Draw Media

هه‌رێم كێشه‌ی هه‌یه‌، خه‌رجی نه‌وت له‌ وه‌به‌رهێنان دانراوه

هه‌رێم كێشه‌ی هه‌یه‌، خه‌رجی نه‌وت له‌ وه‌به‌رهێنان دانراوه

2024-06-01 14:45:45


(دره‌و):
سبه‌ینێ لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق كۆبونه‌وه‌یه‌كی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی ده‌بێت و راپۆرتی خۆی سه‌باره‌ت به‌ خشته‌كانی بودجه‌ی 2024 ته‌واوده‌كات، رۆژی دوو شه‌ممه‌ په‌رله‌مان ده‌نگی له‌سه‌ر ده‌دات، له‌م خشتانه‌دا، خه‌رجی ده‌رهێنانی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ خه‌رجییه‌ سیادییه‌كان ده‌رهێنراوه‌و خراوه‌ته‌ ناو خه‌رجی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمه‌وه‌، ئه‌مه‌ گرفتی دروستكردووه‌.
لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق سبه‌ینێ كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی ده‌بێت بۆ ته‌واوكردنی راپۆرتی تایبه‌ت به‌ خشته‌كانی بودجه‌ی ساڵی 2024. لیژنه‌كه‌ ئه‌مڕۆ به‌ سه‌رۆكایه‌تی عه‌توان عه‌توانی كۆبووه‌وه‌، ئه‌م كۆبونه‌وه‌یه‌ بۆ دانانی جێ په‌نجه‌ی كۆتایی بوو له‌سه‌ر راپۆرتی خشته‌كانی بودجه‌. 
عه‌توان عه‌توانی ده‌ڵێ: لیژنه‌ی دارایی سوره‌ له‌سه‌ر ته‌واوكردنی سه‌رجه‌م ورده‌كارییه‌كانی تایبه‌ت به‌ خشته‌كان و ئاماده‌كردنی راپۆرتی كۆتایی به‌مه‌به‌ستی خسته‌ڕووی له‌ دانیشتنی رۆژی دووشه‌ممه‌ی په‌رله‌ماندا. 
بڕیاره‌ رۆژی دوو شه‌ممه‌ په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگ له‌سه‌ر خشته‌كانی بودجه‌ی 2024 بدات، به‌گوێره‌ی قسه‌ی سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی، ئه‌و راپۆرته‌ی كه‌ لیژنه‌كه‌ ده‌یخاته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان، ته‌نیا له‌ خشته‌كانی بودجه‌دا كورت نابێته‌وه‌، به‌ڵكو روانگه‌ی لیژنه‌ی داراییش سه‌باره‌ت به‌ رێڕه‌وی دارایی وڵات له‌مساڵ و ساڵانی ئاینده‌ ده‌خاته‌ڕوو، تایبه‌ت به‌ به مه‌ترسییه‌كانی زیادبوونی خه‌رجی به‌كاربردن له‌سه‌ر حسابی بودجه‌ی وه‌به‌رهێنان.
به‌گوێره‌ی ئه‌و خشته‌ی كه‌ حكومه‌تی عێراق ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی كردووه‌، پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی عێراق بۆ ساڵی 2024 به‌مشێوه‌یه‌ ده‌بێت: 
• كۆی گشتی خەرجی هەرێم: (20 ترلیۆن و 910 ملیارو 463 ملیۆن و 950هەزار) دیناره‌، لەم بڕە:
- خەرجی موچەی فەرمانبەران: (9 ترلیۆن و 556 ملیارو 348 ملیۆن) دینارە
- موچەی چاودێری كۆمەڵایەتی: (2 ترلیۆن و 20 ملیارو 173 ملیۆن) دینارە
- كۆی گشتی بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم: ( 11 ترلیۆن و 576 ملیارو 521 ملیۆن) دینارە
- مانگانە دەكاتە: ( 964 ملیارو 710 ملیۆن) دینار
- كۆی بودجەی بەكاربردن: ( 14 تریلیۆن و 840 ملیار و 223 ملیۆن و 778 ) دینار
- بڕی قەرز: ( یەك ملیار و 116 ملیۆن ) دینار
- خەرجیی وەبەرهێنان: ( 4 تریلیۆن و 954 ملیار و 240 ملیۆن و 172 هەزار) دیناره‌، له‌م بڕه‌ (2 ترلیۆن و 700 ملیار) دیناری بۆ خه‌رجی به‌رهه‌مهێنانی 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌ی هه‌رێمه‌، وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق ده‌ڵێ ئه‌م پاره‌یه‌ به‌ هه‌رێم نادرێت، چونكه‌ هه‌نارده‌ی نه‌وت راوه‌ستاوه‌.
وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق هه‌فته‌ی رابردوو راگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ له‌ خشته‌كانی بودجه‌دا بۆ خه‌رجی وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان ته‌رخانكراوه‌، رایگه‌یاند، خه‌رجكردنی ئه‌م پاره‌یه‌ مه‌رجداره‌ به‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان داهاتی نه‌وت راده‌ستی حكومه‌تی فیدراڵ بكات.
نه‌رمین مه‌عروف ئه‌ندامی كورد لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق ده‌ڵێ: لەکۆی تەرخانکراوی بودجەی وەبەرهێنان بۆ عێراق کە زیاتر لە ٥٥ تریلیۆن دینارە بڕی 4 تریلیۆن و 954 ملیار و 240 ملیۆن دینار بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە، لە کاتێکدا لەو بڕە 2 تریلیۆن و 700 ملیار دیناری تایبەتە بە تێچووی دەرهێنانی 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم و لە بنەڕەتدا خەرجی بەگەڕخستنەو سیادییە، و نابێت لەسەر پشکی هەرێم و خەرجی وەبەرهێنان ئەژماربکرێت.
نه‌رمین مه‌عروف باسله‌وه‌ ده‌كات، ئەم شێوازە لە ئەژمارکردنی ئەو خەرجییانە بوه‌تە هۆکاری گەورە نیشاندانی پشکی هەرێم و مایەی گازندەکردنی پارێزگاکانی تری عێراق دژی هەرێم .
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand