دەربارەی فوتبۆڵ

Draw Media

2024-07-07 16:55:20



مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)

 


بە درێژایی مێژووی فیکر مرۆڤ بە شێوازی جیاواز پێناسکراوە و ئاکاری تایبەتی، پێبەخشراوە. ھەندێک دەڵێن مرۆڤ ”بوونەوەرێکی سیاسییە“، ھەندێکی دیکە وەک ”بوونەوەرێکی خاوەن زمان“ پێناسیدەکەن، کەسانێکیتر وەک ”بوونەوەرێکی ئامراز دروستکەر“ و ھەندێکی تر وەک ”بوونەوەرێکی خاوەن ویژدان“، ناویدەبەن. دەشێت پێناسێکیتر بۆ ئەم پێناسانە زیادبکەین و بڵێن مرۆڤ ”بوونەوەرێکی وەرزشکارە“. وەرزش وەک چالاکییەکی تایبەت بە مرۆڤ کە تیایدا لە پاڵ چێژوەرگرتندا، کێبڕکێ و بردنەوە و دۆڕاندن پێکھێنەرە سەرەکییەکانیەتی.

لە ئێستادا گەورەترین وەرزشێکی جەستەیی کێبڕکێکاری پڕ لە ململانێ لەسەر زەوی، یاری فوتبۆڵ، یان تۆپی پێیە. فوتباڵ یارییەک ھەم شارەزایی و لێزانین و بەھرە و توانا و ڕاھێنان، رۆڵ لە بردنەوەیدا دەبینن، ھەم شانس و رێکەوتیش. یارییەکە ھەم توندوتیژیی تێدایە، ھەم رۆحی ھاریکاریی و پێکەوەکارکردن، ھەم ململانێ و پەلاماردانی یەکتریش. تۆپی پێ یارییەکە دەشێت مرۆڤ تیایدا بپێکرێت، بریندارببێت، پەکیبکەوێت، دەشێت تا ئاستی مردنیش، بڕوات.

فوتبۆڵ گەورەترین یاریی سەر زەوییە، ژمارەیەکی گەورە لە مرۆڤ ئەنجامدانی ئەم یارییە بەشێکی گرنگیی ژیانی ڕۆژانەیانە، سەیرکردنی یارییەکەش یەکێکە لە چالاکییە سەرەکییەکانی ناو ژیانیان. یاری کۆتایی جامی جیھان لە ساڵی ٢٠٢٢دا لەلایەن ملیار و نیوێک مرۆڤەوە، سەریکراوە. فوتبۆڵ چیدی دیاردەیەکی ناوچەیی دیارکراو نییە، سەر بەم یان بەو بەش و میلەتی جیھانبێت بەتەنھا، بەڵکو دیاردەیەکی بەجیھانیبووە. یەکێکە لە دیاردە تازەکانی نیوەی دووھەمی سەدەی بیستەم، کە لەدوای پێشکەوتنە بەرچاوەکانی تەکنۆلۆژیای پەیوەندییەوە، بە تایبەتی لەدوای داھێنانی تۆڕەکانی ئینتەرنێت و تەلەفیزیۆنی ساتالایتەوە، چووەتە ھەموو کون و قوژبنێکی جیھانەوە.

ئەم دۆخی بەجیھانیبوونە وایکردوە یانە گەورەکانی جیھان و یاریزانە بەناوبانگەکانیان، لە ھەموو شوێنکی جیھاندا ناسراوبن و ھاندەر و بەرگریلێکەری تایبەت بەخۆیان، ھەبێت. ئەگەر لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا فوتبۆڵ بە پلەی یەکەم یاری ناو شارەکان بووبێت، ھەر تیپ و یانەیەک تیپ و یانەی شار یان ناوچەیەکی سنوورداریی بچووک بوووبێت، ئەوا لە ئێستادا ئەو تیپ و یانانە تیپ و یانەی جیھانین و سنوورەکانی دەوڵەتی نەتەوەشیان تێپەڕاندوە و لە زۆر شوێنی جیھاندا ھاندەری سەرسەخت و پەڕگیریان ھەیە. ھەر دوێنێ لە ھەولێر گەنجێک لەسەر بەرگریکردن لە یەکێک لە تیپەکان لەلایەن بەرگریکەران لە تیپێکی ترەوە کوژرا. ئەو ھەڵچون و داچونە سایکۆلۆژییەش کە یارییەکە دروستیدەکات، بووە بە ھەڵچون و داچونێکی جیھانیی و ڕێیکەوتۆتە ناو دونیای سایکۆلۆژیی ملیۆنەھا مرۆڤەوە. خاوەندارێتی یانەکان خۆیشیان بەجیھانیبوون، خاوەی یانەی پاریس سان جێرمان فەرەنسییەکی خەڵکی پاریس یان ھەر بەشێکی تری فەرەنسا نییە، بەڵکو ملیاردلێردێکی خەلیجییە.
ئەمڕۆ فوتبۆڵ یەکێک لە رووکارە ھەرەبەرچاوەکانی ئەو سیستمی سەرمایەدارییە بەجیھانیبووەیە کە ملیارەھا دۆلاری لەخۆیگرتوە. تا دێتیش گرانتر و بازرگانیتر و سەرمایەگوزارتردەبێت و دەبێتە یەکێک لە بزنسە پارەپەیداکەرە گەورەکانی جیھان.
تیپەکان خۆیشیان تیپی بەجیھانیبوون، ھەڵبژاردەکانی وەک ھۆڵەندا و ئەڵمانیا و فەرەنسا و ئینگلتەرە، تەنانەت ھەڵبژاردەی وڵاتانی ئەسکەندەنافیش، یاریزانی ھەمەجۆریان تێدایە، ھەیانە نیوە ئەفریقیی، نیوە ئاسیایی رەشپێستن، کە پاشخانێکی تەواو جیاوازیان ھەیە، لەو یاریزانە ئەوروپییانە کە چەندان نەوەیە خەڵکی وڵاتەکەن. ھەڵبژاردەی ھەندێک لەو وڵاتانە کەسانی ڕەشپێست و نائەوروپییان لێدەربھێنە ھیچی ئەوتۆیان نامێنێتەوە. ئەم فرەشێوەییەی ھەڵبژاردە نەتەوەییەکان، تەواو نانکۆکە بەو سیاسەتە راستڕەوە و ڕاسیستیی و نیمچەراسیستییانەی ئەمڕۆکە لە بەشێکی زۆری وڵاتە ئەوروپییەکاندا دروستبووە و کاردەکات. ھەڵبژاردە نەتەوەییەکان ھێما بۆ دروستبوونی نەتەوەیەکی تازەدەکەن، لە کاتێکدا ڕاسیستەکان بەرگریی لە مانا کۆن و تێپەڕەکانی نەتەوە، دەکەن. کەم بوار وەک فوتبۆڵ نیشانیئەدات پێکھاتی دانیشتوانی وڵاتانی ئەوروپا، چ گۆڕانکارییەکی گەورە و ھەمەجۆری بەسەرداھاتوە. یەکێک لە جوانییەکانی یارییەکەش لە کۆکردنەوەی ئەو ھەموو مرۆڤە جیاوازەدایە لەناو یەک تیپدا.


بەڵام فوتبۆڵ تەنھا فوتبۆڵ نییە، تەنھا یارییەک نییە لە پاڵ یارییەکانی دیکەدا، ھەر وەرزشیش نییە و بەس، بەڵکو ھاوکات چەندان شتی دیکەشە. فوتبۆڵ لە ئێستادا جۆرێکە لە شوناس، شوناسی تاکەکەسیی و دەستەجەمعیی. کەسانێک دروستبوون فوتباڵیان لێبسێنەرەوە شوناسێکی گونجاویان بۆ نامێنێتەوە. شوناسی ”بەرشەیی“ یان ”ڕیاڵی“ دوو جۆر شوناسی بەجیھانیبوون و  بوون بە بەشێک لەو شێوازی خۆوێناکردن و خودبینینانەی کەسانێکی زۆر، لە دەرەوەی بەرشلۆنە و مەدریدا، بۆ خۆیان و ناسنامانەی خۆیان ھەیە. ئەم شوناسە بەجیھاینبووانە تاکە شێوازی دروستبوونی شوناسی دەستەجەمعی تازە نییە، لەپاڵ ئەمانەدا تیپە نەتەوەیی و ناوچەییەکانیش ھەوادار و بەرگریلێکەری خۆیان ھەیە و لە فۆری گروپی جیاوازدا ھەریەکێکیان شوناسێکی پێکەوەیی جیاواز بەخۆیان دەبەخشن. واتە فوتبۆڵ ھەم دروستکەری شوناسێکی بەجیھانیبو و ھەم دروستکەری شوناسی ناوچەیی و لۆکاڵیی ھەمەجۆریشە.
ھاوکات فوتبۆڵ بووتە ھۆکارێک بۆ گرێدانی تاکەکەس بە دەرەوەی تاکەکەس خۆیەوە، شوناسی تاکەسیی گرێئەدات بە شوناسی گروپیی و دەستەجەمعیەوە، تا گرێدانی بە شوناسی نەتەوەیی و بە شوناسی بەجیھانیبوونیشەوە. گروپەگەرایی و دەستەجەمعیبوون بەشێکی ھێجگار گرنگی شوناسی ئەو گروپە ھاندەرانەیە کە فوتبۆڵ لە کۆمەڵگاکاندا، دروستیاندەکات. ئەم گروپانە دەشچنە پەیوەندیی تایبەتەوە لەناو خۆیان و لەگەڵ گروپەکانی دیکەدا. لەدوای دروستبوونی سوشیال میدیاشەوە جۆرێک لە شوناسی دەستەجەمعی دیگیتاڵی دروستبووە کە بەشێکی سەرەکیی و بنەڕەتیی شوناسی ژمارەیەکی گەورە لە تاکەکەسەکانە. زۆربەی جاریش فوتباڵ دەربڕی شوناسی نەتەوەیی و بەھێزکردنەوە و پێداگرتنەوەیە لەسەر ئەم شوناسە. زۆرجار نەتەوە لەناو فوتبۆڵدا خۆی سەرلەنێ دروستدەکاتەوە و پێ لەسەر بوونی بەھێزی خۆی دادەگرێت. ھاندەرە پرتەقاڵییەکانی ھۆڵەندا لەناو شارەکانی ئەڵمانیا و لەناو یاریگاکاندا، چین، ئەگەر ھۆڵەندییەکی پرتەقاڵیی نەبن و ھێما بۆ نەتەوەی ھۆڵەندیی نەکەن. لە ڕاستیدا فوتبۆڵ، ھەم ئەنجامدانیی و ھەم سەیرکردنی دەتوانێت تا ئەو ئاستە بڕوات کە ببێت بە جۆرێکی تایبەت لە ژیان و شێوازێکی تایبەتی پێکەوەبوونی کۆمەڵایەتیی. بە دەوری فوتبۆڵدا ھەم ژێرخانێکی مادیی گەورە و ھەم پەیوەندیی جیاواز و ھەم فۆرمی تازەی پێکەوەبوون دروستبووە، کە لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا بوونی نەبووە. ھەموو ئەمانە بەشێکن لە ژیانی خەڵک، بە تایبەتی کە ئینتەرنێت و ساتالایت دەتوانن یاریگاکانی جیھان بھێننە ناو ژووری دانیشتن و خەوتنەکانی ژمارەیەکی گەورەوە لە تەماشاکەران.

بێگومان شێوازی ھاندەربوون و پشتگیریکردنیش جیاواز و فرەجۆرە. جیاکردنەوەی ھاندەرانی ئاسایی، کە شتێک لە چێژ و شتێک لە ئینتیما و شتێک لە خۆشەویستیی دەیانجوڵێنێت، جیاوازە لەو ھاندەرانەی ناوی ”ئولترا“ و ”ھولیگەن“یان لێنراوە. ”ئولترا“ و ”ھولیگەن“ ئەو ھاندەرانەن کە پەڕگیرن و ئاژاوە دەنێنەوە و پەنا بۆ بەکارھێنانی توندوتیژییش دەبەن، زۆرجار توندوتیژیی رێکخراو و دەستەجەمعیی. بڕێک لە ڕق و بڕێک لە ململانێی توند و بڕێک لە ئاژاوەگێڕی لەناو ھەندێک لە ھاندەراندا ھەیە. ھولیگەنیزم دیاردەیەکە لەئینگلەتەرەدا دروستدەبێت و ھەر لەوێشەوە بەجیھانیی دەبێت. بەڵام دیاردەی ئولترا لە ئیتالیادا دروستدەبێت و لەوێوە بەجیھاندا بڵاودەبێتەوە. ھەردوو دیاردەکە بەستراونەتەوە بە توندوتیژیی و تێکدان و ئاژاوەگێڕییەوە، ھەندێکجار توندوتیژییەکی دڵڕەق و دوژمنکارانەش، کە بە شەڕ و پەلاماردان کۆتاییاندێت و دەشێت تا ئاستی کوشتن و خوێنڕشتنیش، بڕۆن.

بەڵام لە زۆر وڵاتدا ھاندەرە پەڕگیرەکان تەنھا کەسانێکی پەڕگیر نین، بەڵکو ھەڵگری دیدگای سیاسیی تایبەتیشن، جا یان سەر بە ھێزە چەپگەرەکانن، یان سەر بە ھێزە ڕاسترەوەکان. لە ساتەوەختی ڕاپەڕینەکانی بەھاری عەرەبیدا، ھاندەرە پەڕگیرەکان لە میسر، ڕۆڵێکی گرنگیان لە بەرفراوانبوونی سنووری خۆپیشاندانەکان و بەجەماوەریکردنی ڕاپەڕینەکاندا، بینیی. لە وڵاتێکی وەک ھۆڵەندادا یانەی ئاجاکس ئەمستردام نوێنەری بەشە دەوڵەمەندەکەی وڵاتەکە و یانەی فاینۆرد نوێنەری بەشە کەم دەرامەتەکەی، وڵاتەکەیە. بە مانایەک لە ماناکان، بەرشلۆنە بەشێکە لە خەونی ھەندێک لە کاتالۆنییەکان بۆ سەربەخۆیی، بەڵام ڕیاڵ مەدریدە نوێنەری دەسەڵاتی ناوەندیی دەوڵەتی ئیسپانیایە. بردنەوەی ھەڵبژاردەی تۆپی پێی ھۆڵەندا لە تورکیا، لە پاڵەوانێتی وڵاتانی ئەوروپادا کە دوێنێ شەو لە بەرلین ڕوویدا، بۆ خەڵکی کوردستان مانایەک و بۆ ھەوادارانی گورگە بۆرەکانی تورکیا مانایەکی دیکەی ھەبوو. لە عێراقیشدا یانەی ”ڕەشید“ی سەردەمی عودەی کوڕی سەدام حوسەین، یانەیەک بوو زۆربەی خەڵکی عێراق ڕقیان لێیبوو، لەبەر ئەوەی خاوەنەکەی عودەی کوڕی سەدام حوسەین بوو.
بەم مانایە ھەم فوتباڵ و ھەم یاریگاکان دەتوانن ڕووبەرێکی تایبەتی ئیشکردنی سیاسەت و پەرەدان بە مەیل و ئینتیمای سیاسیی تایبەت، بن. ئەگەرچی بەردەوام پێ لەسەر جیاکردنەوەی وەرزش و سیاسەت دادەگیرێت، بەڵام فوتباڵ دەتوانێت شوێنێک بێت بۆ دەربڕینی ڕەخنەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ھەمەجۆر. لە جامی جیھانی ڕابردوودا لە قەتەر، ھەم پاڵەوانێتییەکە و ھەم ھەندێک لە یارییەکان وەک جۆرێک لە ڕەخنەکردنی پێگەی مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتەدا بەکارھات. یاریزانەکەی ھەڵژاردەی تورکیاش یاریگاکەی بۆ پرۆپاگەندەکردن لە شوناسی گورگەبۆرەکان بەکارھێنا. لە ھەموو ئەو دۆخانەدا یاریگا دەبێتە ھەڵگری رەھەندێکی سیاسیی تایبەت.

فوتبۆڵ لە ھەمانکاتدا ئەزموونێکی ئیستاتیکی تایبەتیشە، جۆرێکی تایبەتە لە جوانیی. ئەم جوانییە ھەندێکجار لە توانا تاکەکەسییەکانی ئەم یان ئەو یاریزانەوە دروستدەبێت، وەک توانا تایبەتییەکانی میسیی یان ڕۆنالدینۆ، یان لە کاریی پێکەوەیی و دەستەجەمعیی تیپەکەوە وەک گشتێک، وەک یارییەکانی ھەڵبژاردەی ھۆڵەندا و ئەڵمانیا و ئیسپانیا. راستە زۆرجار ئەنجامی یارییەکە لە ھەمووشتێکی دیکە گرنگترە، بەڵام ئەنجامی دابڕاو لە جوانیی ئەنجامێکی بێچێژە، دابڕاوە لە رەھەندە ئیستاتیکییەکەی یاریەکە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand