی تری دوای بەهاری عەربین.

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand