شیكاری: هێمن خۆشناو
بڕیاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی ئازه‌ربه‌یجان له‌مه‌ڕ (یه‌ك پۆشی له قوتابخانه‌كان) كاردانه‌وه‌ی توندی توركیا لێده‌كه‌وێته‌وه. خه‌ریكیشه دۆستایه‌تیه له‌رزۆكه‌كه‌ی ئه‌م وڵاته له‌گه‌ڵ توركیا تێكده‌دات.
دونیابینی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی كۆمه‌ڵگای تورك به‌رامبه‌ر به ده‌وڵه‌تی ئازه‌ربه‌یجان به:" دوو ده‌وڵه‌ت و یه‌ك نه‌ته‌وه" پێناسه ده‌كات. به گوێره‌ی ئه‌م پێناسه‌یه‌ش بێت توركیا بۆ خۆی ره‌وا ده‌بینێت قسه له‌سه‌ر سیاسه‌تی ناوخۆیی و ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م وڵاته بكات.
به گوێره‌ی ئاماری ساڵی 2026 ژماره‌ی دانیشتووانی ئازه‌ربه‌یجان 10 ملیۆن و 250 هه‌زار كه‌سه. 93٪ ژماره‌ی دانیشتووانی ئه‌م وڵاته موسڵمانن، تیایدا 70٪ شیعه‌یه، كه له باكۆی پایته‌خت، ناوه‌ڕاست و باشووری ئه‌م وڵاته جێنشینن. 30٪ موسڵمانه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ش سوننه مه‌زهه‌بن و له ناوچه‌كانی باكوور ده‌گیرسێنه‌وه. له سنووری باشووریه‌وه ئازه‌ربه‌یجان هاوسنووره له‌گه‌ڵ ئێران و درێژی سنووری نێوانیان 765 كم. له رووی رۆژئاواشه‌وه ئازه‌ربه‌یجان هاوسنووره له‌گه‌ڵ توركیا و درێژی سنووری نێوانیان ته‌نیا 17 كم.
له ته‌مموزی رابردوودا، (ئیلهام عه‌لیێف) سه‌رۆكی ئازه‌ربه‌یجان واژوی له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای په‌روه‌رده‌ی گشتی ئه‌م وڵاته كرد كه تیایدا هه‌ردوو ده‌سته‌واژه‌ی (نیشتیمانی بوون و سكۆلاریزمی) به بنه‌ما گیراون. له چوارچێوه‌ی ئه‌م یاسایه‌دا وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی ئه‌م وڵاته له 21 ئه‌یلول بڕیاری (یه‌كپۆشی) بۆ هه‌موو ئاسته‌كانی خوێندن جێبه‌جێكرد. هه‌رچه‌نده بڕیاری (یه‌كپۆشی) به راشكاوی (باڵاپۆشی) قه‌ده‌خه ناكات، لێ جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه جگه له یه‌كپۆشی رێگا به‌هیچ جۆره شێوازێكی دیكه‌ی پۆشین نادرێت، ئه‌مه‌ش له ناوخۆ و له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م وڵاته لێكه‌وته‌وە و كاردانه‌وه‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا.
له ئاستی ناوخۆیدا، قوتابی و مامۆستا باڵاپۆشه‌كان رێگایان پێنه‌درا له ده‌رگای قوتابخانه‌كان بچنه ژووره‌وه تاوه‌كو پابه‌ندی بڕیاری یه‌كپۆشی نه‌بن. ئه‌مه‌ش سه‌ریكێشا بۆ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی قوتابیان و كه‌سوكاریان. هه‌رچه‌نده ده‌سه‌ڵاتدارانی ئازه‌ری باس له ده‌ستگیركردنی 37 كه‌س ده‌كه‌ن، به‌ڵام سه‌رچاوه نافه‌رمیه‌كان ژماره‌ی گیراوان به 2 هه‌زار كه‌س ده‌خه‌مڵێنن.
له‌لای خۆیه‌وه حكوومه‌ت و دامه‌زراوه په‌روه‌رده‌یه‌كان مكوڕن له‌سه‌ر پابه‌ندبوون به شێوازی (سیكۆلاریبوونی په‌روه‌رده‌ی گشتی) و جیاكردنه‌وه‌ی ئایین له ده‌وڵه‌ت و به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ پێشێڵكاران.
به به‌راورد له‌گه‌ڵ كاردانه‌وه ناوخۆیه‌كاندا كاردانه‌وه ده‌ره‌كیه‌كان توندتر بوون، به تایبه‌تی سۆسیال میدیای توركی گه‌یشته ئاستی به خائین وه‌سفكردنی (ئیلهام عه‌لیێف) سه‌رۆكی ئه‌م وڵاته. بێگومان له تێگه‌یشتن و بیركردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگای تورك ده‌ستوه‌ردانه ناو كاروباری وڵاتێكی وه‌كو ئازه‌ربه‌یجان ره‌وا ده‌بیندرێت. له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا كاردانه‌وه‌ی توركیا ته‌نیا به سۆسیال میدیا سنووردار نه‌بوو، به‌ڵكو فۆڕمێكی فه‌رمیشی وه‌رگرت كاتێك راوێژكاری سه‌ركۆماری توركیا (ئۆكتای ساڕال) له لێدوانێكیدا دژی بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌ردی ئه‌م وڵاته كاردانه‌وه‌ی توندی نیشاندا و گووتی:" قه‌بوڵ ناكرێت ئازه‌ربه‌یجان مافی خوێندن له خوێندكارانی باڵاپۆش ئاسته‌نگ بكات. كامه ویژدان و باوه‌ڕی قه‌بوڵ ده‌كات رێگا به قوتابیه‌كی باڵاپۆش نه‌درێت به‌هۆی باوه‌ڕیه‌كانیه‌وه له ده‌رگای قوتابخانه نه‌چێته ژووره‌وه. باڵاپۆشی ئاسته‌نگ نیه، پێویستیه‌كی باوه‌ڕداریه. نابێت مافی خوێندن بكرێته قوربانی هیچ ئایدیۆلۆژیایه‌ك. چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین ئازه‌ربه‌یجان به په‌له له‌و هه‌ڵه‌یه په‌شیمان بێته‌وه. نه‌وه‌كو دانانی ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م گه‌نجه‌كان، به‌ڵكو ده‌بێت رێگای به‌رده‌میان خۆش بكرێت. له‌م سه‌رده‌مه ناكرێت رێگا به‌م تێگه‌یشتنه بدرێت". له به‌رامبه‌ر ئه‌م لێدوانه‌شدا ته‌له‌فزیۆنی فه‌رمی ده‌وڵه‌ت له ئازه‌به‌یجان له لێدوانێكدا به‌م شێوه‌یه وه‌ڵامی راوێژكاره‌كه‌ی ئه‌ردۆغان ده‌داته‌وه:" رێز له سه‌روه‌ری و كاروباری ناوخۆیی ئازه‌به‌یجان بگرن. داوا له ده‌سه‌ڵاتی ئاكپارتی ده‌كه‌ین واز له‌م سیاسه‌ته پڕ زیانه بێنێت".
ئه‌و یاسایه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی ئازه‌ربه‌یجان ده‌ریكردووه، به ساڵانه له وڵاتانی تورك زمان په‌یڕه‌و ده‌كرێن كه پێشتر سه‌ر به یه‌كێتی سۆڤیه‌ت بوون. له‌ناو قوتابخانه‌كانی كازاخستان باڵاپۆشی قه‌ده‌خه‌كراوه. له ئۆزبه‌كستانیش هه‌مان رێسا و یاسا جێبه‌جێ ده‌كرێت كه ئه‌وانیش وڵاتێكی دیكه‌ی تورك زمانن، به‌ڵام ده‌وڵه‌تی توركیا نه ئه‌مڕۆ و نه دوێنێ دژ به یاسای ئه‌م دوو وڵاته شتێكی نه‌گوتووه و كاردانه‌وه‌یه‌كی نیشاننه‌داوه. تاجیكستان وڵاتێكی دیكه تورك زمانه، ته‌نیا له قوتابخانه‌كان نا به‌ڵكو له شوێنه گشتیه‌كانیش باڵاپۆشی قه‌ده‌خه‌كراوه، جگه له باڵاپۆشی ریش هێشتنه‌وه‌ی پیاوانیش قه‌ده‌خه‌یه. هه‌ر پیاوێك له شوێنه گشتیه‌كان به ریشه‌وه ببیندرێت له‌لایه‌ن پۆلیس ده‌ستگیر ده‌كرێت و په‌لكێشی زیندان ده‌كرێت تا ناچار ده‌بێت ریشی خۆی بتاشێت. له توركمانیستانیش یاساكان به‌رامبه‌ر به باڵاپۆشی توندترن، به‌ڵام توركیا بۆ یاساكانی ئه‌م وڵاتانه ده‌نگی لێوه نایێت.
كه‌واته بۆچی توركیا دڵته‌نگه به یاسای وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی ئازه‌به‌یجان؟
له‌دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی جاران، ئیسلامی سیاسی له ژێر كاریگه‌ری توركیا و ئێران به قوڵی هاتنه ناو كۆمه‌ڵگای ئازه‌ربه‌یجانی و ریشه‌ی خۆی داكوتاوه. ئازه‌ریه‌كان شیعه مه‌زهه‌بن، به‌شێك له ئازه‌ریه‌كانی ئازه‌ربه‌یجان له سۆنگه‌ی مه‌زهه‌بیه‌وه پشتگیری له ئێران و ویلایه‌تی فه‌قهی ده‌كه‌ن. له هه‌مان كاتدا له هه‌ندێك ناوچه‌ی ئازه‌ربه‌یجان تورك هه‌وڵده‌دات ئیسلامی سوننه به‌هێز بكات، كه‌واته له‌ناو ئازه‌ربه‌یجان شه‌ڕێكی ئایدیۆلۆژی مه‌زهه‌بی له نێوان ئێران و توركیادا هه‌یه كه شه‌ڕی هه‌ژموونه زیاتر نه‌وه‌كو مه‌زهه‌ب. هه‌ردوو وڵات ده‌خوازن له رێگای ئایین ئازه‌ربه‌یجان بخه‌نه ژێر ده‌ستی خۆیان و تۆڕی به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی دروست بكه‌ن.
له‌لای خۆیه‌وه ده‌وڵه‌تی ئازه‌ربه‌یجان ده‌بینێت كه ئایین و مه‌زهه‌ب خه‌ریكه هه‌موو شتێك كۆنتڕۆڵ ده‌كات، بۆیه له رووی یاسایی و پراكتیكه‌وه رێوشوێنی پێویست ده‌سه‌پێنێت و رێگا له هه‌ڵكشانی ئیسلامی سیاسی مه‌زهه‌بی (به هه‌ردوو ڤێرژینه‌كه‌یه‌وه) ده‌گرێت.
جارێ پێناچێت له ئاستی هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی (توركیا و ئازه‌ربه‌یجان) تێكهه‌ڵچوون و ناكۆكی توند دروست بێت. ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان به‌یه‌ك وشه‌ش قسه‌ی له‌سه‌ر بڕیاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی ئازه‌ربه‌یجان نه‌كردووه. به‌ڵكو هه‌وڵده‌دات له رێگای ده‌وروبه‌ری ئه‌م مه‌سه‌له‌یه بوروژێنێت و بیگه‌ینێته ئاستێك تا قسه‌ی تیادا بكات.
میدیای توركی باس له‌وه ده‌كات كه بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی ئازه‌ربه‌یجان له‌ژێر كاریگه‌ری ئیسرائیل دراوه، به‌ڵام سه‌رانی ئازه‌ربه‌یجان ئه‌م بانگه‌شه‌یه ره‌تده‌كه‌نه‌وه و جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه له ئازه‌ربه‌یجان ئایین و ده‌وڵه‌ت لێك جیاكراوه‌ته‌وه. له شوێنه گشتیه‌كان ژن ده‌توانێ باڵاپۆش بێت، پیاو ده‌توانێ به جلی ئایینی و به هێشتنه‌وه‌ی ریش بچێت و بێت. ئه‌وه‌ی هه‌یه له قوتابخانه‌كان یه‌كپۆشی په‌یڕه‌و ده‌كرێت.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا په‌یوه‌ست به ئسرائیل له نێوان توركیا و ئازه‌ربه‌یجان جیاوازی به‌دیده‌كرێت. له كۆبوونه‌وه‌ی گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له رۆژی (24 ئه‌یلولی 2026) كاتێك بنیامین ناتانیاهۆ هاته سه‌ر مینبه‌ر بۆ پێشكه‌شكردنی گووتاره‌كه‌ی، له‌دژی كرده‌وه‌كانی له فه‌ڵه‌ستین و لوبنان سه‌رۆكی چه‌ندین وڵاتانی جیهان له‌ناویاندا توركیا هۆڵی كۆبوونه‌وه‌یان به‌جێهێشت، به‌ڵام هه‌ردوو وڵاتی تورك زمان (ئازه‌ربه‌یجان و تاجیكستان) له‌ناو هۆڵه‌كه‌دا مانه‌وه. كه‌چی له‌دوای كۆبوونه‌وه‌كه توركیا له به‌رامبه‌ر تاجیكستان بێده‌نگی نواند، به‌ڵام (ئیلهام عه‌لیێف) سه‌رۆكی ئازه‌ربه‌یجانی به كرێگرته‌ی ئسرائیلی وه‌سف كرد.
له‌گه‌ڵ بڕیاری یه‌كپۆشیش له قوتابخانه‌كاندا جارێكی دیكه تۆمه‌تی ئسرائیلیبوون ده‌درێته پاڵ عه‌لیێف. له هه‌ڵمه‌تی به ئامانجگرتنی عه‌لیێف ده‌رده‌كه‌وێت كه توركیا نیگه‌رانه له سه‌رۆكی ئازه‌ربه‌یجان و نایه‌وێ پێگه‌ی زیاتر به‌هێزبێت. به‌ڵام لێره‌دا پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئایا عه‌لیێف له‌ژێر گوشاری توركیا هه‌نگاو بۆ دواوه ده‌نێت؟
كاردانه‌وه‌ی ته‌له‌فزیۆنی فه‌رمی ئازه‌ربه‌یجان دژ به لێدوانی راوێژكاری سه‌ركۆماری توركیا و هه‌ڵوێستی پۆلیس له به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران دژ به بڕیاری یه‌كپۆشی پێمان ده‌ڵێت تا ئێستا عه‌لیێف مكوڕه له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌كانی كه وه‌همی یه‌كێتی وڵاتانی تورك زمان له‌بار ده‌بات! دووریشنیه له رۆژانی داهاتوو هه‌نگاوی دیكه‌ش له باكۆوه ببینین كه مكوڕی عه‌لیێفمان نیشان بدات و توركیا نیگه‌رانتر بكات!