Draw Media

بیرخەرەوەیەک بۆ رایەدارانی پارتی دیموکراتی کوردستان

بیرخەرەوەیەک بۆ رایەدارانی پارتی دیموکراتی کوردستان

2024-04-24 10:33:34


د. ئارام ره‌فعه‌ت

لە رێگەی ئەم پەیامەوە دەمەوێت ئەوەتان بیر بخەمەوە کە، رەجەب تەیب ئەردۆغان رۆڵی سەرەکی هەبوو لە لەباربردنی ریفراندۆمی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧و لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردستان و راگرتنی هەناردەی نەوت و بەشێکی زۆری دەسکەوتە ئابوری و سیاسی و سەروەرییەکانی هەرێم.

فەرموون ئەوە مێژوو:

* ١٥ی ئەیلولی ٢٠١٧

ئەردۆغان پەیامێکی هەڕەشەئامێزی بۆ بارزانی ناردو داوای پاشگەزبوونەوەی ریفراندۆمی لێکرد. داوای کرد ئەنجوومەنی ئاسایشی تورکەکان لە ٢٢ی ئەیلول لەمەڕ ئەو پرسە کۆبێتەوە.

* ٢٢ی ئەیلولی ٢٠١٧

ئەردۆغان سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی وڵاتەکەی کرد.ئەردۆغان رایگەیاند:

- ریفراندۆم هەنگاوێکی ناشەرعییە

- مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی تورکەکان

- ئەمە دوا ئینزارە بۆ بارزانی

- هەڕەشەی بەکارهێنانی هەموو رێوشوێنێکی دیبلۆماسی و ئابوری و سەربازی کرد ئەگەر ریفراندۆم ئەنجام بدرێت.

* ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ (رۆژی ریفراندۆم)

- ئەردۆغان هێزێکی سەربازی عێراقییەکانی هێنایە باکوری کوردستان، بۆ لێدان لەپشتەوە لە هەرێم.

- هەر ئەو هێزەی عێراقییەکان لەگەڵ سوپای تورکەکاندا مانۆرێکی هاوبەشییان لەسەر سنور کرد.

- عەلی یڵدریمی سەرۆک وەزیران هەڕەشەی گرتنەبەری رێکارە سەربازی و دیبلۆماسی و ئابوری و سیاسی دژی هەرێم کرد.

* ٢٦ی ئەیلولی ٢٠١٧

لەم رۆژەداو بەر لە بەغدا و تاران، ئەردۆغان:

- ریفراندۆمی بە خیانەت و مەسعود بارزانی بە خیانەتکار وەسف کرد.

- هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی سەربازی کرد.

- هەڕەشەی راگرتنی هەناردەی نەوتی کرد

- هەڕەشەی گەمارۆی ئابوری و کوشتن لە برسان لە خەڵکی هەرێم کرد.

جگە لەوە:

- بەهاندانی ئەردۆغان، حەیدەر عەبادی داوای تەسلیمکردنی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کرد.

- عەبادی هەڕەشەی کرد ئەگەر فڕۆکەخانەکان تەسلیم نەکەن گەمارۆی ئاسمانی دەخەنە سەر هەرێم.

* ٢٧ی ئەیلولی ٢٠١٧

- ئەردۆغان هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد کە پەیوەندییەکانی لەگەڵدا دەپچڕێنێت ئەگەر پشتیوانی ریفراندۆم بکات.

- هەڕەشەی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کرد.

* ٢٨ی ئەیلولی ٢٠١٧

- ئەردۆغان بۆ دژایەتی ریفراندۆم دیداری لەگەڵ پۆتیندا کردو لە کۆشکەکەی خۆی پێشوازی لێکرد.

- هەڕەشەی گرتنەوەی بۆری نەوتی هەرێمی کرد.

- تەوهینی بە بارزانی کردو پێی گوت تۆ سەرۆکی عەشیرەتی نەک سەرۆکی دەوڵەت.

* ٣٠ی ئەیلول

- ئەردۆغان هەڕەشەی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کرد.

- هەڕەشەی مردن لە برسانی لە هەرێم کرد.

- هێزەکانی داگیرکەری عێراقی هێنایە سەر سنوری باشور لە ناو خاکی تورکیاوە.

- مانۆڕی سەربازی هاوبەشی لەگەڵ سوپای داگیرکەری عێراقیدا کرد.

- بەهاندانی تورکەکان، وەزیری بەرگری عێراقییەکان گوتی بڕیارمان داوە سنورەکانی هەرێم کۆنترۆڵ بکەین.

* ١ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧

لەمەڕ ریفراندۆم ئەردۆگان کۆبوونەوەی بە پەرلەمانتارەکانی کردو پێی راگەیاندن:

- هەوڵی دروستکردنی بەرەیەک دژی ریفراندۆم دەدات.

- بۆ ئەو مەبەستە ٤ی ئۆکتۆبەر دەچێتە تاران.

* ٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧

- ئەردۆغان وەزیری بەرگرییەکەی، خولوسی ئاکار، دەنێرێتە ئێران و بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی هاوبەش دژی هەرێم.

- وەک ئاماژەیه‌ک بۆ سوربوونی ئەردۆغان لەسەر لێدانی ریفراندۆم و هەرێم، خولوسی یەکەم وەزیری بەرگری تورکیایە کە دوای روخانی شا سەردانی ئێران بکات.

* ٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧

- وەزیری دەرەوەی تورکەکان داوای لە عێراق کرد بەهاوکاری تورکەکان سەرجەم سنورەکانی هەرێم کۆنترۆڵ بکەن.

- ئەردۆغان هەڕەشەی کرد کە گەمارۆی زیاترو توندتر دەخەنە سەر هەرێم.

* ٤ی ئۆکتۆبەر ٢٠١٧

بۆ دروستکردنی بەرەیەک دژی ریفراندۆم ئەردۆغان سەردانی ئێرانی کرد:

- چاوی بە رۆحانی و خامنەئی کەوت.

- ئەردۆغان داوای کاری هاوبەشی دژی ریفراندۆم لە ئێرانییەکان کرد.

- ئەردۆغان داوای مانۆڕی سەربازی و گەمارۆی ئابوری هاوبەشی دژی هەرێم لە ئێرانییەکان کرد.

- ئەردۆغان پێشنیاری پلانی هاوبەشی لەگەڵ عێراقییەکان و ئێرانییەکان بۆ راگردتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم کرد.

- لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکانی ئەردۆغان و ئێرانییەکاندا:

- رۆحانی نەرمی نواندو رایگەیاند دژی ریفراندۆمین بەڵام کوردەکان ئازار نادەین.

- خامنەئی هەمان هەڵوێستی دوژمنکارانەی ئەردۆغانی هەبوو.

* ٥ی ئۆکتۆبەر ٢٠١٧

- ئەردۆغان گوتی تەنها رێگەیەک لەبەردەمماندا بێت رێگرییە لەو کارە، واتە ریفراندۆم، ئەگینا سەر دەگرێت.

* ٧ی ئۆکتۆبەر ٢٠١٧

- ئەردۆغان دژی ریفراندۆم پەیوەندی بە ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا دەکات.

* ١١ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧

- باخچەلی هاوپەیمانی ئەردۆغان رایگەیان ٥٠٠٠ گورگە بۆرە ئامادەن بچنە کەرکوک.

- هەواڵەکان رایانگەیاند کە تورکەکان هەزاران پارچە چەکییان بۆ تورکمانەکانی کەرکوک ناردووە.

* ١٦ی ئۆکتۆبەر

- تورکیا رایگەیاند کە هاوکاری عێراق بووە لە ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی کەرکوکدا.

* ١٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧،

- ئەردۆغان هەڕەشەی لە عێراق کرد ئەگەر هاوکاری هەرێم بن، سنوری نێوان هەرێم و تورکیا دادەخەن.

- ئەردۆغان رایگەیاند کە چاوشئۆغلۆ دەنێرێتە بەغدا تا عەبادی بانگهێشت بکات بۆ بەغدا بۆ دانانی رێوشوێنی داهاتوو دژی هەرێم.

* ١٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧

- ئەردۆغان هەڕەشەی لە بارزانی کرد کە:

- لەبەردەم مێژوودا بەرپرسی.

- هیچ مافێکت بە کەرکوکەوە نییە.

- چیتر مامەڵە لەگەڵ هەرێمدا ناکەم و راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ بەغدا دەکەم.

هەڕەشەی داخستنی سنوری کرد.

* ٢٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧

ئەردۆغان عەبادی سەرۆک وەزیرانی شیعەکانی بانگهێشتی ئەنقەرە کرد. لەم دیدارەدا:

ئەردۆغان دژایەتی خۆی بۆ سەربەخۆیی باشور دووپاتکردەوە.

بەرنامەی کاری داهاتوویان بۆ ئیحتیواکردنی زیاتری هەرێم داڕشت.

* بەکورتی

ئەوەی بەسەر هەرێم هات ئەنجامی ئەم کەمپینە فراوانەی ئەردۆغان بوو دژی ریفراندۆم و هەرێم، لەوانەش:

- هەڵپەساردن و ئیلغاکردنی ریفراندۆم و ئەنجامەکانی.

- لەدەست دانی نیوەی خاکی کوردستان.

- راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم.

- رادەستکردنەوەی زۆرێک لەدەسەڵاتەکان بە بەغدا.

- لاوازکردنی هەرێم و پێگە ئابوری و سیاسییەکەی بەهۆی بڕینی موچەوە.

* رایەدارانی پارتی

لەکاتێکدا لەم سەردانەیدا بۆ بەغدا، ئەردۆغان دەیان رێککەوتتنامەو چەندین پرۆتۆکۆڵی لەگەڵ بەغدادا واژۆ کرد، هیچ رێککەوتتنامەو پرۆتۆکۆڵیکی لەگەڵ هەرێمدا واژۆ نەکردووە. ئەمەش رەنگدانەوەی بڕیارەی لە ١٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ی ئەردۆغانە کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدا.

لەبری رێککەوتن و پرۆتۆکۆڵ، ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە ئەردۆغان لە سەردانی هەولێریدا فشاری خستبێتە سەر ئێوە بۆ ملدان بە رێککەوتتنامە ئەمنی و ئابورییەکانی ئەنقەرەو بەغداو هاریکاریکاریکردنی لە هێرشی چاوەڕوانکراوی بۆ سەر باشوری کوردستان و پلانەکانی بەرامبەر شەنگال.

بەشێکی زۆری رێککەوتننامەی ٢٢ی نیسانی نێوان ئەنقەرەو بەغدا لە درێژماوەدا دژی ئاسایشی نەتەوەیی کوردن. لەوانەش ئەوەی کە ناونراوە هێڵی گەشە، کە دوو ئامانجی مەترسیداری لە پشتەوەیە:

یەکەمیان، خنکاندنی هەرێم لەرێگای دروستکردنی ئالتەرناتیڤێک بۆ دەروازەی برایم خەلیل و دووەمیش کە زۆر مەترسیدارترە، دابڕینی رۆژاڤاو باشورە.

بەو ئومێدەی کە بۆ ملدان و نەدان بە خواستی تورکەکان لەو پلانە جەهەننەمییەی بۆ دوارۆژی باشوری هەیە، ئەو جەردەی لە مەڕ هەڵوێستەکانی ئەردۆغان بەرامبەر ریفراندۆم لەسەرەوە ئاماژەم پێداوە بخەنە بەرچاو.

جەردەیەک تەنها بەشێکە لە خەرواری هەڵوێستی تورکەکان لەمەڕ ریفراندۆم و لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردستان و وەستاندنی هەناردەی نەوت و زۆرێک لە دەسەڵاتەکانی تری هەرێم.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand