بازاڕێکی ئەکادیمی بۆ بڕوانامەی ساختە

Draw Media

2024-06-09 12:26:00



مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)

دوێنێ، رۆژی شەمە رێکەوتی ٨-٦، سایتی درەو ھەواڵێکی بڵاوکردەوە کە پێویستی لەسەر وەستان و ئاوڕلێدانەوەیەکی ڕاستەقینە ھەیە. ھەواڵەکە باس لەوەدەکا کە لەماوەی ٤ ساڵدا زیاتر لە ٥٠٠ سیاسی و بەرپرس و میدیاكار لە عێراقدا بڕوانامەی دكتۆرایان بەدەستهێناوە. ھەروەھا درەو میدیا باس لەوەش دەکات کە سیاسی و بەرپرسانی حزبە باڵادەستەكانی عێراق، بەردەوامن لە كێبڕكێكردن لەسەر ناونیشانی زانستیی, بە دیاریكراوی لە مەسەلەی بڕوانامەی دكتۆرادا و زۆر بە ئاسانیش ئەم بڕوانامەیە بەدەستدەھێنن.

بەر لە ھەمووشتێک بەدەستھێنانی ئەم بڕوانامانە پەیوەندیی بەوەوە ھەیە کە ئەمانە کەسانی پارەدارن و توانای کڕینی ئەو بڕوانامانەیان ھەیە. لە ناوچەکەشدا بازاڕێکی ئەکادیمیی بۆ فرۆشتن و بەدەستھێنانی ئەم بڕوانامانە دروستبووە و سیاسیی و بەرپرسانی پارت و نوخبە دەسەڵاتدارە پارەدارەکەی دوای کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەین، دەتوانن بە ئاسانی بچنە ناو ئەم بازاڕە ئەکادیمییەوە و ئەو بڕوانامانە بکڕن کە دەیانەوێت بە تایبەتی بڕوانامەی ماجستێر و دکتۆرا، بووە. فرۆشتنی بڕوانامەش بووە بە چالاکییەکی ئابوریی بەرچاو لە ناوچەکەدا و  سیاسیەكانی عێراقیش بە ئاسانی دەتوانن ناونیشانی دكتۆرا بکڕن و بەدەستبهێنن. بازرگانە سەرەکییەکانی ئەم بڕوانامەفرۆشییە ژمارەیەک لە زانكۆكانی لوبنان و ئێران و قوبرس و هیندستان و روسیان. وەک ھەواڵەکە دەڵێت ئەم زانکۆیانە كێبڕكیانە لەسەر وەرگرتنی خوێندكاری عێراقی و ڕێخۆشکردن بۆ بەدەستھێنانی ناونیشانی ئەکادیمیی. لەم ڕووەوە نرخی وەرگرتنی بڕوانامەی ماستەر بە ٣ هەزار و دكتۆرا بە ٥ هەزار دۆلارە. ھەموو ئەمانەش بە ئاشکرا و بەبەرچاوی لایەنە بەرپرسەکانەوە لە عێرقدا رووئەدەن. ئەوەتا بەرپرسێك لە وەزارەتی خوێندنی باڵا باس لەوەدەکات کە لەماوەی ٤ ساڵی ڕابردوودا ٥٠٠ سیاسی و بەرپرسی حكومی، تەنانەت دادوەر و راوێژكار و هەندێك لە پێشكەشكارە ناسراوەكانی بەرنامە سیاسیە رۆژانەكانیش، بڕوانامەی دكتۆرایان بەدەستهێناوە. بێگومان لە ھەرێمیشدا ھەمان دۆخ ئامادەیە و لەشکرێک خاوەن بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا ھەن کە حیزبایەتی و پارە و پەیوەندیی تایبەت، لەپشتی وەرگرتنی بڕوانامەکانیانەوەیە.  

بێ دوودڵیی دەکرێت سەرجەمی ئەو بڕوانامە کڕدراوانە لە ژێر ناوی بڕوانامەی ساختەدا کۆبکەینەوە. ڕاستە ئەو بڕوانامانە مەرجە یاساییە شکڵیەکانیان تێدایە و بەناو رەزامەندی چەندان دەزگای ئاکادیمیی تایبەتدا تێپەڕیون، بەڵام ھەموو ئەم رووکارە شکڵییانە جگە لە دیکۆرێکی ساختە زیاتر نییە و ھیچ شتێک لە ساختەبوونی ئەو بڕوانامانە کەمناکاتەوە. دۆکۆمێنت و بروانامەی ساختە بەشێکە لە مێژووی بڕوانامە و مێژووی مرۆڤی ساختە خۆیشی، بەڵام ھەرگیز ئەم دوو فۆرمەی ساختەکاریی بە ڕادەی ئەمڕۆکە بەربڵاو و سیستماتیک و رێکخراو نەبووە.  نە ئەو ھەموو بڕوانامە ساختانە بوونیان ھەبووە، نە ئەو ژمارە گەورەیە لە مرۆڤی ساختە کە ساختەبوونەکانیان بە دیکۆرێکی ئەکادیمی ساختە دادەپۆشن. خاڵێک لەم ئاستەدا گۆڕانێکی بەرچاوی بەسەردا ھاتووە ئەوەیە جاران ساختەکردنی بەڵگەنامە کارێکی نھێنیی و ژێرزەمینیی بوو، کەس نەیدەزانیی چۆن و کێ بەڵگەنامەکان ساختەدەکات، کەچی ئێستا ھەم ھەڵگرانی بڕوانامە ساختەکان ناسراون و ھەم ئەو شوێنانەش کە ئەو بڕوانامە ساختانە دەبەخشن. وەک ھێمام پێکرد ”بازارێکی ئەکادیمی“ دروستبووە کە بەرامبەر بە پارە، ھەم خوێندەواری ساختە و ھەم بڕوانامەی ساختە دروستدەکەن و وەک دەردێک بەناو کۆمەڵگادا بڵاویاندەکەنەوە.

تا کۆتایی ساڵانی ھەفتای سەدەی بیستەم سیستمی خوێندن و فێربوون، ئەو سیستمەی بڕوانامەکانی دەبەخشی، سیستمێکی نیمچە سەربەخۆ و خاوەن قورسایی و بەھای تایبەت بەخۆی بوو. بڕوانامە دواھەمین دەرەنجامی تێپەڕین بوو بەناو ساڵانێکی دورودرێژی خوێندن و فێربووندا، لەناو سیستمەکەشدا میکانیزمی تایبەت ھەبوون بۆ جیاکردنەوەی کەسانی زیرەک و بەتوانا لە کەسانی کەمتر و زیرەک و کەمتر خاوەن توانا. ھاوکات جیاکردنەوەی ئەو کەسانەی کە توانا و شایانی ئەوەن زیاتر و زیاتر بخوێنن و لەم ڕێگایەشەوە، بڕوانامەی بەرزتر بەدەستبھێنن، لەوانەی کە ئەم توانایەیان نەبووە. بڕوانامە خۆیشی ئامرازی سەرەکیی جێگۆڕکێ و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیی بوو. ئەوانەی دەیانتوانی سەرکەوتوانە قۆناغە جیاوازەکانی سیستمی خوێندن و فێربوون ببڕن، دەبوون بە خاوەنی بڕوانامە و ئەو بڕوانامەیەش شوێن و جێ و پێگەیەکی کۆمەڵایەتیی بەرزتری بەو کەسانە دەبەخشیی.
لە ئێستادا بڕی ھەرەزۆری ئەم شتانە نەک نەماون، بەڵکو بە شێوەیەکی سیستماتیک پەکخراون و لەناوبراون. دۆخەکە بە تەواوی پێچەوانە بۆتەوە. ئێستا ئەوە خوێندن و فێربوون و بڕوانامە نییە کە مرۆڤەکان دەباتە ناو پێگە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئیدارییە بەرزەکانەوە، بەڵکو ئامادەگیی پێشوەختیی خێزانیی و بنەماڵەیی و خێڵەکیی و حیزبییە لەو پێگانەدا، کە کەسەکان دەخاتە سەر کەڵکەڵەی بەدەستھێنانی بڕوانامە. لە ئێستادا ھەر لە سەرەتاوە پێگە سیاسیی و ئیدارییە بەرزەکان قۆرخکراون، دوای ئەو قۆرخکارییە ھەڵگرانی ئەو پێگانە بەدوای کڕین و بەدەستھێنانی ئەم یان ئەو بڕوانامەدا دەگەڕێن.


ستراتیژیەتی سەرەکیی ئەم دۆخە تازەیەش ستراتیژیەتێکی دووسەرەیە. لەسەرێکەوە، وێرانکردنی سیستمی خوێندن و فێربوون لە رێگای بێنرخکردنێکی تەواوی دواھەمین دەرەنجامی ئیشکردنی ئەم سیستمەوە، واتە بێنرخکردنی بڕوانامە لە رێگای کڕینیانەوە. دووھەم، سەندنەوەی ھەر ئەگەر و توانایەک بۆ پێشکەوتن و جێگۆڕکێی کۆمەڵایەتیی لە ڕێگای سیستمی خوێندن و فێربوونەوە. واتە داماڵینی سیستمی خوێندن و فێربوون لە سیستمی دەسەڵات و لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و ئەگەری پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیی. بەمەش قۆرخکردنێکی تەواوی سەرجەمی پێگە گرنگەکانی ناو کۆمەڵگا و دابڕانیان لە ھەر میکانیزمێکی دەرەکیی کە بتوانێت ئەو پێگانە بەرووی کێبەرکێی زانستیی و کۆمەڵایەتییدا بکاتەوە.
بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم خاڵانە با سەرنجێک لەم بەسەرھاتە مێژووییە بدەین کە پێچەوانەی ئەوەی لەمڕۆدا ڕووئەدات، نیشانئەدات. ئەحمەد دەمەنھوری (١٦٩٨-١٧٧٨) منداڵێکی بێباوکی نیشتەجێی یەکێک لە لادێ دوورەکانی باشوری میسر لە سەدەی ھەژدەھەمدا، دەبێت بە سەرۆکی زانکۆی ئەزھەر وەک یەکێک لە دەزگا ھەرە سەرەکیی و ھەرە گرنگەکانی ئەو سەدەیە. منداڵێک بە پاشخانێکی گوندییەوە، بێباوک و بێ ھیچ پەیوەندییەک بە ناوەندە خوێندەوارەکەی قاھیرەوە، ئەو پێگە گەورەیە لەناو قاھیرە خۆیدا بەدەستدەھێنێت. ئەم جێگۆڕکێ کۆمەڵایەتیی و ئیدارییە گەورەیە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە سیستمی خوێندن و فێربوونی ئەو رۆژگارەوە ھەیە. لەو سەردەمەدا منداڵان، بە شێوەیەکی گشتیی، ئەو پیشانە فێردەبوون کە لە باوک و باپیرانیانەوە بۆیان دەمایەوە، کەچی لە دۆخی ئەم منداڵە بێباوکەدا، دەبینین بڕینی قۆناغە جیاوازەکانی سیستمی خوێندن و فێربوون بەو خاڵەی دەگەیەنێت ببێت بە سەرۆکی زانکۆ ئەزھەر. لەو ڕۆژگارەدا سیستمی خوێندن و فێربوون ھەڵگریی دوو ئاکاریی سەرەکیی بوو، کە سێ سەدە دواتر لە وڵاتێکی وەک عێراقدا، بە کوردستانیشەوە، بە تەواوی لەدەستیداوە. یەکەم: پێگە زانستییە گرنگەکانی ئەو رۆژگارە بەو کەسانە دەدرێن کە تواناکانیان دەیانباتە ئەو شوێنانەوە. منداڵێکی لادێیی بێباوک دەبێت بە سەرۆکی گرنگترین زانکۆی ناو جیھانی ئیسلام.(کام منداڵی ئەمڕکە لە دەرەوەی بازنەی بنەماڵە و خێڵ و حیزبە دەسەڵاتدار و حوکمڕانەکانی عێراق و کوردستاندا ئەگەری ئەوەی لەبەردەمدایە تەنانەت ببێت بە بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی سەرەتایی بەبێ رازیبوونی ئەو حیزب و بنەماڵە و نوخبە سیاسییە دەسەڵاتدارە). دووھەم: نیشاندانی ئەو ڕاستییە کە بڕوانامە و خوێندن ڕێگایەکی سەرەکیی بووە بۆ جێگۆڕکێی کۆمەڵایەتیی و پێشکەوتنی تاکەکەسیی. واتە بەھۆی خوێندنەوە منداڵێکی سەر بە چینەکانی خوارەوە دەتوانێت گەشەبکات و ببێتە ئەندامی چینە باڵادەست و خاوەن دەسەڵاتەکانی کۆمەڵگا.(لەمڕۆدا ئەم ئاکارە بە تەواوی لە سیستمی خوێندن و فێربوون و لە توانای بەدەستھێنانی بڕوانامە، سەندراوەتەوە).  

ئەوەی ئەمڕۆکە لە پەیوەندیدا بە دیاردەی کڕین و بەدەستھێنانی بڕوانامەوە لەو بازاڕە ئەکادیمیەدا کە باسمکرد، ڕووئەدات، وێرانکردنێکی تەواوی سیستمی خوێندن و فێربوونە، ئەمەش بەشێکە لە ستراتیژیەتێکی گەورەتر: وێرانکردنی کۆمەڵگا

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand