بە نەوتیشەوە؛ هەناردەی عێراق دادەبەزێت

Draw Media

2024-09-16 12:27:11



(درەو):
هەناردەی عێراق لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا بەرێژەی 15.7% پاشەكشێی بەخۆوە بینیوە، تەنانەت نەوت كە رێژەی 96.7%ی تێكڕای هەناردەی پێكهێناوە، ئەویش بەرێژەی 16.4% پاشەكشێی كردووە. 
بانكی ناوەندیی عێراق لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكرد، هەناردەی كاڵای عێراق لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا بریتی بووە لە بڕی (23 ملیارو 474 ملیۆن) دۆلار، ئەمە لەكاتێكدایە لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوودا بەهای هەناردە بریتی بووە لە (27 ملیارو 847 ملیۆن) دۆلار. 
بە بەراوردكردنی ئاستی هەناردە لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵ و چارەكی یەكەمی ساڵی رابردوو، دەردەكەوێت لە 2024دا ئاستی هەناردەی عێراق بە رێژەی 15.7% دابەزیوە.
نەوت كە رێژەی 96.7%ی تێكڕای هەناردەی كاڵای عێراقی لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا پێكهێناوە، ئەویش لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا بەرێژەی 16.4% پاشەكشێی كردووە، بانكی ناوەندی هۆكاری ئەمە بۆ دابەزینی نرخی نەوت بەرێژەی 10.7% دەگەڕێنێتەوە. 
"هەناردەی بەرهەمە نەوتییەكانیش كە نەفتاو گازوایل و بەرهەمەكانی تر دەگرێتەوە، لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا رێژەی 2.5%ی هەناردەی كاڵای عێراقی پێكهێناوە" راپۆرتەكەی بانكی ناوەندیی وا دەڵێ. 
هەرچی كاڵاكانی ترە، بەهەموویانەوە رێژەی 0.6%ی تێكڕای هەناردەی چارەكی یەكەمی ئەمساڵی عێراقیان پێكهێناوە، كە رێژەیەكی زۆر كەمەی خۆی دەبینێتەوە كە هەندێك كەلوپەلی پیشەسازی و خۆراك و خواردنەوە سەرەتاییەكانی تایبەت بە خێزان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand