لەکام کۆمەڵگادا ئەژین؟

Draw Media

2024-04-14 20:27:44



مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)


دوابەش

لە بەشی یەکەمی ئەم نووسینەدا بەرگریم لەو دیدە کرد کە کۆمەڵگای ئێمە  وەک کۆمەڵگایەکی مۆدێرن دەبینێت، بکەرەکانی ناوی لە سەدەی بیستەم و بیست و یەکەمدا نەبێت، لە ھیچ سەردەمێکی دیکەدا توانای دروستبوون و ھاتنەکایەیان لەناو ئەو کۆمەڵگایەدا نەدەبوو. لەوەش دوام کە ئەو چوارچێوە تیورییەی بۆ خوێندنەوەی ئەم جۆرە کۆمەڵگایانە پێوسیتە بەکاربھێنرێت، سەدبارەکردنەوەی تێزە خۆرھەڵاتناسییەکان نییە لەسەر نامۆدێرنبوون و خۆسەدبارەکردنەوەی ئەم کۆمەڵگایانە، بەڵکو ئەو چوارچێوە تیوریانەیە کە مەسەلەی کۆلۆنیالیزم، دەوڵەت نەتەوە، بزاوتی دژەکۆلۆنیالیزم و قۆناغی دوای کۆلۆنیالیزم و کێشەی بەکەمینەبوون و فۆرمی نوێی چەوساندنەوەی کۆمەڵایەتیی و ئەتنیی و کولتووریی، تێدایە.
یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی تری ئەو بەشەی نووسینەکە ئەوەبوو ئێمە کۆمەڵگایەکین نووقم لەناو دەزگا و بکەر و رەگەزە جیاوازەکانی دونیای مۆدێرندا، بەڵام بە بەبێ گۆڕانی مۆدێرنە خۆی بۆ پرۆژەیەکی مێژوویی؟ ئێمە بکەری مۆدێرنمان ھەیە. بەڵام مۆدێرنەمان وەک پرۆژە نییە. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم خاڵە پێویستە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە: ئایا مۆدێرنە وەک پرۆژە چییە؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێ لەسەر پێنج تەورەی سەرەکیی مۆدێرنە وەک پرۆژە دادەگرم.

یەکەم: بەخشینی رۆڵی سەرەکیی بە بیرکردنەوەی عەقڵانیی و گۆڕانی ئەم تەرزە لە بیرکردنەوە بۆ پرۆژەیەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و فەرھەنگیی. لەم ئاستەدا کۆمەڵگای ئێمە و کۆمەڵگاکانی وەک ئێمە، کێشە و تەحەدای گەورەیان لەبەردەمدایە، رووبەڕووی ڕێگری گەورەن بۆ سەروەرکردنی بیرکردنەوەی عەقڵانیی و پێویستیان بە سەرکەوتن بەسەر ئەو ڕێگرانەدا ھەیە. کە ئەمە دەڵێم، مەبەستم ئەوە نییە بڵێم بیرکردنەوەی عەقڵانیی لە کۆمەڵگاکەدا بوونی نییە و گەمژەیی و نەزانیی و جەھل شتەکان و ڕووداوەکان، ئاراستەدەکەن. بەڵکو دەمەوێت پێ لەسەر ئەو ڕاستییە دبگرم کە بەخشینی دەسەڵات بە عەقڵ رێگری گەورەی لەبەردەمدایە و ئەو رێگرانەش بەشێکن لەو تەحەدا مێژووییانەی ئەم کۆمەڵگایە و ھاوشێوەکانی پێویستیان بەسەرکەوتن بەسەریاندا ھەیە. ڕاستە عەقڵی تیوریی لە دونیای ئێمەدا عەقڵێکی لاوازە، غائیب نییە لاوازە، ڕاستە تیورە گەورەکانی ناو فیکری مۆدێرن لە سلێمانی و ھەولێر و دھۆک بەرھەمنەھاتوون، بەڵام عەقڵێکی ڕۆژانەیی کردەیی چالاک بوونی ھەبووە و کاریکردوە کە لە پشتی مانەوەی میلەتی ئێمەوەیە وەک میلەت لە ناوچەیەکدا تیایدا چەند میلەت و گروپی ئەتنی و دینیی جیاواز تواونەتەوە و لەناوچوون. ئەم مانەوەیە بەرھەمی کارکردنی عەقڵێکی رۆژانەیی و کردەیی چالاکە، کە نەیھێشتوە ئەوەی ھەیە و لەناو مێژوودا دروستکراوە، بفەوتێت و لەناوبچێت. ئیشی فیکر تەنھا بەرھەمھێنانی تیورەی گەورە نییە، بەڵکو تەرجەمەکردنی ئەو عەقڵیەتە کردەییە ڕۆژانەییەشە، بۆ سیاسەتی ماف و رێزگرتن و رێگرتن لە زەلیل و ئیھانەکردن،  کە بەسەریەکەوە رێگرن لەبەردەم شکاندنی کەرامەتی ئینسانی ئێمەدا. خەڵکانێکی زۆر لە کۆمەڵگای ئێمەدا دەژین بەبێ ھات و ھاوار و قیرەقیڕی ڕۆشنبیریانەی زۆرجار بەتاڵ و بەبێ ئەو نارسیزمە بیمارەیش کە وای لەبڕێک لە ڕۆشنبیران کردوە، خۆیان بە بلیمەت و کۆمەڵگاکەش، بە گەمژە و جاھیل و نەزان بزانن.


دووھەم: نەبوونی مۆدێرنە بە پرۆژە پەیوەندیی بەلاوازیی ئامادەگیی یەکێک لە بکەر و دەرەنجامە گرنگەکانی مۆدێرنە خۆیەوە ھەیە، مەبەستم ئامادەگیی لاوازیی تاکەکەسیی سەربەخۆ و مەدەنییە. لەمەشدا مەبەست ئەوە نییە کۆمەڵگاکە وەک حەشامەت و ھۆردو و گاگەل و قەرەباڵغییەکی بێفیکر و بێکار و بێبەرھەم و دابڕاو لە بەرپرسیاریەت ببینین، یان کورتی بکەینەوە بۆ خێزان و خێڵ و گروپی داخراو. بە پێچەوانەوە، ئەوەی لە واقیعدا دەیبینین و ڕووئەدات، لەدایکبوونی سەخت و پڕئازار و ئاڵۆزیی ئەو تاکەکەسەیە، بەشێکی ئەو کێشانەش کە کۆمەڵگاکە بەدەستییەوە گێردۆەیە کێشەی لەدایکبوونی قەیراناویی ئەم تاکەکەسەیە.

سێھەم: نەبوونی مۆدێرنە بە پرۆژە بە توندی پەیوەستە بە شێوازی حوکمڕانیی و جۆری دەوڵەتداریی و ئەو کۆنتراکتە کۆمەڵایەتییەوە کە مۆدێرنە دەگۆڕێت بۆ پرۆژەیەکی مێژوویی. لەم ئاستەدا کۆمەڵگای ئێمە لە دۆخێکی مێژوویی ھێجگار خراپ و نالەبار و تەنانەت ترسناکدایە. فۆرمی حوکمڕانیی و شێوازی دەوڵەتداریی لە رێگرە ھەرە گەورەکانن. بەڵام ئەو فۆرمی حوکمڕانیی و شێوازی دەوڵەتدارییەی کە ھەیە و کاردەکات، بەھیچ مانایەک سەر بە سەردە کۆنەکان و سەدەکانی بەر لە ھاتنەکایەی مۆدێرنە نییە، واتە سەر بە شێوازی سەدەی نۆزدەھەم و سەدەکانی بەر لە سەدەی نۆزدەھەم نییە، بەڵکو سەر بەو فۆرمانەیە لە حوکمڕانیی کە لە سەدەی بیستەمدا لەپاڵ دیاردەی کۆلۆنیالیزم و دوای کۆلۆنیالیزم و تەکنۆلۆژیا تازەکانی حوکمڕانییەوە لەدایکدەبن. ئیتر لە دروستبوونی پارتی سیاسییەوە بیگرە، بۆ تەکنۆلۆژیای پەیوەندیی و چاودێریکردن و ئاراستەکردن، تا بەو زمان و ریتۆریک و بەلاغە سیاسییە دەگات کە لەم سەدەیەدا لەدایکدەبێت. ئەوەی حوکمڕانە جۆرێکە لە سوڵتانیزمی نوێ و دەسەڵاتگەر، کە زۆرجیاوازە لە سوڵتانیزمی سونەتیی سەدەکانی بەر لە سەدەی بیستەم.  ئەم دۆخە تازەیە وادەکات ئەو وێناکردنە باڵادەستەی بۆ مرۆڤ ھەبێت، بۆ ئەو تاکەکەسەی کە لە دۆخی لەدایکبوون و ھاتنە ناو مێژووی ئێمەدایە، وێناکردنێکبێت لە دەرەوەی کۆنتراکتێکی کۆمەڵایەتیدا تیایدا مرۆڤ وەک ھاوڵاتیبوونی خاوەن ماف و خاوەن کەرامەت وێنابکرێت. لەم ئاستەدا مرۆڤ لە کۆمەڵگای ئێمەدا، بە پلەی یەکەم، وەک بوونەوەرێکی بەرخۆر، بەرخۆرێکی رەھا، مامەڵەدەکرێت. وەک بوونەوەرێک کە سەرەتا و کۆتایی شوناسیی خۆی لەناو بەرخۆریدا ببینێت. ئەمەش مانای مامەڵەکردنی مرۆڤەکانی ئەم کۆمەڵگایە وەک بوونەوەری ناسیاسیی کە ئەرکی سەرەکییان لە ئیتاعەتکردنی سیاسیی و دینیدا کورتببێتەوە. بۆ ئەم مەبستەش ھەم ئەو شێوازانە لە دینداریی بەھێزدەکرێن کە مرۆڤ لەسەر ئیتاعەتکردن و دوعاکردن و چاوەروانیکردنی رەحمی خودا ڕادەھێنن، ھەم ئەو مرۆڤە ناسیاسییەی کە مەسرەفکردن سەرەتا و کۆتایی ژیانیبێت.  

چوارھەم: نەبوونی مۆدێرنە بە پرۆژە پەیوەستە بە چۆنیەتی تێگەیشتن و مامەڵەکردنی ئازادییەوە، ئازادیی وەک ژێرخانی ژیانی کۆمەڵایەتیی و وەک مافێک کە نەکرێت پێشێلبکرێت. ئازادیی چ لە ئاستی تاکەکەسیدا و چ لە ئاستی ژیانی گشتیی و پێکەوەییدا. کە ئەمە دەڵێم، دەمەوێت ھاوکات ئەو بۆچوونە گەشەپێبدەم کە بڕی ئازادیی لەمرۆکەی کۆمەڵگای ئێمەدا لە ھەموو قۆناغەکانی پێشتری مێژووی ئەم کۆمەڵگایەدا فروانتر و ئامادەترە. ئەمەش وابەستەی گەشەی گەورەی دانیشتوان و دروستبوونی تاکەکەسی نەناسراو و گۆڕانی ھەندەسەی شارەکان و نەمانی گەڕەک و ژینگە تەقلیدییەکان و شوێنگرتنەوەیانە بە ژینگەیەکی نوێ کە تیایدا زۆرجار دراوسێ دراوسێ ناناسێت. ھەموو ئەمانە بڕ و ڕادەی ئەو کۆنترۆڵ و چاودێر و سانسۆرە کۆمەڵایەتیی و دینییانەی لە قۆناغەکانی پێشوتردا ھەبوون لاوازتر و پەراوێزیتر کردوە و فۆرمی جیاوازیی لە ئازادیی کۆمەڵایەتیی دەستەبەرکردوە، کە پێشتر بوونیان نەبووە. گەورەبوونی توانای پەیوەندیکردنیش ڕۆڵی لە گەورەکردنی بڕ و ڕادەی ئەم ئازادییە کۆمەڵایەتیدا ھێناوەتەکایەوە، بێگومان بە کۆمەڵێک ریسک و مەترسیی تازەشەوە. ئەوەی لەم ئاستەدا نووقسانە نەبوونی ئازادییە بە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ناو ھۆشیاریی کەسەکان، لاوازیی گواستنەوەی ئازادییە لە ئاستی پراکتیکەوە بۆ ئاستی ھۆشیاریی. ئەمە جگە لە لاوازیی بەرگیکردن لە ئازادیی لە ئاستیی دەزگاییدا.

بە بۆچوونی من دوو نوخبە دەورێکی وێرانکەر لە رێگرتن لە گۆڕانی مۆدێرنەدا بۆ پرۆژە دەبینن و ئەو دوو نوخبەیە بەرپرسی ژمارە یەکی رێگرتنن لەم گواستنەوەیە. یەکەمیان ئەو نوخبە سیاسییە کە دەسەڵاتی سیاسیان کورتکردۆتەوە بۆ دەسەڵاتێکی سوڵتانیی خێزانیی و لەوێشەوە بە شەخسیکردنێکیی ھەمەلایەنی ھەموو شتێک کە پێویستە گشتیی بێت. دووھەم نوخبەیەکی دینیی کە رێگرێکی گەورە و ترسناکن لە بەردەم ئازادبوون و سەربەخۆبوونی عەقڵ و بیرکردنەوەی ڕەخنەییدا. ئەم دوو نوخبەیە بە شێوەیەکی سیاستماتیکی و بە سەرمایەیەکی گەورە و ژێرخانێکی دەزگایی و سەربازییەوە، کاریان لەسەر سەرخستنی دوو پرۆژە کردوە، کە ناکۆکن بە مەسەلەی گۆڕانی مۆدێرنە بۆ پرۆژەیەکی مێژویی. یەکەمیان، پرۆژەی دروستکردنی بوونەوەرێکی ناعەقڵانی گوێڕایەڵ کە ھەمیشە پێویستی بە چاوساغێکی سیاسیی و دینیی ھەبێت. دووھەم، رێگریکردنێکی سیستماتیک لە دروستبوونی ھاوڵاتی ئازاد و سەربەخۆ و جێگرتنەوەیان بە ستراتیژیەتی بەڕەعیەتکردنی کۆمەڵگا.

دواھەمین خاڵێک بکرێت لێرەدا ھێمایەکی خێرای پێبکەم ڕوانینێکی رەخنەییە لەسەر جۆری ئەو حیکایەتانەی لەمڕۆدا لەسەر خۆمان و کۆمەڵگاکەی، دەڵێین. بە بۆچونی من ئەوەی بەشێکی بەرچاوی نوخبە قسەکەرەکانی کۆمەڵگای ئێمە دەیڵێن و دەیگێڕنەوە، کۆمەڵێک حیکایەتی نێگەتیڤە کە باس لەوەدەکەن  ئێمە میلەتێکی گەمژە و نەزان و جاھیل و ھێزپەرست و سەرکردەپەرست و بێئیش و بێکار و بێبەرھەم و گومڕاین، لە ھیچ بوارێکدا ھیچ جۆرە شارەزاییەک و لە ھیچ ئاستێکدا ھیچ شتێکی پۆزەتیڤ و قابیلی باسکردنمان نییە. بە بۆچونی من ئەم شێوازی ڕوانینەمان بۆ خۆمان و ئەو جۆری یاداوەرییەی بۆ خۆمانمان دروستکردوە، ڕقبوونەوە لە خود، خودنەفەرەتیی، ئاراستەی دەکات. بەشێکی گەورەی خودنەفرەتەکان خۆشیان، ھەڵگریی جۆرێکی تایبەت لە نارسیزمی بیمارن.  نارسیزمێک ئەوان لەڕێگا خودنەفرەتییەوە دەخاتە دەرەوەی ئەو کۆمەڵگایەوە کە بە گەمژە و نەزان و نەخوێندەوار و بێئاگا لە خۆی و لە جیھانی، دەزانن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand