دواڕۆژی نزیكی شارەكان   

Draw Media

2024-05-02 10:12:41



محەمەد عەزیز محەمەد- ئەندازیاری ڕاوێژكار

ماوەی 250 هەزار ساڵی ویست تا ساڵی 1880 ژمارەی دانیشتوانی گۆی زەوی بگاتە یەك ملیار كەس بەڵام بەپێی ئاماری فەرمی نەتەوە یەكگرتووەكان نزیكەی سەدوپەنجا ساڵێكی ویست تا لە ئۆكتۆبەری ساڵی  2011 ئەو ژمارەیە بگات بە حەوت ملیار كەس و لە نۆڤەمبەری 2022 ببێت بە هەشت ملیار كەس، هەرچەندە بەپێی پێشبینی و لێكۆلینەوەكان لە چەند دەیەی داهاتوو ئەم رەوتە وا خێرانابێت ڕێژەی زیادبوون كەم دەكات لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینی دەكرێت تا ساڵی 2050 ئەو ژمارەیە بگاتە نۆ ملیار، لەئێستا رێژەی دانیشتوانی شارەكان 50%ی گشتی یەو هەر بەپێی پێشبینییەكان  تا ساڵی 2050 دەگاتە 70% دانشتوانی گۆی زەوی. ئەگەر لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا شارەكان كێشەی زۆرو كوشندەیان هەبێت، كە زیاتر خۆی لە  چڕبوونەوەوگەورەبوونی شارەكان و پیسبوونی ژینگە دەبینێتەوەو وەك شێرپەنجە لە جەستەی شاردا رۆژانە گەورەو گەورەتر ئەبێت. ئەوا لە ساڵانی داهاتوو یان لە چەند دەیەی دادێ بە دڵنیایی و بە تەریب لەگەڵ ئەم گەورەبونە مەترسی زۆر  زیاتر دروست دەكات .  چاوچنۆكی سەرمایەداری جیهانی و بەرژەوەندخوازی و ویستی قازانجی بێ سنوری بەدەر لە هەموو بەها ئاكارییەكان لە سەردەمی نیولیبرال وایكردووە هەموو هەوڵەكان بۆ كەمكردنەوەی ئەم مەترسییە بێ ئەنجام بێت. بڕیارو رێنمایی كۆنگرە ساڵانەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ چارەسەری  كێشەی پیسبوونی ئاو وهەواو كەش دەخرێتە ژێرپێ و قازانجە بێَشومارەكان رێگرن لە جێبەجێكردن .
ئەنجام ئەوەی ئێستا لە شارەكان دەگوزەرێ كارەساتەو ناكرێت هەروا بە ڕاگوزەر تێپەرێ و لای لێنەكرێتەوە كە بەگشتی لەسەر ئاستی گشتی جیهان رووبەروی ئالنگاری گەورە بونەتەوە. پەرەسەندن و پێشكەوتنەكان زۆر خێران، ئەوەش وایكردووە جۆری ژیان لەوێدا بە ئاستەم پێشبینی بۆ بكرێت، ئەم پێشكەوتنە بێ سنورانە لێكەوتەی زۆری لە ژیانی رۆژانەی شاردا دروست كردووە، لە ناویاندا  دوو ئەنجامی زەقی دژ بە یەكی لێكەوتەوە لە لایەك بوو بە هۆی زیاتر پیسبوونی ژینگەو زیاتر شپرزە بوونی ژیانی شارو لە لاكەی تر گەورەبوون و چڕبونەوەی شارەكان وایكرد كە ئیتر تەكنۆلۆژیاو بە كارهێنانەكانی كارێكی دەستلێهەڵنەگیراو بێت و ببێتە سیماو مۆركی سەرەكی ژیانی رۆژانەو خۆی بسەپێنێت بەسەر كۆی پرۆسەی ژیان لە شاردا كە سودی لێ وەرگیرێت بۆ باشتركردنی ژیان. ئیتر دەبوایە خەمی سەرەكی و بەردەوامی دەزگا حكومییەكانی پلاندانانی شارو ئەندازیاری پلاندانەرو تەلارسازەكان بێت بۆئاخنینی ئەم زانستە لە هەنگاوەكانی دیزاین و پلاندانانی شار بەرەو بەكارهێنانی تەكنۆلۆجیای زانیاری و دانان و فەراهەمكردنی ژێرخانی زانیاری و رێنمایی بەكارهێنان بەگشتی، ئەوەش بە بەشداری زانكۆكان و لایەنە ئەكادیمیەكانی لێكۆلینەوە لە بواری دانیشتوان و چڕی دانیشتوان و خولیاو ئارەزووەكان و پێویستییە خزمەتگوزارییەكان و لایەنە هونەری و دەروونییەكانی دانیشتوان، كە تێیدا پارێزگاری تەواو لە جۆری ژیان و رەخساندنی هەلومەرجی باش بكات لە بەرژەوەندی تاك. لێرەوە پێ بە پێی پێشكەوتنەكان و بەكارهێنانی تەكنۆلۆجیا لە هەموو بوارەكانی ژیانی رۆژانەی شار وایكرد بیرۆكەی شاری زیرەك بێتە كایەوە.
هیچ ئەگەرێكی تر لە ئارادا نییە جگە لە هەنگاوی خێرای گۆڕینی هەموو شارەكان بەرەو شاری زیرەك، چونكە بەكردەیی هەموو ژیان پەیوەست دەبێت بە پێشكەوتنە تەكنۆلۆجییەكان و ناكرێت لێی دابڕێت، وەك چۆن لە سەدەكانی پێشوو بۆ هاتوچۆ ئاژەڵ بەكار ئەهێنراو لە ئێستادا ئەستەمە، بەهەمان شێوە ئەستەمە لەداهاتوودا ئامێرو كەرەستەكانی ئێستا بەكاربهێنرێت، هەروەهاش لە بواری شێوەو پێكهاتەی هەموو شار. 
بۆ یەكەم جار دەستەواژەی شاری زیرەك  لە ساڵی 1994 لە ئەوروپا بەكارهات و پاشان بە جیهاندا بڵاوبووەو شارە زیرەكەكان لە ئەوروپاو ئاسیاو ئەمریكاو ئوسترالیا پەیدا بوون.
پێناسەی شاری زیرەك زۆر هەڵدەگرێ و بەهۆی زۆری ئەو دامەزراوانەی كاری تیا دەكەن لە سەرچاوەیەك بۆ سەرچاوەیەكی تر پێناسەكە دەگۆڕێت، بۆنمونە یەكێتی ئەوروپا وا پێناسەی دەكات كە (ئەو شارەیە كە باشترین لێهاتوویی لە بوارەاكانی بەكارهێنانی تەكنۆلۆجیای پەیوەندی و زانیاری پێشكەش دەكات بۆ دۆزینەوەی چارەسەری تەواو و سەستەینەبڵ لە بوارەكانی گواستنەوەو وزەو ژینگە هەروا جۆری ژیان و  كێبڕكێی بەشداری)، بەڵام پەیمانگای بریتانی بۆ پێوانەكان وا پێناسەی دەكات كە ((ئەو شارانەن كە تەواوكاری نێوان سیستمی مادی و ڕەقەمی و مرۆیی لە ژینگەی بنیاتنراودا دابین دەكات بۆ دەستەبەر كردنی دواڕۆژی گەش و (سەستەینەبڵ)ی تەواو و گشتگیر بۆ دانیشتوان)). 
لە كتێبەكەی دكتۆر (عوسمان محەمەد غەنیم) كە ناوی شارە زیرەكەكانە  بیست و دوو پێناسەی لێكۆڵەرو ناوەند جیاجیاكانی داناوە بۆ شاری زیرەك كە هەر خۆی ئاماژە دەدات دەكرێت پێناسەی زیاتر بكرێت بۆ ئەو شارانە. ئەو بابەتە زۆر هەڵئەگرێ و ڕەنگە بە دەیان كتێب مافی خۆی نەدرێتێ. 
كەواتە دەكرێت شارە زیرەكەكان وا پێناسە بكرێ كە ئەو شارانەن سیستمی پێشكەوتوی لە هەموو بوارەكانی پەیوەست بە ژیانی مرۆڤ هەیەو پشتبەستووە بە ژێرخانی پتەوی پەیوەندی، وا داڕێژراوە تەكنۆلۆجیای زانیاری و پەیوەندی رۆڵی سەرەكی تێدا دەبینن كە ئەركی كاركردن لە سەر سێ ئاكتی سەرەكی (تەكنۆلۆجی، كۆمەڵایەتی، ژینگەیی) دەبینێ‌. بەشێوەیەكی تر دەتوانرێت بوترێت ئەو كۆمەڵگاو ئاوەدانییانەن كە سێ بەش یا بناغەی سەرەكی هەیە بناغەیەكی تەكنیكی و مەعریفی و زانیاری و بناغەیەكی كۆمەڵایەتی و بناغەیەكی ژینگەیی، تیایدا جوڵەی هاوڵاتی و هەموو پێكهاتەو بەش و لق و دامەزراوەكانی  حكومەت و كۆمپانیاكان كارلێك و پەیوەندی راستەخۆیان  لەڕێگەی ئینتەرنێت و لەڕێگەی سێنسەرو ئامێرە  هەستیارەكان  و جی پی ئێس  دەبێت و هەموو پێكهاتە و جولەكانی تاك  دەكاتە پێكهاتەی رەقەمی و شیكاری و چارەسەری فەرمانەكان دەكات و بە ئەنجامی دەگەیەنێت. هەموو پێكهاتەكانی شار دەبنە یەكەیەكی بەستراو بەیەكەوەو لەرێگەی نێتۆركەوە یەكتری تەواو دەكەن، هاوڵاتی لەرێگەی مۆبایلەكەیەوە ئەتوانێت پەیوەندی بەردوامی بە دەزگاكانی حكومیەوە هەبێت بۆ راییكردنی كارەكانی و راپەراندنی ئەركەكان و پەیوەندی لەگەڵ دەوروبەردا هەبێت بۆ هەر پرسێك  سەرەڕای پەیوەندی هەموو دەزگا حكومییەكان بە یەكەوەو بە هاوڵاتییەوە، ئەم پێناسەیە بۆ شاری زیرەك بەردەوام لە گۆڕاندایە بەهۆی بەردەوامی بەرەوپێشچونی خێراو بەردەوامی پێشكەوتنی تەكنۆلۆجیاو نەوەستانی لە خاڵێك بەتایبەت لەم دواییەدا كە ژیری دەستكرد رۆژانە شتی نوێ دێنێتە كایەوە. كەواتە هەر پێناسەیەك بۆ شاری زیرەك و دواڕۆژی شار بەگشتی ناكرێت جێگیر بێت و هەر لێكۆڵەرێك هەڵە دەكات ئەگەر پێناسەی جێگیر بدات لەو بوارە، هەروەهاش بۆ هەموو خاڵەكانی خەسڵەت و شێوەو پێكهاتەو سیمای گشتی شار كە لە خوارەوە دیاری دەكرێت بە جێگیری نامێنێت و بەردەوام لە گۆڕاندایە، لەوەتەی پەیدابونیانەوە شارە زیرەكەكان بە چەند قۆناغێكدا تێپەڕین كە لە دوو ڕەوتی سەرەكی خۆی بینییەوە:
ڕەوتی یەكەم 
لەم ڕەوتە شار پشت دەبەستێت بە هۆكارەكانی ئاسانكاری دیجتاڵی لەڕێگەی تەكنۆجیای زانیاری و پەیوەندی information and communication technologies ICT بۆ چاككردن و ڕاپەڕاندنی  ئەركەكانی شارو باشتربوونی  خزمەتگوزاییەكانی شارو جۆری  گواستنەوەو كاریگەربوون و جیگیربوونی لە خزمەتی هاوڵاتی. ئەمەش بەمەبەستی باشتركردنی جۆری ژیانیان.
رەوتی دووەم:
خۆی لە پەرەپێدانی زیرەك ( النمو الژكی ) دەبینێتەوە. Smart Growth Principles كە هەوڵدەدات كۆنترۆڵی بەرەوپێشچون و گەورەبونی شار بكات بە رێگەی زیرەك. لە رێگەی كۆمەڵێك پرەنسیپ بۆ بەكارهێنانی زەوی و پەرەپێدانی بە باشترین شێوەو پارێزگاریكردن لە ژینگەی سروشتی و پاشەكەوتی تێچوو بە درێژا. لێرەوە پرەنسیپەكانی بەكارهێنانی زیرەك جەخت لە پەرەپێدانی (ژینگەیی، ئابوری و بەرپرسیارێتی پتەوكردنی پەیوەندی كۆمەڵایەتی) دەكاتەوە.
ئامانجەكانی شاری زیرەك:
ئامانجەكانی شاری زیرەك زۆرن گرنگترینیان ئاسانكاری پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان و دابینكردنی ماف و ئازادییەكان بەشێوەی گونجاو و زیادكردنی توانای پێشكەشكردنی خزمەتی زیاتر.
1-    گەیشتن بە باشترین جۆری ژینگەو پاشان ژیانی گونجاو بۆ دانیشتوان.
2- پەرەپێدانی بواری ئابوری و ئاسانكاری لە سەركەوتنی تاك لەو بوارەو پەرەپێدان و برەودان بە پرۆژەی وەبەرهێنان و هاندانی زیاتری بەرهەمهێنان.
2-    پەرەپێدان و گەیشتن بە كۆمەڵگەی دوورمەودا (المستدام) بەهەموو تایبەتمەندییەكانی شاری دوورمەودا (sustainable city) لەبواری ئابوری و ژینگەو كۆمەڵایەتی. 
4- سودوەرگرتن لەبواری پێشكەوتنە تەكنۆلۆجییەكانی زانیاری و گەیاندن بۆ پێشخستنی هەموو بوارەكانی ژیانی تاك و پیشەسازی و زانست بەگشتی . 
5- فەراهەمكردنی پەیوەندی توندوتۆڵی كۆمەڵایەتی لەنێو دانیشتوان.
6- كەمكردنەوەی بەكارهێنانی وزە پیسەكان و پاشان كەمكردنەوەی دەردانی گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن.
7- گەیشتن بەشارێكی دیزاینكراوی بێكەموكوڕی و پڕخزمەتگوزاری كە هەموو بستێكی زەوی بەشێوەی گونجاو بەكاهێنرابێت و هاوڵاتی هیچ ئاستەنگی لەشوێنی ژیان و شوێنی كارو هاتوچۆ نەمێنێت هەروەها هەموو پێویستییەكانی ئیداری و مامەڵەی دەزگاكان و خزمەتگوزارییەكان  بە ئاسانترین شێوە دابین بێت.
8- گەیشتن بە بەرزترین ئاستی ئاسایش بۆ دانیشتوان لەرێگەی خیرایی گەیاندنی داتا لە بارەی هەموو جۆرە مەترسییەكان وەك مەترسی لە پێكهاتەی بیناكەو دەوروبەری و مەترسی دزی و رووداوی تیرۆر.
9- پارێزگاری لە سامانی سروشتی ژێر زەوی و سەر زەوی و سەرچاوە سروشتییەكانی وزە. 

خەسڵەتەكانی شاری زیرەك:
هەموو خەسڵەت و ئاكارەكانی شاری زیرەك پەیوەستە بە بیرۆكەو بیردۆزەكانی پەرەپێدانی شارستانی دوور مەودا (المستدام )و بەردەوام sustainable city وەك گواستنەوەو ئابوری و سامانی سروشتی و جۆری ژیان و پەیوەندی نێوانیان:...
یەكەم - ئابوری زیرەك: smart economy
ئابورییەكی هاندەرە بۆ داهێنان و پێشكەوتنی بەرهەمی باش و پێشبڕكێی پەرەپێدانی باشترین رێچكەكان بە بەكارهێنانی تازەترین و پێشكەوتوترین ئامێرو بەرنامەی تەكنۆلۆجی.
دووەم- ژینگەی زیرەك: smart environment 
ئەو ژینگە سروشتی و شارستانییەیە كە گوزارشت لە  ژینگەی مادی شار دەكات و لەرێگەیەوە هەموو چالاكییەكان ئەنجام ئەدات.
سێیەم- حكومەتی زیرەكی ئەلكترۆنی: smart electronic gov.
پێشخستنی كاری حكومەت لەرێگەی بەكارهێنانی ئامرازی ئەلكترۆنی لە رێگەی:
أ‌-    زانیاری: فەراهه‌مكردنی زانیاری تەواو لەبارەی ژمارەو جۆری هەموو چالاكی و زانیارییەكانی  پەیوەست بەدانیشتووان.
ب- پەیوەندی: توانای گۆڕینەوەی زانیاری و پەیوەستبوون بە یەكتری لەنێوان دانیشتوان خۆی و حكومەت و دانیشتوان.
ج- مامەڵەی ئەلكترۆنی: لەرێگەی ئەنجامدانی مامەڵەكان بەرێگە ئەلكترۆنییەكان.
چوارەم- مرۆڤی زیرەك یا هاوڵاتی زیرەك: smart people 
هاوڵاتی كاراكتەرو مەبەستی سەرەكیەو رۆڵی یەكلاكەرەوەی هەیە لە شاردا وە سەرچاوەی سەرەكی داتاكانن و بەرپرسن لە گەیاندنی شار بە شاری زیرەك و داهێنانەكانی تەكنۆلۆجیا لە چارەسەری كێشەكان بۆ بەكارهێنانی بە باشترین شێوەی حكومەت و ئامێرەكان و كارتەكان و هەروەها بازرگانی و هەموو چالاكییەكان. لە لایەكی تر ڕاهێنانی تاك بۆ بەكارهێنان و وەرگرتنی تەكنۆنۆجیای زیرەك لە لایەن حكومەتەوە. 

پێنجەم- ژیانی زیرەك: smart life 
ئەنجامدانی خزمەتگوزاری گشتی و پەیوەندی و هەموو چالاكیەكانی پەیوەست بە دانیشتوان بە رێكاری زیرەك لەبوارەكانی خوارەوە:
1-    تۆڕی دابەشكردنی ئاو: smart water network
بەكارهێنانی ئاو بەشێوەی  تەندروست و دوبارە پاككردنەوەو چارەسەركردنی و ریسایكلكردنی لە رێگەی چاودێری زیرەكەوە. چاودێری كۆگاكانی ئاو و ئاستی ئاو لە ناویداو ئاشكراكردنی لێچوون و جۆر و پاكی ئاوەكە بە بەستنی سینسەر sensor بۆ هەر مەبەستیك لەوانە، هەروەها لەرێگەی شیكردنەوەی داتاكان زانینی ئاوی پێویست بۆ دانیشتوانی ناوچەكەو هێندی ئاوی خەرجكراو، هەروەها چاككردنەوەی كەموكوڕییەكان بەشێوەی ئالی.
2-    تۆڕی دابەشكردنی وزە یا كارەبا: energy or electricity distribution  
بە هەمان شێوە تۆڕی كارەباو ئامیرە ئەلكترۆنییە هەستیارەكان، سینسەرەكان دەوری كاریگەریان هەیە لەبەكارهێنانی زیرەك وەك رووناكییەكان و ئامیرە كارەبایەكان لە شوێنە گشتییەكان و چاودێری هێڵەكانی گواستنەوەی كارەباو پچڕان و تێكچوونەكان و چاككردنەوەیان و شیكرنەوەی داتاكانی هێندی پێویست بۆ دانیشتوان و بەكاربەران لە ناوچەی مەبەست. ئەمەش وا دەكات بە كارهێنان بۆ كەمترین ئاست دابەزێت لەكاتێكدا لە شارە زیرەكەكان زیاتر وزەی نوێبووەوە بە كاردەهێنرێت وەك وزەی خۆرو ئاو و با..
 3- تۆڕی پاشەڕۆی زیرەك: ( smart waste network )
لەگەڵ گەورەبونی شارو زیادبوونی دانیشتوان تێكڕای پاشەڕۆو خاشاكەكان لە زیابوندایە ئەمەش كاركردن لەسەر چارەسەركردنی ئالۆز ئەكات بۆیە پێویستی بە ئیدارەیەكی زیرەك هەبوو بۆ دوو تەوەری گرنگ یەكەم بۆ كەمكردنەوەی و دووەم بۆ سودوەرگرتن لێی وەك وزەیەك یا وەك داهات. ئەوەش لەرێگەی جۆری كۆكردنەوەی و جیاكردنەوەی و شێوەی گواستنەوەو پاشان ریسایكلكردنی. ئەمەش لەرێگەی ئامێرە هەستیارەكان و سینسەرەكان بۆ پەیوەندییەكان وەك هەبوونی پەیوەندی نیوان حاوییەكانی خاشاك و ناوەندەكەیان زانینی كامیان پڕبووە بۆ ئەوەی كۆكەرەوەكە یەك ئاست بڕوات بۆ ئەو شوێنە نەك گەڕانی هەموو حاویەكان كە لێرەدا (كات، تێچوو، پیسبوونی ژینگە بەهۆی ئۆتۆمبیلی حاویە، هێزی بەكارهاتوو) كەمئەبێتەوە، هەروەها جیاكردنەوەی هونەریی هەموو پێكهاتەكان بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین سود. 

شەشەم- جوڵەی زیرەك: intelligent movement
كە خزمەتگوزاری گواستنەوەو پەیوەندی دەگرێتەوە لەگەڵ كەمبونەوەی پیسبونی ژینگە لە رێگەی كەمكردنەوەی وزەی بەكارهاتوو لە دروستكردن:
أ‌-    گواستنەوەی زیرەك: بەكارهێنانی ئامێرەكانی ئاماژە بەخش و سێنسەرەكان و كۆمپیوتەرو ئامێرەكانی پەیوەندی پێشكەوتوو بۆ بواری گواستنەوە لە میترۆ و شەمەندەفەرو ئۆتۆمبیلەكان بەشێوەیەك كە پەیوەندی راستەخۆ لە نێوان هەمواندا هەبێت و ئاماژە بە یەكتری بدەن لە بەكارهێنانی رێگەكان و وێستگەكان و گۆڕینەوەی زانیاری لەبارەی قەرەباڵغی لە شەقامەكان و ژمارەی  بەكاربەر لە شوێنەكانی وەك وێستگەكان و پێشبینیكردنی كات و ژمارەی بەكاربەر لە هەر شەقامێك  و كاتی قەرەباڵغی لەهەر شوێنێك بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاری گواستنەوە لە كات و شوێنی گونجاو، ئەوەش بە ئیدارەدانی ستراتیجی گونجاو و ئامێری گونجاو بۆ گەیشتن بە باشترین خزمەتگوزاری و سەلامەتی گشتی و پاشان دەستەبەركردنی كەمكردنەوەی تێچوی گشتی و ژینگەی پاك و سەلامەتی و گلدانەوەی كات.
ب‌-    وێستگەی چاوەڕوانی زیرەكی گشتی: دامەزراندنی وێستگەی چاوەڕوانی كە داتاكانی بدات بە ئیدارەو هۆیەكانی گواستنەوە لەبارەی رێژەی قەرەباڵغی لەوێستگەكە بۆ كارئاسانی ئیدارەو زوو دابینكردنی ماشێنی گواستنەوەو كەمكردنەوەی چاوەڕوانی. 
ج- گەراجی زیرەك: دابینكردنی گەراجی زیرەكی ماشێن و بایسكل بۆ هاندانی بەكارهێنانی، لە رێگەی دیزاینی شارستانی  شار بە رەچاوكردنی (ئاسانی گەیشتن، نزیكی، زۆری ناوچەی سەوزایی و كاتبەسەربردن) وێستگەكان داتای بەردەوام  دەبەخشن لەبارەی جێگەی بۆش و بەردەوام نوێكردنەوەی زانیارییەكانی و دیاریكردنی نزیكترین وێستگە، لەگەڵ دیاریكردنی شوێنی بۆش بۆ كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت. 
بە گشتی  لایەنی ئەرێنی گواستنەوەی زیرەك خۆی لە خاڵەكانی خوارەوە دەبینێتەوە:
1- بەرزكردنەوەی ئاستی سەلامەتی هاتوچۆو كەمكردنەوی ژمارەو توندی روداوەكان و تێچووەكەی و كەمكردنەوەی ژمارەی گیان لە دەستدان.
3-    دابەزاندنی رێژەی وزەی بەكارهاتوو و سنوردانان بۆ پیسبوونی ژینگە.
3- باشكردنی ئاستی بەكارهێنانی رێگەوبان و گونجاندنی لەگەڵ گۆڕانكارییە خێراكان لە سیستمی هاتوچۆ.
4-    گلدانەوە لە تێچوی وەبەرهێنان لە بواری رێگەوبان و گەورەكردنی. 
5-    زیادكردنی خێرایی  و كەمكردنەوەی وەستانەكان و پاشان پاشەكەوتی كات.
6-    زیادكردنی خێرایی لە ئەنجامدانی كارو ئەركی گشتی لە هەموو بوارەكاندا.
7- زیادكرنی گونجاوی جۆری ماشێنیەكان بۆ بەخشینی هەرچی زیاتری ئارامی و ئیسراحەت و متمانەو ئاسایش بۆ سەرنشین و كەمردنەوەی كاتی سەفەرەكە.
8- كەمكردنەوەی رێژەی بەكارهێنانی ماشێنە تایبەتەكان بە بەكارهێنانی هۆیەكانی گواستنەوەی گشتی و پەرەپێدانی و گەورەكردنەوەی، لەوێشەوە كەمكردنەوەی دەردانی گازە پیسەكان  لە ئاگزۆزی ئۆتۆمبیل لە كاتی قەرەباڵغی. 
9- كەمكردنەوەی پیسبوونی دەنگ و ژاوەژاو . 
10- رێكخستن و تەواوكاری و هەماهەنگی لە پێویستییەكانی  وەبەرهێنانی تۆڕەكان و ئیدارەدانی سیستمەكە. 
11- پەرەپێدانی بواری ئابوری گشتی. 

ئەدگارو شێوەی شاری زیرەك:
شاری زیرەك هەوڵدەدات بەهەموو شێوەیەك لە شاری سوننەتی نەچێت و بەدەر بێت لە كەموكوڕی هەروا شێوەی گشتی و خزمەتگوزاری و هەبوونی ژێرخانی تەواوی تەكنۆلۆجی وتۆڕی پەیوەندی زیرك: 
 
1-    بۆ ئەوەی خزمەگوزارییە تەكنۆلۆجییەكان مەبەست بپێكێت پێویستە لە هەموو بوارەكان شار دیزاینكراو بێت چونكە هەموو بستێكی شارەكەو خزمەتگوزارییەكانی بەداتاو رەقەم و ژمارەو جی پی ئێس پێكەوە بەستراوە.
2-    هێڵی ڕاست، گۆشە، كەوانە لە هەر شوێنێكی شۆستەو شەقام و گۆڕەپانی شارو شوێنی سەوزایی و وێستگەكانی چاوەڕوانی و گەراجی ئۆتۆمبیل و بایسكل و دەزگا حكومییەكان ئاشكراو زانراو بێت، هەروەها ڕاستە شەقام و شوێن و رێڕەوی بەكارهێانی بایسكل و پیادە پێویستە لەبواری دیزایندا داڕێژراو بێت بەشێوەیەك كە تێگەیشتنی خێراو ئاسان بێت بۆ هاوڵاتی و میوانەكان و هەموویان دەبەسترێتەوە بە داتای گشتی ئیدارەو پاشان بە كارهێنانی داتاكان و گەیاندنی بە هەمووان. 
3-    بیناو خانووە زیرەكەكان پێكهاتەی سەرەكی شارن كە هەموو باڵەخانەیەك یەكەیەكی سەربەستی زیرەكە بە خۆی جگە لە پەیوەندییە تەكنیكییەكانی بە شوێنە پێویستەكان وەك ئیدارەی شارەكە بە گشتی و هەموو دامەزراوە خزمەتگوزارییەكان كە بۆ ژیانی رۆژانە پێویستە بۆ گەیاندن و گۆڕینەوەی زانیاری نێوان ئیدارەی شارو باڵەخانە یا خانووەكەو دیاریكردنی كەموكوڕی و پێویستی بیناكە و گەیاندنی پەیامەكانی ئیدارەی شار بە بیناكە.
4-    دابینكردنی زانیاری هەموو پنت و بستێكی شەقام و شوێنێكی شارو بەستنەوەی بە جی پی ئێس بۆ زانیاری گشتی  و بەستنەوەی بە هۆیەكانی گواستنەوەو ئۆتۆمبیلەكان . 
5-    بەكارهێنانی داتای گشتی و جی پی ئێس لە كاتی بەكارهێنانی هۆیەكانی گواستنەوەو ئۆتۆمبیلی تایبەت .
6-    بەكارهێنانی داتای گشتی بۆ رێگری لە رووداوی نەخوازراو وەك دزی و تیرۆرو رووداوی هاتوچۆ.
7- نەهێشتن یا كەمكردنەوەی رۆتین لە دەزگاكان و مامەڵەی هاوڵاتی و ئاسانی و رێكی جێبەجێكردنی. 
7-    هەبوونی سەنتەری لێكۆڵینەوە بۆ زانیارییەكان و شیكردنەوەیان و چارەسەركردنی پێویستی و كەموكوڕی شارو رووداوەكان و كارەساتە سروشتییەكان وەك لافاو و رەشەباو زەمینلەرزەو ژینگەی شار لە پیسبوونی هەواو زەوی و ئاو و سامانی سروشتی ژێرزەوی و سەر زەوی و ئاوی ژێر زەوی و چۆنییەتی بەكارهێنانی سودوەرگرتن لە  رێژەی ئاوی باران.
8-    هەبوونی ئامێری زیرەكی هەستیارو سینسەرەكان لە شوێنی پێویست وەك ئامێری هەستیاری بۆ ئاگركەوتنەوەو رووداو و ئاگاداركردنەوەی گشت لە قەرەباڵغی و  چاكسازی شەقامەكان و .....هتد

داهاتووی نزیك: 
وەك  لە سەرەتاوە ئاماژەمان پێدا، بەهۆی پێشكەوتنە خیراكانی هەموو كایەكانی زانست لەناویاندا تەكنۆلۆجیای زانیاری و ئامێرە دیجیتالییەكان پێشبینیكردنی دوارۆژی شارەكان زۆر ئەستەمە، هەموو لێكۆلینەوەكان هیچ بژارەدەیەكیان نییە جگە لە بەكارهێنانی بێئەندازەو بێ ئامانی تەكنۆلۆجیا لە هەموو رەهەندەكانی ئیدارەی شاردا بۆ دوارۆژی شارەكان. 
ئەگەر تێبینی وێنەو دیمەنی شارەكانی كۆتایی سەدەی نۆزدەو سەرەتای سەدەی بیست بكەین لە ناڕێكی و دواكەوتویی و بێ خزمەتگوزاری و بەراوردی بكەین لەگەڵ شارەكانی ئێسادا جیاوازی زۆر دەبینین.. ئەم جیاوازییە بۆ چەند دەیەی داهاتوو زۆر گەورەتر ئەبێت بەشێوەیەك كە هیچ خەسڵەتێكی شارەكانی ئەم سەردەمەی تیا نامێنێت و زۆر بەرەو پێشەوە ئەڕوات، لەبواری داڕشتندا پلاندانانی شار هەنگاوی گەورە ئەنێت، جادە و بانەكان و باڵەخانەكان و پێكهاتەكانی شارو شوێنی نیشتەجێبوون رێكی و جوانی و وەبەرهێنانی بۆشاییەكان بازدانی گەورەی دەبێت و جۆری دابەشكردنی زۆنەكان بەدیزاینی نوێ و رەنگە وا داڕێژرێت كە ئەو شوێنانەی  هاوڵاتی رۆژانە پێویستی ئەبێت نزیك بن و دابەشكردنەكانی زۆنەكان بەشێوەیەك بێت كە ماشێنی گواستنەوەی پێویست نەبێت و رێخوشكرێت بۆ پیادەڕۆیی و بایسكلەكان، هۆیەكانی گواستنەوەو پەیوەندییەكان ئامێری زۆر پێشكەوتوو ئەبن، لەبواری تەكنۆلۆجیادا رێژەی زۆری ئۆتۆمبیل و ماشێنەكانی تر بێ شوڤێر ئەبێت و هەموو داتاكانی تیا تۆماركراو ئەبێت و سەرنشین بە یەك كلیكی سەر شاشەیەك بۆ شوێنی مەبەست  كوێی بوێت دیاری دەكات و ئەیگەێنێت، تۆتۆمبیلە زیرەكە فڕیوەكان ئاسمانی شار پڕدەكەن و هەموو میترۆ و شەمەندەفەرەكان زیرەك و خێرا دەبن، بەهۆی پەیدابوونی وزەی پاك و نەمانی وزەی سوننەتیی ژینگەی شار پاك ئەبێت، هەموو مامەڵەكانی هاوڵاتی لە دەزگای حكومی سەردانی پزیشك و بازاڕكردن و.... هتد لەڕێی مۆبایل و كۆمپیوتەرەكەیەوە ئەبێت و باشترین خزمەتی بۆ فەراهەم ئەبێت.
وا دیارە هەر ئێستا ئاماژەكانی ئەم جۆرە شارە دەستی پێكردووەو رۆژانە گۆڕانكای گەورەی  بۆ پێشەوەو پۆزەتیڤانە  روودەدات. بەڵام لایەنی نێگەتیفی ژیان بەردەوامدەبێت وەك كەمبونەوەی جوڵەو زۆربوونی نەخۆشی و بێكاری و ونبوونی خودو هەستی نامۆیی زیاتر ئەبێت كە دەكرێت ئەمانەش كاری لە سەر بكرێت و كەمبكرێتەوە.. بە دڵنیایی ئەم پێشكەوتنانە لە شوێنێك بۆ شوێنێكی تر جیاوازی دەبێت و ناوچە پڕقەیران و كێشەكانی دنیا كەمتر لە وڵاتانی پێشكەوتو سودمەند ئەبێت.
هەموو پێشبینییەكان بۆ ئەوەیە كە گۆی زەوی بە گشتی لە چەند ساڵی داهاتوو پێشكەوتنی گەورە دەبینیێت و سیستمەكان بەردەوام لە گۆڕاندان بەرەو باشتر وەك سیستمی (5 جی) كە ئێستا لە زۆر شوێن كەوتۆتە كارو گۆڕانكاری گەورەی دروست كردووە، مرۆڤ بەگشتی لە هەموو بوارەكانی ژیان  رۆڵی كەمتر ئەبێت، ئەم پێشكەوتنانە بەدڵنیایی ئیدرەدانی شارەكانیش دەگرێتەوە، وەك چاوەڕوان دەكرێت رۆبۆتەكان لەرێگەی ژیری دەستكردەوە زۆربەی ئەركەكان بگرنە دەست، هەموو بوارەكانی ئیدارەی شارەكان بە سیستمێكی هەمە لایەنی پەیوەندی راستەوخۆو توندوتۆڵ دەبەن بەڕێوە، ژیری دەستكردیش خاوەنی دوو تایبەتمەندی نامرۆیی تایبەت بە خۆیەتی كە ئەوانیش توانای پەیوەندی كردن و خۆ نوێكردنەوەن، بۆیە دەكرێت پشتی پێ ببەسترێت، مێژووی مرۆڤایەتی ئەوەمان پێ دەڵێت ئەگەر لە سەرەتاوە هەر پێشوەچونێكی زانست رێگری یا ناحەزو دوژمنی هەبووبێت  بەهۆی لە دەستدانی كار یا پەسەندنەبوونی لە لایەن رێسای ئاینەكان لە كۆتاییدا هەر خۆی سەپاندووەو بەردەوام بووەو لە بەرژەوەندی مرۆڤ و كەمكركردنەوەی (ماندوویی، مەترسی ئاسایش، نەخۆشی، زووپیربوون) بووەو بە قازانجی مرۆڤ شكاوەتەوە، بەپێی ئامارەكان تێكڕای تەمەنی مرۆڤ لەسەر ئاستی جیهان لە چلەكانی سەدەی رابردوو 45 ساڵ بووە كەچی لەم ساڵانەی دوایی تێكڕای تەمەن گەیشتۆتە حەفتا ساڵ، ئەمە بەهۆی پێشكەوتنی بواری پزیشكیی و كەمبونەوەی جۆرو مەترسی نەخۆشییەكانە. لەبواری رەهەندێكی گرنگی شار ئەویش هاتوچۆیە پێشكەوتنەكان ئەنجامی نزیك لەوە دەدەن بەدەستەوە ڕۆبۆتەكان و زیرەكی دەستكرد رۆڵی گرنگیان لە جوڵەدا ئەبێت كە بواری هەڵەو بەكارهێنانی ناڕێك و ڕۆڵی میزاجی كەسی نامێنێت ئەمەش كاریگەری گەورەی دەبێت لە كەمكردنەوەی رووداو و پاشان مردن.. بۆنمونە زۆرێك لە شوفێرەكان ئاگاداری یاساكانی هاتوچۆ نین و زۆرینەیان هەڵە دەكەن، كاتێك دوو بارهەڵگر یا تۆتۆمبیل لە هەمانكاتدا دەگەنە دووڕیانێك، ئەوا رەنگە لە هەڵسەنگاندنی مەبەستی یەكتردا توشی هەڵە ببن و بە یەكدا بكێشن بەڵام ئۆتۆمبیلی سەربەخۆی بێ شوفێری داهاتوو دەتوانن پێكەوە لە پەیوەندیدا بن كە دەگەنە رێگەیەكی یەكتر بڕی هاوبەش وە لە راستیدا دوو یەكەی لێكجیا نین بەڵكو بەشێكن لە سیستمێكی هاوبەش، بەم پێیە ئەگەری هەڵسەنگاندنی هەڵەو پێكدادان زۆر كەم دەبێتەوە، ئەگەر لایەنی پەیوەندیدار بڕیار بدات ماددەیەك لە یاساكاندا بگۆڕێت ئەوكات هەموو ئامێرە گوێزەرەوە سەربەخۆكان لە یەك كاتدا نوێ دەبنەوەو پێكەوە وەریدەگرن و پێڕەوی دەكەن، بەو پێیە رێژەی رووداو و پاشانیش رێژەی مردن دەچێتە كەمترین ئاست، لەئێستادا ساڵانە 1.25 ملیۆن كەس بەهۆی رووداوەكانی هاتوچۆوە گیان لە دەستدەدن كە زیاد لە 95%ی ئەم رووداوانە بەهۆی هەڵە مرۆییەكانەوە روودەدەن، یەكێك لەكاتی سەرخۆشیدا شوفێری دەكات، یەكێك لە كاتی شوفێریدا مۆبایل بەكارئەهێنێت، یەكێكی دی خەو ئەیباتەوە، یەكێك خەیاڵ ئەیباتەوە.... تا دوایی، بەڕێوەبەرێتی هاتوچۆی شارێگەكانی ئەمریكا ئەڵێت لە ساڵی 2013 هۆكاری 31%ی رووداوی هاتوچۆی كوشندە بۆ خوادنەوەی مادەی هۆشبەرو 30% بۆ خێرایی نایاسایی و 21%ی بۆ نەبوونی تەركیز لە كاتی شوفێریدا روویانداوە، بارهەڵگرو ئۆتۆمبیلە خۆئاژۆكان بەهیچ شێوەیەك ئەو هەڵانە ناكەن، بەڵام ئەوانیش كێشەی خۆیان هەیە كە وا دەكات پێش بە هەندێ رووداوو نەگیرێت، لەگەڵ ئەمانەشدا چاوەڕوان دەكرێت رێژەی مردن و زیانەكان بەڕێژەی 90% كەمبكاتەوە، بە واتایەكی دیكە بەهۆی سودوەرگرتن لە ئامێرە گوێزەرەوە سەربەخۆكان بە نزیكەی ساڵانە ژیانی یەك ملیۆن كەس ڕزگار دەكرێت. 
ئەم روونكردنەوەیە لە بواری پپێشكەوتنی ئۆتۆمبیل دەكرێت وەك نمونەیەك لێی تێ بگەین بۆ سەرجەم پێشكەوتنی هەموو بوارەكانی ئیدارەی شار وەك كەمكردنەوەی قوربانی لە بەكارهێنانی ئاو و كارەباو پێشكەوتنی بواری تەندروستی بەگشتی و چارەسەری هەموو نەخۆشییەكان و دوورخستنەوەی پیربوون، هەروەها سودوەرگرتن بۆ بواری تەلارسازی و  بیناسازی لە شارو جۆری مەوادی بیناو ئامێر لە خانوو و باڵەخانەكان و چۆنیەتی دیزانكردنی شۆستەو شەقام و جێبەجێكردنی پرۆژەكان، بە هەمان شێوە لەبواری پەروەردەو بەرزكردنەوەی ئاستی فێربوون و زیادكردنی بەروبوومی پیشەسازی و كشتوكاڵ و بازرگانی و باشكردنی جۆرو بڕی بەرهەم و بڕی تێچوو بەگشتی لە هەموو بوارەكاندا. 

سةرضاوة:

  1. التنمية المستديمة ..د .عثمان محمد غنيم ود ماجدة ابوزنط الطبعة الثانية 2014 دار صفاء للنشر .
  2. المدن الذكية المستدامة ..أ د. نادية خليفة الزاوي وأ د.فاطمة نصر الاهدب بحث مقدم الى المؤتمر الهندسي في جامعة الزاوية  ليبيا .
  3. مجلة العلوم والتقنية العدد 111  السنة 28 المدن والمباني الذكية أ . عبدااله محمد عقيل
  4. المدن الذكية . أ.د. عثمان محمد غنيم ..دارالحامد للنشر والتوزيع. الاردن 2019
  5. بيست طؤرِانكاريية طةورةكةي جيهان تا سالَي 2050 وةرطيَرشاني مةستي محةمةد و تارا عةبدوللا. دةزطاي ئايديا 2023 .
  6. 21 وانة بؤ سةدةي 21 . يوظال نوح هةراري . و, ئاري رةشيد دةزطاي رؤشنبيري جةمال عيرفان 2020 .

Smart cities hand book :Juan Carlos Augusto Department of Computer Science Middlesex University London, Uk .2021

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand