خۆپیشاندان دژی بۆری به‌سره- عه‌قه‌به
2024-06-09 16:48:32
(دره‌و):
ده‌ستپێكردنی پرۆژه‌ی بۆری نه‌وتی به‌سره- عه‌قه‌به، ناڕه‌زایه‌تی و قسه‌وباسی له شه‌قامی عێراقیدا دروستكردووه، له به‌سره دژی پرۆژه‌كه خۆپیشاندان كرا، بڕیاره قۆناغی یه‌كه‌می پرۆژه‌ی ئه‌م بۆرییه كه بڕی نزیكه‌ی یه‌ك ملیار دۆلاری تێده‌چێت و درێژییه‌كه‌ی 350 كیلۆمه‌تره، له چاره‌كی سێیه‌می 2025دا ته‌واو بكرێت.
ده‌یان كه‌س له‌به‌رده‌م نوسینگه‌ی په‌رله‌مانی عێراق له به‌سره كۆبوونه‌وه، بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی دژی پرۆژه‌ی هێڵی بۆری نه‌وتی (به‌سره- عه‌قه‌به). خۆپیشانده‌ره‌كان چه‌ندین دروشمیان دژی پرۆژه‌ی بۆرییه‌كه به‌رزكرده‌وه، پرسیارن كرد له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا كێ له‌م پرۆژه‌یه سودمه‌ند ده‌بێت ؟ گه‌ره‌نتی چییه عێراق نابێت به ئامرازێك بۆ به‌دیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی تر له‌سه‌ر حسابی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌كه‌ی خۆی ؟ هه‌ندێكی تر دروشمیان به‌رزكرده‌وه‌و تێپه‌ڕاندنی ته‌رخانكراوی داراییان بۆ پرۆژه‌ی بۆری عه‌قه‌به، وه‌كو پاشه‌كشێكردن له به‌رژه‌وه‌ندییه نیشتمانییه‌كان ناوبرد.
پرۆژه‌ی نه‌وتی به‌سره- عه‌قه‌یه، پرۆژه‌یه‌كه كه ئێستا له بواری جێبه‌جێكردندایه، ئامانج لێی گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی خاوی ده‌رهێنراوی كێڵگه نه‌وتییه‌كانی به‌سره‌یه بۆ شاری (عه‌قه‌به) له باشوری ئوردن. درێژی بۆرییه‌كه نزیكه‌ی (1700) كیلۆمه‌تره‌و له دوو قۆناغ پێكدێت، یه‌كه‌میان له به‌سره‌وه درێژ ده‌بێته‌وه بۆ (حه‌دیسه) له خۆرئاوای عێراق، قۆناغی دووه‌میش له حه‌دیسه‌وه درێژده‌بێته‌وه بۆ به‌نده‌ری عه‌قه‌به به‌مه‌به‌ستی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی عێراق بۆ وڵاتانی تر له‌رێگه‌ی ئه‌م بۆرییه‌وه. به‌شی یه‌كه‌می پرۆژه‌كه رۆژانه نزیكه‌ی (2 ملیۆن و 250 هه‌زار) به‌رمیل ده‌گوازێته‌وه، به‌گشتی تێكڕای ئه‌و نه‌وته‌ی به‌م بۆرییه‌دا ره‌وانه‌ی به‌نده‌ری عه‌قه‌به ده‌كرێت، رۆژانه ده‌گاته (1 ملیۆن) به‌رمیل، له‌م بڕه (850 هه‌زار) به‌رمیلی ده‌درێت به پاڵاوگه‌كانی ئوردن، له‌پاڵ ئه‌مه‌دا بۆرییه‌كی تر هه‌یه بۆ گواستنه‌وه‌ی غاز بۆ ئوردن به بڕی (100 ملیۆن) پێ سێجای رۆژانه، ئوردن ئه‌م غازه به‌كارده‌هێنێت بۆ به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با. ئه‌م پرۆژه‌یه بڕیار بوو له ساڵی 2017دا ته‌واو ببێت، تێچووه‌كه‌ی به نزیكه‌ی 18 ملیار دۆلار ئه‌ژمار ده‌كرێت.
پرۆژه‌كه 10 وێستگه‌ی په‌مپكردنی نه‌وت و 3 كۆگای ئه‌مباركردن له رومێله‌و حه‌دیسه‌و عه‌قه‌به له‌خۆده‌گرێت به توانای (19 ملیۆن) به‌رمیل، ئه‌مه له‌پاڵ سه‌كۆی باركردن له عه‌قه‌به به توانای یه‌ك ملیۆن به‌رمیلی رۆژانه‌و سیسته‌می كۆنترۆڵ و پێوانه‌كردن.
له‌رێگه‌ی ئه‌م بۆرییه‌وه، رۆژانه نزیمه‌ی 65 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی عێراق ده‌درێت به میسر، به‌بێ ئه‌وه‌ی له به‌نده‌ری عه‌قه‌به‌وه بۆری بۆ كه‌ناراوه‌كانی میسر رابكێشرێت. ئه‌گه‌ر تێكڕای هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له‌م بۆرییه‌كه رۆژانه 200 بۆ یه‌ك ملیۆن به‌رمیل بێت، ئوردن بۆ تێپه‌ڕینی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتی عێراق به خاكه‌كه‌یدا، بڕی ته‌نیا (25 سه‌نت) وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام تێكڕای خه‌رجی وه‌به‌رهێنان و به‌گه‌ڕخستن و گواستنه‌وه له‌م هێڵه‌وه بۆ هه‌ر به‌رمیلێك ده‌گاته (2.27) دۆلار، ئه‌مه له‌كاتێكدایه خه‌رجی هه‌نارده‌ی نه‌وت له‌رێگه‌ی ده‌ریاوه كه ئێستا نه‌وتی به‌سره به‌وشێوه‌یه هه‌نارده ده‌كرێت، بۆ هه‌ر به‌رمیلێك بڕی (1.35) دۆلاره.
ئه‌م پرۆژه‌یه له‌سه‌رده‌می نوری مالیكییه‌وه ده‌ست به گفتوگۆكراوه له‌باره‌یه‌وه، له‌و كاته‌وه هه‌موو سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كانی تری عێراق قسه‌یان له‌باره‌وه كردووه، به‌ڵام له بودجه‌ی عێراقدا بۆ ساڵی 2024، بۆ جاری یه‌كه‌م و له‌سه‌ر ده‌ستی محه‌مه‌د شیاع سودانی پاره بۆ قۆناغی یه‌كه‌می پرۆژه‌كه ته‌رخانكرا، وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق هۆكاری ده‌ستپێكردنی ئه‌م پرۆژه‌یه بۆ خۆلادان له هه‌ر كێشه‌یه‌ك ده‌گه‌ڕێنێته‌وه كه له داهاتوودا له گه‌رووی هورمز رووبدات و كێشه بۆ هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق دروست بكات، كه شاده‌ماری ئابوری وڵاته.
دكتۆر نه‌بیل مه‌رسومی كه شاره‌زای نه‌وته‌و خۆی دانیشتووی به‌سره‌یه، له‌باره‌ی كه‌ڵكه ئابورییه‌كانی ئه‌م پرۆژه‌یه‌وه باسله‌وه ده‌كه‌ن، له‌م پرۆژه‌یه‌دا لایه‌نی ئه‌منیی له‌به‌رچاو نه‌یگیراوه، به‌تایبه‌تیش دۆخی ئه‌منیی له‌نێوان عێراق و ئوردن، سه‌رباری ئه‌مه توێژینه‌وه‌ی به‌بازاڕكردنی نه‌وتی عێراق له‌رێگه‌ی ئه‌م بۆرییه‌وه ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاونه‌گرتووه نه‌وتی عێراق بگاته بازاڕه‌كانی ئه‌وروپاو ئه‌مریكاو ئه‌فریقا.
بڕیاره قۆناغی یه‌كه‌می پرۆژه‌ی ئه‌م بۆرییه كه بڕی نزیكه‌ی یه‌ك ملیار دۆلاری تێده‌چێت و درێژییه‌كه‌ی 350 كیلۆمه‌تره، له چاره‌كی سێیه‌می 2025دا ته‌واو بكرێت.
ناڕه‌زایه‌تییه‌كان ته‌نیا دژی ئه‌م پرۆژه‌ی بۆرییه نییه، پێشتریش له‌ناو لایه‌نه شیعه‌كانه‌وه ناڕه‌زایه‌تی هه‌بوو دژی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی عێراق بۆ ئوردن، ناڕه‌زایه‌تییه‌كانیش كاتێك فراوان بوون كه ده‌نگۆی به‌شداری فڕۆكه‌كانی ئوردن له هێرشێكی ئه‌مدواییه‌ی ئه‌مریكادا بۆسه‌ر هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی بڵاوبووه‌وه.
رۆژی 4ی ئایاری رابردوو، هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق بۆ ئوردن راوه‌ستا، به‌پێی دواین زانیارییه‌كان به‌غدادو عه‌ممان گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتنێكی نوێ بۆ هه‌نارده‌ی نه‌وت.
هه‌نارده‌ی نه‌وت له عێراقه‌وه بۆ ئوردن له‌چوارچێوه‌ی یاداشتێكی لێكتێگه‌یشتن بوو كه رۆژی 4ی ئایاری 2023 ئیمزا كرا، واده‌ی یاداشته‌كه له 4ی ئایاری ئه‌مساڵ كۆتایی هات، به‌گوێره‌ی ئه‌م یاداشته بڕی نه‌وتی هه‌نارده‌كراوی عێراق بۆ ئوردن مانگانه له‌نێوان 450 بۆ 465 هه‌زار به‌رمیل بوو، واتا بڕی نه‌وتی هه‌نارده‌كراوی رۆژانه 15 هه‌زار به‌رمیل بوو.
به‌گوێره‌ی یاداشته‌كه، حكومه‌تی ئوردن هه‌وڵی نوێكردنه‌وه‌ی ده‌دات، ده‌بێت لایه‌نی ئوردنی تانكه‌ر بۆ گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی عێراق بۆ پاڵاوگه‌ی نه‌وت له شاری زه‌رقای وڵاته‌كه‌ی دابین بكات، له‌به‌رامبه‌ردا ئوردن به داشكاندنه‌وه نه‌وتی عێراق ده‌كڕێت، بۆ هه‌ر به‌رمیلێك بڕی 16 دۆلار ده‌دات، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای نرخی مانگانه‌ی نه‌وتی خاوی برێنت، ئه‌مه نرخه‌ش ناڕه‌زایه‌تی له‌ناوخۆی عێراق دروستكردووه به نرخێكی كه‌م و پاڵپشتیكراو داده‌نرێت.
ئه‌و نه‌وته‌ی عێراق به ئوردنی ده‌دات، رێژه‌ی 7%ی پێداویستی ناوخۆی ئوردنی پڕده‌كرده‌وه، لایه‌نی ئوردنی ده‌یه‌وێت له‌چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنێكی نوێ‌دا له‌گه‌ڵ به‌غداد ئاستی 50%ی پێداویستی خۆی پڕبكاته‌وه، واتا ئاستی هه‌نارده‌كردن زیاد بكرێت.
ئه‌و نه‌وته‌ی كه عێراق هه‌نارده‌ی ئوردنی ده‌كرد، به‌شێكی نه‌وتی كێڵگه‌كانی كه‌ركوكه بوو، ئه‌وكاته‌ی كه هه‌نارده‌ی نه‌وتی نه‌وتی كه‌ركوك له‌رێگه‌ی بۆری نه‌وتی كوردستانه‌وه بۆ به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا راوه‌ستا، عێراق بۆی گرنگ بوو نه‌وته‌كه ره‌وانه‌ی ئوردن بكات.
مێژووی هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق بۆ ئوردن ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می رژێمی پێشوو، له‌سه‌رده‌می سه‌ددامدا عێراق رۆژانه 100 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌نارده‌ی ئوردن ده‌كرد، نیوه‌ی ئه‌م بڕه نه‌وته به‌خۆڕایی بوو، نیوه‌كه‌ی تری به نرخێكی ره‌مزی به ئوردن ده‌درا.
له ساڵی 2006دا‌و دوای كه‌وتنی سه‌ددام، حكومه‌تی یه‌كه‌می نوری مالیكی یاداشتێكی لێكتێكه‌یشتنی له‌گه‌ڵ ئوردن ئیمزا كرد بۆ پێدانی بڕی 10 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه به ئوردن، به‌پێی ئه‌م یاداشته بۆ هه‌ر به‌رمیلێك بڕی 18 دۆلار دانرابوو، ساڵی 2008 نرخی هه‌ر به‌رمیلێك له یاداشته‌كه‌دا بۆ 22 دۆلار به‌رزكرایه‌وه.
2ی شوباتی 2019 عێراق و ئوردن یاداشتێكی نوێیان ئیمزا كرد بۆ هه‌نارده‌كردنی 10 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه، بۆ هه‌ر به‌رمیلێك ئه‌مجاره بڕی 16 دۆلار دانرا (ئه‌وكات ئه‌م نرخه 13 دۆلار كه‌متر بوو له نرخی نه‌وت له بازاڕه‌كانی جیهاندا) ئه‌مه‌ش بۆ دابینكردنی خه‌رجی گواستنه‌وه‌ی نه‌وته‌كه بوو له كه‌ركوكه‌وه بۆ زه‌رقای ئوردن.
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م داشكاندنه زۆره‌دا كه عێراق له نرخی نه‌وت بۆ ئوردنی كردووه، ئوردن به‌رێژه‌ی 75% داشكاندنی باجی گومرگی بۆ هاورده‌ی كاڵای عێراق له به‌نده‌ری عه‌قه‌به‌وه كردووه.