Draw Media

پشووی غەدیر.. پێشنیارێكی جێگە مشتومڕ

پشووی غەدیر.. پێشنیارێكی جێگە مشتومڕ

2024-04-29 12:00:04


د. یاسین تەها

ڕۆژی 19ی ئەم مانگە (نیسانی 2024) موقتەدا سەدر لە یەپامێكدا كە بەناوی "خودای محەمەدو عەلی" دەستیپێكردووە، پشتئەستور بەوە ناوی ناوە "زۆرینەی نیشتمانی میانڕەو"، داوا دەكات بە یاسایەك، 18ی هەموو مانگێكی حاجیان (ذي الحجة)، بكرێتە پشووی فەرمی، ئەمەش هاوتای "ڕۆژی غەدیرە".

موقتەدا سەدر لە داواكەیدا هانی باڵە سیاسییەكەی دەدات (ڕەوتی نیشتمانی شیعی) كە هەموو رێگایەكی ئاشتیانەوە یاسایی بگرنەبەر بۆ تێپەڕاندنی پشووی "غەدیر" لە پەرلەمان، بە دوای ئەوەشدا "موحسین مەندەلاوی" سەرۆكی ئێستای "ئەنجومەنی نوێنەران"، پرۆژە یاسایەكی لەوبارەیەوە لە پەرلەمانتارێكی نزیك لە سەدرییەكانەوە وەرگرت و خستییە ڕێكاری یاسایی، ئەمەش بووەتە هەوێنی مشتومڕێكی قووڵ لەنێو چالاكانی هەردوو پێكهاتەی شیعەو سوننە لە عێراق پاش ساڵانێك لە ئۆقرەیی و ئاشتەوایی كۆمەڵگایی.

سەرچاوە متمانەدارەكانی هەردوو ئایینزای شیعەو سوننە لەوەدا كۆكن؛ پاش حەجی ماڵئاوایی (١٠ك/٦٣٢ز)، پەیامهێن لە ناوچەیەك كە پێی دەوترێت "غەدیری خوم"، وتاری داوە بۆ حاجیان و جەختی لەوەكردووەتەوە: ئەو مەولای هەركەس بێت ئەوە عەلیش بە هەمانشێوە (من كنت مولاه فعلي مولاه)، بەڵام لەبارەی ماناو ڕاڤەی ئەم فەرموودەیە ناكۆكی و ناجۆری و دژیەكی زۆریشیان هەیە.

سەرچاوە و گێڕانەوە شیعییەكان ئەم پێشهاتەی "غەدیر"و فەرموودەكە بە بناغەو سەرچاوەی تیۆریای "ویلایەت" دادەنێن كە تێیدا "عەلی كوڕی ئەبو تالیب"ی ئامۆزاو زاواو كەسی نزیكی پێغەمبەر كرابێتە دەمڕاست و پێشەواو جێگرەوە لە پاش ئەو، بەڵام دواتر "غەدری لێكراوە". بەلای سوننەكانیشەوە فەرمووەدەكە جگە لە سەلماندنی خۆشەویستی "عەلی" هیچ ئاماژەیەكی لەوچەشنەی تێدا نییە شیعە دەیڵێن و جێنیشینی (خیلافەت) بەجێهیڵراوە بۆ شورا، ئەوەشی لە "سەقیفەی بەنی ساعیدە" ڕوویدا لە پاش ئۆغری پەیامهێن لە دانانی ئەبوبەكر بە جێنشین، هیچ خەوشوخاڵێكی تێدا نییەو ئەوە هەق و ڕاستییە شەرعییەكەشە.

بەپێچەوانەی گێڕانەوە شیعییەكان لە بیروباوەڕی باوی سوننەدا "باشترین كەس لە پاش پەیامهێن ئەبوبەكر پاشان عومەرە"، بەڵام لە بەراورد لەنێوان "عوسمان و عەلی" دەرفەت و بوارێكی بچوكی تێدایە جێگۆڕكێیان پێ بكرێت ئەویش لە فەزڵ و چاكەدا نەك ڕیزبەندی خیلافەت، ئەمەش كۆڕای قوتابخانە سوننەكانی لەسەرەو بەلای ئەوانە هیچ كات "عەلی" لەپێشر نییە لە ئەبوبەكر (الصدیق)و عومەر (الفاروق)، ئەمەش خاڵی بەریەككەوتنە لەگەڵ "غەدیر".

هەندێك لێكدانەوە هەنگاوەكەی سەدر دەخنە چوارچێوەی "مزایدة"كردن بەسەر ڕكابەرە شیعەكانی لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر پابەندی بە سروت و پرسە شیعییەكان، هەندێكی تر دەیگێڕنەوە بۆ كاریگەریی دوورەپەرێزی و دابڕان و نەخوێندنەوەی لێكەوتەی پێداگرییەكە لەسەر بە پشووكردنی غەدیر، لەبەرامبەریشدا هیچ لە شیعە ڕكابەرەكانی تائێستا بە "بەڵێ" یان "نەخێر" لەسەر ئاستی فەرمی و ئاشكرا وەڵامیان نەداوەتەوە، بەڵام باوەڕێك هەیە تێپەڕاندنی یاسای "بەرەنگاربوونەوەی لەشفرۆشی و لادانە سێكسییەكان" لەلایەن چوارچێوەی شیعییەوە وەڵامی "مزایدة"ی سەدر بێت، ئەوەش هەیە ئەم یاسایەی تر لەبارەی لەشفرۆشی كۆدەنگی ئیسلامی و كۆمەڵگایی زیاتری لەسەرە.

كێشەی بەجەژن و بە پشووكردنی "غەدیر" تەنیا لەوە نییە بۆنەیەكی جێگە مشتومڕو ناكۆكییە لەنێوان دوو پێكهاتە مەزهەبییە سەرەكییەكەی عێراق بەڵكو دوو ئاڵۆزی گەورەی تێدایە:

- بە فەرمیكردنی شرۆڤەی شیعی بۆ "غەدیر" لەسەر ئاستی دەوڵەت، دژی چیرۆك و ڕیوایەتی سوننەكانە بۆ عەقیدەو مێژووی پاش سەردەمی پەیامهێن.

- لێشاوێك فەتوای موعتەبەری سەرچاوە دێرین و نوێیەكانی شیعە بەردەستن لەسەر ئەوەی هەركەس بڕوای بە ویلایەتی عەلی نەبێت كە سەرچاوەكەی "غەدیر"ه‌، ئەوە لەبەرەی بێبڕوایانەو یان لانیكەم باوەڕەكەی مۆڵەقەو بەر سۆزو بەخشینی خودا ناكەوێت، بەم پێیەش ئەگەر سوننەكان بە "غەدیر" ڕازیبن بە جۆرێك لە جۆرەكان دەشێت وەها لێكبدرێتەوە كە دەچنە ژێرباری تەكفیركردنی خۆیان!

لەم كێشمەكێشە كراوە ئاڵۆزەدا چارەسەرێكی سێیەم هەیە كە "غەدیر" لە پارێزگا شیعەكان بكرێتە ئاهەنگ و پشوو لە ڕێگای ئەنجومەن خۆجێییەكانەوە، بەبێ ئەوەی لەسەر ئاستی دەوڵەت بگشتێنرێت، بەڵام هەندێك لە شیعەكانی تر دەڵێن: چما ئێمە بۆ "نەورۆز"و سەری ساڵی زاینی و بۆنە ئیسلامییەكانی تر پشوومان قبوڵە بەڵام كە نۆرە هاتوەتە سەر بۆنەكەی ئێمە لە زۆر لاوە ڤیتۆ بەرزكراوەتەوە!

مشتومڕی غەدیر كە ئێستا ناوەندی میدیایی و سیاسی عێراقی پێوە سەرقاڵە، یەكێكە لە دەرهاویشتەو قەیرانەكانی نەبوونی دیدگا بۆ بەرێوەبردنی وڵاتی فرەچەشن و فرەپێكهاتە، چونكە ئەگەر ئەمە تێپەڕێت چەندین بۆنەو ڕۆژی تری پڕ ئیشكال هەیە دەشێت ببنە هۆكاری پێكدادان و بەریەككەوتن لەنێوان پێكهاتە جیاوازەكان، ئەمەش پێویستی بە عەقڵ و سەلیقە و بەرنامەی جیاكردنەوەی سایدەكانە بەجۆرێك هەر پێكهاتەو بازنەیەكی كلتوری و ڕۆشنبیری لە عێراقدا مافی پابەندییان بە باوەڕو سروتی خۆیانەوە هەبێت لە فەزای تایبەتدا، بەبێ ئەوەی هەوڵبدەن بیگشتێنن بەسەر هەموویداو بیكەنە پشوویەكی فەرمی و گشتی بە تۆپزی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand