ئایا دادگا دەتوانێت بڕیارى خۆى راست بکاتەوە ؟
2024-04-29 10:47:59
د. عهبدولقادر ساڵح
* کاتێک دادگایەکى دیاریکراو بڕیارێک لە دۆسیەیەک دەدات ئەوا لەگەڵ دەرکردنى بڕیارەکەى ولایەتى بەسەر بڕیارەکەدا نامێنێ و ناتوانێت گۆڕانکارى تیا بکات.
* ئەگەرهاتوو هەڵەیەکى ماددى پەتى (خطأ مادی بحت) لە نوسین یان ژمیریارى رویدابوو، ئەوا دادگا دەتوانێت لەسەر بنەماى داواکارى هەردوو لایەنى داواکە یان لایەکیان، هەڵەکە راست بکاتەوە ئەویش بەو مەرجە لایەنەکانى داواکە بانگهێشت بکاتەوە بۆ گوێگرتن لە وتەکانیان لەوبارەیەوە دواتر بڕیارى راستکردنەوە بدات، ئەمەش بە رەچاوکردن رێکارەکانى هاتوو لە ماددەى (167)ی یاساى دادبینى شارستانى .
* بەگوێرەى مادەى (45) لە پەیرەوى دادگاى باڵا فیدراڵى ژمارە (1)ى ساڵى 2022، دادگاکە دەتوانیت دەست هەڵبگرێت لە بنەمایەکى (مبدأ) پێشترى کە بریارى لێداوە لە یەکێک لە بڕیارەکانیدا، بەو مەرجە کاریگەرى نەکاتە سەر سەقامگیرى پێگە یاساییەکان و مافە بەدەستهاتووەكان. بەو مانایەى ئەم دەستلێهەڵگرتنە لە خودى ئەو بریارەدا نییە کە دەرچووە، بەڵکو لە بڕیارێکى دیکەدایە.
* بڕیارەکانى دادگاى باڵاى فیدراڵى کۆتایى و پابەندکارن (بات و ملزم)و رێگەپێدراو نییە بەرێگەى راستکردنەوەى بریارى پێداچوونەوە (تصحیح القرار التمییزى) تانەیان لێ بدرێت.
* دادگا بێ هەبوونی پاڵپشتی یاسایی ناتوانێت دەستبەرێت بۆ رێکارێک یا راستکردنەوەیەک لە بڕیارەکانی یان هەر کارێکی دیکە.