دیواری سیاسەت و دیواری دین

Draw Media

2024-04-21 20:14:09



مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)

 

لە کۆتاییەکانی چارەکی یەکەمی سەدەی بیست و یەکەمدا، کۆمەڵگای ئێمە، بە کۆمەڵێک دیواری قەبە و ئەستور گرێدراوە، کە ھەرە بەھێزەکانیان دوو دیوارن: دیواری سیاسیەت و دیواری دین. ئەم دوو دیوارە فشار و گەمارۆیەکی قورس و ھەمەلایەنیان خستۆتە سەر کۆمەڵگاکە و دەرگاکانی گۆڕانکاریی و تازەبوونەیان بەڕووی کۆمەڵگاکەدا داخستوە. بۆشیانبکرێت ناھێڵن ھیچ گۆڕانکاریی و تازەبوونەوەیەکی مانادار و پێویست، لەناویدا دروستببێت، گەر مۆڵەت لەو چاوساغە سیاسیی و دینییانە وەرنەگرن. ئەو چاوساغانەی کە کایەی سیاسەت و کایەی دینیان کۆنترۆڵ  و دیسپلین، کردوە.  

دیوارە دینییەکە، کە بەرەو ئەوە دەچێت ببێت بە دیوارێکی تەواو سەلەفیی، خەریکی ئەوەیە کۆی مۆڵەت و رەوایەتی ھەر ھەوڵێک بۆ گۆڕانکاریی و تازەبوونەوە بباتەوە ناو ئەمر و نەھییەکانی دین، بە تایبەتی ناو ئەو کەلەپورە دینییە سەلەفییە کە لە سی ساڵی ڕابردوودا بۆ سەر زمانی کوردیی وەرگێڕدراوە و بڵاوکراوەتەوە و چەندان دەزگاش بۆ پەرەپێدانی چالاکانە کاردەکەن. کە لەپورێک  کۆمەڵێک بکەری دینیی بەڕێوەیدەبەن، کە زۆرجار خۆیشیان، ناکۆک و دژبەیەک و توڕە و جنێوفرۆشن.

ھەرچی دیوارە سیاسییەکەیە، لە راستیدا ئەمەیان دیوار نییە و شورایە. شورایەکی گەورەیە هەموو کۆمەڵگاکەی، بە دینیی و نادینیی و خوێندەوار و نەخوێندەوارەوە، گەمارۆداوە و دەستی لەناو ورد و درشتی ژیانی رۆژانەی ملیۆنەھا مرۆڤدایە. ئەم دیوارە سیاسیەش لەسەر کۆمەڵێک خێزان و بنەماڵەی سیاسیی تاپۆکراوە و ویستی ئەوان بەرز و نزمی دەکاتەوە.  کۆمەڵێک خێزان و بنەماڵەی سیاسیی کە کاری ھەرەسەرەکیی و بنەرەتییان، سەرقاڵبوون و کارکردنە بۆ بەئەبەدیکردنی تاپۆکردنی ئەم دیوارە لەدەستی خۆیاندا.

ھەردوو دیوارەکە لە هەوڵێکی رۆژانەدان بۆ دەسکاریکردنی زمان و زەوق و خواست و بیرکردنەوە و هەلّوێستی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگاکە. دەیانەوێت دەستنیشانی ئەوەبکەن ئەم کۆمەڵگایە چۆن بیربکاتەوە و چۆن بجوڵێت و چۆن بدوێت و لەناو کام سیستمی حەڵاڵ و حەرامی دینیی و کام سیستمی سیاسەتی ھەقیقەتدا، بژیی و بمرێت.

ھەردوو دیوارەکە پێگەی خۆیان  لەسەر جۆری تایبەت لە موقەدەسبوون بونیادناوە، ئەمیان موقەدەسێکی دینیی کە بەناوی نوێنەرایەتی خوداوە قسەدەکات.  ئەویتریان موقەدەسێکی سیاسیی کە  بەناوی نوێنەرایەتی گەل و نەتەوە و نیشتیمانەوە، دەدوێت و خۆی نمایشدەکات. ئەوەی لە ھەردووکیاندا غائیبە ئەو عەقڵیەتەیە کە لەو دیو موقەدەسەوە دەدوێت و پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت داخۆ دەتوانێت بەناوی خودا یان نەتەوە و نیشتیمانەوە، چ خزمەت و دەستکەوتێکی مێژوویی گرنگ بۆ کۆمەڵگاکە دەستەبەربکەن . واتە مامەڵەکردنی خودا و نیشتیمان وەک دوو ھێز بۆ ئازادیی و ماف و بەختەوەریی زیاتر، نەک بۆ دروستکردنی دیوار لەبەردەم ھەریەکێک لەو شتانەدا.

ئەو وێنەیەی ئەم بکەرە دینیانە لەسەر دین ھەیانە، وێنەی دینە لە دونیایەکی کۆن و تێپەریودا. وێنەیەکە ئیبن حەنبەل و ئیبن تەیمیە و ئیبن جەوزی و شافیعی و بوخاری و ئەوانیتری وەک ئەوان، کێشاویانە. کە بەسەریەکەوە لە دونیای ئەمرۆدا وەک زینداندێک کاردەکەن. زیندانێک کە بکەرە دینییەکان ھەم خۆیان و ھەمو ئەو کەسانەی قسەیان بۆدەکەن، تیایدا بەنددەکەن. تێگەیشتنی زیندانیانە بۆ دین، تێگەیشتنێک کە ئازادیی و ئیرادە و بیرکردنەوە لە مرۆڤ دەسێنێتەوە، تێگەیشتنی بەر لەدایکبوونی دونیای مۆدێرنە.

ئەو وێنەیەش کە بکەرە سیاسییەکان بۆ سیاسەت و لە ڕێگای سیاسەتەوە بۆ مرۆڤ و کۆمەڵگای دروستدەکەن، بە ھەمانشێوە، وێنەیەکە سەر بە دونیای بەر لە دونیای ئەمڕۆ. بکەرە سیاسییەکان، بە تایبەتی بکەرە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان، سیاسەت وەک چالاکی بەرگریکردن لە خۆیان وەک دەسەڵاتدارێکی ئەبەدیی و مامەڵەکردنی کۆمەڵگاش وەک رەعیەتێکی بێئیرادە و بێڕا، دەبینن و مامەڵەدەکەن.

ھەم دیدگا دینییەکە و ھەم دیدگا سیاسییەکە دوو دیدگای بەر لە مۆدێرنەن، بەڵام کێشە سەرەکییەکە لەوەدایە ھەر دوو دیدگاکە لەناو کۆمەڵگایەکی ھاوچەرخ و لەناو سەرجەمی رەگەزە سەرەکییەکانی مۆدێرنە خۆیدا، ئامادەن. ئیتر ھەر لە بوونی حیزبی سیاسیی و دەزگای پۆلیس و ئاسایش و سوپا و میدیا و ئابورییەکی مۆدێرنەوە بیگرە، بۆ ئامادەگیی میکرۆفۆن و کامیێرای تۆمارکردن و تۆری گەورەی ناو دونیای دیگیتالی، کە بەسەر یەکەوە دەتوانن دەنگ و رەنگ و سەدای ھەر مرۆڤێک بە ھەموو دونیادا بڵاوبکەنەوە. ئەمە جگە لە بوونی زیاد لە کەرت و بەشێکی کۆمەڵایەتیی ناو کۆمەڵگاکە کە نە ئەو تێگەیشتنەی بۆ دین و نە ئەو وێناکردنەی بۆ سیاسەت قبووڵە.

بەڵام ئەم دۆخە چۆن چارەسەر دەکرێت؟ چۆن دەکرێت ئینتیما بۆ سەردەمەکە و بۆ ئەو زەمەنە جیهانییەی مرۆڤایەتی تیایدا سەرقاڵی داهێنان و تازەکردنەوە  و گەشەدانە بە ژیان، بەرجەستەبکرێت؟ بەر لە ھەمووشتێک ئەم جۆرە ئینتیمایە پێویستی بە کرانەوەیەکی تەواو هەیە بەسەر کۆی ئەو پێشکەوتن و داهێنان و تازەکردنەوانەدا کە بوون بە بەشێک لە مێژووی مرۆڤایەتی وەک گشتێک لە دونیای ئەمڕۆدا، ئەو پێشکەوتن و داهێنان و تازەکردنەوانەی ژیانی مرۆڤیان لەسەر ئەم هەسارەیە باشتر و ئاسانتر و ئینسانیتر و پێشکەوتوتر، کردوە و دەکەن.

بە بۆچونی من ھەنگاوی ھەرەسەرەکیی و ھەرەبنەرەتیی لە ھەر گۆڕانکارییەکی بەسەمەردا، بە ڕوخاندنی دیوارە سیاسییەکە، دەستپێدەکات. واتە بە دروستکردن و جێگیرکردنی مۆدێلێک لە حوکمڕانیی دەستپێدەکات کە سەر بەم سەردەمە بێت. مرۆڤەکان وەک ھاوڵاتی خاوەن ماف و خاوەن ڕێز کۆمەڵگاکەش وەک دەرەنجامی گرێبەستێکی ئازادی مرۆڤەکان، ببینێت و مامەڵەبکات.  یەکێک لە کێشە گەورەکانی دونیای ئێمە لەوەدایە کە بەبێ بوونی دەوڵەت، یان حوکمڕانییەکی مۆدێرن، ناتوانین بیر لە بوونی کۆمەڵگایەکی مۆدێرن بکەینەوە. هاوکێشەکە هەر لە بنەرەتەوە بەم جۆرەیە: ”دەوڵەت و حوکمرانییەکی مۆدێرن کۆمەڵگایەکی مۆدێرن دروستدەکەن“، یان ”دەوڵەت و حوکمڕانییەکی تەقلیدیی و گەندەڵ و نابەرپرس، ڕێ لە هەر تازەبوونەوە و گۆڕانکاییەکی سودبەخش  دەگرن“. لەم خاڵەدا من هیگڵییەکی تەواوم کە پێموایە ھێز و توانای دەوڵەت دەکەوێتە پێش ھێز و توانای کۆمەڵگاوە.

لە ئاستە کردەییەکەیدا بۆئەوەی کۆمەڵگایەکی تازە و پێگەیشتوت هەبێت پێویستە دەزگای تازە و پێگەیشتوت هەبێت. هەموو تازەبوونەوەیەک بەبێ ئامرازیی تازەبوونەوەی گونجاو، نە ڕووئەدات و نە جێبەجێدەبێت. ئامرازی تازەبوونەوەش لە دونیای ئەمڕۆدا دەزگایە، دەزگای مۆدێرن و چالاک و یاسایی کە سێ بەها هەرە گرنگ و سەرەکییەکەی ناو دونیای مۆدێرن ئاراستەی بکات، واتە بەھاکانی ئازادیی و دادپەروەریی و پێشکەوتن.
لای ئێمە یەکێک لە کارە هەرەسەرەکیی و بنەرتییەکانی دەسەڵاتی سیاسیی و دەسەڵاتی دینیی، بووە بە ڕێگریکردن و پەکخستنی دروستبوونی دەزگا لەسەر بنەمای بەھاکانی ئازادیی و دادپەروەریی و پێشکەوتن. واتە بووە بە رێگرتن لە گۆڕینی مرۆڤی ئێمە لە ڕەعیەت و دیندارێکی ترساو و تۆقێنراوەوە، بۆ ھاوڵاتییەکی ئازادیی خاوەن ماف و خاوەن ئیرادە و خاوەن خەونی گۆڕانکاریی. بەشی ھەرەزۆری دەزگاکانی دونیای ئێمە گۆڕاون بۆ دەزگای ئازاردان و شکاندن و ترسناندنی مرۆڤ و سنووردارکردنی ماف و خەون و چاوەڕوانییەکانی.

بێگومان بەرامبەر بەم دوو دیوارە گەورەیە، دیواری سیاسەت و دیواری دین، بەرگرییەکی رۆژانەیش لای زیاد لە بەشێکی کۆمەڵگاکە لە ئاردایە، بەرگرییەک وایکردوە چەندان کەرتی کۆمەڵایەتیی نە تەسلیمی هێزە دینییەکان و نە تەسلیمی هێزە سیاسییەکان، ببن. مێژووی ڕاستەقینەی کۆمەڵگای ئێمەش، مێژوویەکە ئەو بەشانەی کۆمەڵگاکە دروستیدەکەن کە تەسلیمی ئەم دوو دیوارە نابن و لەناو ئەو تاریکییە گەورەیەدا ھەندێک ئاسۆی دوور دەبینن و دروستدەکەن

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand