ئێمە و فەلەستینییەکان
2024-06-02 18:29:09
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)
ڕۆژانە ئامێرە جەنگییەکەی ئیسرائیل لە غەزەدا ھەر شتێک بخوازێت وێرانیبکات، وێراندەکات، رۆژ نییە دەیەھا و سەدەھا مرۆڤی بێگوناھ و بێتاوان، ڕاستەوخۆ پەلامار نەدرێن و بە شێوەیەکی بەربەریانە ژیانیان لێ نەسێندرێتەوە. ڕۆژ نییە ماڵ بەسەر دانیشتوانە گیرخواردوەکەی ناو غەزەدا خاپور نەکرێت، لەم شارە و بۆ ئەو شار و لەم کەمپەوە بۆ ئەو کەمپی ئاخنراو بە کەسانی بێدەرەتان ڕاونەنرێن و بڕستیان لەبەر نەبڕێت. دۆخەکە بە ئاستێک گەیشتوە ئەوەی ئیسرائیل ئەنجامیئەدات جگە لە ناونانی بە تاوانی جەنگ، ھەوڵی ھۆشیارانەی لەناوبردنی میلەتێک، برسیکردن و کوشتنێکی سیستماتیکی، نەکرێت ھیچ ناوێکی تری لێبنرێت. ئەم جەنگە توانای دڵڕەقیی و ڕووبەری ڕق و ھەوڵی بێنرخکردنی ژیانی مرۆڤەکانی لە سەدەی بیست و یەکەمدا بە چڵەپۆپە گەیاندوە. دۆخەکە بە ئاستێک گەیشتوە فەلەستینییەکان تادێت زیاتر و زیاتر بکوژرێن و ڕۆژانەش ئیسرائیلیەکان زیاتر و زیاتر مرۆڤبوونی خۆیان لەدەستبدەن. ئیسرائیلیەکان بە کوشتن ژیان لە فەلەستینییەکان دەسێننەوە و فەلەستینیەکانیش لە ڕێگای بەناھەق کوژرانیانەوە دڵۆپێک مرۆڤایەتی لەناو دەوڵەت و کۆمەڵگای ئیسرائیلیدا ناھێڵنەوە. ئەوەی دەبینین ھەم سەندنەوەی ژیانە لە ھەندێک لە مرۆڤەکان و ھەم سەندنەوەی مرڤبوونە لە بکوژەکان. لە غەزەدا ئێمە لەبەردەم پرۆسەیەکی بەرفراوانی لەئینسانخستنی ئینسانداین.
بەڵام غەزە تەنھا دۆخێکی نائینسانيی ناوچەکە نییە. تورکیاش لەشکرێکی گەورەی لەسەر سنوورەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کۆکردۆتەوە و بەردەوامیش باس لە پەلاماردانی ئەو بەشەی کوردستان دەکات. پەلاماری ئەو بەشەی کوردستانیش بێپێشینە نییە. سوپاکەی ئەردۆغون ساڵی ١٩١٨ پەلاماری عەفرینی دا و ھەموو ئەو تاوانانەی سوپایەکی دڕندە بتوانێت ئەنجامیبدات، لەو شارەدا ئەنجامیدا. سوپای تورکیا لە سوپای ئیسرائیل دڕندەتر و تاوانبارتربێت، کەمتر نییە. ئەوەی رێگای لەم سوپایە گرتوە نەھێڵێت ھەمان ئەو تاوانانە ئەنجامبدات کە ئیسرائیل لە ئێستادا لە غەزە، ئەنجامیئەدات، ڕێگریەکانی ئەمریکا و وڵاتە رۆژئاواییەکانی ترە. ئەوانن ناھێڵن تورکیا سنوورەکان ببەزێنێت و کارەساتی گەورە و خوێناوی ئەنجامبدات.
لە جیھانی ئەمرۆدا زیاد لە بەشێکی بەرچاوی مرۆڤایەتیی توانای بەرگریکردنیان لە خۆیان نییە و قابیلی لەناوبردن و تێکشکاندنن. ھێزی دڕندەی واش دروستبوون توانای پیادەکردنی ھەمووجۆرە وێرانکاریی و دڕندەییەکن. ھانا ئارێنت، ژنە فەیلەسوفیی جولەکە، لە خوێندنەوەیدا بۆ ئەزموونی مامەڵەکردنی نازیەت بۆ جولەکە و ھەوڵدانی لەناوبردنی سەرتاسەریان، بەو دەرەنجامە دەگات کە لە جیھاندا کۆمەڵە مرۆڤێک ھەن ئاسانتر قابیلی تێکشکاندن لەوانیتر، ئاسانتر لەناودەبرێن، تەنھاتر و بێمافترن لە کەسانیتر، بە تایبەتی لە ئاستی کۆیی و دەستەجەمعیدا. ئەم ژنە فەیلەسوفە بە تایبەتی باس لەو مرۆڤانەدەکات کە وەک کەمینە و گروپی لاواز و پەراوێزیی دێنە جیھانەوە. ئەو کەمینانەی ناتوانن بەرگریی لە خۆیان و لە مافەکانیان بکەن، لە پێش ھەمووانیشەوە، مافە ھەرە سەرەتایی و بنەڕەتییەکەی مرۆڤ: مافی ژیان. ئارێنت لە پێناسەکردنی ئەم کەمینانەشدا ھێما بۆ کەسانی ”کۆچبەر“ و ”پەناھەندە“ و ”نەخواستراو“ و ”نەفرەتلێکراو“یش دەکات. ئەمانەش ئەو جۆرەن لە مرۆڤ کە ژیانیان لە ژێر رەحمەت و ویستیی ئەو زۆرینانەدان کە لەگەڵیاندا دەژین.
ئارێنت ئاکاری سەرەکیی ئەم کەمینانە بەوەوە گرێئەدات کە زۆربەی جار ”مرۆڤی بێدەوڵەت“ن، ئەو کەمینانەن کە لە دونیای ئەمڕۆدا، دونیای باڵادەستیی دەوڵەتی نەتەوە، بێدەوڵەتن. ئەو چوارچێوە سیاسییە سەروەر و قبووڵکراوەیان نییە کە میلەتان لەناویدا دەژین و پەیوەندییەکانیان بە خۆیان و بە دەرەوەی خۆیانەوە لەناویدا ڕێکدەخەن. ئارێنت پێیوایە رێکخستنی جیھانە لەسەر بنەمای دەوڵەت، کەسانێکی زۆری بێدەوڵەتی دروستکردوە کە وەک مرۆڤی لاواز و پەراوێزیی بە جیھاندا بڵاوبوونەتەوە. ئارێنت پێیوایە ئەم جۆرە تایبەتانە لە مرۆڤ کەسانێکن دەکرێتلە دونیای ئەمرۆدا ”ئیستیھلاک“ بکرێن و فرێبدرێنە دەرەوەی ئەو سنوورە سیاسییانەوە کە جیھانی لەسەر بونیادنراوە. ئەمانە ئەو کەسانەن سەرزەمینێکیان نییە تیایدا خودبوونی خۆیانی وەک مرۆڤ دروستبکەن و مرۆڤبوونیان، بپارێزن. ئەمانە کەسانێکن دەشێت بە ھەر شتێکی دیکە بگۆڕدرێنەوە کە سیستمە بەھێزەکان بیانەوێت، تا ئەو شوێنەی ڕاویانبنێنن و بیانگوازنەوە و لە دوا دەرنجامیشدا بەتەواوی بیانسڕنەوە.
لە ئێستادا خەڵکی غەزە نموونەیەکی زیندووی ئەو جۆرە تایبەتەی مرۆڤن کە نەک تەنھا کەمینە و غەوارە و بێپەنان، نەک تەنھاش مرۆڤگەلێکن لە دەرەوەی دەوڵەت و ھەرجۆرە سەروەرییەکی سیاسیدان، بەڵکو کەسانێکن ھێز دەتوانێت شاربەدەریان بکات و بۆ ھەر شوێنێکشییان بنرێت کە ڕازیبێت بیانگرێتەخۆی. ھەموو دانیشتوانی غەزە لە ژێر زەبری سوپای ئیسرائیلدا بوون بە مرۆڤی زیادە، بە دانیشتوانێکی بێماف، کەسانێک مامەڵەی ئاژەڵیشیان پێ رەوانابینرێت.
کوردەکانی ڕۆژئاوا، بە تایبەتی دانیشتوانەکەی شاری عەفرین، لە سەردەمی پەلاماردانەکەی سوپای تورکیا لە ساڵی ٢٠١٨دا بۆسەر شارەکە، لە ھەمان دۆخی دانیشتوانەکەی ئەمڕۆکەی غەزەدا بوون. دوای ئەوەی سوپاکەی ئەردۆغان شارەکەی داگیرکرد دانیشتوانە کورد و ناموسوڵمانەکانی شارەکە، خرانە پێگەی ئەو مرۆڤە پەراوێزیی و نەفرەتلێکراوانەوە کە ھانا ئارێنت باسیان دەکات. ھەمووان گۆڕان بۆ کەسانی ناپێویست، کەسانێک سوپا و میلیشیاکانی سەر بە تورکیا، دەیانتوانیی بەوشێوەیەی دەیانەوێت ئیستیھلاکیان بکەن و چوۆنیان بوێت وا مامەڵەیان بکەن.
ھەم لە دۆخی غەزە و ھەم لە دۆخی رۆژئاوادا، وەک ئارێنت دەڵێت، ئێمە ئەو جۆرە لە کەمینە دەبینین کە ناھێڵن خێمەیەکی سیاسیی تایبەت بەخۆیان، لە پاڵ کۆی خێمە سیاسییەکانی تری جیھاندا، ھەبێت،. خێمەیەک بیانکات بە کەسانێک خاوەنی ئەو لانیکەمە لە سەروەریی کە نەکرێت پەلاماربدرێن و لەناوببرێن. ئەم جۆرە تایبەتە لە مرۆڤ، لە دونیای ئەمڕۆدا، ئەو بەشەی مرۆڤایەتین کە ژیانیان لەبەردەم ڕەحمەتی کەسانیتر و ھێزی لە خۆیان بەھێزتردایە. کەسانێکن ھیچ ھێزێکی جیھانیش خۆی ناکات بە خاوەن و ھاوڕێ و ھاوچارەنووسیان، بە تەنھایش لەبەردەمی سوپا مۆدێرنە دڕندەکان و توانا گەورەکانی لە کوشتن و لەناوبردندا، بەجێھێڵراون. ئەمانە میلەتی بێدەوڵەت و گروپی ئەتنی ژێردەستە و پێکھاتەی دینیی ھەڕەشەلێکراو و گروپی کولتوریی پەراوێزخراون.
کورد و فەلەستینییەکان دوو نموونەی بەرچاوی ئەزموونی ژیانی ئەم جۆرە مرۆڤەن، کە لە زیاد لە بەشێکی جیھاندا ھەن و دەژین. ئەمەش ئەزمونی بە کەمینەکردنێکی گەمارۆدراوە بە ھەموو تەکنیکەکانی لەناوبردن و ستراتیژەکانی بێماف و بێنرخ و بێپەناکردن. ئەوەی ئەمڕۆ لە غەزەدا ڕووئەدات و ئەوەیش کە دەشێت سبەینێ، بۆ جاری چەندھەم، لەم یان لەو بەشی کوردستاندا ڕووبدات، بە تایبەتی لە رۆژئاوادا، لە یەک سەرچاوەوە ھەڵدەقوڵێت: گیرخواردنی میلەتێک لە شێوەی کەمینەدا، بەدەست ھێزێکی دڕندەی بارکراو بە رقێکی گەورە و تەیار بە تەکنۆلۆژیای کوشتن و وێرانکردن. لەناو جیھانێکیشدا کە دەشێت تەنانەت ئامادەنەبێت سەیری ئەنجامدانی تاوانە گەورەکانیش بکات،چجای رێ لە ڕوودانیان بگرێت.