ئەرکی پشکنینەوەی بەھاکان
2024-05-05 17:43:07
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)
لە دونیای ئێمەدا یەکێک لەو بورانەی پێویستی بە پشکنین و پێداچوونەوەیەکی ڕیشەیی و بنەرەتیی ھەیە، بواری بەھاکانە، ئەو بەھایانەی ڕۆژانە کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر چۆنایەتی ژیانی کۆمەڵگاکە بەجێدەھێڵن و لە چەندان لایشوە سەروەردەکرێن و دەسەپێنرێن. بە تایبەتی لەو ژینگە ئاڵۆزەی ئەمڕۆدا کە لەشکرێک لە چاوساغی ئەخلاقیی و خواجەی دینیی و حەکیمی سیاسیی دروستبوون و زۆر بە ئاسانی ھەرکەسێک لەخۆیان نەچوو، دەکەنە دەرەوەی ئەخلاق و دەرەوەی دین و دەرەوەی سنووری نیشتیمانپەروەرییەوە. رۆژانە لە ئاستە سیاسییەکەدا گوێمان لە دەستەواژەکانی ”خائین“ و ”خۆفرۆش“ و ”ناپاک“، لە ئاستە دینییەکەدا لە دەستەواژەکانی ”گومڕا“ و ”بێئیمان“ و ”کافر“ و لە ئاستە ئەخلاقییەکەیشدا لە دەستەواژەکانی ”سوک“ و ”بەدڕەوشت“ و ”بێئەخلاق“، دەبێت. ئەم دۆخە لای ھەندێک لەو چاوساغە جیاوازانە بە ئستێک گەیشتوە، گەر ئەو دەستەواژانە لەناو زمانیاندا دەربھێنرێت، توانای قسەکردن و دواندنیان، نەمێنێت.
زۆربەمان دەزانین کە مێژووی جەنگەکان، مێژووی لەشکرکێشیی و وێرانکردن و کوشتن و تاڵانکردنە. بەشێکی ئەم مێژووە، پەیوەندیی بە ھەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوە و سەپاندنی کۆمەڵێک تێگەیشتن و ڕوانینی مرۆڤەوە ھەیە بۆ خۆی و بۆ ئەوانیتر و بۆ جیھان. ئەم ڕوانینانەش دابڕاو نین لەو بەھایانەی ئەو کەسانە ھەڵگرین و بەڕاستیدەزانن. بەھاکان دەشێت سەرەتا لەسەری ئەم یان ئەو نووسەر و رۆشنبیر و حەکیم و چاکەکاردا دروستببن، یان لەناو ئەم یان ئەو کتێبی دینیی یان نادینییەوە بێنەدەر، ئەم یان ئەو سیاسەتمەدار و حوکمڕان دروستیانبکەن، بەڵام کاتێک ئەو سنوورە شەخسیی و بەرتەسکانە جێدەھێڵن و بەناو کۆمەڵگادا بڵاودەبنەوە، وەک مارکس دەڵێت، دەبن بە ھێز، بە ھێزی کۆمەڵایەتیی و جەماوەریی گەورە و دەتوانن دەسکاری ریزبەندی شتەکان و پەیوەندییەکانی ناو کۆمەڵگا بکەن، چ بە باش چ بە خراپ. دەشتوانن تا ئەو شوێنەش بڕۆن سوپاکان لەم سەری جیھانەوە بۆ ئەو سەری جیھان بجوڵێنن. بۆ نموونە، بەھا شۆڕشگێڕەکان جیڤاری ئەرجەنتینیان بردە ناو شۆڕشی کوباوە و دواتریش لە کوباوە بردیانە پۆلیڤیا و لەوێش کۆتاییان بەژیانی ھێنا. ئوسامەن بن لادن بەھای جیھادکردن لە سعودییەوە بردیە ئەفگانستان و دواتر سودان و جارێکیتر ئەفگانستان و ئینجا پاکستان، تا لە ماڵێکی چەپەکی ئەو وڵاتەدا کوژرا.
بەھاکان دەتوانن تا ئەو شوێنە بڕۆن لە پێناویاندا قوربانی بە ژیانی مرۆڤەکان بدرێت. لەھەرە قوربانیدانە بەرچاوەکان بە مرۆڤ، قوربانیدان بە مرۆڤ لە پێناوی نەتەوەدا، یان لە پێناوی نیشتیماندا، یان قوربانیدان لەپێناوی چینێک لە چینەکانی کۆمەڵگادا، یاخود لە پێناوی دین و کەنیسە و مزگەوت و پەرستگاکاندا. لە ھەموو ئەم دۆخانەدا خودی ژیان خۆیشی، بە ھەندێک بەھا و باوەر و عەقیدەوە گرێدراوە، کە ھەموویان خۆیان لە خودی ژیان خۆی، بە گرنگتر و بەرزتر و موقەدەستر دەزانرێن. ھاوکات ئەو بەھایانە جۆرێک لە جۆرەکانی ژیانیش. وەک تاکە ژیانی ڕاستەقینە دەسەپێنن و ھەموو جۆرەکانی تری ژیان، بە یاساغ، حەرام، نەشیاو، نەگونجاو، سوک، یان بێمانا و رێزلێنەگیراو دەزانن. بۆیە ئەرکی سڕینەوە و لەناوبردنی ئەو جۆرە ژیانانە، بە ئەرکێکی پیرۆز دەزانن. ئەمەش زۆرجار بەناو رووبارێک خوێندا تێدپەڕێت.
ئەم دۆخە وادەکات پرسیاری ”چۆن بژین؟“ ببێت بە پرسیارێکی پڕ لە ھەڕەشە و پڕ توندوتیژیی و پێکدادان. ئەم پرسیارە لەوە دەکەوێت ھاندەر و وزەیەک بێت بۆئەوەی ژیان باشتر و جوانتر و کراوەتر و بەنرختر بکرێت، بەڵکو دەگۆڕێت بۆ بەھانە و ھێزێکی شەڕانگێز بۆ سەپاندنی ئەم یان ئەو تێگەیشتنی تایبەت بەسەر ژیانی ھەموواندا. ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی ژیان بەپێی ئەو بەھایانەی ئەو دیدگا سەپاوەش ھەڵگریەتیی و بەڕاستی دەزانێت، دەتوانێت تا ئەو ئاستە بڕوات، ئەوانەی نەیانەوێت بەپێی ئەو بەھایانە بژین، ژیانیان لێبسێندرێتەوە. لەم دۆخە مێژووییە تایبەتانەدا، سادەترین پرسیاری مرۆڤ، کە پرسیاری ئەوەیە ”چۆن بژیم؟“، دەتوانێت بگۆڕێت بۆ مەترسیدارترین و خوێناویترین پرسیار.
بەشێکی گرنگی توندوتیژیی و خراپەکاریی و کوشتن و بڕین و لەشکرکێشییەکانی ناو مێژوو، پەیوەندیان بەو پرسیارە سادەیەوە ھەیە: پرسیاری چۆن بژین؟. بەردەوام کەسانێک ھەبوون شێوەژیان و تێگەیشتنی خۆیان بۆ ژیان، بە تاکە شێوەژیانی ڕاستەقینە زانیوە و تا ئەو ئاستەش رۆیشتون بە موقەدەسی بزانن. ئەو بە موقەدەسکردنەش جارێک بیدەنە پاڵ خودا، جارێک پاڵ خواستی کولتور و کۆمەڵگا، جارێکی تریش پاڵ ئەم یان ئەو زانا و فەیلەسوف و پیاوچاکی ناو مێژوو. بە ئەرکی خۆشیان بزانن ئەو بەھا و تێگەیشتنانە، بەسەر ھەموواندا بیسەپێنن و لەم پێناوەشدا ئامادەبن ھەم بکوژن و ھەم بکوژرێن.
پشکنینی سیستمی بەھاکان و تەسلیمنەبوون پێیان، ئیتاعەتنەکردنی خۆبەخۆی بەھاکان و رەخنەکردنیان، تاقە رێگایەکی ئینسانیی دروستە بتوانێت لە مەترسیی بە موقەدەسکردنی بەھاکان بمانپارێزێت. لە ئێستادا پشکنین و سەرلەنوێ پشکنینەوەی بەھاکان، ئەو ئەرکە تازیەیە کە مرۆڤ لەو ناوچەیەی ئێمەدا پێویستی بەجێبەجێکردنیەتی. بە تایبەتی دوای ئەوەی لەشکرێک لە چاوساغی دینیی وخواجەی ئەخلاقیی و قارەمانی سیاسیی درۆزن دروستبوون کە دین و ئەخلاق و سیاسەتکردنی خۆیان، گۆڕیوە بۆ بنەما و ژێرخانی سەرجەمی ئەو بەھایانەی کە پێویستە ھەمووان لە سایەیاندا بژین و ھەناسەبدەین.
ڕەخنەکردن ئەرکی ژمارە یەکی مرۆڤە. ئاخر لە پەیوەندیدا بە مرۆڤ و کۆمەڵگاوە ھیچ پرسیارێک خاوەنی یەک وەڵام نییە. لە بواری ئینسانناسیی و کۆمەڵناسیدا دوو زائید دوو یەکسان نییە بە چوار، بەڵکو یان زیاترە یان کەمترە، لە چوار. پرسیاری زانستە سروشتتەکان دەشێت یەک وەڵامی ڕاستەقینەیان ھەبێت، بەڵام پرسیار سەبارەت بە مرۆڤ وکۆمەڵگا ھەرگیز یەک وەڵامی ڕاستەقینەیان نییە. ھەمیشە زیاد لە وەڵامێک ھەیە و زیاد لە بۆچوونێک سەبارە بە مەسەلەکان، لەئارادایە. ئەگەر وەڵام لە زانستدا تاکە وەڵام بێت و قبووڵی شەریک بۆپیەداکردن نەکات، ئەوابەبێ پەیداکردنی شەریک بۆ وەڵامی پرسیارەکانی مرۆڤ و پرسیارەکانی کۆمەڵگا، دەکەوینە بەردەم مەترسیی و پەلاماری موقەدەسە جیاوازەکانەوە، کە دەشێت بەناو کوشتن و وێرانکردنی ژیانی ملیۆنان مرۆڤدا تێپەڕێت. لە بواری مرۆڤ وکۆمەڵگادا لەباتی موقەدەسێک چەندان موقەدەس و لەباتی وەڵامێک چەندان وەڵامی جیاواز و دژ و ناکۆک بەیەک، ھەن.
ھەموو ئەوانەی پێیانوایە کە دەزانن چی بە ڕەھایی باش و گونجاوە، کام رێگا تاقە ڕێگایە و چ تێگەیشتنێک دواھەمین و راستترین تێگەیشتنە، زۆرجار جگە لە ڕق و بوغز و بەدگومانیی، بەرامبەر بەوانەی لە خۆیان ناچن، ھیچ بەرھەمھێکی دیکەیان نابێت. ئەوانەی دەزانن دواھەمین چارەسەر چییە، تاقە رێگای ڕاستەقینە کامەیە، دواھەمین داوەریکردن کام داوەریکردنەیە، کەسانی جیاواز لە خۆیان، یان وەک نەیار و دوژمن و ناپاک دەبینن، یان وەک پیلانگێڕ و ھەڕەشە و مەترسیی، یان کافر و بێدین و بێئەخلاق، یان لە باشترین حاڵەتدا وەک گەمژە و نەزان و جاھیل. وڵاتی ئێمە پڕیەتی لە موتڵەقگەرای ھەمەجۆر کە کەسانی لەخۆیان نەچوو بە ”مرۆڤی ھەڵە“ دەزانن، ھەڵەیەک کە دەبێت ”ڕاست“بکرێتەوە، ئەمانە ھەم لەناو سیاسەت و ھەم لەناو دین و ھەم لەناو ئەخلاق و ھەم لەناو فیکریشدا ئامادەن.