میلەت و کۆمەڵگا و حوکمڕانیی

Draw Media

2024-06-30 07:56:24



مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)


چەمکی ”میلەت“ یان ”گەل“ و چەمکی ”کۆمەڵگا“ یەک شت نین. ھێما بۆ یەک دیاردە و یەک یەکەی کۆمەڵایەتیی ناکەن، ھەمان مانا و ھەمان دەلالەتیشیان نیە. راستە لە لە ئاخاوتن و گفتوگۆی رۆژانەدا جیاکاریی لەنێوان ئەم دوو چەمکەدا ناکرێت و کەم تا زۆر ھەردووکیان بە یەک مانا بەکاردھێنرێن بەڵام وردکردنەوەیەکی زانستییانەی ھەردوو چەمکەکە دەتوانێت جیاوازییە گەورەکانیان نیشانئەدات.  زمان، بەشێوەیەکی گشتیی، لە بەکارھێنانە ڕۆژانەکەیدا ئازادییەکی زۆر زیاتری ھەیە بە بەراود بە بەکارھێنانی لەناو بوارە زانستییەکاندا، کە لە ھەریەکێکیان شێوازی تایبەتی مەنھەجیبوون ئامادەیە و کاردەکات. مەنھەج سنووردانانە بۆ ئەو ئازادییە رۆژانەیەی زمان لەناویدا کاردەکات و دەجوڵێت.
وەک ھێمام پێکرد چەمکی ”میلەت“ و چەمکی”کۆمەڵگا“ لە ژیانی رۆژانەدا بە ھەمان مانا و ھەمان دەلالەت بەکاردەھێرن، لە کاتێکدا بەکارھێنانی ئەم دوو چەمکە لەناو زانستە ئینسانیی و کۆمەڵایەتییەکاندا ھێما بۆ ھەمان دیاردە ناکەن و ھەمان ماناشیان نییە. با کەمەکێک ئەم مەسەلەیە ڕوونبکەینەوە، بەر لەوەی ھەردوو چەمکەکە بە دۆخی ئەمڕۆکەی ھەرێمی کوردستانەوە گرێبدەین و ئەنجامگیرییەک بەدەستبھێنین.

”میلەت“ یان ”گەل“ دروستکراوێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی تایبەتە، دروستبوونی دەکەوێتە پێش قۆناغی دروستبوونی کۆمەڵگاوە، وەک کۆمەڵگا، بە مانا زانستییەکەی. لە ڕووی مێژووییەوە سەرەتا میلەت دروستدەبێت، دوای ئەو دروستبوونە شتێک بەناوی ”کۆمەڵگا“ەوە لەدایکدەبێت. بۆیە ھەر کۆبوونەوەیەکی مرۆیی بخوازێت ببێت بە ”کۆمەڵگا“، پێویستە سەرەتا بووبێت بە ”گەل“ یان ”میلەت“. بەبێ ”بوون بە میلەت“ ھیچ دروستکراوێکی کۆمەڵایەتیی ناتوانیت ”ببێت بە کۆمەڵگا“، ”بوون بە میلەت“ قۆناغی پێش ”بوون بە کۆمەڵگایە“. بەڵام ئایا جیاوازیی نێوان میلەت و کۆمەڵگا چییە و بۆ ھەر کۆمەڵەیەکی مرۆیی نەبووبێت بە میلەت، ناتوانێت ببێت بە کۆمەڵگا؟

میلەت شوناسێکی کۆیی دەستەجەمعیی تایبەتە، خەڵکانی جیاواز تیایدا خۆیان بە ئەندامی ئەو میلەتە و ھەڵگری ئەو شوناسە، ئەزانن. میلەت بەو خەڵکانە دەگوترێت لە ساتەوەختێکی مێژوویی دیاریکراودا، خۆیان لەژێر یەک ناو و یەک پێناسدا کۆدەکانەوە، بە خۆیان دەڵێن گەل یان میلەت. خاڵی ھەرەسەرکی لە میلەتدا بریتییە لە لەیەکچون و ھاوشێوەبوون، یەکەی سەرەکیی و بنەرەتیی ئەم لەیەکچون و بەیەکەوە کۆبوونەوەیە، ئەم خۆ بەگەل زانین و خۆ پێناسکردنە، ”خاک“ە، ”شوێن“ە. ئەو خاک و شوێنەیە کە خەڵکانێکی دیاریکراو لەناویدا بەیەکەوە کۆدەبنەوە و دەژین، بەیەکیشەوە ناوی ”نیشتیمان“ی لێدەنێن. لە پێناسەی گەلدا شوێن نیشتیمانە، نیشتیمانیش یەکەی کۆکەرەوەی کەسەکان و سەرچاوەی شوناسیی دەستەجەمعیی، ئەوانە. شوێنیش وەک نیشتیمان دەبێتە جۆرێک لە سنوور کە ئەو گەل یان میلەتە لەوانیتر جیادەکاتەوە. لە مێژووی ھاوچەرخی مرۆڤایەتیدا، مێژوویەک لە سەدەی ھەژدەھەمەوە دەستپێدەکات، نیشتیمان بەھیچ مانایەک تەنھا ”شوێن“ نییە و بەس، تەنھا زادگا و شوێنی لەدایکبوون نییە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ سەرزەمینێکی سیاسیی و رەمزیی، کە دنیشتوانەکەی ناوی لەژێر ناوی ”ھاونیشتیمانیی“ دا کۆدەکاتەوە و بەیەکدییەوە گرێیاندەدات. پێ لەسەر ئاکارە دەستەجەمعیی و شوناسە پێکەوەییەکەیان دادەگرێت و لە میلەتان و نیشتیمانەکانی تر، جیایاندەکاتەوە.

وەک ووتم خاڵی سەرەکیی لە چەمکی ”میلەت“دا شوناسی دەستەجەمعیی و کۆیی دانیشتوانەکەیەتی. بەڵام ئەم شوناسە بەر لەھەمووشتێک شوناسێکی سیاسییە، بە کۆمەڵێک ماف و داخوازیی و بەرپرسیاریەتەوە گرێدراوە، کە خودی دانیشتوانەکە وەک میلەت دەگۆڕێت بۆ یەکەیەکی سیاسیی.  خاڵی سەرەکیی لەم شوناسە سیاسییەدا دروستبوونیەتی لەسەر بنەمایەکی تازە، بنەمایەک کە نە ئەتنیەتە، نە کولتور، نە دین، بەڵکو بوونی ”نیشتیمانێکی ھاوبەشە“ کە موڵکی ھەموو دانیشتوانەکەی ناویەتی، نەک ھی ئەم بەش یان ئەو بەشی ئەو دانیشتوانە.

 بە کورتییەکەی ئەوەی خەڵک لەناو چەمکی ”میلەت“دا بەیەکەوە کۆدەکاتەوە و لە کۆمەڵێک یەکەی دابڕاو و بێپوەیندییەوە دەیانگۆڕێت بۆ میلەت، نە دینە، نە ئەتنیەتە، نە کولتورە، نە ئەم یان ئەو ئایدیۆلۆژیای سیاسییە، بەڵکو شوێنە، شوێنێک کراوە بە نیشتیمان، کراوە بەو جوگرافیا تازەیەی کە وەک یەکەیەکی سیاسیی سەربەخۆ لەناو جیھاندا ئامادەیە. لە ناو چەمکی ”میلەت“دا دانیشتوانێک ئامادەیە کە تەبریرێکی تایبەتیان ھەیە بۆئەوەی بەیەکەوەبن و بەھانەیەک بە پێکەوەبوونیان دەبەخشن، ئەو بەھانەیەش بریتییە لە ھەبوونی سەرزەمینێکی ھاوبەش، ھەبوونی نیشتیمانێک کە تیایدا ھەمووان ھاونیشتیمانیی یەکسان و بەرپرسی ئەو شوێنەن.

بەڵام نیشتیمان کاتێک دەبێت بە نیشتیمان کە دوو بنەمای سەرەکیی ھەبێت. یەکەمیان ئەوەیە نیشتیمان بەیەک ڕادە موڵکی ھەموو ئەو کەسانەبێت کە لەسەری دەژین، کەس لەم یان لەو زیاتر نیشتیمانی نییە، بە تایبەتی نیشتیمان ھی ئەم یان ئەو کەس، ئەم یان ئەو خێزان و بنەماڵە، ئەم یان ئەو دین و گروپی دیندار، ئام یان ئەو گروپی سیاسیی و ئەتنی بەتەنھا نییە، بەڵکو بەیەک ڕادە و بەیەک بڕ ھی ھەموو ئەو دانیشتوانەیە کە لەناو سنوورەکانیدا دەژین و بە نیشتیمانی خۆیان دەزانن. بەم مانایە یەکسانی کەسەکان لەگەڵەیەکتریدا لە پەیوەندیدا بە نیشتیمانەوە، خاڵی سەرەکیی و بنەرەتییە.
دووھەمیان، بوون و کارکردنی پرنسیپی ئازادییە، ئەو کەسانەی لەناو یەک نیشتیماندا دەژین بەھەمان بڕ و ڕادە لەو نیشتیمانەدا ئازادن. کەس لەویتر ئازادتر یان نائازادتر، نییە. ھاوکات ھیچ کەسێک لەو نیشتیمانەدا بۆی نییە ئازادیی ئەم یان ئەو کەس، ئەم یان ئەو لایەن و بەشی ئەو میلەتە، سنوورداربکات.  

 ھەرچی چەمکی ”کۆمەڵگا“یە لە ڕووی مێژووییەوە چەمکێکی تازەترە، کۆمەڵگا یەکەیەکی سیاسیی تازەترە لە میلەت. ئەگەر میلەت پێ لەسەر ئاکارە کۆییەکان و یەکشوناسیی دانیشتوانەکەی دابگرێت، ئەوا کۆمەڵگا چەمکێکە پێ لەسەر لێکنەچوون و جیاوازیی ھەمان دانیشتوان دادەگرێت. کۆمەڵگا ئەو دروستکراوە کۆمەڵایەتییەیە کە لە ھێزی کۆمەڵایەتی جیاواز، لە کەس و گروپ و ئۆرگانی جیاواز، لە دیدگا و خەون و چاوەڕوانی جیاواز، دروستبووە. ھاوکات بوون و ئامادەگیی ”تاکەکەس“، ”تاکەکەسی جیاواز“ لە کۆمەڵگادا، مەسەلەیەکی سەرەکیی و بنەڕەتییە. بەم مانایە کۆمەڵگا شوێنی کۆبوونەوەی گروپی ئەتنیی و دینیی و کولتوریی جیاوازە، شوێنی چەندان ئایدیۆلۆژیا و دیدگای جیاوازە، سەرزەمینی ئامادەگی  چین و توێژی کۆمەڵایەتیی جیاوازە، چوارچێوەی ئامادەگیی ژمارەیەکی گەورەش لە تاکەکەسی ئازادە. ئەم گشتە جیاوازە ھەریەکێکیان شێوە روانین و بیرکردنەوە و خەیاڵ و چاوەروانیی کۆمەڵایەتیی تایبەت و جیاوازیی، ھەیە. ئەوەی کۆیاندەکاتەوە لەباتی نیشتیمان، وەک شوێن، ”گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی“ە. ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتییە کە لەسەری ڕێکدەکەون و لە فۆرمی کۆمەڵێک دەزگا و ناوەند و میکانیزم و ڕوانینی ھاوبەشدا، پێکەوەبوونیان ڕێکدەخات.

خاڵێک گرنگە ھێمایەکی خێرای پێبکەین ئەو ڕاستییە مێژووییە کە نە نیشتیمان وەک نیشتیمان و نە کۆمەڵگا وەک کۆمەڵگا، بەبێ بوونی حوکمڕانییەکی باش و کراوە و دادپەروەر، حوکمڕانییەک ھەم ئازادیی و ھەم ماف و ھەم بەرپرسیاریەتی ھاوبەش بۆ ھەمووان دەستەبەربکات، یان لانیکەم خۆی نەبێتە ڕێگر لەبەردەم دروستبوونیاندا، دروستنابێت. رۆمانسیەتی ئەدبەیی و شیعریی، خەونی ئایدیۆلۆژیی ھەمەجۆر، پێداگرتنی بەتاڵ و بێناوەرۆک لەسەر ھاوچارەنووسیی، بوونی ئەم یان ئەو دین بەیەکەوە، ناتوانێت نە نیشتیمان بە مانای نیشتمان و نە کۆمەڵگا بە مانای کۆمەڵگا، دروستبکات.

لە ئەزموونی حوکمڕانیی کوردیدا، لە دوای ڕاپەڕینەوە تا ئەمڕۆ، ئەم حوکمڕانییە لە بواردا فەشەلی گەورە و ھەمەجۆری بەرھەمھێناوە، بەڵام لە دوو مەسەلەدا تەواو سەرکەوتوبووە. یەکەمیان، رێگرتن لەوەی ”میلەت“ی ئێمە بە ”میلەت“ی بمێنێتەوە و وەک ”میلەت“یش مێژووی خۆی بژیی و ئەزموونبکات. ئەم حوکمڕانییە لەوەدا سەرکەوتوە میلەتەکە بۆ چەندان یەکەی دابەش و بێپەیوەندیی و تا ڕادەیەکیش ناحەز بەیەکتریی، دابەشبکات، دابەشبوونێکی قووڵ و ھەمەلایەن. لەوانەش دابەشکردنیان بەسەر چەندان ئیمارەتی سیاسیی و ناوچەیی و زمانەوانەیی و دینیی و خێزانیی و بنەماڵەیی جیاوازدا. تا ئاستیی گەڕاندنەوە بەشێک لە میلەتەکە بۆ قۆناغی بەر لە دروستبوونی میلەت خۆی.

دووھەمیان، ئەم حوکمڕانییە لەوەشدا سەرکەوتوە رێ لەوەبگرێت ”کۆمەڵگا“ی ئێمە وەک ”کۆمەڵگا“ بمێنێتەوە و دابەشکردنە ناوەکییەکانی بە ئاستێک گەیاندوە لە ئاستی تەقینەوە نزیکبۆتەوە. ھەموو ئەمانەش لە غیابی ھەر گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی عەقڵانیی قبووڵکراودا، بەرچاوترین فۆرمی دابەشبوونەکانیش بریتییە لە ، دابەشبوونی کۆمەڵگاکە بۆ نوخبەیەکی ملیۆنێر و ملیاردلێری خاوەن کەشتیی و فڕۆکە و ڤێلای گەورە و گرانبەھا لە چەندان وڵاتی دونیادا، بەرامبەر بە  ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسانی ھەژار و بێکار و بێدەرامەت.
ئەمە جگە لە قۆرخکردنی تەواوەتی سەرجەمی پێگە سیاسیی و ئیداریی و ئابورییە گرنگەکانی وڵاتەکە و بێبەشکردنی زۆرینەی ھەرەزۆری کۆمەڵگاکە تەنانەت لە ئەگەری خەونبینین بە وەدەستھێنانی ھەندێک لەو پێگانەوە.

ئەم دۆخە پێویستی بە دەسکاریکردنێکی ریشەیی ھەیە، بەڵام ھەستکردن بەم مەسەلەیە و ھەوڵدان بۆ بونیادنانەوەی ”میلەت“ەکە وەک میلەت و ”کۆمەڵگا“کەش وەک کۆمەڵگا لەناو خەیاڵی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ھیچ یەکێک لەو ھێزانەدا نییە کە ئەمڕۆ لە ھەرێمەکەدا، ئامادەن.
 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand